Bekir-Ibrahim

بەکر ئیبراهیم : ئەو فرۆکەیەى من و وەزیرى کشتوکاڵى گەیاندە ئاسمان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە خەونمدا لەگەڵ کاک عەبدولستار مەجید وەزیری کشتوکاڵی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووم کە لە نزیکەوە نایناسم و بە خزمەتی نەگەیشتووم، بەڵام ئەوە خەونە و خەونیش مرۆ دەسەڵاتی تێدا نییە و بە راستیش سەری لێ دەرناکەم و ناشزانم بەڕێز وەزیری کشتوکاڵ چەندە بڕوای بە خەونە و تێگەیشتنی بۆی چۆنە.
خوایە گیان ئەمە چۆن خەون و ڕێکەوتێکە لەگەڵ بەڕێز وەزیری کشتوکاڵ لە فڕۆکەیەکی تایبەت بە وەزارەتی کشتوکاڵدا لە ئاسمانی کوردستان دەسووڕێینەوە ، خۆ من بۆ یەکەم جارە لە هەموو ژیانم بۆ سەفەریش لە فڕۆکەی عەسکەری و مەدەنی و کشتوکاڵیش سوار نەبووم ، بەڵام ئەوەتا لە فڕۆکەیەکی کشتوکاڵی لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ لە ئاسمانی کوردستانم و ناشزانم بۆ زیاتر لە 20 وەزیری کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کاک عەبدولستار مەجید لەناو فڕۆکەدام و ورد ورد لە خاکی بەپیتی کوردستان و ئاوی کانی و چەم و ڕووبار و دەریاچەکانی کوردستان دەڕوانین. فرۆکەکە ئاڵای کوردستانی پێوە بوو ، بەڵام لەوە دڵنیا بووم کە دروستکراوی دەستی خۆمان نییە ، نەشمویست بە پرسیار دەربارەی فڕۆکەکە کاتی جەنابی وەزیر بگرم کە ئایا دروستکراوی خۆمانە یان کڕیومانە و بۆچی کڕدراوە و کاری چییە ، ئەی بۆ ئێستا من و وەزیری کشتوکاڵ پێی فڕیوین بۆ ئاسمانی کوردستان و سەرمەستانە لە ئاسمانەوە لە بووژانەوە و بەرەوپێشچوونی کەرتی کشتوکاڵ دەڕوانین ، لەگەڵ ئەوەشدا جەنابی وەزیر بیرەوەریی رۆژانی پێشمەرگایەتی بۆ دەگێڕامەوە کە بە پێ و لە ژێر هەڕەشە و ترسی داگیرکەرانی کوردستان شاخ بە شاخ و گوند بە گوند و بنار بە بناری کوردستان بۆ ئازادی تێکۆشاوە ، ئێستاش لە حکوومەتە 23 ساڵییەکەی کوردستاندا خۆی وەزیرە، ئەوە تا ئێستا لە لای من خەونە ، بەڵام جەنابی وەزیر لە خەونەکەمدا دەیگوت بە راستی لە خەون دەچێت.
بە دەم گەشتی ئاسمانمان لەگەڵ جەنابی وەزیر و گێڕانەوەی بەڕێز وەزیر و گوێگرتنی من بۆ بەڕێزیان ، سەیرم کرد ئەوە جەنابی وەزیر بە کوڵ دەگریا و بە دەم قوڵپی گریانەوە دەیگوت سەرجەم حزب و پێشمەرگەکانی دوێنێی خەباتی شاخ قەرزداری گوندنشینەکانی کوردستانین و دەیفەرموو ئەوێ رۆژێ خەڵکی خۆشەویستی ئەو گوندانە بە نەترسی و لە ژێر هەڕەشەی توندی داگیرکەرانی کوردستاندا بە سنگێکی فراوان و دڵێکی گەورە و هەستێکی کوردپەروەرانە و هیوایەکی زۆرەوە لە خزمەتی پێشمەرگە و شۆڕشی کوردستاندا بوون و هەر ئەو گوندانەش هۆکاری درێژەدانی خەبات و خۆڕاگریی پێشمەرگە بوون و ئیدارەی شۆڕش بوون . کاتەکە خێرا دەرۆیشت و جەنابی وەزیریش بەردەوام بوو لە گێڕانەوەی ئەو رۆژانەی لە ئاسمانی کوردستان و لە گەشتەکەمان دەهاتەوە بەرچاوی کە چۆن رژێمی بەعس گوند و لادێیەکانی کوردستانی وێران و خاپوور کرد و خەڵکی ئەو گوندانەی راپێچی ئۆردووگا زۆرەملێیەکان کرد و حکوومەتی خۆماڵیی خۆشمان ئەوە هەشت کابینەیە و 23 ساڵە ئەو گوندانەی ئەوێ رۆژێ ماڵ و بنکە و بارەگای شۆڕشی کوردستان بوون، لەلایەن شۆڕشگێرانی دوێنێوە پشتگوێ خراون کە ئەو پشتگوێخستنەشیان بووەتە پشتگوێخستنی خاک و ئاو و کەمبوونەوەی بەروبوومی خۆماڵی و تەنانەت خەریکە بە بێ گوندیش دەمێنینەوە .
منیش دەمزانی کە کشتوکاڵ لە مێژووی گەلی کوردستاندا ئەو کەرتە بووە کە کوردەواری بە هەموو گوند و شارۆچکەکانییەوە بە خۆیەوە خەریک کردبوو ، ئەوانەش هەمووی بە گەنم و جۆ و نیسک و نۆک و مەڕ و بزن و مانگا و مریشک و قەل و قاز و هێلکە و شیر و ماست و رۆنەکەرەوە بە هێز و بازووی خەڵکی کوردستان وەبەر هێنرا کە بەداخەوە ئەمڕۆ ئەم وەبەرهێنانە لەبەر چەندین هۆکار لە دەرەوە دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان.
نازانم لەگەڵ جەنابی وەزیری کشتوکاڵ چەند سەعات لە ئاسمانی کوردستان ماینەوە کە لە مزگەوتەکانەوە بانگی بەیانی فەرموو ، جووتیارەکانی وڵاتیش لەگەڵ بانگی بەیانی و دەنگی حەییە عەلەل فەلاح بەرەو مزگەوت بەڕێ کەوتن و دوای نوێژی بەیانی و بەرزکردنەوەی دەستی ماندوویان بەرەو یەزدانی مەزن و پاڕانەوەیان لە قاپی یەزدان ، بەرەو کاری رۆژانەیان بەڕێ کەوتن.
ئای ئەوە چ ئاوازێکی خۆش و سەرنجڕاکێش و دڵڕفێنە ، گوێ بگرن ئەوە حەپەحەپی سەگ ، زەڕەی کەر ، قووقەی کەڵەباب ، دەنگی جووتیار ، باڕەی مەڕ و بزن ، قارەی بەرخ و کار ، دەنگی مەشکەی پوورە ئایشێ ، گەرمکردنی تەندووری پوورە حەلیم ، بۆنی کولێرەی بەیانی ، رۆیشتنی کچانی شۆخی بێ میکیاجی گوند بۆ سەر کانیی پشتی ماڵان ، ئای یەزدانی مەزن ئەوە چ ئاواز و چ تابلۆیەکە ، بە راستی جەنابی وەزیری سەرمەست کردبوو ، ئەوەندەی تریش خۆشحاڵتر دەهاتە بەرچاو کە بەو سپێدەی زووە لە عەلوەکانی کوردستانەوە دەنگی فرۆشیاران دەهات و دەیانگوت ئەوە گندۆرەی شارەزوور و مەمەنداوە ، وەرە بۆ تەماتەی هەڵشۆ و هەنار و هەنجیری ئاکرێ ، ئەوە ماستی هەولێرە .. هەولێر ، وەرنەوە ئەوە گوڵەبەرۆژەی بیتوێن ، شووتیی کەرکووک بیکڕە پەشیمان نابی ، ئەوە ترێی خۆشناوەتی … پرسیم قوربان جەنابی وەزیر ئێمە تاکەی لە ئاسمانەوە و بە فڕۆکە سەیری گوندەکان بکەین ، پێش ئەوەی جەنابی وەزیر وەڵام بداتەوە ، فڕۆکەکە بەنزینی بڕا منیش لە ترسی سوتان و بەربوونەوە بەئاگا هاتم خەریک بوو شێتیش بم ، من باشم هیوادارم جەنابی وەزیریش سەلامەت بێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت