Qasimlo

عارف باوەجانی : پێش 25 ساڵ گەلی کورد قاسملوویەکی مەزنی لە دەستدا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مێژووی پر لە خەبات و بەربەرەکانی گەلەکەمان بە خۆێنی سەدان هەزار ڕۆڵەی شەهیدکراوی ئەم نیشتیمانە تۆمار کراوە. لە ریزی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستاندا بە دەیان شەهیدی سەرکردەمان هەیە کە بە نیەتی ئاشتیخوازی گەلەکەیان، و لە ژێر ناوی دیالۆگ بۆ ئاشتی و چارەسەری کێشەکانی گەلی کورد و وڵاتانی دگیرکەر کەوتوونەتە داوی بکوژانی ئازادی ودیمۆکراوسی و مرۆڤایەتیەوە .
شەهید دوکتۆر عەبدولرەحمانی قاسملوو سکرتێری حیزبی دێمۆکرات ، یەکێک لەو سەرکردە لیزان و ئاکادیمییانە بووە کە لە پاش تێکچوونی کۆمارە جوانەرمەگەکەی کوردستان سەریهەڵداوە . ئەم کەسایەتییە لە ڕێگەی خۆێندن لە دەرەوەی وڵات و لەو کات و ساتە گرنگانەدا کە دۆستانی کورد لە جیهاندا ژمارەیان لە قامکی دەست تێنەدەپەری ، توانی سەرنجی کۆمەڵێک کەسایەتی جیهانی بۆ لای دۆزی کورد ڕاکێشێت. ئەم سەرکردە لێزانە لە سەردەمی لاوێتی و خۆێندکاری خۆیدا توانی زۆربەی هاوڕێکانی سەردەمی زانکۆی بکاتە دۆست و پشتیوان و هاورێێی گەلی کورد ، کە تا ئیستاشی لەگەڵ بێت ئەو هاورێیانەی دوکتۆر قاسملوو پشتیوانی دۆزی گەلی کوردن . هەروەها لە ساڵی هەشتاکانیشدا دیتمان پزشکە هاورێکانی لەو سەردەمانەدا خۆبەخش دەهاتنە شاخ و گوندەکانی کوردستان و خزمەتی خەڵک و پێشمەرگەیان دەکرد .
بەشێکی زۆری هاورێکانی ئەم شەهیدە لێهاتووەمان لە پاش مەرگی قاسملوو ، بوونەتە بەرپرسە باڵاکانی وڵاتانی گرنگی جیهانی و پشت و پەنایەکن بۆ سەربەخۆیی گەلی کورد، کە نموونەشیان فرێدریک تێسو و بێرنارد کۆشنێری فەرانسەن ، کە لەم چەندرۆژەدا پشتیوانی خۆیان و وڵاتەکەیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان پێشانداوە .
بوونی ئەم سەرکردە بە توانایەش ، کە جینایەت و کردەوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە جیهان دەگەیاند، بۆ ئەو ڕێژیمە تروریست و تروریست پەروەرە جێگەی تەحەمول و قبووڵکردن نەبووە . هەر لە سەرەتای دەسبەکاربوونی ئەم رێژیمەوە پلانی تروری دوکتۆر قاسملوو دارێژرابوو . تا سەرئەنجام و مخابن لە ڕێکەوتی ٢٢ی پوشپەری ٢٥ساڵ پێش ، پڵانە گڵاوەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران سەریگرتوو ، دوکتۆر قاسملوویان لێ شەهیدکردین .
هەربۆیە دەکرێ بۆ هەمیشە ناوی دوکتۆر قاسملوو لە مێژووی سەروەری خەباتەکانی گەلی کوردا ناوی وەبیر نەوەی داهاتوو بهێنینەوەو هەرگیز ئەو مرۆڤە بە توانایا کە گیانی خۆی فیدای نیشتیمانەکەی کرد لە بیر نەکەین .
جێ وەبیر هێنانەوەشە کە مەرگی شێخ سەعیدی پیران و سمکۆی سمایل ئاغاو قاسملوو چەندین سەرکردەی شەهیدکراوی دیکەمان لە سەر مێزی دیالۆگ لەگەڵ دوژمنی ڕێوی سیفەتدا ، بکەینە وانەیەک کە هەرگیز جارێکی دیکە بروا بەو جۆرە دیالۆگە داخراو شاراوانە نەکەین و با چیدیکە رۆڵەکانمان نەکەین قوربانی سیاسەتی دژەمرۆڤانەی داگیرکەران و نەیارانی کوردستان .
لە کۆتاییدا دەڵێم : مخابن پێش 25 ساڵ قاسملوویەکمان لە دەستداوە ، کە بۆ سەدان ساڵی داهاتووش توانایی ئەو مرۆڤە شایانی باس و لێکدانەوەی کەسانی شارەزایە . هەر نموونەی ناوهێنانی دوکتۆر قاسملوو بەو شێوە گرنگە لە لایەن تۆری ویکیلیکسەوە ، پێمان دەسەلمێنێت کە ئێمەی کورد کێمان لە دەستداوە.
لەم بیرەوەرییە تاڵەدا سەرەخۆشی لە خۆم و گشت گەلی کورد و هاوسەنگەرانی دوکتۆر قاسملوو لە حیزبی دیمۆکرات دەکەم .
قاسملووی نەمر ڕۆحت شاد و ڕێگەت پر ڕێبواربێت.

عارف باوەجانی / سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان
٢٢ی پوشپەڕی ٢٧١٤ی کوردی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت