دکتۆر ئەحمەد میراودەلی : سەربخۆیی لەدەرگامان دەدا و لێی ناکەینەوە .

مێژوو سەلماندوێتی کە هەموو کارەساتێک بەچاک یان بە خراپ ، گۆڕانی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە . ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێڕاق و سووریادا روودەدات ، کارەساتە ، کارەساتێکە دەشێ ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە ناوجەکەدا . ئەم کارەساتە کارتێکی گەورەی داوەتە دەست ئێمەی کورد ، ئەگەر بزانین چۆن بەکاری بهێنین دەمانکاتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ ، لەوەش کەمتر ، گێڕانەوەی هەموو ناوچە ” بەناو ناکۆکی لەسەرەکانە ” کە ئێستا پێشمەرگە رزگاری کردووە و گەڕاوەتەوە بۆ نێو باوەشی دایە کوردستان ، بەڵام بەو مەرجەی بە تەواوی رێژیمی بەگدا دانی پێدابنێت و لەلایەن هێزی خۆمانەوە بپارێزرێت .
ئێمە دەبێ ئەوە بزانین ئەم هەلە زێڕینە بەهۆی بێ ئینتیمایی و بێ ورەیی سوپایەکە بۆ وڵاتێک کە ناوی ئێڕاقە هاتۆتە ئاراوە و لەبەرامبەر هێرشی هێزێکی کەمی” داعش ” دا خۆی نەگرت و هەڵات . هەڵبەت لەو ناوچانەی داعش دەستی بەسەردا گرتووە هاوسۆزییەک هەیە بۆیان ، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێستا وا لەدەرگای بەگدا دەدەن و یەک کاژێڕ دوورن لە بەگداوە . هەتا ئێستاش سوپای ئێڕاق لە راکردندایە و پێشمەرگەکانیشمان ، نەک هەر بەرامبەریان راوەستاون بەڵکو راویشیان دەنێن .
بەو هێزە کەمەی داعش هەیەتی زۆر ئەستەمە بتوانێ هێرش بەرێتە سەر بەگدا و بیگرێ کە سەرژمێری زیتر لە پێنج ملیۆنە و زۆرینەی دانیشتوانی شیعەن ، بەڵام لە لایەیکی دیکەشەوە ناوەڕاستی ئێڕاق کە ئێستا زۆربەی لەژێر دەستی لایەنە توندڕەواکاندایە , زۆرینەیان سووننەن ، بە پەڕگیر و میانڕۆیانەوە هەستێکی دوژمناێتی شیعەگەرییان لەناخدایە . لەسەر ئەو هەستەی دژە شیعەی هەیانە دەتوانن بۆ ماوەیەک پێکەوە دژی رێژیمی بەگدای شیعە بجەنگێن و بە تەواوی تەنگ بە ریژیمی مالیکی هەلچنن . راستییەکی دیکەش ئەوەیە کە ئەو سەرکەوتنەی هەتا ئێستا ئەو گڕووپە توندڕەوانە ” داعش و نوسرە و ،،، ئەوانی تر ” بەدستیان هێناوە ترسی خوێنڕێژییەکەیانە کە زراوی سوپای ئێڕاقی بردووە . بەهەر حاڵ بڕواناکەم داعش هێرشی بەگدا بکات ، ئەگەر بیشیکات سەرکەوتوو نابێت لەبەر ئەوەی میلیشیای شیعە کۆڵانەکانی بەگدایان لێدەکەنە دۆزەخ . بەڵام ئەو میلیشیا توندڕۆیانە دەتوانن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن باشوور و باکووری ئێڕاق/ کوردستان لێکدی دابڕن ، ئەمەش دەکاتە دابڕانی باشووری کوردستان لە ئێڕاق و درووستبوونی دەوڵەتی کوردی وەک دیفاکتۆیەک . ئێستا پێشمەرگە وەک میدیای کوردی باسدەکات جێگەی سوپای هەڵاتووی ئێڕاقی لە زۆرینەی ناوچە دابڕاوەکاندا گرتۆتە دەست ، بەتایبەتیش کەرکوک .
لە ئێستادا ؛ بێ دەست تێوەردانی هێزی دەرەکی ، نە سوپای ئێڕاق و نە میلیشیاکانی شیعە ناتوانن دەست بەسەر ناوچە سوننە نشینەکاندا بگرنەوە ، ئەوەی بتوانێ هەوڵێک بدات سووننەکان لە سنووری موسڵ و سوریا دابڕێت و بە هانای رێژیمی بەگداوە بچێت ، هێزی پێشمەرگەی کوردستانە . بەڵام کورد بۆ ئەوە بکات ؟ رێژیمی نێوەندیی بەگدا، لە دەستوور و هەموو بەڵێنێکی بەرامبەر کورد پەشیمان بۆتەوە ، دەستاودەست بە ماددەی 140 دەکات . ئیدی چ لۆجیکێک هەیە کورد بەهانای بەگدا و یەکیێتی خاکی ئێڕاقەوە بەرێت ؟ وەک دیارە ئێستا کە مالیکی تێگیراوە هانای بۆ کورد هێناوە ، بەڵام کورد بۆ بەهانایەوە بچێت؟ ئەگەر بەهاناشییەوە بچێت ، دەبێ بەهاکەی زۆر قورس بێت ، ئەگینا دەبێتە بێ هزرییەکی رووت و رەجاڵ .
لە راستیدا کورد لە دووڕێانێکدایە؛ جاڕی سەربەخۆیی یان ملپێکەچکردنی رێژیمی نێوەندیی بۆ بەفەرمی گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی باشووری کوردستان و دەرکردنی” ناڵێم گێڕانەوە ” ی عارەبە هاوردەکان بۆ کوردستان ، ئەمەیان لە کاتێکدا دەبێت کە کورد مامانییەکەی ئۆبامای سەرۆک کۆماری ئەمەریکا بۆ لەدایکبوونەوەی ئێڕاق ، پەسەند بکات . ئەو جۆرە ملدانەی ئێڕاق بۆ داخوازیی کورد لە کاتی ئاساییدا مەحاڵە ، خۆ ئەگەر کورد بە مامانییەکەی ئۆباما رازی بێت ، ئەوا دەبێ سنووری شارەکان بگێڕدرێنەوە بۆ پێش سەردەمی دەستێوەردانی بەعس ، ئەوەش دەکاتە گێڕانەوەی ئێڕاق بۆ کاتێکی ئاسایی کە دیسانەوە دەکاتە دەستیدەستی پێکردنی کورد . لەبەر ئەوە پێویستە کورد مامانییەکەی ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ ئێڕاقە بیژووەکە رەت بکاتەوە . ئەوڕۆ کورد تەنها شاخەکان پشت و پەنای نین و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سەنگ و دۆستی هەیە و لە جاڕدانی سەربەخۆییدا بەرەوپیری دێن، رێژیمی بەگداش هیچی بۆ ناکرێت ، بەرەی بەناو ” داعش” سنووری کوردستان و عارەبستانی جیاکردۆتەوە . ئێستا کوردستان هیچ سنوورێکی لەگەڵ ئێڕاقدا نەماوە . لە رابوردوودا کورد ترسی داگیرکاریی تورکیای لەدڵدابوو لەسەر راگەیاندنی سەربەخۆیی ، ئەویش لەبەر کاریگەرییەکەی لەسەر کوردانی تورکیا ، بەڵام بەهۆی ئەو پێوەندییە ئابوورییەی تورکیا ئێستا لەگەڵ باشووری کوردستاندا هەیەتی دۆخەکە گۆڕاوە. ئەوڕۆ لە ئاستی جیهانیدا سەرمایەی تورکی گەورەترین سەرمایەیە لەگەڕردابێت لەکوردستان و حکومەتی خۆجێیی کوردیش وەک لایەنێکی موتمانە پێکراو سەیر دکەن. کوردستان پێگەیەکی ئابووری بەهێزە بۆ تورکیا و تورکیش ئەوە دەزانن و دەستبەرداری نابن، لە لایەکی دیکەشەوە، دەوڵەتێکی کوردیی سوننی مەزهەبی دیمۆکڕات بۆ تورکیا باشترە لە دەوڵەتێکی عارەبی توندڕۆ و هێرشی نەخوازراوی تێڕۆڕستان و دەوڵەتێکی ئسلامی خیلافەتی لە باشووری سنوورەکەیدا .
هێزەکانی پێشمەرگە لەم هەفتانەی رابوردوودا زۆربەی ناوچە دابڕاوەکانی خستۆتە ژێر دەستی و لە هێزە توندڕەوە عارەب و ئیسلامییەکان دەیپارێزێت . بەڵام ئەگەر کورد بییەوێت – کە نایەوێت . هەر وەک بەشێکی ئێڕاق بمێنێتەوە و جاڕی سەربەخۆیی نەدا و ئەم هەلە زێڕینەش بەفیڕۆ بدات ، ئەوا بێ پێکهێنانەوەی رێژیمی نێوەندی ئێڕاق ناکرێت ، بەواتای ئەوەیی وەک جاری جاران بەرژەوەندی کوردستانیان بکرێتەوە قوربانی پێکهێنانەوەی شێعە و سوننە و مامانییەکەی ئەمەریکا، ئەوە لەکاتێکدا کە دەزانین ئەو دوو لایەنە ئەگەر پێکیش بێنەوە پێکهاتنەوەیەکی کاتییە و پاش ماوەیەک دەگەڕینەوە سەر شەڕی ” عائیشە و عەلی ” ئیدی لەو بارەیەوە هەموو هەوڵێکی کورد کات بەفیڕۆدان و خۆ هەڵخەڵەتاندنە . ئەگەر سەرانی کورد چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی ئەمەریکا بکەن بۆ جاڕدانی سەربەخۆیی، ئەوە دەبێ لە ئێستادا دەستی لێ بشۆن . چونکە بە گوتەی ” کریستۆفەر هیڵ ” ی باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە ئێڕاق لە دیمانەیەکیدا لەسەر تەلەڤیزیۆنی ” بی بی سی” لە پرسیاری دابەشکردنی ئێڕاقدا گوتی ” ئەمەریکا لەوە دەترسێ لە دابەشکردنیدا لە ئێڕاقیش کارەساتی وەک بۆسنیا روو بدات ” وەک ئەوەی نەزانن کە ئەوەی لە ئێڕاق روودەدات هیچی لە شەڕی بۆسنیا کەمتر نییە و لە ئایندەشدا لێی تێدەپەڕێ و هەموو ناوچەکە دەبێتە پارچەیەک ئاگر .
سەرانی ئەوڕۆی پارتە کوردستانییەکان لەسەربەخۆیی دەترسن ، وەک لە هەواڵەکاندا دەردەکەوێت ، هێندێک لە بەرپرسانی حیزبی ” عادیل موڕاد بە موونە ” لە ناو یکیێتیدا بۆ یەکپارچەیی ئێڕاق دەگری و لەناو پارتیشدا ” د . رۆژ ” زۆر بەتەنگی یەکپارچەیی ئێڕاقەوەیە . بەڕێز مەسعوود بارزانیش لە دانووسانەکانیدا لەگەڵ نوێنەرانی ئەمەریکا و بەیتانیا ، ئامادەیی پێکهێناەوەی ئێڕاقی دا ، بەڵام بە مەرج !! کام مەرج و مەرج لەگەڵ کێ ؟ ئەگەر مەرج لەگەڵ ئەمەریکا و رۆژئاوابێت ، ئەوا لۆجیکێکی تێدا هەیە ، وەلێ ئەگەر مەرج لەگەڵ لایەنە عارەبییەکان بێت ، ئەوە دەکاتە فریودانی میللەت و درۆودەلەسە لەگەڵ میللەتدا ، چونکە دەزانین عارەب لەکاتی لاوازییاندا سەتان بەڵێنیان پە کورد داوە و هیچێشیان نەبردۆتەسەر . ئێ باشە بۆ ئەم جارە چاوەڕوان بین بەڵێنەکانیان بەرنەسەر؟
سەربەخۆیی درگای گرتووین ، با ئێمەش زللەیەک لە لاچاوی ئەمەریکا بدەین و بە ئاگای بێنینەوە و ونەترسانە جاڕی سەربەخۆیی بدەین . باشترین زللەش لە لاچاوی مامانەکانی ئێڕاق ئەوەیە جەماوەری کورستان بە خۆپیشاندان دژی رامیاری ئەمەریکا و بەریتانیا لە کوردستان بڕژێنە سەر شەقامەکان .
٢٨ی جوون