Trsnok

دارا خونچە : ئەمن ترسنۆکم ! .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هیچ گومانی تێدا نییە کە ئەمن کەسەکی ترسنۆکم ؛ ترسنۆکیی بەو واتایە نا کە وە پێی رمل لێدانی سۆفییانەی هزربازان و چەقەچەقکەران گوزارشتی لێ دەکرێ بەڵکە وە پێی ئەو راستییە کردەییانەی کە رۆژانە تاکەکانی کۆمەڵ وە هەردوو چاوی خۆیان دەیبینن و بەرخوردی دەگەڵ دەکەن، واتە ئەو ترسنۆکییە پوختەی وەک بەرەنجام و راستەوخۆ لەو پنتەدا سەرچاوە دەگری کە راستییەکی بابەتییانە یەخەی کەسەک دەگری و هەڵوێستی لێ دەخوازی کەچی کەسەکە لەبەرئەوەی خودپەرستیی وەسەریدا زاڵە و ئامادەگیی تێدا نییە هیچ تشتەک ببەخشی و هۆش و مەژییەکەی هیچ ترووسکاییەکی رۆشنایی تێدا نییە.. ملی خۆی شۆڕ دەکا و لەبەری هەڵدێ.

ئەمن ترسنۆکم.. چونکە ئەو دەمەی دەبووایە ئەمن خۆم بم چووم تەنێ ئەندێشە و ئەفسانەکانم دەقاودەق وەک خۆی لە ”زەردەشت”ی گەورە ئەندێشەباز وەرگرت و دەوروبەرەکەشم تەنێ هزر و هۆشمەندییان لێ وەرگرت، لە سەرەتادا تا خۆیان دامەزراند هەر دەیانگۆت ئەتوو زۆر (ئازا و بوێر و چاونەترس!)ی ئەگەر ئەتوو نەبی گورگ دەمانخوا.. پاشان کە تەرازووی هێز وە لای ئەواندا شکا هێرشیان کردە سەرم.. ئەمنیش بێ هیچ بەرگرییەک ملی خۆم شۆڕ کرد و دەشتەکانم بەرەو چیایەکانی زاگرۆس وەجێهێشت.. ئیدی وە رۆژ دەگەڵ بزنان لەو شاخانە دەلەوەڕاین و شەوانیش لە بن بەردان و ئەشکەفتەکان رۆژمان دەکردەوە.

وێناچی کەس لە من ترسنۆکتر هەبی.. چونکە ئەمن تەنانەت لە چیاش خۆم رانەگرت.. هەر راویان نام هەر راویان نام تا دوا ئەفسانەکانی بیابانیان وە باری حوشتران وەسەر قەندیل خست.. ئیدی هەر خەریکی ئەوە بووم کڕنووش لۆ ئەو گلکۆیانە ببەم کە لە هندوڕیان تەرمی ئەو چەتە شیروەشێنانەیان وەشێردبوو کە پێش ”شەهیدبوون!”یان هەر وە جلکوبەرگی جەنگەوە لێم وە ژۆر دەکەتن و وە سەرنێزەیەک دەرپێیەکەمیان دادەدڕی و لە چەند چرکەیەک – هێندەی ماوەی پێوەدانی دووپشکەک – ژەهری ئارەزووە پەنگخواردییەکانیان دەڕژاندە نێوم.. تا سەرەنجام لە نێوان عەلی و عومەران دابەشی دوویان کردم و وە بێ ئەوەی مۆڵەت لە گێدرێژ وەربگرن ناویان لێنام ”جاش!”.

هێندە وە ترسنۆکیی راهاتبووم تەنانەت هەترەشم لەو زێرووانەش چووبوو کە لەو دوورەوەڕا لە دەڤەرەکانی پشت دەریای سپیی نێوەڕاست و کەنارەکانی رۆژەڵاتی باکووری زەریای ئەتلانتیکەوە روویان لە ناوچەکەم کردبوو! سەرگەردان و سەرلێشوا لەو نێوەدا دەخولامەوە و هەر رۆژە و خۆم وە لایەکدا دەگرت، هەر کە لە دوورڕا شەپقەقەوەسەرە دەرپێ کورتەکانم دەدەیت نەمدەزانی ئەوە وە هۆی بۆنی نەفت سەرمەست بوونە و بەو دەشت و کێوانە وەربوونە بەڵکە وە پێچەوانەوە وەمدەزانی ئەوە لۆ ئەوە هاتینە تا کڵاو و جەمەدانی لە سەری نێرەکانمان بفڕێنن و مێیەکانیشمان ببەنە ”تیاترۆخانە”کان.. لۆیە وەک ئەوەی مێگەلە مەڕەک بم و گورگم دیتبی دەڕەویمەوە و بەرەو چارەنووسەکی نادیار دەمقوچاند، ئیدی کە دیتیان هێشتا هەر کێوییم و ناتوانن کەوییم بکەن هێلەکی راست و چەپیان وەسەرم داهینا و کردمیانە چار لەت و وە تەواویی لە پەلوپۆیان خستم.

داخۆ دەبی ترسنۆکیی لەوە پتر چ بی کاتەک کە وە هەر شێوەیەک هەبوو لە بارودۆخی پشێویی پاش شەڕی جیهانیی دووەم وە سای چەند مەلا و قازییەک دیوەخانەکی دەوڵەتدارییم دامەزراند.. کەچی هەر وە چاو لێ سۆرکردنەوەیەک دیوەخانەکەم وە خاوەن دیوەخانەکەوە رادەستی خودی ئەو شێروخورشیدانە کرد کە چاویان لێ سۆر کردبوومەوە و سوپاسالارەکەشم نارد تا خۆی رادەستی کۆشکی کرملین بکا کە هەر لەوێوە بڕیاردرابوو شێروخورشیدەکان چاوم لێ سۆر بکەنەوە و لەنێوم ببەن!

زۆر عەنتیکەیە.. هیچ ئەزموون و پەندەکیش لە ترسنۆکییەکانم وەرناگرم! هەر پاش ماوەیەکی کەم چووم سوپاسالارە ترسنۆکەکەم زڤڕاند و وەک ئەوەی هیچ رووینەدابی بردم لە کن شێروخورشیدەکان وە چەتەیەکی ملکەچ داممەزراندەوە.. رۆژان هات و رۆژان رۆیی تا سەرەنجام ئەویش بڕنۆیەکەی لە شانی سوپاسالارەکەم کردەوە وە سەرشۆڕیی ئاوارەی سەردابەکانی کۆشکی سپیی کرد! لە گەڕی دووەمیشدا – ئەوەی ناوم لێنابوو ” شۆڕشی نوێ ”! – تا پەنجەیەکم لە دوژمن رادەوەشاند وە دەیان پەنجەم ئاوێتەی پەنجەکانی دوژمن دەبوون و بەرانگژی خۆم دەبوونەوە .. ئەوە بێجگە لەوەی ئەو کەمە پەنجەی راشمدەوەشاندن ناوە ناوە لە نێو خۆیاندا یەکدیان دەقرتاند .. سەرەنجام لە کۆتاییدا وە ”هەڵاتن”ەکی مەزنی ملیۆنیی بەرەو باوەشی (سەفەویی – ئیسلامیی) و (کەمالیی – ئیسلامیی) بەرزترین ژمارەی پێوانەیی ”هەڵاتن”م لەسەر ئاستی تێکڕای جیهان شکاند!

جا لەو کاتەوە تا ئەوڕۆ هەر ترسنۆکییەکانم زۆرتر و زۆرتر دەبنەوە.. دوا ترسنۆکیی ئێستاشم ئەوەیە کە هەرچەندە کۆشکی سپی وە زمانی خۆی دان بەوەدا دەنێ کە ئەمنی داگیر کردییە کەچی ئەمن هێندە ترسنۆک و چاوترسا بوومە رێک وە پێچەوانەوە بەردەوام پێی دەبێژم: ” نا .. نا وەقوربان .. ئەتوو رزگارکەری .. ئەدی ئەوە نییە ئەمنت ئازاد کردییە و دەروازەی رۆژەڵاتی نیشتیمانی عارەبییت لە دیموکراسیی هەڵکێشایە ”!!!

ئیدی ئێستاش کە دەڤەری باشوورم هەمووی لە بن پێی خۆم دایە هەر وە یەک ئاماژەی فرە فرە سادە و ساکاری وی ( کۆشکی سپی ) خۆم پەتک کرد و چووم لەبەر دەرکی بەغدایێ (کۆماری ئیسلامی عەلی) وەرکەتم و پڕ وە گەرووی خۆم وە زمانی قوڕەیشییەکان – ئەوە لە کاتەک پێیان گۆتبووم ئەتوو ئازدای وە زمانی داکت قسان بکەی – بەو شێوەیە سوندم بەو خودایە خوارد کە لە راستییدا هەر باوەڕیشم پێی نییە: ”سوند دەخۆم کە ئەمن هەرگیز یەکێتیی و یەکڕیزیی و سەروەریی ئەو نیشتیمان و دەوڵەتە ئیسلامییەی توو دەپارێزم کە ئەمنی لە نێو خۆیدا تاواندیتەوە و داگیری کردیمە ”!!!

جا توو سەری خۆت و داک و داپیرت .. کەس هەیە لەو جیهانە پان و بەرینە لە من بێ زاختر و ترسنۆکتر و قەلەزراوتر !؟!؟!؟

 سەرچاوەی وێنەکە /uniqueworld

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت