عــــــەتــا قــەرەداخــی : کۆیلەى مەزهەب .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئایینی ئیسلام لە سەرەتای هاتنیدا وەکو یەک ئایین هاتووەو لەسەردەمی پێغەمبەردا شتێک نەبووە بە ناوی مەزهەب یان راڤەکردنی جیاواز بۆ هیچ ئایەتێکی قورئان ، بەڵکو ئیسلام وەکو پەیامی رۆحی و وەکو بەرنامەى دەوڵەتداریش لەسەرەتای هاتنیدا یەک پەیام و یەک بەرنامە بووە . دواتر لە کاتی خەلیفەکانی راشیدیندا سەرەتای ناکۆکی لەسەر ئەوەى کێ ببێتە جێگری پێغەمبەر سەری هەڵداوە . پاشان لە جیابوونەوەى مەزهەبەکاندا ناکۆکی زیاتر لەسەر زۆر مەسەلەى شەرعی و ئیداری یان دەوڵەتداری سەری هەڵداوەو ئەوەش وایکردووە کە کێشەو ناکۆکی زۆر لە نێوان مەزهەبەکانی ئیسلامدا سەرهەڵبدات بە تایبەتی لە نێوان مەزهەبی شیعەو سوونەدا. سەرەتای ئەو ناکۆکیەش دەگەڕێـتەوە بۆ ئەو کاتەى کە لایەنگرانی عەلی کوڕی ئەبی تالیب پێیان وابوو مافی ئیمامی عەلی یە لە بری ئەبوبکر ببێتە خەلیفەو وای بۆدەچوون کە عەلی غەدری لێکراوە ، تەنانەت لایەنگرانی عەلی پێداگری ئەوەیان دەکرد کە پێغەمبەر لە گوتاری (الغدیر) باسی ئەوەى کردووە کە عەلی جێگرەوەو ئیمام و خەلیفەى مسوڵمانانە ، بەڵام ئەوانەى لایەنگری عەلی نەبوون دەیانگووت ئەوە راست نییەو درووستکراوە. کاتێ ئەبوبەکری سدیق بووە بە خەلیفە لایەنگرانی عەلی نیگەران بوون . هەر لەوێوە هەست بە غوبنکردنی لایەنگرانی عەلی سەری هەڵدا. ئەو بۆچوونە هەیە ناکۆکی عەقیدەیی لەسەر بوون بە خەلیفەى ئەبوبەکر لەبری عەلی سەرچاوەى سەرهەڵدان و دەرکەوتنی ناکۆکی سەرەکی نێوان سوونەو شیعەیە. چونکە لایەنگرانی سێ خەلیفەکەى تر تا ئەندازەیەک کەوتنە لایەک و لایەنگرانی عەلی کوڕی ئەبی تالیبیش کەوتنە لایەک . دواتریش واتە دوای عوسمان کە عەلی بوو بە خەلیفەى مسوڵمانان هەرچەندە ماوەی خەلافەتەکەى زۆر نەبوو ، قەڵەمڕەوەکەى لە هەندێ رووەو بەرەو پێشەوە چوو ، بەڵام ناکۆکی و ململانێ لەسەردەمی ئەودا زۆر پەرەی سەند. بەهەرحاڵ هەرچۆن دەرکەوتنی سوونە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمان، دەرکەوتنی شیعەش دەگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمی عەلی. دیارە دوای کوشتنی عەلی کوڕی ئەبی تالیب ، ئیتر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی کەوتە دەستی ئەمەوییەکان ، ئاشکرایە ئەوان لە دەرەوەى بازنەى ئالی بەیتن.
دوای معاویە ، کاتێ یەزیدی کوڕی شوێنی گرتەوە ، حسەینی کوڕی عەلی دژی ئەوە بوو کە یەزید ببێـتە خەلیفەى مسوڵمانان ، ئەم خۆیی بە خاوەن حەق دەزانی ، بۆیە دژی ئەوە وەستاو لەگەڵ بەشێک لە لایەنگرانی چوو بۆ مەکە . بەڵام دواتر زۆرێک لە لایەنگرانی کە لە کوفە بوون داوایان لێکرد بچێتە کوفەو ئەوان پشتگیری دەکەن و دەیکەن بە خەلیفەى مسوڵمانان. ئەویش کەوتە رێ بەرەو کوفە بەڵام یەزید ئاگاداری جوڵەى حسەین بوو . سوپایەکی ناردە سەری لە کەربەلاو دوای برینداربوونی لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی شەمەر سەری پەڕێندراو هەندێ دەڵێن : سەریان ناردووە بۆ دیمەشق و بە بێ سەر لاشەکەیان ناشتووەو هەندێکی تریش دەڵێن ئەوە راست نییەو حسەین بەسەرەوە نێژراوە. بەهەرحاڵ هەر کام لەو دوو حیکایەتە راست بێـت هیچ لەوە ناگۆڕێت کە پاش نزیکەى 1400 ساڵ هێشتا کوشتنی حسەین ساڵانە لە عاشووردا بە جۆرێک بە گەرمی یاد دەکرێتەوە وەکو ئەوەیە کە دوێنی ئەو کارەساتە روویدابێت. هەروەک تاکو ئێستاش ناکۆکیەکانی نێوان سوونەو شیعە بە جۆرێک سەخت و ئاڵۆزو خوێناوییە وەکو ئەوە وایە هێشتا تەرمی ئیمام حسەین لە مەیدانی جەنگدا کەوتبێت و خوێنی لەبەر بڕوات. کوشتنی حسەین لە لایەن سوپای یەزیدی کوڕی معاویەوە لە رووی راستیەوە وەکو ناهەقیەکی گەورە لە مێژوودا سەیر دەکرێت. راستە زۆرینەى خەلیفەکانی راشدین و چەندین هاواڵ و کەسی نزیکی پێغەمبەری ئیسلام کوژراون و هەمووشیان لەلایەن نەیارەکانیانەوە ، بەڵام کوشتنی هیچیان بە ئەندازەى کوشتنی حسەین کاریگەری نێگەتیفی لەسەر یەکێتی ئیسلام نەبووەو کوشتنی هیچیان ئەوەندەى کوشتنی حسەین لەوساوە بۆ ئێستا رۆڵی کاریگەری لەسەر تێکدانی ریزی ئیسلام نەبووەو بەو ئەندازەیەش پشێوی و ناکۆکی لە نێوان فیرەقە جۆراوجۆرەکانی ئیسلامدا درووست نەکردووە کە بە گشتی باسی ئەوە دەکرێت بێجگە لە مەزهەبە سەرەکییەکان نزیکەى حەفتاو سێ فیرەقی ئیسلامی هەبن کە ئەمەش مانای ئەوەیە دەقەکانی قورئان و فەرموودەى پێغەمبەریش جێگای لێکدانەوەو راڤەکردنی جۆراوجۆرن ، چونکە هەرکام لەو فیرەقانە بگرێت باسی ئەوە دەکات کە سەرچاوەی ئەو قورئان و فەرموودەیە . بەڵام ئەوەى ئاشکرایە لە نێو هەموو مەزهەبەکان و ئاراستەو فیرەقە جیاوازەکانی ئیسلامدا سەختترین ناکۆکی لە نێوان مەزهەبی شیعەو سوونەدایە . بە تایبەتیش لەو کاتەى کە ئەم دوو مەزهەبە نەک هەر لە رووی شوێنکەوتنی جیاوازی عوسمان و عەلیەوە ناکۆکیەکانیان سەریهەڵداوە ، بەڵکو لەو کاتەوە کە بوونەتە ئایدیۆلۆجیای دەوڵەت و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و کۆمەڵگەو لە رووی جوگرافیشەوە جیابوونەتەوەو لەوەش تایبەتتر کە مەزهەبی شیعەو مەلەسەى تەشیوع بە جۆرێک لە بوون و ماهیەتی مرۆڤی شیعەدا رەگی داکوتاوە ، ئینتیمای شیعەبوون کەوتووەتە پێش هەموو جۆرە ئینتیمایەکی ترەوە.
ئەوە ئاشکرایە یەکێک لە کێشەى سەختەکان کە لە مێژوودا مرۆڤایەتی بە دەستیەوە ناڵاندوویەتی و تاکو ئێستاش دەناڵێنێت پەیوەستبوونی کوێرانەیە بە ئایین و ئایدیۆلۆجیاوە . ئەو مرۆڤەى بەو جۆرە دەتوێـتەوە لە نێو ئایین یان ئایدیۆلۆجیادا توانای بیرکردنەوەى نامێنێت و بوون و ئازادی لای ئەو مانایەکیان نامێنێت و ئەو دەبێتـە کۆیلەیەکی سەرسەختی ئەو ئایینە یان ئەو ئایدیۆلۆجیایە . تواندنەوە لە ناو مەزهەبێکدا یان لە ناو گروپ و دەستەیەکدا کە بەراورد بە ئایدیۆلۆجیایەک یان تێزێکی فیکری یان ئایینێک زۆر تەسکترە ، ئەوەش وا لەمرۆڤەکان دەکات هەر بەتەواوی وەکو پارچە ئامێرێک دەربکەون کە لەبری ئەوەى بە هۆی دوگمەیەکەوە بجوڵێن و کاربکەن ، ئەوا بەهۆی فەرمانێک ، یان ئاماژەیەکەوە دەجوڵێن و کاردەکەن ، جۆرە کارێک کە بوونی خۆیان هیچ ماناو بەهایەکی نامێنێت تێیدا چونکە ئامادەن بە ئاماژەیەک خۆیان بە کوشت بدەن. بەتایبەتی لە چوارچێوەى پەیوەستبوونی کوێرانەدا بۆ ئایین و بۆ مەزهەب.
لەراستیشدا ئەوانەى کە ئینتیمای کوێرانەیان هەیە بۆ مەزهەب و تەنانەت بۆ ئایینیش رووبەرە فراوانەکەى کۆمەڵگەیە یان خەڵک کە ئاستی هوشیاری و بە ئاگاییان نزمە. ئەگینا نوخبەى هوشیارو بە ئاگای نێو مەزهەب و ئایینیش کە خۆیان لە ترۆپکی دەسەڵاتی مادی و مەعنەوی ئەو ئایین یان مەزهەب یان ئایدیۆلۆجیایەدا وەستاون ، مومارەسەى دەسەڵات دەکەن و لە پێناوی پتەوکردنی دەسەڵاتی خۆیان و مانەوەیاندا هەموو رێگایەک لەبەر دەگرن بەو رێگایانەشەوە کە خودی ئەو ئایینەى کە مەزهەبەکەی ئەوان سوونە بێت یان شیعە بەشێکە لەو، خودی ئایینەکە وەکو پەیام هەرگیز مەرج نییە لەگەڵ شێوەى کارکردنی نوخبەی سەرەوەى ئەو مەزهەب و ئایین و ئایدیۆلۆجیایانەدا یەکبگرێتەوە. هەر لەبەرئەوەشە دەبینین لە کاتە هەستیارو پڕ مەترسیەکاندا نوخبەى بە ئاگای ئایین و مەزهەبەکان هەریەکە بە جۆرێک فتوا بۆ دژایەتی کردنی ئەویتریان دەردەکات و زۆرجاریش کوشتن و لە نێوبردنی ئەوانی سەر بە مەزهەبەکەى تر یان ئایینەکەى تر حەڵاڵ دەکات ، لە کاتێکدا پێناچێت هیچ ئایینێکی ئاسمانی و زەمینیش لەگەڵ کوشتنی مرۆڤدا بێت.
لە کاتی شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا مەلاکانی سوونە بەشداریکردنیان لەو شەڕەدا بە جیهاد ناودەبرد. هاوکات ئاخوندەکان بە گشتی و لەسەروی هەمووشیانەوە خومەینی ئەو شەڕەى بە شەڕی خوداو شەیتان،خێرو شەڕ ناودەبردو ئەو خۆی کلیلی بەهەشتی پێشکەشی هەموو ئەوانە دەکرد کە بەرەو بەرەکانی جەنگ دەرۆیشتن. رژێمی سوونە مەزهەبی عێراقی هەرچۆن لەسەر شووناسی کوردبوون بە هەموو رێگایەک پاکتاوی رەگەزی کوردی دەکردو دەیوویست بە تەواوەتی بوونی بسڕێتەوە ، بەهەمان شێوە لەسەر جیاوازی مەزهەبیش بەردەوامبوو لە پاکتاوکردنی مەزهەبی شیعە ، بە تایبەتی دوای دامەزراندی کۆماری ئیسلامی ئێران وەکو گەورەترین دەوڵەتی شیعە لە جیهانی ئیسلامیدا ، چونکە مەترسی ئەوە هەبوو کە شەپۆلی شیعە هەموو ناوچەکە بگرێتەوەو ئەوەش ببێتـە هەڕەشە بۆ دەسەڵاتە سوونیەکان کە خۆیان زیاتر وەکو دەسەڵاتی ناسیونالیستی عەرەبی دەناساند.
لە رووخاندنی رژێمی سوونە شۆڤێنی عێراقەوە ، کە شیعە وەکو زۆرینە بوونە خاوەنی دەسەڵاتی عێراق ، لەسەر بنەمای تۆڵەکردنەوەى مێژوویی لە سوونە کەوتنە کارو تاکو ئێستاش لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوامن. هاوکات لە رووخاندنی رژێمی سەدام حسەینەوە سوونەکانی عێراق واهەست دەکەن کە ئەوان مێژوویەکیان دۆڕاندووەو ئەوانێک کە هەشتا ساڵ فەرمانڕەوای عێراق بوون ئێستا بەلایانەوە سەختە کە ئەوی شیعەی بندەستی پێشتری ئەوان فەرمانڕەواییان بکات. چونکە واپێدەچێت تاوەکو ئێستاش سوونەکان پێیان وابێت مادەم ئەبوبەکرو عومەرو عوسمان لە پێش عەلیدا بوونەتە خەلیفەى ئیسلام ، مانای وایە ئێستاش هەر حەق لای ئەمانە نەک لای نەوەو شوێنکەوتووەکانی عەلی و حسەینی کوڕی . هاوکات دەشێ شیعەکانیش هەست بکەن کە ئەوان ئێستا مافی خوراوی عەلی و مافی خوراوی خۆشیان لە هەشتا ساڵی فەرمانڕەوایی عێراقدا بۆ گەڕاوەتەوە ، بۆیە دەیانەوێت تۆڵەى غەدرلێکردنیان لە مێژووى سەردەمی عەلیەوە تاکو ئێستا لە سوونەکان بکەنەوە. بەڵام دەشێ وەهاشی لێکبدەینەوە هەرچۆن ماوەى خەلافەتی عەلی ماوەیەکی ئەوەندە درێژ نەبوو ، ماوەى دەسەڵاتی شیعەش لە عێراقدا ئەوەندە درێژ نەبێت و عێراق دابەش ببێـت و ئەوان تەنیا فەرمانڕەوای بەشە شیعەکەى خۆیان بکەن.
بێگومان لەم بارودۆخەى ئێستادا پەیوەست بە نوخبەى سەرەوەى شیعەو سوونەو جەماوەری خوارەوەى هەردوو لایان ، ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە نوخبەى سەرەوە بەدەر لە بنەماکانی ئایینی ئیسلام بە پێی بەرژەوەندیە مەزهەبی و دەسەڵاتخوازییەکانی خۆیان بڕیار دەدەن، بە مەرجەع و موفتیەکانیشیانەوە ، کە ئەمەش مانای ئەوەیە لە بنەڕەتدا نوخبەى هەردوولا درۆ لەگەڵ بنەماکانی ئایینی ئیسلام دەکەن و ئەوانیش وەکو هەر نوخبەو کەسانێکی تر لە پێناوی دەسەڵاتدا هەموو شتێک دەکەن با دژی ئایینیش بێت. دووەم ئەوە ئاشکرا دەبێـت کە جەماوەری شیعەو سوونەی عەرەبی لە عێراقدا هەردوولایان کۆیلەى مەزهەبەکانیانن و بوونی مرۆیی خۆیانیان لە دەستداوەو مەجەع و موفتیەکانیان دەتوانن بە فەتواکانیان ئەمان رووبەڕووی یەکتر بخەنە شەڕێکی سەختی خوێناوییەوەو بە کۆمەڵ بکوژرێن، هەروەکو خۆیان دەڵێن دیجلە لە خوێندا سوور ببێت. باشە ئەگەر ئەوە عەقڵیەت و ئینسانیەتی مەرجەعەکانی شیعەو موفتیەکانی سوونە بێت کە فتوای ئەوە بدەن کوشتنی ئەوی سوونە یان ئەوی شیعە جیهادەو ئەویشی بکوژرێت شەهیدە ، ئیتر دەبێت جیاوازی ئەمانە چی بێت لەگەڵ هەموو ئەو بەرپرس و سەرکردە خوێنڕێژو تۆتالیتارانەى جیهاندا کە لە پێناوی خۆیان و دەسەڵاتەکانیاندا دەستیان لە کوشتن و بڕینی مرۆڤەکان و وێرانکردنی دنیا نەپاراستووە. ئەى ئەگەر ئەوە ئاستی هوشیاری جەماوەری عەرەبی شیعەو سوونەى عێراقی بێت کە بە ئاماژەیەکی سەرەوەى خۆیان و بەو فتوایانەى بۆیان داون کۆێرانەو وەکو کۆیلە فەرمانەکان جێبەجێ بکەن ، ئیتر دەبێ جیاوازی ئەم جەماوەرەو مێگەل چی بێت کە شوان بە ئارەزووى خۆی چۆنی بوێت وەهای لێدەخوڕێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت