gaza_2008

دکتۆر کەمال میراودلی : پرسەکانی دەوڵەت و دەوڵەتی کوردیی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

* نەگبەتی غەززە ئەوەیە شوین نییە بۆی هەڵبێن ، شوێن نییە خۆی لێ بشارنەوە ، هەردەبێ بۆ مردن بژین .

*  میسر لە قۆندەرەیەک زیاتر نییە لە پێی سعودیە دا. سعودیەش لە قۆندەرەیەک زیاتر نییە لە پێی ئەمریکادا.

بەشی دووەم /

دەوڵەتۆکەی غەززەو جینۆسایدی بەردەوامی ئیسرائێل

ئەمڕۆ ویستم شتیک لە سەر غەززە بنووسم ، مادام باسەکەم لە سەر دەوڵەتە ، دەوڵەتۆکەی غەززەش وەک نموونیەکی تری پەیوەندی نیوان دەولەت و دەسەڵات باس دەکەم .
غەززە پێی دەوترێ پارچە غەززە ، یان پارچۆکە غەززە ، ناوچەیەکی فەلەستینییە لە کەناری رۆژهەڵاتی دەریای نێوەند. لە خوارووی رۆژاوا وە سنوورێکی بە درێژاییی ١١ کیلۆمەتر بە میسرەوە بەستراوە ، لە باکووریشەوە سنوورێکی ٥١ کیلۆمەتری لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە. رووبەری هەموو ناوچەکە تەنیا ٣٦٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیەو وینەکەی لە سەر نەخشەی گۆگلدا لە پۆستالێكی پێی سەربازێکی ئیسرائیلی زیاتر دەرناکەوێت ..
بەلام لەو تەنگخانەدا نزیکەی دوو ملیۆن خەلک دەژین ، وردتر بڵیین ملیۆنێک و ٩٠٠ هەزار کەس .
لە دوای جەنگی یەکەمی عەرەب و ئیسرائیلی ١٩٤٨ ، غەززە کەوتە ژێر دەسەلاتی میسر ، دوای شەری دووەمی ١٩٦٧ داگیرکراو کەوتە ژیر دەسەلاتی ئیسرائیل ، لە ٢٠٠٥ ئیسرائیل لەو ناوچە کشایەوە.
غەززە بەروارد دەکڕێت بەشارە قەڵەباڵغەکانی دنیا لەچری خڕبوونەوەی خەلكێکی زۆر لە مەسافەیەکی جوگرافی تەسک و تەنگ . دوای ئەوەی ئیسرائیل پاش هەڵبژاردنی دیمۆکراتیانەی حەماس لەلایەن خەڵکەکەیەوە لە ساڵی ٢٠٠٦ دا ، ئابڵووقەی ئابووریی خستە سەر ، غەزە هەمیشە زیاتر لە زیندانێکی بەپاسەوانی بکوژ گەمارۆدراو دەچێت ، لەوەی ولات و شار و جێگەی ژیان بێت .
جوگرافیاکەی غەززە بۆتە نەگبەتیی بۆی . وەک جوگرافیا ، بەشیکی جیایە لە بەشەکەی تری فەلەستین کە پێی دەوترێ کەناری رۆژاوا ، کە فەتح حوکمی دەکات.
تەنیا رێگەی زەمینی بۆ دنیا دەرەوە بەندەری رەفایە ، کە لەژیر دەسەلاتی ئیسرائیل دایەو بە میسرەوە بەندەو میسر ئەو دەروازەی داخستووە. ئیسرائیلیش ئابلووقەیەکی خنكێنەری خستۆتە سەر .

http://www.vox.com/2014/7/16/5904691/hamas-israel-gaza-11-

بۆ بەرهەڵستی ئەمە خەلکەکە ناچاربوون دنیایەکی ژێر زەمینیان لە تونێل دروستکردەوە تا لە وێوە دوور لە چاوی زیندەوانە ئیسرائیلییەکان بتوانن خواردن و دەرمان و پێداویستیی ژیان بێنن. بێگومان دەیانەوێت ئەو تونێلانەش بۆهێنانی چەک بۆ دیفاع لەخۆیان لەدژی هیرشێ جینۆسایدانەی دڕندانەی ئیسرائیل بەکاربێنن .
حکومەتی حەماس پارەی نییە مووچەی نزیکەی ١٠٠ هەزار فەرمانبەر بدات . ئەمە وای لێکرد لەگەڵ فەتح رێک بکەوێت حکومەتی یەکێتی نیشتمانیی دروست بکەن . هێڕشەکەی ئیسرائێل بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم هەوڵەو لەناو بردنی حەماس و راستی خەڵکی غەزەیە .
راستییەکەی ئەوەیە لەوەتی لە ١٩٤٨ ەوە ئیسرائێل دروست بووە ، جەنگ و کوشتارو ئاوارەیی و دەربەدەری و لەسەر خاکهەڵکەندن و دروستکردنی جێنشینگەی سەهیۆنی و بەربەرەکانی و گرتن و زیندان و تێرۆریستی هەر دوولا ، هەرگیز نەوەستاوە . ئەم مـێژووە بەردەوامە خۆی نەرەتیڤێکی پر رق و کینەو ناکۆکی و هەستی تۆلەی دروستکردووە ، کە نەوە دوای نەوە ، دەبنە هەڵگرو بەردەوامکەرو قوربانی ئەو حیکایەتە خوێناوی و رقاویی و سامناکە .

زۆر لە خەلکی غەززە لە ئاوارەکانی سالێ ١٩٤٨ و ١٩٦٧ ن .

یەکەمجار لە سالی ١٩٤٧ دا نەتەوەیەکگرتۆکان نەخشەی دابەشکردنی فەلەستین / ئیسرائیلی بۆ دوو ولات دانا: دەولەتێکی سەربەخۆ بو جوولەکەکان بەناوی ئیسرائیل ، یەک بۆ عەرەبەکان بەناوی فەلەستین ، ئۆرشەلیم/ قودس یش ، کە بۆ هەر سێ دینەکە پیرۆزە ، ببێتە ناوچەیەکی ئینتەرناسیۆنالی بێلایەن ، وڵاتە عەرەبییەکان قبوڵیان نەکرد و شەریان کرد و خراپ دۆڕان.
لە ئەنجامدا جوولەکەکان زۆر زیاتر لەو زەوییەشیان داگیرکرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆی دانابوون ، لەوانە بەشی رۆژاوای قودسیش ، بەدەیان هەزار عەرەب ئاوارەبوون . جوولەکەکان هەموو دانیشتوانی عەرەبیان لە رەگوریشەهەڵکەندن و دەریانکردن ، ئەوانەی دەرکران ٧٠٠،٠٠٠ کەس بوون ، زۆربەیان هەڵاتن بۆ غەززەو ضیفەی غەربی و زۆریش لە خێوەتگای پەنابەران لە ئوردن و لوبنان مانەوە ، کە ئێستا نفوسی نەوەکانیان گەیشۆتە حەوت ملیۆن.
لەمەوە خەتەرناکی رەگوڕیشەکانی کێشەکە دەردەکەوێت ، کە دیارە دوای شەری ١٩٦٧ زۆر خراپتریش بوو.. ئێستا عەرەبەکان بەسنووری پێش ١٩٦٧ رازین کە خەریتەی ئیسرائیلی [ شەرعی] وەک ئیعتیرافپێکراو لە لایەن نەتەوە یەکگرتۆکان و ولاتانی دنیا پێکدێنێت . بەلام ئیسرائیل ئامادە نییە لە زۆر لەو ناوچانەش بکشێتەوە کە لە شەری ١٩٦٧ دا داگیری کردوون . قودسیشی کردە پێتەختی خۆی و وردە وردە لە رێگای دروستکردنی دەیان موسطەوطەنەی نوێ تەنگی بە فەلەستینییەکانی ناو ئیسرائێل هەڵچنیوەو وەک هاولاتی پلە دوو کەمتریش مامەڵە دەکرێن . ئیسرائیل ٥٠٠،٠٠٠ جوولەکەی لە هەموو لایەکی ‌هێناوە باشترین و مۆدێرنترین خانووی بۆ دروستکردوون و کردوونیە خاوەنی خاکی فەلەستینییەکان ، ئەمانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی بەلاشییان هێزیکی ئەمنی رەگەزپەرستی پێکدێنن کە داوای ئیبادەکردنی تەواوی عەرەبەکان دەکەن.
بەلام لە هەمووی خراپتر بەختی غەززەی بەدبەختە : کە هەر دوو سێ ساڵ جارێک ئیسرائیل شاڵاوێکی جێنۆسایدانەی دەکاتە سەر.
لەو ناوچە جوگرافییە تەسکەدا ، برسیی ، هەژار ، بێکار ، بێ پەنا ، ئیسرائێل بەهەموو هێزێکی مەزنی کوشندەی خۆیەوە ، بە تازەترین چەک و تەکنۆلۆجی قڕانکارو وێرانکار ، لە ئاسمان و زەوی و دەریاوە لەو پارچە بێکەسە دەدات .
نەگبەتی غەززە ئەوەیە شوین نییە بۆی هەڵبێن ، شوێن نییە خۆی لێ بشارنەوە ، هەردەبێ بۆ مردن بژین ، ئەوەتا ئیسرائیل هیرشی زەمینی بۆ خاپوورکردنی دنیا ژێرزەمینییەکەشیان دەکات .
ئیسرائێل هەرچی حەماس بێت : ئەندام ، سەرکردە ، ‌هێزی پۆلێس ، بەرپرسی ئیداریی بە ئامانجی مەشروعی دەزانێت .
بەڵام حەماس لە لایەن فەلەستینییەکان بە دیمۆکراتی هەڵبژێردراون تا حوکم بکەن و ئیدارە دامەزڕێنن و ولاتەکەیان بەرێوەبەرن .
بە چ هەقێک کوشتنی هەموو حەماسێک ئامانجیکی رەوای ئیسرائیلەو ئەمریکا و ئەوروپا قبوڵی دەکات ؟
ولاتە عەرەبەکان ، ئەوانەی ماون ، وەک گەوادی ئیسرائیل هەڵوێست دەنوێنن .
ولاتە ئیسلامییەکان ، وەک گەوادی ئەمریکا ، هەڵوێست دەنوێنن .
میسر کە گەورەترین و بەدەسەلاتترن ولات بوو ، ئێستا لە هەڵوێستی بەرامبەر غەززەو داخستنی دەروازەکان بەروویدا ، ئاشکرا دەردەکەوێت لە قۆندەرەیەک زیاتر نییە لە پێی سعودیە دا.
سعودیەش لە قۆندەرەیەک زیاتر نییە لە پێی ئەمریکادا.
ئەمریکاش ، هەر نەبێ سەرۆکەکانی وەک ئۆبامای ئێستا ، لە قۆندەرەیەک زیاتر نییە لە پێی جوولەکەدا.
ئەمە ئەو سسیتمە جیهانییە کە تێیدا دەولەتەکان هەن .
کە دەسەلات تەبیعەتی دەوڵەتەکان دیاری دەکا .
دەسەلاتەکەش دیارە هی چییە ، كێیە ، چۆنە ..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت