barham-najmadenkarem

عەتا قەرەداخی : کامیان گرنگترە پۆستی سەرۆک کۆمار یان گەڕانەوەى جوگرافیای کوردستان ؟

ئەکەرچی عێراق لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەدایەو ئەگەری ئەوەى کە جارێکی تر حکومەتی عێراقی بتوانێت دەسەڵات بەسەر ناوچە سوونیەکاندا بکاتەوە ئەگەرێکی زۆر لاوازە . کەواتە هەر حکومەتێک لە بەغدا درووست ببێت حکومەتی شیعە دەبێت ، ئەگەر ئەوانیش لە ناو یەکدا بگونجێن . دیارە ئاشکراشە کە حکومەتی بەغدا پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە هەرێمی کوردستانەوە نەماوەوەو مەگەر کورد خۆی جارێکی تر گەمژەیی و بێعەقڵی بکات و کەرکوک و ئەو ناوچانەى کە پێشتر لە ژێر سایەی دەوڵەتی داگیرکەری شیعەى عێراقدا بوون و ئێستا لە ژێر دەستی پێشمەرگە خەباتگێڕەکانی کوردستاندان تەسلیمی داگیرکەری بەغدا بکاتەوە ، ئەگینا حکومەتی بەغدا توانای ئەوەى نابێت کە بەهێز بستێک خاک لە پێشمەرگە وەربگرێتەوە . هەروەک لە راپۆرتەکەى راوێژکارە سەربازییەکانی ئەمەریکاشدا هاتووە سوپای عێراق بە یارمەتی میلیشا شیعەکان تەنیا رەنگە بتوانن بەرگری لە بەغدا بکەن. کەواتە ئەوەى لە بەغدایە خاسێتی حکومەتی نیەو بۆ داهاتووش ئەستەمە بتوانێت ببێتـەوە بە خاوەنی هێز چونکە هیچ رایەڵێکی یەکێتی لە نێو کوردو شیعەو سوونەدا نەماوە . هەر بەوپێیەش سەرئەنجام لە رووی جوگرافیاشەوە بەتەواوی لێکتر جیادەبنەوە ، بۆیە هەوڵدانی کورد بۆچوونە بەغداو یارمەتیدانی عەرەب بۆ دووبارە درووستکردنەوەى دەوڵەتی عێراقی بێجگە لە کاڵفامی سیاسی کورد هیچی تر ناگەیەنێت و ئاشکراشە کورد لە چوونە بەغدای ئەمجارەیدا ئەگەر بە هیوای ئەوە بچێت کە سیاسەتی بەغدا بەرامبەر بە کورد دەگۆڕێت ئەوە جۆرێکە لە تێنەگەیشتن و ئەمجارە خوا سەرکردایەتی سیاسی کورد خۆیان بگرێت. بەهەرحاڵ چوونە بەغدا بە ئومێدەوە جۆرێکە لە ساویلکەیی ، خۆئەگەر کوردیش هەر بۆ کات بەڕێکردن ئەوە بکات و هیچ ئومێدێک لەسەر چوونە بەغدا بینا نەکات ئەوەیان وەکو یارییەک مەسەلەیەکی ترە .
ئێستا دوای دیاریکردنی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ، مەسەلەى دیاریکردنی سەرۆک کۆماری عێراق هاتووەتە پێشەوە کە ئەوەش وەکو ئاشکرایە پۆستی کوردەو لە نێو هێزە کوردییەکانیشدا بەشی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە . ماوەیەکە باسی ئەوە دەکرێت کە یەکێتی کێ بۆ ئەو پۆستە کاندید دەکات . دیارە ئەو پۆستە خۆی پۆستێکی تەشریفاتیەو لە رووی کارو دەسەڵاتەوە بەهایەکی ئەوتۆی نییە بەڵام لە رووی مەعنەویەوە دیارە گرنگە . پێشتریش کە پۆستی سەرۆک کۆمار لە عێراقدا بە بایەخەوە سەیر دەکرا لەبەرئەوە بوو کە بەڕێز مام جەلال لەسەر کورسی ئەو پۆستە بوو، کەسێتی ئەو پۆستەکەى گەورە کردبوو، تەنانەت ئەو عێراقیانەشی خۆشیان نەدەویست دانیان بەوەدا دەنا کە مام جەلال ( صمام الامان) ـە لە عێراقدا. دیارە بەو هەموو توانایەی مام جەلالیشەوە لە ماوەى سەرۆکایەتی ئەودا هیچ کام لە ئیستیحقاقەکانی کورد لە بەغدا جێبەجێ نەکران . کەواتە ئیتر دەبێ کورد بە گشتی و یەکێتی نیشتیمانی چ دڵێکی بەو پۆستە خۆش بێت و چ ئومێدێکی لەسەر بینا بکات؟
ئێستا لە ناو مەکتەبی سیاسی یەکێتی باسی دکتۆر بەرهەم ساڵح و نەجمەدین کەریم دەکرێت بۆ ئەو پۆستە . بەرهەم ساڵح کە پێشتر جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بووەو بە یەکێک لە کەسایەتیە سیاسە لێهاتوو بە تواناکانی کوردو عێراق دادەنرێت و تەمەنی تازە لە پەنجا ساڵ تێپەڕیووەو پیاوێکی بە جەستە هەڵکەوتوو ، بە دەم و پل و زمان زان و سیاسیەکی موحەنەکەو ناوەندی سیاسی و راگەیاندنی عەرەبی بە باشی ناسیوویانەو لە ئاستی عەرەبەکانیشدا کەسێتیەکی بەهێزی هەیە و خەڵکی کوردستانیش دەیناسن ، بەوەی کە دووجار سەرۆکی حکومەت بووە ، جارێک لە ئیدارەى سلێمانی و جارێکیش لە حکومەتی یەکگرتووی هەرێم . لە ماوەى ساڵی رابردووشدا لایەنگیرییەکی جەماوەری زیاتری بۆ درووست بووە چونکە وەکو خوازیاری چاکسازی و گۆڕانکاری لە ناو یەکێتیدا دەرکەوتووەو وەکو ئاشکراشە لە قۆناغی ئامادەییەوە لە ریزی رێکخستنەکانی کۆمەڵەدا بووەو دەستگیر کراوەو پاشانیش لە بەریتانیا ئیشی بۆ یەکێتی کردووەو تا بووەتە بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی لە ئەمەریکاو لە یەکەم کۆنگرەى یەکێتیشدا بووە بە ئەندامی سەرکردایەتی و لە سەرەتای دوو هەزارەکانیشدا بە تەواوی هاتووەتەوە کوردستان و لەو ماوەیەشدا وەکو یەکێک لە هەرە دیارترین کادیرەکانی ناو یەکێتی نیشتمانی لە دوای مام جەلال ئامادەبوونی هەبووە . کەچی وەکو لە بڵاوکراوەکاندا هاتووە هێرۆخان دەبێ تەزکیەی ئەو بکات هەروەک لە روونکردنەوەکەى خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەدو هێرۆخاندا هاتووە گوایە بەرهەم ساڵح لە کاتی تەنگانەدا پشتی لە یەکێتی کردووە . لە راستیدا ئەو دەربڕینە سەیرە کەسێک داوای کۆنگرەو چاکسازی کردبێت کەچی بە بەزیوو راکردوو بدرێتتە قەڵەم . من مەبەستم نییە بەرگری لە بەرهەم ساڵح بکەم چونکە رەنگە من لە ریزی پێشەوەى ئەوانە بم کە زیاترین رەخنەم لە دکتۆر بەرهەم گرتووەو هەمووشی بڵاوکراونەتەوە . بەڵام سەرباری ئەوەى کە من بە گشتی دژی چوونەوە بەغدام ، بەڵام ئەگەر تاکەکەسێک لە ناو یەکێتی نیشتیمانیدا بۆ ئەوە بشێت پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت و شایانی ئەوە بێت لە شوێنەکەى مام جەلال دابنیشێت دکتۆر بەرهەمە ، نەک کەسانێک کە هیچ ئامادەبوونێکیان نەبووە بەڵکو رەنگە ئاگاداری ئازارەکانی کوردیش نەبووبن .
هەروەک دەنگۆیەکی تر هەیە کە گوایە مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەیەوێت قوربانی بدات بە پۆستی سەرۆک کۆمار یان دەستبەرداری بێت لەبەرامبەر زەمانەتی گەڕانەوەى ناوچەکانی کە پێشتر لە ژێر دەستی حکومەتی عێراقیدا بوون و ئێستا لە ژێر سایەی دەسەڵاتی پێشمەرگەدان . بێگومان ئەگەر یەکێتی نیشتیمانی بڕیارێکی وەها بدات ئەوا من خۆم لە پێشەوەى هەموو ئەوانە دەبم بە هەردوو دەست چەپلەى بۆ لێدەدەم و دەستخۆشی لێدەکەم کە پێموایە بڕیاری لەوجۆرەش چاوەڕوانکراوە لەسەرکردایەتی یەکێتی بە مەرجێک بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی ئێستایان پشت گوێ بخەن و بیر لەوە بکەنەوە کە ئەوان هەر لە سەرەتاوە بۆچی خەباتیان کردووەو ئەو هەموو شەهیدەیان لە پێناوی چیدا بەخشیووە ئەگەر سەربەخۆیی کوردستان و درووستکردنی دەوڵەتی کوردی نییە . بۆیە هیوادارم یەکێتی ئەم بڕیارەیان بدات کە دڵنیام هەر بڕیارێکی لەم جۆرە گیانێکی نوێ دەکاتەوە بەبەری ئەم حیزبەدا.

 

 

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies