herzl

دکتۆر کەمال میراودەلی : چۆن هرزل بنەمای هزریی و رێکخراوەیی دەوڵەتی جووی دانا و سەری خست ؟ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی شەشەم

بیری نەتەوەسازیی پێشڕەوانی بیری زایۆنیزم

(6)

چۆن هرزل بنەمای هزریی و رێکخراوەیی دەوڵەتی جووی دانا و سەری خست ؟ .

بە هاوڕایی گشتی بە روانگەساز و باوکی بیری دەولەتسازیی نوێی جوولەکەکان ( زایۆنیزم ) ناسراوە . ئەویش وەک پیسکنەر زادەو بەرهەمی ئەزموونی چەوساندنەوەی جووەکانە لە ئەوروپا.
هرزل رۆژنامەنووس ، درامانووس ، چالاککاری سیاسیی و نووسەر بوو . واتە لە پاشخان و کۆئاخنی رۆشنبیرییەکی قووڵەوە دەستی بە بیرسازییە نەتەوەییەکانی کرد .
لە ٢ ی مایسی سالی ١٨٦٠ لە بۆداپست کە بەشێک بوو لە مەملەکەتی هەنگاریا ، لە خێزانێکی جووی خەڵکی ( زیمۆنی ) کە ئێستا سێربیا یە ، لە دایک بووە . دایک و باوکی جانێت و جاکۆ هێرزل جوولەکەی تواوە بوون و بە ئەڵمانی قسەیان دەکرد. یەکەمجار هێرزل هەولی دا زانست بخوێنێت و لە ئەندازیارییدا کار بکات ، بەلام لەمەدا سەرنەکەوت. بەهرەو حەزی ئەو دنیای شیعرو بابەتەکانی زانستی مرۆڤایەتی بوو . ئەم بەهرەو خولیایە بۆی لواند لە دواییدا پیشەیەکی سەرکەوتووی لە رۆژنامەگەرییدا دەست بکەوێت ، لە هەمان کاتدا شانۆگەریشی دەنووسین گەرچی لەمەدا زۆر سەرکەتوو نەبوو.

لە ساڵی ١٨٧٨ دا ، دوای مردنی خوشکەکەی پۆلین ، کۆچی کرد بۆ ڤیەننا ، لە سالی ١٨٨٤ دا دکتۆرای لە یاسادا لە زانکۆی ڤیەننا هێنا و وەک رۆژنامەنووس و نووسەر خۆی سەلماند . بوو بە پەیامنێری پاریسی رۆژنامەی لیبرالی کاریگەری ڤیەننا رۆژنامەی نویی ئازاد Neue Freie Presse دوایی بوو بە نووسکار [ ئێدیتەری ] بەشی ئەدەبیی رۆژنامەکە .
لە ڤیەننا هێرزل یەکەمجار زۆر حەزی دەکرد لەگەڵ کەلتوورو نەتەوەی ئەڵمانیدا تێکەڵ بێت ، تەنانەت لە یادنامەکانی رۆژانەیدا توانەوەی جوولەکەکان لە کۆمەگاکانی ئەوروپاییداو و بە کۆمەڵ بوون بەمەسیحیی لە سەر دەستی پاپا ، بە چارەسەریی لۆجیکی و واقیعی بۆ جیاوازیگەریی بەرامبەر جووەکان داناوە.
جووەکانی ڤیەننا خزمەتی زۆری شارەکەیان دەکرد و خۆیان بە هاوولاتی نیشتمانپەورەری نەمسایی دەزانیی . لەگەل دەروبەرەکەیان تێکەڵ ببون ، عادات ونەریتی لۆکالیان وەرگرتبوو ، بە باشی بە زمانی ئەڵمانی قسەیان دەکرد و دەیان نووسی . دوا فاشن وستایلی کەلتوورییان وەردەگرت . هەستیان دەکرد کە بەراستی ڤیەننایین . هاتنی هێرزل بۆ ڤیەننا بە گەنجیی دەوری هەبوو کە بیەوێت و هەول بدات ببێتە ڤێنیایی یەکی سەرکەوتوو . بۆیە زوو بوو بە ئەندامی رێکخراویکی ناسیۆنالیستی ئەڵمانی بە ناوی ئەلبیا ، کە دروشمەکەی بریتی بوو لە شەرەف ، ئازادیی ، نیشتمان ، بەلام دوایی لە بەر دوژمنایەتی ئەو رێکخراوە بۆ جووەکان وازی لێ ‌هێنا .
ئەوەی کاریگەریی چارەنووسسازیی لە سەر هێرزل و لە ویشەوە پاشەرۆژی جووەکان هەبوو ئەو چەوساندنەوەو رقە ئەنتی – سامییە بوو کە هرزل بۆ خۆی لە کاتی دیراسەکردنی لە زانکۆی ڤیەننادا لە سالی ١٨٨٢ داو دواتر ئەزموونی کرد . کاتێکیش دوای ئەوە لە پاریس وەک رۆژنامەنووس کاری دەکرد ، رۆژانە بەرەورووی ئەم کێشەیە دەبۆوە . ئەوسا کێشەی جووەکانی وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی سەیر دەکرد و شانۆگەرییەکی بە ناوی [ گیتۆی نوێ ] لە سالی ١٨٩٤ دا نووسی ، کە لەوێدا تواندنەوە [ ئەسیمیلەیشن ] و دینگۆڕین وەک چارەسەرییەک بۆ کێشەکە رەت دەکاتەوە . بەڵام هیوای وا بوو شانۆگەرییەکەی گیتۆ دەبیتە هۆکارێک بۆ دیبات و وتووێژو چارەسەییەک لە سەر بنەمای یەکترقبوڵکردن و ڕیزیی یەکترگرتن لە نێوان مەسیحی و جووەکاندا .

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر ــ بیری نەتەوەسازیی پێشڕەوانی بیری زایۆنیزم

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت