بەختیار شارەزورى : تا ئێران و ئەمریکا ڕێکنەکەون پارێزگاى سلێمانى پێکناهێنرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

ئەگەرچى لە نێوان جەمسەرەکاندا ، بلۆکى ئێران لە وەرزى هەڵوەرینى پێگەکانیەتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ، بەڵام هەر لە هەوڵى بەردەوامى دانە بەمانەوە و فراوانکردنى جێ پێیەکانى ، ئەمەش هەر لە لوبنان و فەلەستین و پاکستان و ئەفغانستان و سوریا و عێراقدا خۆى دەبینێتەوە ، لە بەرامبەریشدا ، ئەمریکاو هاوپەیمانەکانى دەیانەوێت چەند قاچێکى ببڕنەوە .

بۆ ئەم ململانێ و ناکۆکیانە سیناریۆ تاکتیکەکان لە بەرامبەر یەکتریدا بەردەوامى هەیە ، خۆ ئەگەر پێشتر ئەوروپاو ئەمریکا بۆ ڕێگەگرتن لە تێرۆرى ئیسلامى توندڕەو و دیکتاتۆر ویستبێتیان عێراق ڕزگار بکەن و بیدەنە دەست زۆرینەى شیعە ، ئەوا بە بێ بونى ڕەزامەندى ئێران نەکراوە و ئێستە دیوى ئابورى هەیە و بەریەککەوتنەکان توند تر بونەتەوە ، واتا ئێران و ئەمریکا هاوپەیمان بوون بۆ ئەوەى عێراقێک دابمەزرێ بەرژەوەندییەکانى وڵاتان بپارێزێ و وەک عێراقێکى دیموکرات بگەڕێتەوە ناو دۆسەیەى نەتەوە یەکگرتوەکان ، هەموو هێزەکان بە تەوافق یان لەڕێى سندوقەکانى دەنگدانەوە عێراق بەڕێوە بەرن ، بەڵام ئایا ئەم هێزانە باوەڕیان بە یەکتر قبوڵ کردن هەبوە تا بتوانن عێراقێکى نوێ دروست بکەن ..؟ ئەمەیان بە نەخێرە ، چونکە هەر گروپ و ڕێکخراو و حیزبێک سەر بە وڵاتێکى ناوچەیى بووە ، بۆیە نەتوانرا ئەم بەرنامە و هاوپەیمانیەتییەى وڵاتان لەسەر عێراق بەردەوامى هەبێت ، لەم نێوەندەدا ئێران توانى لە ڕێگەى مالیکییەوە ، سوونە پەراوێز بخات و کوردیش بخاتە بەردەم تەڵەکانى دەستور و بیان خەڵەتێنێ .

بۆ ئەم ڕوداوانەش ئەمریکاو ئەوروپا لە ڕێگەى تورکیاو سعودیەوە ، کەوتنە وەڵام دانەوەى ئێران بە سیناریۆیەکى ئاڵۆز و هەمە لایەنە توانیان هەژمونى ئێران بە تەواوەتى پەرتەوازە بکەن ، زیاتر لەبەر ئەوەى کە ئێستە بەدەر لە لایەنى تیرۆر ، ئەوروپا و ئەمریکا پێویستى گەورەیان بە غاز و نەوتى عێراق هەیە ، کەواتە ئەگەر لەم دیدەوە سەیرى دەرئەنجامى هەڵبژاردنەکانى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بکەین ، ئەوا بە ڕوونى دیارە ، کە بۆ پارێزگاى سلێمانى دانانرێت ، خۆ ئەگەر پێشتر ڕێکەوتنێک هەبووبێ لە نێوان تورکیا و ئێران بۆ دابەشکارى و بەڕێوەبردنى هەرێم (زۆنى زەرد و زۆنى سەوز ) ئەوا بزوتنەوەى گۆڕان توانیویەتى ئەم هاوکێشەیە هەڵوەشێنێ و نەخشەى سیاسى و ئیدارى ئەم دابەشکاریە تێک بدات .

کاتێک بزوتنەوەى گۆڕان لە ناوچەى درێژکراوەى ئێراندا (زۆنى سەوز و یەکێتى ) دەنگى یەکەم بێت و بیەوێت بچێتە سەر خەتى ئەمریکاو ئەوروپا ، ئەوا بۆ ئێران دەکاتە دژایەتى و تێک دانى نەخشەکەى و دەرکردنى لە هەرێمى کوردستان ، بۆیە ئێران زۆنى سەوز و پەیەدە و پەکەکە بە کارتى خۆى دەزانێ و ناهێڵێت دەسکارى بکرێت ، ئەم سەرکێشەیەى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ ئێران مایەى قبوڵ کردن نیە ( هەر چەندن گۆڕان هەنگاو دەنێت بەرە و ستراتیژى سەربەخۆى هەرێم بە هاوکارى ئەوروپییەکان ) ، لێرەوە کە گۆڕان نابێتە ئەلتەرناتیڤى یەکێتى بۆ ئێران پێچەوانە دەبێتەوە ، ئەوا ئێران ناهێڵێت لە بەرژەوەندى گۆڕاندا پارێزگا دابنرێت و ئەنجامى هەڵبژاردنەکان جێ بەجێ بکرێت ( هەرچەندە ئێران لە ڕێگەى ساختەوە ویستى یەکێتى وەک مالیکى بکاتە براوەى یەکەم بەڵام شکستى هێنا ) ، ئێستە لە سنورى هەولێر و دهۆک ، پارتى و تورکیا بێ بەشدارى درێژکراوەکانى ئێران (یەکێتى ) پارێزگا دادەنرێت و هیچ حسابێک بۆ ئێران ناکرێت ، ئێرانیش دەیەوێت لە پارێزگاى سلێمانى ئەم تۆڵەیە بکاتەوە و نەهێڵێت پارتى و گۆڕان هیچ بەشدارییەکیان هەبێت و لە کەرکودا نەهێڵێت تورکیا کار بکات لە ڕێگەى د. نەجمەدینەوە .

ئەگەر چى بە ئەنجامى هەڵبژاردنەکان بێت و بە یاساى پارێزگاکان بێت گۆڕان هەقى خۆیەتى پارێزگا دابنێ ، بەڵام ئێران وەک کارتێک ئەمە بەرامبەر جەمسەرى تورکى بەکار دەهێنێ ، ئێستە ئێران ئامادەى خۆى پێشان داوە تا لەسەر دۆسیەى عێراق لەگەڵ ئەمریکا بگەنە ڕێکەوتنێک ، ئەو کات کۆى هەموو دەسەڵاتەکان بە بەشدارى هەموو هێزەکان وەک درێژکراوەى وڵاتانى ناوچە دروست دەبێت ، وە دەبێت ئەو هاوسەنگییە ڕابگیرێ ، خۆ ئەگەر ئەمریکا و ئێران ڕێکەوتن ئەوا بە پێ ى ئەو ڕێککەوتنە پارێزگاى سلێمانیش دادەنرێت ، ئەو کات پارێزگاى دهۆک و هەولێریش بەم شێوەى ئێستا نامێنێت و دووبارە پێکدەهێنرێتەوە بۆ ڕاگرتنى هاوسەنگیەکە ، خۆ ئەگەر لە ناو پارێزگاى سلێمانیشدا بخرێتە دەنگدانەوە و پارتى و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ بە پێ ى ئەنجامى هەڵبژاردن و هاوپەیمانێتى دەنگدان بکەن و پارێزگا دابنێن ، ئەوا یەکێتى وەک درێژکراوەى ئێران هەر وا بە ئاسانى قبوڵى ناکات ، بۆیە پارێزگاى سلێمانى وەک هەر یەکێک لە بەشەکانى ئەم تەونى جاڵجاڵۆکەیە ، پەیوەندى بە بەشەکانى ترەوە هەیە ، تا جەمسەرەکان رێک نەکەون لەسەر دامەزراندنەوەى عێراقى نوێ و هاوسەنگى نێوان هێزەکان دیارى نەکرێت ، بە ئاسانى پارێزگا و ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى پێکناهێنرێت و ئەمەش لە دەرەوەى ئیرادەى حیزبەکانەوەیە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت