Bextiar-Sharezuri

بەختیار شارەزورى : سلێمانى و کەرکوک .. ڕیفراندۆم و ماددەى 140.. تاکتیکەکان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر هەرێم دابەش بوو بێت بۆ دوو زۆن و هەر زۆنەى درێژکراوەى ستراتیژێک بێت ، ئەوا لەم نێوەندەدا بزوتنەوەى گۆڕان ویستى ئەم هاوکێشەیە تێک بدات و نەخشەى سیاسى هەرێم و ناوچەیى بە دیدێکى ترەوە دابڕێژێت ، ئەویش بەوەى داواى ستراتیژى سەربەخۆى هەرێمى دەکات … بەڵام ئایا گۆڕان چى کردوە بۆ ئەم بەرنامەیە ..؟
گۆڕان ویستى لە زۆنى سەوزى ئێران + یەکێتیەوە دەست پێ بکات ، وەک پێگەى سەرەکى خۆى ، کە ئەمەش بۆ زۆنى ئێرانى زەرەرێکى گەورەیە ، بەڵام زۆنى تورکى + پارتى هیچ زەرەرێک ناکات ، کەواتە بزوتنەوەى گۆڕان دەیەوێت زۆنى سەوز بخاتە سەر بلۆکى تورکیا و لەسەر دەستى وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان ڕۆژئاواى کوردستان و باشورى کوردستان ببەستنەوە بە هێڵى ئەوروپاو ئەمریکاو ئیسرائیل و وڵاتانى خلیجەوە ، بۆیە ئێران هەوڵ دەدات یەکێتى ببێتە بەشێک لە درێژکراوە بەرنامە و ستراتیژى ئێران و لە حکومەت و پارێزگاکاندا نیوە بە نیوە پشکى هەبێت ، ئەویش دەبێت کەرکوک و سلێمانى هى خۆى بێت ، خو ئەگەر نەوشیروان مستەفا بچوایەتە سەر بلۆکى ئێرانى دەمێک بوو یەکێتى کۆتایى پێ هاتوو ، بە شێوەیەکى تر ئێران دەیەوێت هەم پشکەکانى لە عێراق و هەم لە کوردستان کەم نەکات و هەم درێژکراوەکانى خۆى پێکەوە گرێ بدات ، واتا یەکێتى ببەستێتەوە بە مالیکیەوە ، هەر بۆیە ئەم دوو بۆچونە بە ئاشکرا دەبینرێت ( د. نەجمەدین دەڵێ گەڕانەوە بۆ ماددەى 140 و مسعود بارزانى دەڵێت ڕیفراندۆم و سەربەخۆیى هەرێم لە چوارچێوەى عێراقێکى کونفیدڕاڵدا و پێویست ناکات باسى ماددەى 140 بکرێت ) واتا ئێران هەم دەست لە پشکەکانى لە ناو هەرێمدا هەڵناگرێ و هەم دەست لە پشکەکانى لە عێراقدا هەڵناگرێت ، خۆ ئەگەر لە نێوان تورکیا و ئێراندا ئەم بەشکاریە کرا بێت بەم شێوەیە ( سەرۆک کومار بۆ ئێران و سەرۆکى پەرلەمان بۆ تورکیا و سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران بۆ ئێران و سەرۆکى هەرێم بۆ تورکیا … وەزیرى خاریجى بۆ تورکیا … هتد .. وە لە هەرێمدا کەرکوک و سلێمانى بۆ ئێران و هەولێرو دهۆک بۆ تورکیا و سەرۆکى حکومەتى هەرێم بۆ تورکیا و جێگرەکەى بۆ یەکێتى و ئێران … هتد ) کەواتە کاتێک گۆڕان دەیەوێت ئەم هاوکێشەیە تێک بدات ، ئەوا دەسکارى نەخشەى سیاسى هەرێم و ناوچە دەکات و دەستکارى ڕێکەوتنى نێوان ئەو دوو بلۆکە دەکات ، بە قازانجى بلۆکى تورکیا ، ئەمەش نامەیەک دەدات بە ئێران بە تایبەت لە سەرۆکى پەرلەماندا ، کە پشکى ئێرانە و گۆڕان وەرى گرتوە ،، ئەمەش وا دەکات ئێران زیاتر پێ داگرى بکات لەسەر پارێزگاى سلێمانى بۆ هاوسەنگ کردنى بالانسەکە کە خەرێکە لە زەرەرى ئێران تێک دەچێت .
خۆ ئەگەر لەسەر ئاستى عێراق سەیر بکەین ئەوا ئەویش هەر بەش کرا بوو ، بەڵام هەژمونى مالیکى ئەم هاوکێشەیەى تێک دابوو ، ئەویش بە پەراوێز خستنى سونە و دور خستنەوەیان لە دەسەڵات و ڕاکردنى سەرکردەکانى سونە بۆ تورکیا و پاشان ساختەیەکى زۆر لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ مالیکى و یەکێتى ، ئەمەش واى کرد بەرەى تورکیا لە ڕێى کارتى داعشەوە ئەم بەرەیە وەربگرێت و نامەکە پێچەوانە بکاتەوە ، خۆ ئەگەر کارتى ساختە کردن لە هەڵبژاردنەکان و دورخستنەوەى سونەکان لە دەسەڵات نامەى ئێران بێت بۆ بەرەى تورکیا ، کە هاوسەنگیەکە تێک دەدات ….. ئەوا کارتى داعش هەمان نامەیە بە دیوە تورکییەکەدا بۆ ئێران کە ناتوانى هاوکێشەکە تێک بدەى ، وە ئەگەر کارتى پەیەدە نامەى ئێران بێت بۆ بەرەى تورکیا .. ئەوا پرۆسەى ئاشتى ئیمراڵى و زیندانى ئاپۆ ، وەڵامى هەمان نامەیە و دەرهێنان و سوتانى کارتى پەکەکە و پەیەدەیە بە دەست ئێرانەوە ، هەموو ئەمانە لە چوارچێوەى ئەو تاکتیک و سیناریۆیانەدا دەخولێتەوە کە بەردەوام بەرامبەر یەکتر بەکارى دەهێنن .
خۆ ئەگەر لە ئەجینداى ئەمریکی و ئەوروپیدا بێت تورکیا فراوان کەن ، ئەوا دەبێت لە عێراقدا ئەو باڵانسە ڕابگیرێ ، بەوەى حکومەتى تازەى عێراقى بریتى دەبێت لە حوکمى کورد و شیعە و سونە بە تەوافق ، ئەمەش لە داواکردنى ڕیفراندۆمى کەرکوکدا دەردەکەوێت ، خۆ ئەگەر شتێ بدەن بە ئێران لە شوێنێکى ترەوە و ڕازى بکەن بەم ڕیفراندۆمە ، ئەوا کورد و تورکمان دەنگ دەدەن بە بلۆکى تورکى و کەرکوک دەچێتە سەر هەرێمى کوردستان و پڕۆژەکەى جو بایدن سەردەگرێت ، بۆیە ئێران لە ڕێى یەکێتیەوە بەردەوام دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ماددەى 140 ، لە عێراقیشدا کارتى داعش و گەڕاندنەوەى سوونە ، توانى ئێران ناچار بکات مل بۆ پڕۆژەکەى ئەمریکا کەچ بکات ، هەر چەندە ڕوسیا و ئێران بەدەوام دەیانەوێت مالیکى باڵاتر بکەنەوە بەڵام هەمووى بۆ ئەوەیە کە باجێکى زیاترى بەر بکەوێت … ئەم یارى و تاکتیکانە بەردەومیان هەیە .
لەسەر ئاستى سیاسەتى کوردى .. کاتێک پارتى بە تاک لایەنە پارێزگاکان پێک دەهێنێت ئەوا دیسانەوە ئەو تاکتیکە لە ئارادایە کە هاتە سەر دەنگدانى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى ئەوکات کۆمەڵ و یەکگرتوو و پارتى دەنگ دەدەن بە گۆڕان و بە تەواوەتى ئەوەى پێى دەوترێت دەسەڵات و پێگەو پۆستەکانى زۆنى ئێرانى تێک دەچێت ، لە کەرکوکیشدا ئەگەر ئێران ڕازى بکەن بە ڕیفراندوم ئەوا یەکێتى و دەسەڵاتى مالیکى و ئێرانى بە تەواوەتى بچوک دەبێتەوە ، لە بەرامبەردا دەبێت بلۆکى تورکى باجەکەى بدات و شتێک بۆ ئێران بکات ، ئەگەر نا ئەوا نە پارێزگاى سلێمانى بەو ئاسانیە پێکدەهێنرێت ، نە ڕیفراندۆم لە کەرکوکدا دەکرێت و سەرجەم کێشەکان بە هەڵواسراوى دەمێننەوە تا بەکارهێنانى تاکتیک و سیناریۆیەکى تر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت