بەختیار شارەزورى : ئێران و ئەمریکا و دۆسیەى عێراق .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر جەمسەرى ئەمریکى کەوتبێتە ناو تۆڕى سیناریۆکانى ئێرانەوە ، بەوەى پشتگیرى کوتلەى شیعە و مالیکى کرد لە ڕابردودا ، بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا ، بۆ دەسەڵاتەکانى ناو عێراق ، ئەوا ئێران توانى هاوسەنگى ئەو ڕیککەوتنە تێک بدات و هەژمونى شیعە زاڵ بکات بەسەر کۆى عێراقدا ، چونکە پێشتر ڕێککەوتبون لەسەر ئەوەى عێراق و دەسەڵاتەکانى دابەشبکرێت لە نێوان کوتلەکانى شیعە و کورد و سونەدا و ڕاى جەمسەرەکانى لەسەر بێت و کۆ ڕەزامەندیەک هەبێت لەسەر ئەم دابەشکارییە ، بە سازان ( توافق ) ، بەڵام ئێران هەر زوو ئەم هاوسەنگیەى تێک دا ، کاتێک وەک کارتێک بەرامبەر سوریا بەکارى هێنا ، بەوەى کە ئەگەر جەمسەرى تورکى ئەمریکى پشتیوانى داعش بکەن بۆ ڕوخاندنى بەشار ئەسەد بیانەوێ پەیەدە دەربکەن ، ئەوا لە عێراقدا لە ڕێ ى کارتى مالیکیەوە سونەکان کە درێژکراوەى تورکى ئەمریکن وەدەر دەنێت ، ئەمەش بۆ ئەوە بوو کە کارتى عێراق لە بەرامبەر کارتى سوریا بەکار بهێنێت .
هەر چەندە ئەمریکا بۆ ڕاگرتنى هاوسەنگى گوشارى زۆرى نەخستە سەر بەشار ئەسەد لەبەر ئێران و ڕوسیا ، بەڵام لەبەرامبەردا ئێران کارتێکى سورى بەکار هێنا بۆ کردنە دەرەوەى سونەکان ، ئەمەش بۆ ئەمریکا مایەى قبوڵ نەبوو ، بە تایبەت کە دەیویست عێراقێکى نوێى کۆنفیدراڵى دروست بکات ، جیاواز لە عێراقى کۆن ، بۆیە کارتە بەهێزەکانى بەکار هێنا ، داعش و کۆنە بەعسییەکان و بەعسیە فەرماندەییەکانى ناو سوپاى بەکار هێناو ، توانى کارتى ئێرانى بسوتێنێ و نامەیەک بدات بە ئێران ، کە دەبێت هاوسەنگى بپارێزرێت و ئێران ڕازى بێت بە پڕۆژەکەى ئەمریکاو تورکیا ، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ڕێگەى ئەم کارتەوە توانى پیداویستیەکانى تورکیا و ئەورپا بە غاز و نەوت پڕ بکاتەوە و کارتى غازى ڕوسى بسوتێنێ ، وە توانى ماددەى 140 بۆ کورد جێبەجێ بکات .
هەر لە ڕێ ى ئەم کارتەوە توانى زەمینە بڕەخسێنى بۆ تورکیاى نوێ ، تا بتوانێت ببێتە ناوەندێک بۆ ئەوروپاى نوێ ، هەر لە ڕێ ى ئەم کارتەوە توانى کار لەسەر پەکەکە بکات و بیەوێت بەشدار بێت لە پڕۆسەى سیاسى تورکیاى نوێدا ، وە توانى داهاتى کورد لە ناوەندى عێراقى و ژێردەستى مالیکى دەربهێنێت و خۆى و تورکیا و ئەوروپا سەرپەرشتى بکەن و داهاتەکەى وەک ئەوەى لە دەستوردا هاتوە دابەش بکرێت هەتا بەشى کوردستان نەبێتە کارتێکى سیاسى بە دەست مالیکى و شیعەکانەوە ، هەر لە ڕێ ى ئەم کارتەوە توانى سونەکان جارێکى تر بگەڕێنێتەوە بۆ ناو پڕۆسەى سیاسى ، وە توانى پشتێنەیەکى سونە مەزهەبى توندڕە و بە دەورى ئێراندا دروست بکات ، هەر لە ڕێ ى ئەم کارتەوە توانى ئێران ناچار بکات بەوەى لە هاوکێشەى نێوان وڵاتانى ناوچە و جیهان تێبگات ، بۆیە ئێران ویستى لە بەرامبەر کارتى تازەى ئەمریکا لە عێراقدا ، کارتى حەماس و فەلەستین و جولەکە بەکاربهێنێت ، بەڵام لە کۆتاى یارییەکەدا ئێران ڕازى بوو بەوەى کە لەگەڵ ئەمریکا لەسەر دۆسیەى عێراق ڕێکبکەون و عێراقى نوێ دروست ببێت بە پێ ى تەوافق و کۆنفیدراڵى ، هەوڵ بدرێت کارتەکانى وەک حەماس و حیزب و اللە و پەیەدە و پەکەکە بوەستێ و کارتەکانى تورکیا و ئەمریکاش بوەسێنرێت .
ئێستە ئێران و ئەمریکا دەیانەوێت لەسەر دۆسیەى عێراق ڕێکبکەون ، ئەوەتا سەرۆکى عێراق دانرا ، کە بەشى ئێرانە و سەرۆکى هەرێم ماوەکەى بۆ درێژکراوەتەوە و درێژتریش دەبێت کە بەشى تورکیایە ، سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران بۆ ئێران و سەرۆکى پەرلەمان بۆ تورکیا هەم لە عێراق و هەم لە هەرێم ، داهاتى هەرێمەکانیش ئەوروپا سەرپەرشتى دەکات تا جارێکى تر نەبێتە کارتى سیاسى بە دەست هیچ کوتلەیەکى براوەى سیاسییەوە ، بە تایبەت بەشى بودجەى هەرێمى کوردستان ، ئیتر هەموو کوتلەکان لەم یاریانەدا کارتەکانیان بەکار هێنا ، لەم نێوەندەدا کورد توانى یارییەکى باش بکات ، کە کارتى دەوڵەتى سەربەخۆى وەک کارتى گوشار بکار دەهێنا و توانى کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان بگەڕێنێتەوە سەر کوردستان و نەوت و غازى هەرێم لە چوارچێوەى پێداویستیەکانى تورکیا و ئەوروپادا بە پێ ى دەستور ڕەوانەى جیهان بکات ، بە مانایەکى تر تورکیا نۆى و هەرێمى کوردستان تەواوکەرى یەکترن ، چونکە تورکیا زۆر پێویستى بە نەوت و غازى هەرێمى کوردستان هەیە ، هەرێمى کوردستانیش وەک تاکە دەروازە پێویستى بە تورکیا هەیە .
کەواتە یارییەکە وەک گێمى یەکەمى ، کۆتاى هاتوە و عێراق سەر لە نوێ دروست دەکرێتەوە بە توافق و بەشدارى هێزەکانى ناو عێراق و بە ڕەزامەندى و بەشکارى وڵاتانى ناوچە و جیهان ( تورکیا ، ئیسرائیل ، ئەوروپا ، سعودیە ، قەتر و بەحرەین ، ئیسرائیل ، ئەمریکا ..لە بەرامبەردا… ڕوسیا ، ئێران ، مالیکى ، بەشار ئەسەد ) واتا کاتێ ئێران ڕازى دەبێت لەسەر پڕۆژەکەى ئەمریکا ئەوا ئەو هاوکێشەیە دێتە گۆڕێ ( کە نە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى دەتوانن عێراقێکى هێمن دروست بکەن ، نە ئێران ) دەبێت هەردوو لایان لەسەر پڕۆژەیەک ڕێکبەکەون ، ئەوە ئێستا بەرە و ئاراستەى ڕێککەوتن دەڕۆن و عێراق بەرەو قۆناغى دووەم دەڕوات کە قۆناغى کونفیدڕاڵیە .
هەر لەم ڕوانگەیەشەوە دەبێت پارێزگاکانى هەرێم بە هەولێر و دهۆکیشەوە ، ئەم هاوسەنگیە بپارێزن ، ئەو کات دەتوانرێت عێراقى بێ کێشە دروست ببێت ، ئەم عێراقى نوێیە لەبەر ئەگەرى سیناریۆى تردایە ، لە گێمى دووەمى یارییەکەدا ، ئەم پرسیارانە دێنە گۆڕێ :
1. ئەگەر شیعەکان ئامادە نەبون مالیکى لا ببەن و کاندیدى تریان هەبێت ، ئاراستەى یارییەکە بەرە و کۆى دەڕوات .؟؟
2. ئەگەر داعش ڕازى نەبوو بگەڕێتەوە بۆ سوریا و عێراقى نوێ نەیتوانى داعش دەربکات و داعش وەک کارتى ئیسرائیل تورکیا ئەمریکا بە گوێ ى ئەم جەمسەرەى نەکرد ، ئاراستەى یارییەکە بەرە و کۆى دەڕوات ..؟
3. ئەگەر داعش و پەیەدە وەک دریژکراوەى دوو جەمسەر ڕێکنەکەوتن چى دەبێت ؟
4. ئەگەر ئیسرائیل و حەماس ئاگر بەستەکەیان درێژنەکردەوە چى دەبێت و کاریگەرى نابێت بۆ سەر کارتەکانى ناو عێراق و سوریا ..؟
5. ئەگەر پرۆسەى ئاشتى تورکى نەگەیشتە ئەنجام ئەو کات کارتەکانى تر ناکەونە جوڵە ..؟
6. ئەگەر عێراقى نوێ ڕازى نەبوو بە فرۆشتنى نەوتى هەرێم .. پەیوەندیەکانى نێوان هەولێر و بەغداد بەرەو کوێ دەڕوات ..؟
هەموو ئەمانە و چەندیدن کارتى بچوکى تر و سیناریۆى بچوکى تر هەن ، پێویستیان بە ڕاگرتنى هاوسەنگى هەیە ، لە ڕووى ئابورى و سیاسى و جیوپۆلەتیکى و جیوسیاسى و جوگرافییەوە ، ئیتر ئەوەى دەوترێت نەوتى هەرێم کیشەى لەسەرە و بەردەوامیش کەشتى تر دەڕوات ، هەموو ئەو هەواڵانە سیناریۆن ، ئەگینا کاتێک نەوت و غازى هەرێم دەچێتە بەندەرى جیهان فرۆشراوە ، بەو نەوتەى کە لە داعشیش وەردەگیرێ ، هەموى لە چواچێوى ئەم یارییانەدا دەکرێت ، کە عێراقى دواى پێکهێنانى حکومەت دەبێتە وەڵام دەرەوەى هەموو ئەم پرسیارانەى کە دەکرێت .
ماوەتەوە بۆ گێمى دووەمى یارییەکە و ئێمەش وەک بینەر سەیرى یارچى و تاکتیکى ناو گۆڕەپانەکە دەکەین .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت