Kurdistan-_-Dimen

سەروەر قەرەداغى : سروشتێکى جوان و ژینگەیەکى نالەبار .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەگشتى لەوڵاتانى جیهاندا کێشەى گەورەى ژینگەیى هەیە ، هەرێمى کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق ، بەدەر نیە لەم کێشە ژینگەییانە ، قەزایى دەربەندیخان وەک نمونەیەک ، کێشە ژینگەییەکانى گەیشتووە بەئاستێک ، کە مەترسى لەسەر ژیانى دانیشتوانەکەى دروست کردووە ، ئەمەش بەهۆى پیس بوونى ڕەگەزە ژینگەییەکانى (ئاو و هەوا و خاک)ى شار و شارۆچکەکە ، بۆ خستنە ڕوو و چارەسەرکردنى کێشە ژینگەییەکان ، چەندین جار کەسانى چالاک و ڕێکخراوەکانى بوارى ژینگە و دانیشتوانى ناوچەکە ، گردبوونەوە و خۆپیشاندانى ناڕەزایى ژینگەییان ئەنجامدراوە ، بەڵام کێشە ژینگەییەکان هەر وەک خۆیانن ، پێشبینى دەکرێت کێشەکان گەورەترببن و مەترسى پیس بوونیش زیاتربێت ، ئەمەلەکاتێکدا کەبەرپرسان کەمتەرخەمن و لەئاست بەرپرسیارێتى ژینگەیى دەڤەرەکەدا نین ، چونکە لەماوەى ساڵانى ڕابردوودا نەیان توانیوە تەنها یەک کێشەیى ژینگەیش چارەسەر بکەن، لەڕێگەى چەند خاڵێکەوە تیشک دەخەمە سەر کێشە ژینگەییەکان و ڕێگاکانى چارەسەرکردنى کێشەکان .

خستنە ڕووى کێشە ژینگەییەکان :

1 – ئاوى خواردنەوە و بەکارهێنان هیچ مەرجێکى تەندروستى تێدانیە و تام و بۆن و ڕەنگى گۆڕاوە و هەرئاوێکیش ئەوسێ ڕەگەزەى گۆڕا بۆ بەکارهێنان دەست نادات ، بەڵام ئاوى تۆڕى گشتى دەربەندیخان زۆر دەمێکە هەرسێ ڕەگەزەکەى لەدەست داوە و بەهیچ جۆرێک بۆ بەکارهێنان نابێت .. ئەمەش بەگەورەترین کێشەى ژینگەیى و مەترسیدارترین هەڕەشە بۆ سەرتەندروستى دانیشتوانى دەربەندیخان هەژمار ئەکرێت.
2 – چەندین کارگەى بەرد و گەچ لەچواردەورى شارۆچکەکەدان ، ژمارەیەکى زۆرییان دەکەونە ناو بەشێک لەماڵ و گەڕەکەکانەوە کە هەواى شارۆچکەکەیان بەتەواوى پیس کردووە .
3 – ڕێژەى سەوزایى لەناوەندى شارۆچکەکەدا زۆر کەمە ، بەپێى ئەو ئامارانەى لەبەردەست دایە ڕێژەى سەوزایى لە ( 2% ) تێناپەڕێت ، ئەمەش ڕێژەیەکى زۆر کەمە کەبەپێى ستاندار دەبێت لە (15%) کەمتر نەبێت.
4 – کارکردنى بەردەوامى ژمارەیەک کانى دەرهێنانى بەرد، لەناوچە سەوز و شاخاوییەکاندا ، بووە بەهۆکار بۆ لەناو چوونى ڕوبەرى سەوزایى و ڕاماڵیى خاک و شێواندنى سیما و سروشتى جوانى ناوچەکە .
5 – ژمارەیەکى زۆر کارگە و غەسالەى چەو ولم لەسەر ڕووبارى سیروان لەکارکردن بەردەوامن ، ڕۆژانە کار بۆ لەناوبردنى سەدان درەخت دەکەن ، بەهەزاران درەختى بەتەمەنیان لەناو بردووە و مەترسى گەورەن بۆ لەناوبردنى هەزارەها درەختى تریش ؟!!! ئەمە جگەلەوەى ڕێ ڕەوى ئاوى ڕوبارەکەیان گۆڕیوە و بوون بەهۆکار بۆ پیس کردنى ئاوى ڕووبارەکە .
6 – هاتوو چۆکردن و وەرگەڕانى بەردەوامى تەنکەرەکانى نەوت، وەرگەڕانیان دەبێت یان بووە بەهۆکار بۆ تێکەڵ بوونى نەوت بەخاک و ئاوى دەربەندیخان، گرفتى زۆرى بۆ ژینگە و شین بوونى ناوچەسەوزەکان دروست کردوە ، جگەلەوەى زۆرجار وەرگەڕانی ئەم تەنکەرانە ئاگرى لێ دەکەوێتەوە کە ڕەگەزى هەواش پیس دەکات ، بەپێى ئامارى هاتووچۆ تەنها لەساڵى 2013دا (23) تەنکەرى نەوت لەسنورى دەربەندیخان وەرگەڕاوە کەئەمەش ژمارەیەکى زۆر زۆرە لەکاتێکدا یەک لیتر نەوت (100)هەزار لیتر ئاو پیس دەکات !!!
7 – زبڵ و پاشماوەکان تا ئێستا (ڕیسایکلین) ناکرێت ، کەچى بەشێوەیەکى زۆر نازانستیانە لەدەربەندیخان لەدوو شوێنى جیادا کۆدەکرێتەوە ، بەشێکى زۆرى دەسوتێنرێت و بەشێکى تریشى دەکرێت بەژێر خاکەوە ، کەلەدواجاردا بەشێکى ترى لەڕێگەى لافاو و بارانەوە تێکەڵ بەسەرچاوە ئاوییەکان دەبێت بەتایبەت ئاوى ژێر زەوى ، کە نابێت هەرسێ ڕەگەزەکەى ژینگە( ئاو ، هەوا . خاک ) پیس بکرێت .
8 – دیاردەى ئاژەڵدارى یەکێکە لەو دیاردانەى کە بەهۆیەوە ڕوبەرێکى زۆر سەوزایى لەناو دەچێت ، تەنانەت ئەم دیاردەیە یەکێکە لەهۆکارەکان بۆ ڕێگرى کردن لە زیادبوونى ڕووبەرى سەوزایى .
9 – جیانەکردنەوەى ڕەنگى گەڕەکەکان و دیارى نەکردنى ڕەنگى تایبەت بەبینا و باڵەخانەکان بووەبەهۆى پیس کردنى ژینگەى بینین و کاریگەرى نەرێنى لەسەرهاوڵاتیان دروستکردووە .

چارەسەرکردنى کێشەژینگەییەکان :

1- پەلەبکرێت لەچارەسەرکردنى ئاوى خواردنەوەى دەربەندیخان و کاتێک دیارى بکرێت بۆ تەواو بوونى پرۆژەکە ، لەدواى تەواو بوونى پرۆژەکەش ، نمونەى ئاوەکە وەربگیرێت و بنێردرێتە دەرەوە ، لەڕێگەى ناردنەدەرەوەى دانیشتوانى دەربەندیخان دڵنیابکرێتەوە لە پاکى ئاوى خواردنەوە .
2 – گواستنەوەى سەرجەم کارگەکانى هاڕینى بەرد و گەچ بۆ دەرەوەى شارۆچکەکە و دانانى فلتەر بۆیان و تەرخان کردنى سەرجەم پارچە زەوییەکان بۆ پرۆژەى ژینگەیى کە ئێستا کارگەکان کارى لەسەر دەکەن .
3 – دروستکردنى پارکى دارستانى دەستکرد ، بەدروستکردنى ئەم پارکەش ڕوبەرێکى زۆر سەوزایى زیاد دەبێت .
4 – داخستنى کانەکانى دەرهێنانى بەرد و قەرەبووکردنەوەى ئەو زیانانەى کەگەیەنراوە بەژینگەى ناوچەکە .
5 – گواستنەوەى کارگە و غەسالەکانى چەو ولم لەڕوبارى سیروان و ڕوبەرەسەوزاییەکان .. بۆ ئەوناوچانەى کە زیان بەژینگە ناگەیەنێت ، وە ڕێکخستنى کارەکانیان بەشێوەیەک کەدوور بێت لەتێکدان و شێواندنى ژینگە ، وە قەرەبووکردنەوەى ئەو زیانانەى کە گەیەنراوە بەژینگەى ناوچەکە .
6 – دۆزینەوەى ڕێگەیەکى تر بۆ گواستنەوەى نەوت ، چونکە بەدڵنیاییەوە ڕێگاوبانى دەربەندیخان بۆ هێرشى ئەوتەنکەرانە دەست نادات .. تا دۆزینەوەى ڕێگەیەکى تر بۆ گواستنەوە پێویستە بەشێک لەپارەی نەوت تەرخان بکرێت بۆ گەشەپێدانى ژینگەى دەربەندیخان ، وە قەرەبووى ئەو زیانانەش لەپارەى نەوت بکرێتەوە، کە لەلایەن تەنکەرەکانى نەوتەوە گەیەنراوە بەژینگەى ناوچەکە.
7 – پەلەبکرێت لە خستنەکارى سیستەمى (ڕیسایکلین) تا ئەو سیستەمەش دەکەوێتە کار ، پێویستە بەپێى ڕێنماییەکانى دەستەى ژینگە و وەزارەتى شارەوانیەکان ، کار بۆ لەناوبردنى پاشماوە و زبڵەکان بکرێت.
8 – هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەى دیاردەى ئاژەڵدارى لەڕێگەى دروستکردنى شوێنى تایبەت بەڕاگرتنى ئاژەڵ لەدەرەوەى شار و زیاد کردنى باج لەسەر خاوەن ئاژەڵەکان لەناوشارۆچکەکەدا و وەرگرتنى بەڵێنامەیەک بۆ دروخستنەوەى ئاژەڵەکان .
9 – دانانى دوورەِنگى تایبەت و گونجاو بۆهەر گەڕەکێک بەڕاوێژ کردن لەگەڵ ئەنجومەن و دانیشتوانى گەڕەکەکە ، کەلەماوەى چەند ساڵێک تەواوى گەڕەکەکان ڕەنگى تایبەت بەخۆیان وەردەگرن و کاریگەرى ئەرێى لەسەردانیشتوانەکەى دەبێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت