عەتا قەرەداخی : پێداویستیە ناوخۆییەکانی سەربەخۆیی کوردستان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پارتی دەبوو لەو بارودۆخەى ئێستادا لە حکومەتی خۆجێیەتی هەولێرو دهۆک نەک هەر بەشدای لایەنەکانی تری بکردایە بەڵکو دەبوو خۆی پێداگری ئەوەى بکردایە کە هەموویان پێکەوە شارەکان بەڕێوە ببەن ، ئەگەر بەڕاستی مەبەستیانە کورد یەک دەنگ بێت. کە ئەم هەڵوێستەى پارتی یەکێکە لە هۆکارەکانی درووستبوونی هەندێ دەنگی لایەنگری شیعەو دژە ریفراندۆم لە کوردستاندا بە تایبەتی لای هەندێ کادیری یەکێتی کە وای لێکدەدەنەوە ئەگەر تەنانەت کورد دەولەتیشی بۆ درووست ببێـت هەر پارتی بڕیار بەدەست دەبێت کە ئەوەش بە بۆچوونی ئەوان نادرووستە.

ئەوە ئاشکرایە کە سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی کوردی خەونی گشتی کۆمەڵگەی کوردییەو خەباتی بەردەوامی سەدەو نیوێکی رابردووی کورد لە راپەڕەینەکانیدا هەر لە راپەڕینی بەدرخانییەکانەوە تاوەکو ئێستا لە پێناوی ئازادی و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکاندا بووە. هەرچەندە مەسەلەى دامەزراندنی دەوڵەت ئەگەر باسیش نەکرابێت ئەوا هیچ لەو راستیە ناگۆڕێت ئەم نەتەوەیە کە لە مێژوودا بە شێوەیەکی خراپ دووچاری سەرکوتکردن و چەوساندنەوەو تەنانەت پاکتاوی رەگەزیش بووەتەوە ، خوێنێکی زۆری بەخشیووە لە پێناوی ئازادی و مافە رەواکانی خۆیدا کە بەردەوامیش داواکارییەکانی بە گوللەو زیندان و سێدارە وەڵامدراونەتەوە ، بەڵام هێشتا دەستبەرداری خەبات و تێکۆشان نەبووە.
بەهەرحاڵ ئێستا و پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە نۆ دەیە بەسەر سەرلەنوێ داڕشتنەوەى نەخشەی جوگرافیای سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێدەچێت کاتی ئەوە هاتبێت جارێکی تر پێداچوونەوەى ئەو نەخشە سیاسیە بکرێت بە تایبەتیش دوای سەرنەکەوتنی ئەمەریکا لە درووستکردنی عێراقێکی دیموکراتی و دوای شکستهێنانی ئاراستەى دیموکراسی لە لە رووخاندنی هەندێ لە دەوڵەتە تۆتالیتارەکانی عەرەبی ناوچەکەدا کە ئەوەش بە حیساب بەرهەمی بەهاری عەرەبی بوو کە لە راستیدا بەهاری ئاراستە تووندڕەوەکان بوو . دوای دەساڵ فەرمانڕەوایی شیعە لە عێراقدا دەرکەوت کە سیستێمی نوێی شیعە جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لە سیستێمە تۆتالیتارو تاکەکەسیەکەى سەدام حسێن و ئێستا مالیکی کە لە چاو دەسەڵاتە رەهاکەى سەدام حسێندا زۆر لاوازە ، بەڵام بەهەمان شێوەى ئەو سەرقاڵی پاکتاوکردنی ئەوانی ترە لە سوونەو تەنانەت لە نەیارە شیعەکانی و ئەوەندەشی پێیکراوە لەگەڵ کورد کردوویەتی . بۆیە واپێدەچێت کە ئومێدێک نەمابێت بۆ هێشتنەوەى ئەو وڵاتـەی کە ناوی عێراقە وەکو یەک دەوڵەت . لەبەر ئەم هۆیانە ئێستا پێدەچێت بارودۆخێکی تەواو نوێ بێتـە کایەوەو بەگوێرەى کوردیش ئەگەر بتوانێت بکەرێکی ژیرو کارای رووداو درووستکەر بێت ئەوا دەتوانێت ئەمجارەیان سوودی نەتەوەیی لەو بارودۆخە نوێیە وەربگرێت و ئەوەى لە ساڵی 1991 و 2003دا نەیتوانی بیقۆزێـەوە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ، ئەمجارە لەدەستی نەدات . بەڵام دیارە بۆئەوەى کورد بتوانێت کەڵک لەو بارودۆخە وەربگرێت پێشوەختە دەبێت لەوە تێبگات ئەوەى پێویستە لەسەر ئاستی ناوەوەو دەرەوە بیکات چییە .
ئەوە ئاشکرایە بارودۆخی دەرەوە بەرەو ئەوە دەچێت کە دان بەو راستیەدا بنێت کە کورد مافی رەوای خۆیەتی سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت و ئەو غەدرە مێژووییەى کە لێی کراوە هەڵبوەشێنێتـەوە ، کە ئەوەش تەنیا بەوە دەبێـت کە کوردستان سەربەخۆ بێت و کورد دەوڵەتی خۆی لەسەر خاکی خۆی درووست بکات . دیارە بۆ ئەوەى کە زیاترین رەزامەندی دەرەوەش بەدەست بهێنێت پێویستی بە هەوڵ و کۆششی دیپلۆماسیانەى زیاتر هەیە . گومانیشی تێدانییە پەیوەندی شیعەو سوونەى عێراق گەیشتووەتە ئاستێک ئەستەمە جارێکی تر حکومەتی شیعە بتوانێت دەسەڵات بەسەر جوگرافیای سوونەدا بکاتەوە . هەروەک پێداگری مالیکی و حیزبەکەشی لەسەر ئەوەى کە مالیکی جارێکی تر ببێتەوە بەسەرۆکوەزیرانی عێراق پێموایە دوا بزمار لە تابووتی عێراقی یەکگرتوو دەدات و ئەو تەرمە بۆگەنکردووەى کە ناوی عێراقە بەسەرە نوێلکی مێژوو دەسپێرێت و ناوی مالیکی و زۆرێک لەسەرکردە نوێیەکانی عێراقیش لە ریزى سەدام حسێن و بەرپرسە جەلادەکانی بەعسدا پۆلێن دەکرێن . کەواتە دەتوانین بڵێین مانەوەى عێراق وەکو یەک دەوڵەت جگە لە وەهم هیچی تر نییە.
ئاشکراشە ئەو هێزەى کە لە 9 ی حوزەیرانەوە توانی رووبەرێکی فراوان لە جوگرافیای سوونە لە هێزەکانی حکومەتی شیعە پاکبکاتەوە بریتیە لە هێزی سوونەى عێراق و جەمسەری سوونەى عەرەبی و جیهانیش کە لە ترسی هەژموونی شیعەو ئێران پشتگیری سوونەى عێراق دەکات و دیارە ورەى سوپای حکومەتی شیعەش لە عێراقدا بە جۆرێک رووخاوە ئەستەمە بتوانن جارێکی تر فەرمانڕەوایی عێراقێک بکەن کە پێشتر لە موسڵەوە تا بەسرە بوو . کەواتە لەم بارودۆخەدا دەبێ کورد چی بکات و ئەوەى بۆ سەربەخۆیی لەسەر ئاستی ناوەوە پێویستیەتی چییە ؟
بێگومان کاتێ باسی بارودۆخی ناوەوە یان بارودۆخی زاتی ناو کوردستان دەکەین دەبێ لەسەر دوو ئاست باسی بکەین . یەکەمیان / ئاستی جەماوەری و دووەمیان / ئاستی سەرکردایەتی سیاسی و نوخبەی سەرکردایەتی حیزبی کوردی. ئەگەر ئێستا باسی بارودۆخی جەماوەری خەڵکی کوردستان بکەین سەرباری گیروگرفتەکانی ژیان کە زیاتر بە هۆی ئەو بارودۆخەوە سەری هەڵداوە ، بەڵام ئامادەباشی جەماوەر بۆ پێشوازیکردن لە سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەت بە ئاشکرا دەبینرێت . ئەو ئینتیما نەتەوەیی و نیشتیمانییەى کە پێشترو لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەو نادرووستەی دەسەڵاتی خۆماڵی کوردیدا لای جەماوەر درووستبوو بوو ، ئێستا بە ئاشکرا زیندووبوونەوەى پێوە دیارەو جۆرێک لە وروژانی پڕلەجۆش و خرۆشی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەبینرێت ، بە جۆرێک هەست دەکرێت کە رۆحی گشتی کۆمەڵگە لە پرۆسێسی بڵندبووندایە بۆ گوزارشتکردن لە خۆی کە ئەویش لەسەربەخۆی و دەوڵەتدا بەرجەستە دەبێت . بەواتایەکی دی زەمینەى سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەت لەسەر ئاستی جەماوەریی بەرەو ئامادەگی تەواوەتی دەچێت بۆیە گرنگە کە ئەو بڵندبوونەى رۆحی گشتی کۆمەڵ لەرێی راستی خۆی لانەدرێت بەڵکو لەسەر ئاستی بڕیاری سیاسیش بەو ئاستە کاربکرێت بۆ ئەوەى جۆرێک لە هاوسەنگی لە نێوان خواستی جەماوەرو بریاری سیاسیدا درووست بکرێت بەجۆرێک کە هەستبکرێت بڕیاری سیاسی وەڵامدانەوەى داواکارییە جدییەکانی کۆمەڵگەیە .
بەڵام ئەوەى لە سەرکردایەتی سیاسی کوردی و لە نوخبەی سیاسی و لە پێکهاتەى سەرەوەی هەندێ لە حیزبەکاندا دەبینرێت ئەوەیە کە بەراستی زۆر لە خوار ئەو ئاستەوەن کە بتوانن نوێنەرایەتی رۆحی گشتی کۆمەڵگە بکەن ، ئەو رۆحەى کە دەبێتە بزوێنەری بزووتنەوەى ناسیونالیزمی کوردی بۆ ئەوەی ببێتە بزووتنەوەیەکی جەماوەریی ئەوتۆ کە هەموو سنوورە ناوچەیی و لۆکاڵی و حیزبیەکان هەڵوەشێنێتـەوەو هەموو ئەو نوخبەو گروپانەى کە بەربەستن لە رێگای داخوازییە نەتەوەییەکانی خەڵکدا رادەماڵێت و کۆی نەتەوە لە یەکەیەکی یەکگرتوودا کۆبکاتەوەو بەوەش نەتەوە بکاتە هێزێکی یەکگرتووى پتەوی لەبن نەهاتوو کە هەموو خاسێـت و بنەماکانی نەتەوە یان کۆمەڵگەیەکی زیندوویی تێدابێـت بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەى ناسیونالیزم کە ئەویش تەنیاو بەس تەنیا سەربەخۆیی و درووستکردنی دەولەتی نەتەوەیی کوردییە. بێگومان ئێستا بارودۆخی ناوەوەى کوردستان لەسەر ئاستی جەماوەری بەرەو درووستبوونی یەکێتیەکی جەماوەریی ئەوتۆ دەچێـت کە سنوری نێوان کۆی ئەم حیزب و رێکخراوانەى کوردستان دەرووخێنێت چونکە ئەوە ئاشکرایە کە قاعیدەی کۆی حیزبەکان جەماوەرە ، جەماوەریش ئێستا لە رووی رۆحی گشتیەوە لە یەک ئاستی هەڵچوون و وروژاندایە ، بەڵام ئەوانەى جیاوازی هەیە لە نێوانیاندا نوخبەى سیاسی کوردییە ئەو نوخبەى کە تاکو ئێستا نەیتوانیووە هیچ کام لەو هەلانەى هاتوونەتە کایەوە لە پێناوی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەدا بقۆزێتەوە . ئەمجارەیان پێدەچێت بەشێکی دیار لەسەرکردایەتی سیاسی کوردی لەو راستیە تێگەیشتبێت کە ئەگەر سوود لەم بارودۆخەی ئێستا وەرنەگرێت و چاوەڕوانی ئەوە بێت دنیای بڕیار بەدەست پێی بڵێ فەرموو جەنابی سەرکردایەتی سیاسی کوردی ئەوا ئێمە دەوڵەتمان بۆ درووستکردن وەرن بەڕێوەى ببەن ، کە ئەمە لە فیلیمیشدا روونادات .

من پێموایە هەر ئەو جیاوازییەش لە تێڕوانینی سەرکردایەتی سیاسی کوردیدا بووتە جێگای مشتومڕو ناکۆکی و ئاخاوتنی راگەیاندنەکان و دەنگ و باسی ناو جەماوەرو تەنانەت جەماوەری ئاسایی سەر شەقامیش دەزانێت کە بەشێک لە نوخبەی سیاسی حیزبی کوردی لە پێناوی بەرژەوەندییە شەخسیەکانیان و لە پێناوی پارستنی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەوتانی دەوروبەری کوردستاندا ناتوانن نوێنەرایەتی داخوازییەکانی کورد بکەن . هەموو ئەمانەش سەلمێنەری ئەوەن کە ئەو نوخبەیە سیاسیە حیزبیە زۆر لە خوار ئەوەوەیە کە بەرپرسیارێتی داخوازییەکانی ئێستا خەڵکی کوردستان بگرێتە ئەستۆو گومانیشی تێدانییە ئاراستەی راستەقینەى رۆحی هەڵچووى جەماوەر بەرێگای راستی خۆیدا بەرەو سەربەخۆیی و درووستکردنی دەووڵەت دەڕوات و ئەوانەى لە نوخبەى سیاسی و سەرکردایەتی سیاسی کوردی نوێنەرایەتی و رابەرایەتی ئەو خواستە جەماوەرییەى خەڵکی کوردستان دەکەن لەگەڵ جەماوەردا یەکدەگرنەوە.
بێگومان پێشتر وتمان نوخبەى سیاسی و حیزبی کوردستان تاکو ئێستا وەکو پێویست بۆ زیاتر یەکخستنی کۆی کۆمەڵگەى کوردی کاری نەکردووەو کۆمەڵێ خاڵ هەن کە رووی لاوازی و نەرێنی نوخبەى سیاسی دەسەڵاتدار لە بارودۆخێکی ئاوەهادا نیشان دەدات. بە تایبەتی تاوەکو ئێستاش حیزبە دیارەکانی کوردستان ناتوانن وەها سەیر یەکتر بکەن کە ئەم بارودۆخەی ئێستا پێویستی بە یەکدەنگی هەموویان هەیە ، کەواتە بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە هەنگاوەکانیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی بێت . بەڵام بە ئاشکرا دیارە تاوەکو ئێستاش بێ جیاوازی کۆی حیزبەکانی کوردستان لە پێش هەموویانەوە پارتی و یەکێتی بە عەقڵی حیزبی زۆر تەسک کاردەکەن . بۆنموونە پارتی دەبوو لەو بارودۆخەى ئێستادا لە حکومەتی خۆجێیەتی هەولێرو دهۆک نەک هەر بەشدای لایەنەکانی تری بکردایە بەڵکو دەبوو خۆی پێداگری ئەوەى بکردایە کە هەموویان پێکەوە شارەکان بەڕێوە ببەن ، ئەگەر بەڕاستی مەبەستیانە کورد یەک دەنگ بێت. کە ئەم هەڵوێستەى پارتی یەکێکە لە هۆکارەکانی درووستبوونی هەندێ دەنگی لایەنگری شیعەو دژە ریفراندۆم لە کوردستاندا بە تایبەتی لای هەندێ کادیری یەکێتی کە وای لێکدەدەنەوە ئەگەر تەنانەت کورد دەولەتیشی بۆ درووست ببێـت هەر پارتی بڕیار بەدەست دەبێت کە ئەوەش بە بۆچوونی ئەوان نادرووستە.

لە لایەکی ترەوە یەکێتی و گۆران لە شارێکی وەکو سلێمانی لەسەر پۆستی پارێزگار رێکناکەون. باشە دوو حیزبی گەورە کە نەتوانن لەسەر پۆستێک رێبکەون ئیتر دەبێ جەماوەر چ ئومێدێکی ئەوەى پێیان هەبێـت کە دەوڵەتداری بکەن. ئەمە بێجگە لە هەوڵی بەرپرسانی جۆراو جۆر لەم بارودۆخەدا بۆ بازرگانیکردن بە سووتەمەنی و بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕو خۆدەوڵەمەندکردن لەسەر حیسابی جەماوەری خەڵکی کوردستان . من پێموایە پێش هەموو کەسێک ئەرکی بەڕێز سەرۆکی هەرێمە کە لە هەمان کاتدا سەرۆکی پارتیشە بۆ ئەوەى زیاتر زەمینە بۆ یەکدەنگی کورد لەم بەشەى کوردستاندا خۆش بکات ، پێویستە لە سنووری دەسەڵاتی پارتیدا لە هەموو پنتەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبردندا بە پراکتیک بەشداربوونی هەمووان دەستبەربکات هەتا حیزب و لایەنەکانی تری کوردستان و جەماوەریش هەست بکەن بەڕێزی سەرۆکی هەموو هەرێمەو هەر ئەوەش وادەکات کە جەماوەری خەڵکی کورستان متمانەى ئەوەى پێبکەن کە رابەرایەتی باشووری کوردستان بکات بەرەو سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەت. بە واتایەکی تر هەرچۆن جەماوەری خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە بەرێز سەرۆکی هەرێم بڕیاری چارەنووسسازانە بۆ ئایندەى گەل بدات بەرەو ئاسۆیەکی گەشتر ، بە هەمان شێوە چاوەڕوانی ئەوەشی لێدەکەن لە سایەی ئەو هەرێمەدا کە ئەو سەرۆکیەتی کەس پەراوێز . نەخرێت و هیچ حیزب و دەستەو رێکخراو و گروپێک پاسیڤ نەکرێن چونکە لەم بارودۆخەی ئێستادا تەنیا یەکێتی و یەکبوونی هەموو کورد زەمانەتی سەرکەوتن دەکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت