عیماد عەلی : ئەوەی بێگانە دایپۆشێت بێ پۆشاک چاوئەنێتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەو رۆژەی کوردستان کەوتۆتە قۆناغێکی گواستراوە لە خەباتی رزگاریی نیشتمانیدا ، لایەنەکان لە ململانێکانیاندا بەرادەیەکی زەقتر پشت بە هێزی دەرەکی دەبەستن، تا ئەوحەدەی لە بەرامبەر یەکتردا، هێزی دوژمنانیشیان بۆ کوردستان پەلکێش کرد ، کەئەمە لوتکەی دورکەوتنەوەیە لە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی و ، تاسەر ئێسقان خۆپەرستی و خستنە پێشەوەی بەرژەوەندی حزبی و شەخسی و ، دەچێتە خانەی ناپاکیەوە .
پاش روخانی رژێمی دکتاتۆری لە عیراق ، هاوکێشەکان بە شێوەیەک گۆڕان ، کە ئەم جارە پەیوەندیە دیبۆماسیەکان و بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیە تیکەڵاو و لێکدراوەکان لەگەڵ وڵاتانی دەروبەر جێگەی ململانێی عەسکەری گرتۆتەوە و ، ئێستاش کێبرکێکان بە شێوەیەک بەرێوەدەچن ، کە هەر لایەک بەرژەوندیی لە لایەنگری خۆی لە بلۆکێکدا دەبینێتەوە ، بێ ئەوەی پشت بە ئەوە ببەستن کە ئامانج و رەفتار و بۆچونی کام لەو بلۆکانە لەخزمەت گەلی کورد دەبێت و دەرئەنجامی هاوکێشە و کارلێکە هەمیشە گۆڕاوەکان لە قازانجی کێ دەبێت ، واتە سیاسەت لە سەر بنەمای خۆ لکاندن بە هێزێکی دەرەکی لەبەرامبەر ئەویتری نێوخۆیی ، نەک دیاریکردنی هاوپەیمانی دەرەکی لەسەر بنچینەی کامەیان لەقازانجی بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیجیەکانی کورددایە . گرنگترین بەڵگەش دابەشبونی هەردوو زلهێزی کوردستان بەسەر هەردوو بلۆکی سونە و شیعەدا . واتە هەر یەکەو هێلکەی خۆی خستۆتە سەبەتەی بێگانەیەکەوە ، دوور لەوەی بیر لەپێگە سەرەکیەکانی نەخشەکێشان و بەرێوەچونی ستراتیجیەتی سیاسەت و ئابوری کوردستان لەسەر بنەمای خودئیکتیفا بکەنەوە . بەواتایەکی تر، ئێمە لە حاڵەتێکدا ماوینەتەوە کە هەر کاتێک هاوپەمانە دەرەکیەکانمان رێککبکەون و پشتمان لێ بکەن بەرگەی ماوەیەکی کورت ناگرین .
حاڵی حازریش ، پاش هاتنی داعش و، گوێبیتسی چەندین لێدوانی نابەجێ و رەفتاری بێ دیراسەت ، لە لایەن زۆرێک لە لایەن وبەرپرسەکانەوە، تا دێت خەڵک لە دڵە راوکێی زیاتردا دەبێت نەک دڵنیابون لە بارودۆخەکە ، چونکە لەوباوەرەدایە کە هیچ هەنگاوێکی پۆلایینمان نەناوە و ، زیاتر پرۆسەکەمان تا ئەمرۆش بەدەست قەدەرەوەیە و ، هەموو ئەگەرێکی خراپ و کارەستبار لە ئارادایە . بە سۆز و عاتیفە کار کردن ، لە لێدوانی بەرپرسە باڵاکانماندا دەردەکەوێت ، کە هەر رۆژێک بە شێوەیەک رابۆچونیان دەردەبرن و تا رادەیەکیش بۆ رۆژی دوایی و پاش بیستنی هەڵوێستی توند لە لایەنە دەرەکیەکان ، پەشیمان دەبنەوە .
بۆیە گرنگترین بۆچون لەم کاتەدا ئەوەیە ، کە دوور لە پشتبەستن بە هێزی دەرەکی لە هەموو بوارەکاندا ، هەوڵی تۆکمەیی نێوخۆ بدرێت لە رووی ئابوری و سیاسیەوە ، ئەگینا هەر شکستێک لەهەر هەنگاوێکی چارەنوسساز بۆ دواوە دەمانگێرێتەوە و خەڵک و رەی نامێنێت و هێزە دەرەکیەکان دەتوانن رەوشەکە بقۆزنەوە و مەرجەکانی خۆیان بەسەرماندا فەرز بکەن .
تا ئێستاش ، رێگەکان زۆرن ، بەڵام گرتنەبەریان و بەکارهێنانی ئامرازی شیاو ، لەسەر پێگەکان زەروریەکان وەستاوە کە تاچەند ئیشیان لەسەر کراوە و بنیاتنراون و ، بارودۆخەکەش ئەوەندە هەستیارە کە لە ماوەی چرکەساتێکدا دەکرێت هەموو هاوکێشەکان سەروخوار ببنەوە و ئەوەی چەندین ساڵە کارمان لەسەر کردوە بسرێتەوە .
ئیستاشی لەگەڵدا بێت ، کە ئێمە چاوەرێی دەستی ئەم لاو ئەولا ین و ئەوان رێبەر و چاوساغمانن و لە بریارێکی بچوکیشدا پرسیان پێ دەکەین ، بێگومان زۆر درەنگ دەبینە بریاری راست و دروستی تایبەتی خۆمان کە بە رەهایی لە بەرژەوەندی میلەتەکەمان بێت . زۆر بە داخەوەم کە هەمیشە فرکان فرکی ئەم بەرپرس و ئەویتر دەبینم بۆ دەرەوە و ، چەندین جار لە سەر سفرەی بێگانە بریاری چارەنوسسازی گەلەکەمان دەدەن و ، لە نێو خۆیاندا رکابەری یەکتر دەکەن کە کامەیان زیاتر دڵی ئەم دەرودراوسێیانە رادەگرن . ئەگەر سەرکردایەتیەک لە سەروی دەسەڵاتی کوردەوە لە دەرەوە بریاربەدەستی سەروی کورد بێت ، جا چۆن هەمیشە ئێمە لە دڵەراوکێدا نەبین و ئاسۆمان روون بێت ، ئەگینا مەعقولە کە تا ئێستا دەوڵەت نیت و شانازی بەوەوە بکەیت کە رێککەوتنی پەنجا ساڵیت ئیمزا کردووە لەگەل وڵاتێکی ناتۆدا . ئەم قسانەش تەنها دەسەڵات و حزبە عەلمانیەکان ناگرێتەوە، بەڵکو ئەگەر حزبەکانی دەسەڵات لە رووی سیاسیەوە ئەم رەفتارە بکەن ئەوە حزبەکانی ئیسلامی سیاسیش لە ناوەرۆکی کار و رێباز و رەفتار و تەنانەت ئایدیۆلۆژیەتیشیاندا چاویان لە رێگەی دەرەکیە ، یان بە ناراستەوخۆ بە بۆچونی ئەوان دەچنبەرێوە ، یان زۆر لە فەرمانەکانی ئەوان جێبەجێ دەکەن .
لێرەدا زۆر پێویستە بڵێم ؛ ئەوەی بێگانە دایپۆشێت لە دواجاردا بێ لەحاف و سەرپۆش چاو دەنێتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت