Arabi-Awarae-kampi-Xzr

ئاکۆ برایم : هاتنى ئاوارەى عەرەب و ئاکامە نەخوازراوەکانى .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شاڵاوى هاتنى بەلێشاوى عەرەب تابێت روو لەزیادبوون دەکات ، بەبێ ئەوەى لایەنى بەرپرس و حکومەت هیچ رێو شوێنى گونجاو بگرێتە بەر ، و بیر لەئایندە و ئاکامى سەلبى ئەو کارە بکاتەوە .
ناڵێم رێگرى بکرێت لەهاتنى عەرەب و سۆز وبەزیمان بۆیان نەبێت ، نەخێر من پێم باشە ئەوەى دەتوانرێت بۆیان دەکرێت ، لەسەرجەم بوارەکاندا درێغى نەکرێت و ، بەزیادەوە سەرجەم خزمەتگوزاریى و پێداویستیە ژیانى و تەندروستى یەکانیان بۆ فەراهەم بکرێت ، بەڵام بە شێوەیەک بەرنامە رێژى بۆبکرێت کە کاریگەرى نەبێت لەسەر ئێمەو تێکچوونى لایەنەکانى ژیان.
وەک دەزانین تا بێت ژمارەى ئەو ئاوارانە زیاد دەکات و ، گەر رەوشەکەش بەردەوام بێت ،ئەوا ژمارەیان زیاتر هەڵدەکشێت ، بۆیە وا باشترە حکومەت و لایەنى بەرپرس بیر لە دروستکردنى کامپ و شوێنى تایبەت بکەنەوە ، هاوشێوەى وڵاتانى ئەوروپا لەو جێگایانە نیشتەجێیان بکەن .
بمانەوێت یان نا ئەو ئاوارە بوونە کاریگەرى سلبى کردۆتە سەر رەوتى ژیان و داب و نەریتمان، گەر کار وابڕوات ئەوهاتنە درێژە بکێشێت ، ئەوا بۆخۆشمان دووچارى کۆمەڵێک گرفت ونەهامەتى دەبینەوە ، لەسەرو هەمویانە و تێکچوونى بارى ئابورى وگرانى و دروستکردنى قەیران وهەڵاوسان ، بەهۆى زۆرى ژمارەى ئەو ئاوارانەخواست لەسەر سەرجەم خواردەمەنى و کاڵاکان زیادیکردوە ، ئەمەش بۆ ئێستاى ئێمە، بۆ ئەم بێ موچەى و بازاڕگرانى یە ، بۆتە بارێکى قورس و سەخترکردنى ژیانمان ، هەروەها بەرزبوونەوەى نرخى کرێى خانوو بەشێوەیەکى سەرسوڕهێنەر ، هێندەى دیکە قوڕى کردوە بەسەر کرێچیدا و بەهۆیەوەکۆمەڵێک کێشەو گرفت لەنێوان خاوەن خانوو کرێچیدا رویداوە ، کرێچى مووچە خۆرە و چاو لەدەستى حکومەتە ، خاوەن خانووش تەماعکارە و گوێ ناداتە دواکەوتنى موچە و دەربەست نایەت و ، بۆ ئەوەش تەنگ بە کرێچیەکەى هەڵدەچنێت کە یان لەکاتى خۆى کرێکەى پێبدات یان خانوى بۆچۆڵکات ، تا لەبەرامبەردا بە چەند قات بیداتەوە بەکرێ و خێزانێکى عەرەب بخاتە ناوى .
لایەنێکى خرابترى ئەو لێشاوە ، بەعەرەب کردنى سەرجەم بەها وکولتور ناسنامەمانە ، مرۆڤ کاتێک دەچێتە گەڕەکى راپەرین یان سەرچنار ، وا هەست دەکات لە شارع جمهورى و مەدینە سەورەیە ، تاک وتەرا کورد ئەبینێت ، هەروەها تابلۆى سەردوکانەکان و قسە و ئاخاوتنى شاگرد و خاوەن مارکێت و خواردەمەنیەکان ، هێندەى دیکە نیگەرانیمان پێدەبەخشێت ، کار وابڕوات ئەبێت یەکى سەرو قاموسێکى کوردى عەرەبى لەگیرفانمان دابێت.، لەوانەش ناخۆشتر ، ئەو جل بەرگ وستایل وهەڵسوکەوت رەفتار و یاساشکێنیەیانە کە بەحسابى لاى خۆیان لێدەخوڕن ، هاتنە ناوبازاڕ بەدیشداشە و تراکسوت و جلى ماڵ و ، خواردن و خواردنەوە و دانیشتن لەسەر شەقام وکۆڵانەکان و ، پیسکردنى ژینگەو دەوروبەر ، هات هاوار و قاو وقیژ و پشێوى ناو بازاڕ و پارکەکان ، لەسیما ناشیرینەکانى ئەو پێڕەن . لەگەل چەندەها سەرپێچى هاتوچۆ ، کە رۆژانە چەندبارە دەبنەوە . بەدوورى مەزانە ئەو رەفتار وئەتوارە دزێوانە ببێتە میراتى بۆمان .
واباشترە تا کار لەکار نەترازاوە ، تا ژمارەى ئەوانە بۆ دوو هێندە بەرز نەبۆتەوە و ، تا دەرەفەت ماوە حکومەت رێو شوێنى پێویست بگرێتە بەر ، سەرەتا وەک باسمکرد بە دروستکردنى کەمپ و شوێنى نیشتەجێبوون جێگیرکردینان لەو شوێنانە تاکە چارەو رێگرییە ، کە ئەوە شتێکى سروشتیە و سەرجەم وڵاتانى جیهان بۆ حاڵەتى ئاوارەبوون و پەناهێندەیى پەیڕەوى دەکەن . بەدەر لەوەش با رێگە نەدرێت ئەوانە هیچ موڵک وماڵ و دوکان و کارگەو شتێک بکڕن و بیکەنە ناوى خۆیان ، بۆ ئەوەش ئەزمونى ئیسرائیل سەرکەوترین کارە گەر چاو لەوان بکەین کارێکى باش دەکەین ( ئەوان رێگە بەهەموو عەرەبێک دەدەن لەناو خاکى ئیسرائیلدا نیشتەجێ بیت و ، تەواوى ماف و ئیمتیازیشى پێدەدەن ، لەکار و خوێندن وسەربەستى و ژیان ، بەڵام رێگە نادەن یەک بستە زەوى ، یان بچوکترین خانویان موڵک بکڕن و بیکەنە ناویان ) کە ئەمەش کارێکى زۆر باشە ، پاشەڕۆژ ودەرئەنجامەکەى دەرئەکەوێت . خاڵێکى دیکەش کە پێم سەیرە چۆن تائێستا حسابى بۆنەکراوە ، ئەویش هاتنى ئەو ئاوارانەیە ، بەشێکى زۆریان کەهاتوون تەنها ژن و مناڵن ، واتە پیاو یان کوڕى گەنجیان لەگەڵدا نى یە ، ئەمەش گومان ئەخاتەوە کە پیاو گەنجەکانیان نەیار بن و لەنێو ریزەکانى داعشدا بن ، ئەگینا ماقول نى یە چەندین خێزان هەیە بەو شێوەیەن ، یان گرنتى چى یە بۆ ئەوەى کە پیاو یان گەنجەکانیان کەدێنە هەرێم سەربەداعش و دوژمنانى کورد نین ؟! ، وەک شانەى خەوتو نابن و سبەینێ نابنە بەڵا بۆمان ؟ بۆ ئەوەش من پێشناز دەکەم کە وەرگرتنى ئەو کەسانە و پێدانى مافى پەنا هەندەیى و داڵدەدانیان ، تەنها و تەنها لەناو کامپ و ئۆردوگا دا بێت ، ئەویش لەرێگەى فۆڕمى خۆراکەوە رێگەیان پێبدرێت ، هەرخێزانێک کە دێت بەمدیودا داواى فۆرمى خۆراکى لێبکرێت و ، لەسەر ناوە تۆمارکراوەکانى ناو فۆرمەکە مامەڵەى لەگەڵدابکرێت ، ئەو دەمە دەزانرێت کە خێزانەکە چەند کەسن و ، چەندیان ئامادە و چەندیان ونن ، ئەوەش بۆخۆى دەبێتە بەڵگەو کار ئاسانى بۆ لایەنى بەرپرس و لیژنەى ئەمنى تا بەسانایى کۆنترۆڵیان بکەن .
ئەمجارەش دەیڵێمەوە و جەختى لەسەر دەکەمەوە ، کە من نە رەگەز پەرستم و نەدژایەتى بەهاناوە چوونى مرۆڤەکان داڵدەدانیان دەکەم ، بەڵکو ئەوەى دەمەوێت ومەبەستمە گرتنە بەرى رێوشوێنى گونجاوە ، بۆ پاراستنى سەرو ماڵو کولتور و دابو نەریت و زمان و فەرهەنگمان . پێشم خۆشەو دەستخۆشى لەهەموو خێرخواز ومرۆڤ دۆستێک بکەم کە ئەگەر بە دەنکە خورمایەکیش هاوکارى ئەو ئاوارانە بکات . کارێکى بەجێ و پیرۆزى کردوە ، بەڵام تێکەڵ بوونى ئەو خێزانانە لەگەڕەک وکۆڵان وناوبازار لەگەڵماندا ئاکامەکەى باش نابێت ، نامەوێت برینەکان بێنمەوە سوێ ، بەڵام هێندە دەڵێم ئێمە لەسەر دەستى عەرەب زۆر تاڵى و ناخۆشى و دەردی سەریمان چێشتوە ، تەعریب و تەبعیس و تەهجیر دەستە دیارى دەیان ساڵەى ئەو بەناو برا عەرەبانەن ، هەمیشە ئێمە قوربانى و ئەوان جەلاد ، ئێمەمەزڵوم و ئەوان زاڵم ، ئێمە خاوەن ماف و ئەوان ماف خۆر . ئێمە خاوەن زەوى ئەوان داگیرکەر ، بۆیە با لێرەدا رایگرین و، لەسنورێکى دیاریکراودا بێت .

بەسوپاسە وێنەکە لەسایتی ئاوێنە وەرگیراوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت