بەكر ئیبراهیم : شەهیدانمان لە پێش ئێمەدا ئاهەنگی سەربەخۆیی كوردستانیان گێڕا و منیش ئامادە بووم .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مرۆڤێكم زۆر كەم خەو دەبینم و زۆریش پرسیارم دەربارەی خەون كردووە ، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوومەتە وەڵامێكی قەناعەتپێكەر، بە راستیش نازانم چۆن و بۆچی مرۆڤ لە كاتی خەو و لەو ماوە كەمەی كە پێی دەگوترێت خەوبینین ، شتگەلێكی وروژێنەر، ترسێنەر و خۆشی بەخشیش دەبینێت ، لەو كەمە خەونانەشی كە دەیانبینم زۆر بە كەمی پەنا بۆ گێڕانەوەیان دەبەم ، بەڵام ناتوانم ئەو خەونەم بۆ هەمووتان نەگێڕمەوە كە ئەم ماوەیە بە تایبەتیش دوای 10/6 و ڕووداوەكانی مووسڵ ، زۆر دیمەنی جیاجیا فرمێسكی ناخۆشی و شادیم پێ دەڕێژن ، لەوانە گریانی شادیم بۆ ئامادەیی گەلە بەشخوراو و مەینەتدیدە و سەربەخۆیی نەدیتووەكەی كوردستانە 40 ملیۆنییەكەمە كە بە باكوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوایەوە دڵیان لەلای باشوور و سەنگەرەكانی پێشمەرگەیە و هەموویان خۆیان بە پێشمەرگە دەزانن و ئامادەی هەموو هاوكارییەكن بە ماڵ و بە گیان ، ئاخر بەراستی ئەوە گریانی خۆشیی دەوێت . گریانیشم بۆ ئەو هاونیشتمانی و پێشمەرگانە دێت كە ئێستا لە دواخاڵی سنووریی كوردستانن و لە بەرگریدا شەهید دەبن و گیان دەسپێرن . بۆیە شاعیر لە بێزاریی ژیاندا گوتوویەتی : ئەی مردن لە كوێی ژیان كوشتمی . منیش دەڵێم ئەی مردن بەرامبەر من و هەموو میللەتی كورد بووەستە هەر ئەوەندە تا سەربەخۆیی كوردستان دەبینین كە بە خوێندنەوەی خۆم زۆری نەماوە هاتنەدیی خەونی چەندین ساڵەمان لە باشووری كوردستان و روو لە یەزدانی مەزن و كاربەجێ دەكەم و نزا دەكەم دەرفەتی ئەو رۆژە نزیكەی سەربەخۆیی كوردستانمان پێ بدات و بە خەونی سەربەخۆیی سەر نەنێینەوە و ئامادەی مەراسیمی ئاهەنگی سەربەخۆیی كوردستانەكەمان بین ، ئاخر یەزدان خۆی ئاگادارە كە هەزاران هەزار پێشمەرگە و شاعیر و نووسەر و پاڵە و جووتیار و كرێكار و هاووڵاتی و منداڵی زماننەپژاو لە چاوەڕوانیی هاتنەدیی سەربەخۆیی كوردستان سەریان نایەوە ، بۆ سەربەخۆیی خاك و وڵات و نیشتمان لە بەرامبەر داگیركەراندا و بۆ رزگاركردنی كوردستانەكەیان ژیانی خۆیان بەخشی .
با وردە وردە بێمە سەر گێڕانەوەی خەونەكەم ، وەك دەگوترێ مرۆڤ ئەگەر بەردەوام خەیاڵی لەلای شتێك بێت ، ئەوا راستیی ژیاتی رۆژانەی لە خەونیشدا دەبینێت ، بە راستی منیش لەو دۆخەی ئێستای عێراقدا سەربەخۆیی كوردستان هەموو خەیاڵ و خولیای داگیر كردووم و بەردەوامیش نووسینی نووسەرە دیارەكان و لێدوانی سیاسییەكانی كوردستان و ناوچەكە و جیهانیش دیقەت دەدەم و دەخوێنمەوە ، بۆیە لە لێدوان و نووسین و خوێندنەوەی خۆیشمەوە بە ئومێدی زۆرەوە دەڕوانمە نزیكبوونەوەی راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی باشووری كوردستان و پێم وایە زۆر نزیك بووەتەوە ، بەڵام بەو مانایەش نییە ئەم قۆناغە هەم هەل و هەم مەترسی نییە ، بۆیە ئەگەر خەونەكەیشم كە ئێستا بۆتان باس دەكەم پەیوەندیی بەوەوە هەبێت ، زۆر راستە .
شەوی 28-29/6/2014ـیە و هەموومان نیەتمان هێناوە كە سبەی لە یەكەم رۆژی رەمەزاندا بەڕۆژوو بین ، كات پشتی یەكی شەوە و نازانم سەعات چەندی نیوەشەوە ، لەبەر ئەوەی لەو خەونەمدا لە ئاهەنگ و رێوڕەسمی سەربەخۆیی كوردستان ئامادەم ، ئای پەروەردگاری مەزن ئەوە چ خەونێكە ، ئەوەتام لەگەڵ شەهیدانی خاك و وڵات و شەرەف كە بەرگی هەموویان سەرتاپا ئاڵای كوردستانە و ئەو رۆڵە نەبەزانەی كوردم دێنە بەرچاو كە لە ریزی خەبات و تێكۆشان بۆ رزگاری و سەربەخۆیی كوردستان بە قارەمانیەتییەكی بێوێنەوە پێشوازییان لە مەرگ كردووە .. بە بینینیشیان بە نەخشەی كوردستانەوە كە نەخشەكە بە پەتی سێدارە دروست كراوە و ناوی گوند و چیا و كانی و ناحیە و قەزا و شارەكانی لەناو نەخشەی كوردستاندا بە خوێنی شەهیدان نووسراوە ، ئەوەتا شەهیدانی فیشەك و ساچمە و تۆپ و تەیارە و سێدارە كوران و كچانی باوەڕ بە نیشتمان ئاهەنگی سەربەخۆیی كوردستان دەگێڕن، خۆ ئەوەتا لە خزمەتی شێخی پیران و قازی و شێخ مەحموود و بارزانیی نەمر و سەرجەم شەهیدانی كوردستان لەسەر خاكی پیرۆزی كوردستان بەپێوە دەست لەسەر سنگ وەستاون و بەڕێزەوە لە پێشوازیی شەهیداندا بەرچاو دەكەون و بە ڕێزەوە دەڕواننە دەستە دەستەی شەهیدان و جلوبەرگی ئەوانیش سەرتاپای لە ئاڵای كوردستانە ، دەوڵەتانی میوان و ئامادەبووی مەراسیمی سەربەخۆیی كوردستان بە شەرمەزارییەوە بەرچاو دەكەوتن لە بەرامبەر ئەم ژمارە زۆر و بێشومارەی شەهیدانمان و خوێنی بەناهەق رژاوی كورد كە چەندین سەدەیە بۆ سەربەخۆیی دەیڕێژێت و ئەوانیش بێدەنگییان هەڵبژادبوو.
بەڕێزان ، خۆشەویستان ، دڵسۆزان ، قیاداتی سیاسی ، دەزانن شەهیدانی كوردستان لە ڕێوڕەسمی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستاندا داوایان هەبوو داوا هەموویان بە یەك دەنگ و دەست لەسەر سنگ هاواریان دەكرد و دەنگیان كەشكەلانی فەلەكی هێنابووە خرۆشان و دەیانگوت ، وەرن سوێندمان بە كەلامی عەزیمی خودا ، بە نیشتمان ، بە شەرافەتی میللیی كورد ، بە ئاڵای موقەدەسی كوردستان بۆ بخۆن كە تا ئاخیر هەناسەی ژیانتان و تا ڕژاندنی ئاخر تنۆكی خوێنتان بۆ یەكێتیی كوردان ، بە گیان و بە ماڵ لە ڕێی راگرتنی سەربەخۆیی و بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستاندا تێبكۆشن و موتیع و وەفادار بن بەرامبەر خوێنی رژاوی ئێمە و نەوەی داهاتووی كوردان . بە راستی هەر لە خەونەكەمدا هەزاران پرسیارم لە خۆم دەكرد و پەنام بۆ یەزدان دەبرد كە ئایا ئەوە خەونە یان راستی ، ئەی كوا سەركردایەتیی سیاسیی كورد بۆ ئامادە نین ؟  ئایا شەهیدانمان بە راستی ئاگاداری نزیكبوونەوەی راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردین ؟ لەو كاتەدا دەهۆڵی پارشێو لەو خەوەی راپەڕاندم و دەستم بۆ لای یەزدانی مەزن و كاربەجێ بەرز كردووە و روو لە پەروەردگار بەو مانگی پیرۆزی رەمەزانە داوام كرد سەركردەكانی كورد ئەم هەلە لە دەست نەدەن و ئەم خەونەمان بۆ بكەن بە واقیع .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت