xokwshtn

ئاکۆ براهیم : دڕندەیى مرۆڤ کەى دوایى دێت ؟!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەواڵە ناخۆش و جەرگ بڕ و پڕمەئساتەکەی هەولێر ، هەمومانى تاساند . گشتمان ئاهو ئەسەف و حەسرەت بۆ ئەو دایکە پاکە و ، ئەو مناڵ پەپوولەو بێ تاوانە هەڵڕشت ، کەلەبەربەیانى رۆژێکى موبارەکى رەمەزاندا ، لەو مانگەى هەمووان بە شکڵ و روخسار دەبین بەفریشتە و گوڵ و پەپوولە و میهرەبانى و سۆز و بەزەیمان لێدەبارێت ، کەچى لەناخماندا کێوێکى پڕ تاوان و ، سەدان دڕندەو چەقۆ و شمشێر خۆى مەڵاس داوە . بەداخەوە بۆ ئەم کۆمەڵگایە ، بەداخەوە بۆ ئەو پەروەردە سەقەت و ئەو نۆڕینە چەوتەمان بۆ ژیان ، من نازانم بۆچ دەبێت وابێت ؟ بۆ دەبێت هەموو هەست و هۆش و بیرو خەیاڵێکمان لەدووشتدا کۆببێتە ، ( سێکس و پارە) هەموو هەوڵو تەقەلا و خۆماندوکردنێکمان بۆ بەدەست خستنى ئەو دوو شتە بێت ، لەکاتێکدا ژیان زۆر زۆر لەوە گەورەتر و بەرفراوانتر و بەرینترە ، شتگەلى زۆر لەوە جوانتر و لەپێشترى تێدایە ، کەچى پەروەردە و حەز و خولیاى ئێمە تەنها و تەنها هەر ئەو دوو شتە ئەبینێت . تاوان بۆتە بەشێکى دانەبڕاوى ژیانمان ، بۆتە کەلتور و ناسنامەمان ، هەرکات من یان تۆ نەمانتوانى بە رەوایى و حەڵالى بەشتێک بگەین و ، وەدەستى بێنین ، هەوڵ و ماندوبونى بۆنادەین ، بیرلەوە ناکەینەوە بەرێگاى دروست و شیاو بەو حەزە بگەین ، یەکەو راست ، بە فێڵ و پیلان و تاوان ئەخوازین بەو حەزە نەگریسە بگەین ، پێشمان رەوا حەڵاڵ و سروشتى یە بۆ گەیشتن بەو مەرامە چەپەڵ و قێزەونە ، هەموو تاوان و کوشتارێک بکەین. مرۆڤ نازانێت چى بڵێت ، چۆن پێناسەى ئەو تاوانە بکات ، گەنجێکى 15 ساڵ ، ناکامڵ ، سەرشێت هەرزەکار ، نابەڵەد لە ژیان ، هەرزە لەبیر و کردار ، کەسێک هەموو حەز و کەفو کوڵێکى لە ناو گەڵیدا قەتیس مابێت ، بۆ خۆ خاڵیکردنەوە پەنا بەرێتە بەر کارى نەشیاو ، سەرەنجامیش بۆ شوێنە ونى تاوانەکە و خۆ دەربازکردن لەوتاوانە ، هەستێت بەکوشتنى کەسەکان . ئاى چ کۆمەڵگایەکى رەشمان هەیە ، داد لەدەست زاڵمى مرۆڤەکان ، حەیف و خەسار بۆ بنەماڵەو پەروەردەى ئاوا بێ فەڕ، ئاخر من تێناگەم ، مێردمنداڵێکى پانزە بەهار ، کە هاوڕێى ئەو تا ئەمڕۆش خەریکى فلیم کارتۆنەو یارى مناڵانە ، تائیستاش نازانێت باڵغ بوون چى یە ، لە سێکس و مەفهوم وماناى ناگات و فڕى پێوە نى یە ، تائێستاش لەزۆر هەست و بیرى لەگەڵ ئاژەڵدا جیاوزایەکى وەهاى نى یە. بۆدەبێت بیر لەکارى ناڕەواو تاوان بکاتەوە؟!، بخوازێت بەزۆر و زەبرحەزى ئاژەڵیانەى خۆى لە کەسێکدا خاڵى بکاتەوە ؟! ئایا ئەو تاوانە ، ئەو لێى بەرپرسە ؟ یان بنەماڵەکەى ؟ یان کۆمەڵگا ؟ تاوانەکە بووە و رویداوە ، بۆتە لەکەیەکى شەرەمەزارى بەتەولیى هەموومانەوە ، سەرەتا حکومەت بەبەرپرس دەزانم ، کە هەمیشە و بەردەوام توێژى لاوان و مێردمنداڵانى پەراوێز خستوە ، بەتایبەت لەم کاتەدا کە پشووى هاوینە ، لەبرى ئەوەى ئەو بۆشایى و بێکاریەى ئەو گەنج و مێردمنداڵانە بقۆزێتەوە ، بە کردنەوەى خول و سەنتەرى جۆراوجۆر سەرقاڵیان بکات . هەورابێتەو دەرفەتێک بڕەخسێنێت تا لەو شوێنانەدا کوڕان و کچان پێکەوە کات بەسەر بەرن ( مەبەستم بەسەربردنى کاتى خول و گفتو گۆ و بیرورا گۆڕینەوەیە ، مەیخەنە قاڵبى ترەوە) بەمەش چ کچەکە و چ کوڕەکە دیدو بۆچوون و سەرنج تەماشاکردنیان بۆ یەکتر نیواو نیو ئەگۆڕێت ، بەواقیعى و فیعلى لەیەکتر نزیک ئەبنەوە ، باشتر لەیەکتر حاڵى دەبن . بەدەر لەوەش پەروەردەى سەقەت و کەم ئەزمونى خێزانەکان ، لەگەڵ رێزم دڵنیام ئەو مێردمنداڵە ، دانیشتوى گەڕەکێکى هەژار نشین و میللى یە و ، باوک و دایکیشى نەخوێنەوارن و ، ئاستى رۆشنبیریان لەژێر سفرەوەیە ، باوکە لەتاو گرانى بارى ژیان و پەیداکردنى بژێوى ناتوانێت و نازانێت پەروەردەیەکى دروست و جوانى رۆڵەکانى بدات ، کە ئەمەش دەرەئەنجامەکەیەتى ، دیسان لەمەشدا حکومەت لێى بەرپرسە ، گەر کەشێکى لەبار و بژێویەکى باش بۆ تاکەکانى کۆمەڵ فەراهەم بکات ، ژیانى سەدان خێزانى لەو جۆرە لەمیحنەت و تاوان و نەهامەتى رزگار دەکات ، بەنموونە ئەگەر باوکە داهاتێکى باشى هەبێت و ژیانێکى مام ناوەند بەسەربەرێت ، بوارى ئەوەى دەبێت ،لەبرى راکە راک وهەوڵدان بۆ قوتى رۆژانە ، چەند کاتێک بۆ پەروەردە و لێپرسینەوەى مناڵەکانى دابنێت ، بەڵام کەگرانى گوزەران و سەختى بژێوى رێگە نەدات ، ئەودەمە رۆڵەکانمان دەبێتە سووتەمەنى سەختى ژیان و ، پەروەردەوە و ، ئەوکاتە چاودێریکردنى ئەو مناڵانەش پولێکى قەڵب ناهێنێت و ، ئەو کارەساتەنەش دەبنە دیاردەى چەند بارەى رۆژانە . مێردمناڵەکەش تاوانبارە ، ئەبێت بەتوندترین شێوە سزا بدرێت ، ئاخر من حاڵى نابم، 15 ساڵى و هەوەسى سێکسى وبیر کردنەوە لەکارى وا، شتێکى زۆر قورسە ، بەزەحمەت وەڵامت دەست دەکەوێت، ئەوێک هێشتا ناکامڵە ، تائێستا خۆى نەناسیوە ، نازانیت بۆچى دەژی ، ئەرک و کار ولێپرسراوێتى چى یە ؟ بۆچى ولەپێناوى چیدا سێکس دەکات ؟!، بیر لەئەنجامدانى کارێکى نادروستى وابکاتەوە ، بخوازیت بەزۆرە ملێ تەعەدا لە هاوسێکەى بکات ، بەوەشەوە نەوەستیت لەهەمبەر مل نەدان دا ، بەچەقۆ بەربێتە گیانى . زەنگێکى خەتەر ناکە ئەمڕۆش نەبێت سبەى لە دەرگاى هەر یەک لەئێمە دەدات . مرۆڤ دۆستان ، پاریزەرانى کەرامەتى مرۆڤایەتى ، زانایانى ئاینى ، رۆشنبیران و ئەهلى قەڵەم و دەرووناسان و کۆمەڵناسان و مامۆستایان و خەمخۆران ، ئەوەتا دەبینین کۆمەڵگاکەمان بەرەو لاڕێ دەروات ، رۆژانە تاوان و کردارى قێزەون و ئابڕو بەر دەبینین ، تاوانکارانیش گەر کوڕى ئێمە نەبن ، حەتمەن ناسیاو وکەسى نزیکمانن ، باچتر شیرازەى کۆمەڵ تێک نەچێت ، با چیتر لەبەرخاترى حەزێکى ناوگەڵى و پڕکردنى گیرفانێک ، کەسەکان نەبنە قوربانى ، با لەوەزیاتر شەرمەزارى و رووزەردى یەخەمان نەگرێت ، باکارەساتى لەوە ناخۆشتر روبەروومان نەبێتەوە ، بیرێک لە حاڵى کۆمەڵ و کەسەکانى بکەنەوە ، هەڵوەستە لەسەر ئەو تاوانانە بکەن. با چیتر هەوەسە پیسەکانمان خێزانەکان سەرگەردان نەکات و ، کۆمەڵگاش بەرەو نغرۆبوون نەبات ، ئەوەى پێویستە لەسەرمان وەک ئەرک و کارى سەرشانمان، راستکردنەوە و هێنانەوە سەر رێى کەسە لادەرەکانە . بیر لەهۆکارى تاوانەکە و دەرەئەنجامە خراپەکانى و ، چارەسەرىیە کانى بکەنەوە ، بەدوورى مەزانە سبەینى خێزانەکەى من و تۆش پریشکى ئەو ئاگرەى بەردەکەوێت ، کوڕەکانمان یان قوربانى دەبن ، یان تاوانکار .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت