Berhem_-Fwad

بەختیار شارەزورى : پۆستى سەرۆک کۆمارو ئاراستەى تورکیا و ئێران .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە نێوان دوو جەمسەردا بەریەککەوتنەکان بەردەوامن ، یارییەکان بەردەوامن ، تاکتیک و سیناریۆکان بەردەوامن ، خۆ ئەگەر پۆستى سەرۆک کۆمار بۆ کورد بێت و لە ناو کوردیشدا بۆ یەکێتى بێت ، ئەوا دوو جەمسەر لە ناو پانتایى یەکێتیدا بەردەوامن لەسەر یارییەکانیان ، ئەگەر پێشتر هەموو یەکێتى لەسەر جەمسەرى ئێرانى کارى کردبێت ، ئەوا ئێستا ئەم یەکێتیە بووە بە دوو ئاراستەوە بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆمار ، بە دیوێکى تردا ئەگەر دابەشکردنى پۆستەکانى ناو عێراق بە (توافق) سازان بێت ، ئەوا دەبوو لە کاتى دەنگداندا لە پەرلەمانى عێراق ، هەموو کوتلەکان ڕێک بکەوتنایە و دەنگیان بدایە بە کاندیدەکەى یەکێتى بە پێ ى ئەو سازانە ، چونکە پۆستەکانى تریش بە ڕێککەوتنى وڵاتانى ناوچە دابەش کراوە بەسەر تورکیا و ئێراندا و سازانێکیش هەیە لە نیۆان ئەو وڵاتەدا ، بەڵام کاندیدکردنى 126 کەس بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار ئەو ئاماژەیە دەردەخات کە (بنەماى سازان _ The principle of consensus- مبدڕ التوافق ) بەرەو کۆتا بوون دەچێت و کەوتوەتە سەر دەنگدان ، تا بە دەنگى دوو لەسەر سێ ى دەنگەکان سەرۆک کۆمارێک هەڵبژێرێت ، خۆ ئەگەر کوتلەکانى ناو پەرلەمانى عێراق ڕێککەوتبێتن بە (کارت بە کارت ) دەنگ بدەن بە کاندیدى کوتلەیەک ، ئەوا بە پێ ى پێکهاتنى خولەکانى پێشوو بەر کوتلەى کوردى دەکەوێت و لەم نێوەندەشدا بەر یەکێتى دەکەوێت ، ئیتر ئەوەى دەمێنێتەوە یەکێتییە بڕیار بدات .
یەکێتى کە تواناى یەک بڕیارى نیە ، ناتوانێت تەنها کاندیدێک پێشکەش بکات ، دەکاتە ئەوەى ناخۆى یەکێتیش دابەش بووە بەسەر تورکیا و ئێراندا ( د.بەرهەم ساڵح بەرەى تورکى و فواد معسوم بەرەى ئێرانى ) لە پشت هەر کاندیدێکیانەوە کۆمەڵێک کوتلە هەیە ، ( دکتۆر بەرهەم .. زۆرینەى مەکتەب سیاسى و گۆڕان و پارتى و سونەکان – فواد معسوم کەمینەى مەکتەب سیاسى و کوتلەى شیعەکان ) کە ئەمە دەکاتە پەرت بوونى یەکێتى بەسەر دوو ئاراستە و ئاراستەى سێیەمیش دکتۆر نەجمەدینە ، هەر چەندە حیزبە کوردییەکان داوایان لە یەکێتى کرد کە یەک کاندیدیان هەبێت بۆ ئەوەى بە هەموو فراکسۆنە کوردیەکان هەوڵى بۆ بدەن و دەنگى پێویستى بۆ کۆبکەنەوە ، ئەم داواکاریە گەیشتە فشارێکى قورس ، بەڵام پەرت بوونى یەکێتى لەو داواکارى و فشارانە گەورە تر بوو .
ئەمە مابویەوە سەر ئەوەى لە نێوان ( باڵى هێرۆخان و دکتۆر بەرهەمدا ) کامیان گرەوەکە ببەنەوە ، تا وەک نوێنەرى یەکێتى کاندیدێک دیارى بکەن ، لەبەر ئەوەى نەگەیشتنە ڕێکەوتنێک تۆپى کاندیدەکەیان هەڵداوەتە گۆڕەپانى فراکسۆنە کوردییەکانەوە ، تا یەکێکیان دیارى بکرێت ، خۆ ئەگەر یەکێتى خۆى ئەم کارە نەکات ئەوا فراکسۆنە کوردیەکان زۆرینەى دەنگ بە دکتۆر بەرهەم دەدەن ، بەڵام لەم نێوەندەدا ئێران ناهێڵێت و ئەیەوێ کوتلەى هێرۆخان کە کاندیدەکەى د.فوادە سەربکەوێت ، ئەمەش ماوەتەوە بۆ کۆتاى یارییەکە .
هەرچەند مام جەلال لە ناوەندى عێاقیدا وەک سەۆک کۆمار توانیبوى مانا ببەخشێتە ئەو کورسەیە و لە ناوەندى یەکێتیشدا ئەگەر تەندروستى باش بوایە ، ئەوا دەیتوانى کاندیدێکیان یەکلا بکردایەتەوە ، بەڵام بە هۆى بارى تەندروستى مام جەلالەوە ئەمە نەکرا ، وا ئێستا ئەم کاندیدەى یەکێتى خراوەتە باوەش فراکسۆنە کوردییەکانەوە ، ئەمەش بەو واتایە دێت کە ناو یەکێتى پەرت بووە بە سەر دوو ئاراستەدا ، لەم نێوەندەدا ئێران زەرەر دەکات بەوەى ئەو یەکێتیەى سەردەمى مام جەلال کۆتاى هاتوە و یەکێتى دواى مام جەلال بەشێکى دەجێتە سەر تورکیا ، ئەمە بەدەر لە د.نجمەدین کە بۆ خۆى لە دەرەوەى بازنەى یەکێتى و مەکتەب سیاسى یەکێتى دەیەوێت خۆى کاندید بکات .
ئەوەى دەمێنێتەوە هەر لایەکیان کاردەکەن بۆ کۆکردنەوەى دەنگ ، تا بتوانن پۆستى سەرۆک کۆمار مسۆگەر بکەن ، ئەمەش لەسەر ئاستى گشتى دەگەڕێتەوە بۆ ئەو داواکارییەى حیزبە کوردستانیەکان و بە زەرەرى کورد بە گشتى تەواو دەبێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت