Yezidyekan

نەبەز گۆران : گریانەکەى ( ڤیان دەخیل ) هەستکرن بەبێ کەسى .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێک ئەو پەرلەمانتارە گریا بۆ خزمە یەزیدیەکانى . گریانەکەى ماناى هەستکردن بە بێکەسى دەگەیاند . بێکەسیەک کە دەرکت بەوە دەکرد، هاتنى هێرشى ( داعش) بۆ ناوچەکەیان و هەڵاهاتنى هاوڵاتیە کوردە یەزیدیەکان بۆ شاخەکان و بەهاناوە نەوچوونیان جۆرێک لە بێکەسى خستبوویە دڵى ئەو پەرلەمانتارە، تا لەبەردەم کامێراکاندا بگریت . ئەگەرچى ئەو پەرى شوورەییە کوردێکى هاونیشتیمانى ئەم وڵاتە، هەست بە بێکەسى بکات. ئەگەرچى ئەو پەرى شەرمەزارییە، رێگەبدرێت لەشکرێکى مەغۆل ئاسا لەبەرگێکى ئاینیدا بێتە ناوچەیەک بۆ قەتلۆعامرکردن و دووبارەکردنەوەى مێژووى رابردوو. لەوەش شەرمەزارتر ئەوەیە ، ئێستا ئەو کوردە یەزیدیانە هەست بە بێکەسى و پشتتێکردن بکەن .
هێشتا شارەکەیان بەدەست ( داعش ) ەوەیەو هێشتا کوشتن و لەناو بردنیان بەردەوامە . هێشتا ماڵە ئاوارەکانیان بە شاخەکانەوەن و هێشتا هێرشێک نەکراوە بۆ ئەو شارە تا رزگاریان بێت لە دەست ئەو لەشکرە ئاینى و عەرەبیەى رووى لە ناوچەکەیان کردووە. پارتیش وەک بەرپرسیارى یەکەمى ئەو شکستە ، رێگانادات هیچ هێزێکى کوردى بچێت بەهانایانەوە. لە راگەیاندنەکانیشدا هەرباسى ئەوەدەکرێت ئێستا نا کەمێکى دیکە رزگاریان دەبێت و پەرلەمانتارەکەشیان دەڵێت : (( نە کەس هەوڵى رزگارکردنى داون و نە هێرشێک لە ئارایە بۆ دەرپەراندنى داعش لەو شارە )). واتاى ئەوەیە راگەیاندن باس لە شتێک دەکات بوونى نیە .
خاڵێکى جەوهەرى لە پێشمانە. ئەویش ئەوەیە هاونیشتیمانیە کوردەکان لەو شارە ژیانیان لە مەترسیدایە. ئەوان لەبەر دووشت دەکوژرێن، هەرچۆن لە رابردوودا لەبەر ئەو دووشتە قەتلوعامکران، یەک: لەبەر ئەوەى کوردن، دوو لەبەر ئەوەى ئاینەکەیان جیایە. بەڵام ئەوەى بۆ من گرنگە کورد بوونیانە . هاونیشتیمانى بوونیانە. ناکرێت کوردێک لە نیشتیمانەکەى خۆیدا هەست بە بێکەسى بکات و پەرلەمانتارەکەیان ئەو بێکەسیە واى لێبکات لە پێش چاوى هەموومانەوە بۆ مەرگى خزمەکانى بگریت. ئەو گریانە چەند ئازاردەرە بۆ ئەو، دوو هێندە ئازاردەرە بۆ کورد بوونى یەک بەیەکمان. ئەگەر بریارە هێزى پێشمەرگە بە هاناى ئەو خەڵکەوە بچێت، پێش ئەوەى لەناویان بدەن با بەهانایانەوە بچن. گەر بریاریشە پشتیان تێبکەن با بەهەموومان بڵێن کە پشتیان تێدەکەن. خۆ هێزى ( پەکەکە ، و یەپەگە ) ئامادەن بەهانایانەوە بچن. دە گەر خۆتان بەهانایانەوە ناچن لێگەرێن با ئەوان بەهانایانەوە بچن، بۆ ئەوەى جارێکى دیکە ( ئەنفال ) ێکى دى بە چاوى خۆمان دەبینین . هیچ نەبێت جوڵەیەک بکرێت بۆ ئەوەى ئەو هەستى بێکەسیە لەناو تاکێکى کوردا نەمێنێت ، تا ناچاربێت بگریت بۆئەوەى بەهاناى خزمەکانیەوە بچن .

https://www.youtube.com/watch?v=JoL4oy6LD4U

– وێنەکە : کۆمەڵێک خێزانە کوردى یەزیدى هەڵهاتوون ئێستا لەشاخەکانن و ژیانیان لە بەردەم مان و نەماندایە

سەرچاوەی بابەت / فەیسبوکی نوسەر

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت