بەختیار شارەزورى : داعش وەک دوا کارت و دوا سیناریۆ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دوو جەمسەر هەبێت ، بەردەوام لە ململانێ و داڕشتنى سیناریۆ و تاکتیکدا بن بەرامبەر یەکتر ، ئەوا دەکرێت ئەم دوو جەمسەرە پۆلێن بکەین جەمسەرى یەکەم ( ڕوسى ئێرانى مالیکى یەکێتى حەماس حیزباللە پەیەدە و پەکەکە و بەشار ئەسەد ) جەمسەرى دووەم ( تورکیا ئەوروپا پارتى ئیسرائیل ئەمریکا سعودیە و وڵاتانى خلیج ئوردن ) لەم نێوەندەدا سیناریۆ و تاکتیکەکان لەبەرامبەر یەکتردا بەردەوامیان هەیە ، هەر جەمسەرە و خاوەنى چەندین کارتن و ئەم کارتانە دەبێتە جوڵێنەرى سیناریۆ و تاکتیکەکان ، هەر سیناریۆیەکیش کۆمەڵێک ئامانجى هەیە ، ناکرێت سیناریۆیەک تەنها بۆ یەک ئامانج بێت ، واتا سیناریۆکان فرە ڕەهەندن ، دەکرێت لایەنێک یان خەتێک لە ناو خەتەکاندا زۆرینەى ئامانجەکەى بەربکەوێت ، زۆر کات کارت بەکار دەهێنرێت بۆ ئامانجێک کە ئامانجەکە هاتە دى ئیتر ئەو کارتە ستۆک و ئیکسپایەر دەبێت کارى پێ ناکرێت ، زۆر کاتیش کارتەکان لە نێوان جەمسەرەکاندا دەگۆڕێتەوە (کارت بە کارت )، ئیتر کام جەمسەریان یارچى باش بێت و خاوەنى سیناریۆ و تاکتیکى بەهێز بێت ئەوا لە ناو گۆڕەپانەدا گرەوى خۆى دەباتەوە .
هەر لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر خوێندنەوە بۆ ئەم ناوچانە بکەین ، ئەوا مێژوى ئەم سیناریۆیانە دەگەڕێتەوە بۆ دواى ڕوخاندنى سدام حسین ، کە عێراقى دواى سدام ، بەڕێککەوتن بووە لە نێوان هەردوو جەمسەرەکەدا ، بە پێ ى سازان ( تەوافق ) و دەستورێکى هەمە لایەنە ، کە عێراق و دەسەڵاتەکانى دابەش بکرێت لە نێوان پێکهاتەکانى عێراقدا و وڵاتانى ناوچەش ڕازى ببن بەم دابەشکاریە ، بە تایبەت ئێران و تورکیا وەک نمایندەى هەردوو جەمسەرەکە ، لەم نێوەندەدا هەرێمى کوردستانیش دابەش بوبو بەسەر تورکیا و ئێراندا ( ئەو دیوو دێگەڵە زۆنى زەرد و ئەم دیو دێگەڵە زۆنى سەوز) واتا پارتى سەر بە تورکیا و یەکێتیش سەر بە ئێران ( لەم نێوەندەدا گۆڕان هەوڵێک بوو ، بۆ گۆڕینى نەخشەى سیاسى و هەرێم ، هەرێم ببێتە خاوەن ستراتیژى سەربەخۆ و درێژکراوەى هیچ وڵاتێک نەبێت ) و لە پشتى پەردەشەوە ڕێککەوتنێک هەبوو لە نێوان تورکیا و ئێراندا لەسەر ئەم دابەشکاریە ، بەڵام ئێران هەر زوو کارتى شیعە و مالیکى بەکار هێنا بۆ ئەوەى ئەو ڕێککەوتنە تێک بدات و هاسەنگیەکە لە بەرژەوەندى خۆى بگۆڕێ ، هەژموونى شیعە گەرایى و دەسەڵاتى مالیکى زاڵ کردو و سونەکان کە سەر بە ئەمریکاو تورکیا و سعودیەن وەدەر بنێت ، بە مانایەکى تر هاوسەنگیەکەى تێک دا ، لە بەرامبەردا ئەمریکاو تورکیا سیناریۆیەکیان بەکار هێنا تا ڕێ لە هەژمونى ئێرانى بگرن ، بۆ ئەم سیناریۆیە کارتى داعش باشترین کارت بوو کە بەرامبەر هەژمونى ئێرانى بەکار بهێنرێت ، ئەوە بوو بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەفسەر بەعسییەکان و داعش ، توانیان هەژمونى مالیکى کورت بکەنەوە و نامەیەکیش بدەن بە ئێران کە دەبێت پابەند بێت بە هاوسەنگیەکەوە ، ئەمە لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى بەرنامە و پلانێکى دراسەکراوى هەمە لایەنە بوو کە بتوانن کار بۆ ئەوە بکەن کە تورکیاى نوێ بونیاد بنێن و پرۆسەى ئاشتى بۆ بەشدارى سیاسى پەکەکەش بگرێتەوە و هەرێمى کوردستانیش ببستنەوە بە تورکیا و ئەوروپاوە ، وەک پێداویستى تورکیا و ئەوروپا بە غاز و نەوتى هەرێم و هەم لە ڕووى جیۆپۆلەتیکى و جیۆسیاسى و جوگارفییەوە ، بە واتایەکى تر لە بەرامبەر کارتى داعشدا کارتێکى تر کارى پێ کراوە ، ئەویش دەرهێنانى کارتى پەکەکە و پەیەدە لە ژێر دەستى ئێران و خستنە سەر تورکیا ، بە تایبەتى تر پەیەدە و ڕۆژئاوا چونکە پێگەیەکى ئابورى و جوگرافى گرنگە بۆ تورکیا وئەوروپا ، ئەم تورکیاى نوێیە لە ژێر چاودێرى ئەوروپا و ئەمریکا و ئیسرائیلدا دەبێت ، خۆ ئەگەر وەک پڕۆژەیەکى درێژخایەنى ئەمریکى بیخوێنینەوە ئەوا پڕۆژەکەى ( جوو بایدن ) کە لە ئێستادا و لە داهاتویەکى نزیکدا کارى لەسەر دەکرێت ، مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى جۆن کەندى و ڕاوێژکارەکەى (برنارد لویس ) 1948 کە داواى دەکرد لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا 58 وڵات دابەشبکرێت بە 88 وڵاتەوە ، وەک گۆڕینى نەخشەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، خۆ ئەگەر لەم نێوەندەدا و لە ئێستادا داعش کارتى سیناریۆیەک بوو بێت ، بۆ ئەوەى ئێران ناچار بکرێت بە هاوبەشى بۆ پڕۆژەکەى ئەمریکا ( نەئەمریکا بە تەنها دەتوانێت عێراق بەڕێوە بەرێت نە ئێران ) ئەوا داعش ئەو کارتە بوو کە مالیکى و ئێرانى ناچار کرد کە قەناعەت بە پڕۆژەکەى ئەمریکا بکەن ، واتا هەردوو جەمسەرەکە ڕێککەوت بون ، لە درێژەى ئەم سیناریۆیانەدا پارتى لەگەڵ داعش هیچ کێشەیەکى نەبوو ، بەڵام یەکێتى وەک درێژکراوەى ستراتیژى ئێرانى و هاوپەیمانى مالیکى دژى داعش وەستایەوە ، خۆ ئەگەر پارتى و یەکێتى بە ئاشکرا دژى یەکتر نەوەستا بێتن ، ئەوا لە ژێرەوە دوو ئاراستەى جیاواز بوون ، هەر بۆیە پارتى نەوتى لە داعش وەردەگرت و دەینارد بۆ بەندەرى جیهان ، دادگاى تەکساس و کەشتیە نەوتیەکەى هەرێم پەیوەندى بەم دۆسییەوە بوو ، بەڵام کاتێک جەمسەرى تورکى کارى بە کارتى داش نامێنێت و ئێران ناچار دەکات بە ڕێککەوتن لەسەر عێراقى نوێ ، ئەوا هەردوو جەمسەرەکە دەگەنە ڕێککەوتنێک و پۆستەکانى ناو عێراق بەشدەکەن (سەرۆکى کۆمار بۆ ئێران لە ڕێ ى یەکێتیەوە ، سەرۆکى هەرێم بۆ تورکیا لە ڕێ ى پارتییەوە ، سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى بەغداد بۆ کوتلەى شیعە و ئێران ، سەرۆکى پەرلەمان بۆ سونەکان و تورکیا ، لە هەرێمیش هەر بە هەمان شێوە دابەشکراوە ) ئەو کات دەبێت هەردوو جەمسەرەکە ڕێکبکەون کە عێراق لە داعش پاک بکەنەوە ، داعشیش کاتێک هەست دەکات تورکیا کارى پێ ى نەماوە ، دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سوریا ، بۆیە ئەگەر پێشتر چەند مەفرەزەیەک بوبێتن ئەوا ئێستا زۆرن و دەبابە و چەکى قورسیان پێیە، دەبێت ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ گەڕانەوە بۆ سوریا ، ئێ ئەمەش لە بەرژەوەندى پەیەدە و پەکەکەدا نابێت ، هەرچەندە بە سیناریۆیەک پارتى ویستى ڕێگاى بۆ بکاتەوە و لە شنگارەوە بگەڕێتەوە و لە وێش پاڵاوتگەکانى شەنگار بەکار بهێنێت تا دەگەڕێتەوە ، بەڵام ئەم سیناریۆیە هەر زوو پەکەکە و یەپەدە دەرکیان پێ کردو نەیان هێشت ئەم سیناریۆیەى پارتى و داعش سەر بگرێت ، چونکە ئەگەر داعش بەو چەکانەوە لە شەنگارەوە بپەڕینایەتەوە ئەوا دەیاندا بەسەر حەسەکەدا و ئەمەش بۆ پەیەدە زیانێکى گەورە بوو ، وە هەردوو جەمسەریش ڕێککەوتبون لەسەر نەمانى داعش ، بۆیە پەیەدە و پەکەکە ئەم هەلەیان وەک کارت بەکار هێناو نەیان هێشت داعش بپەڕێتەوە بۆ سوریا ، لەملاشەوە یەکێتى و مالیکى بە گڵۆپى سەوزى ئەمریکاوە کەوتنە شەڕى داعش ، پارتیش بە گڵۆپى سەوزى ئەمریکیەوە جاڕى شەڕى دا دژى داعش ، چونکە کارتى داعش گرنگیەکەى تەواو بو بوو .
ئێستە لەبەردەم پێکهێنانى عێراقى نوێداین و هەردوو جەمسەر ڕێکن لەسەر ئەم پڕۆژەیە و لە ناوبردنى داعش ، داعش ئێستە بە پشتێنەیەک دەورە دراوە پەیەدە و پەکەکە و پارتى و یەکێتى و لە جنوبیشەوە جەیشى عێراقى ، کە دەبێت داعش دەبێت تا دوا هەناسەى شەڕبکات ، چونکە هیچ چارەیەکى نەماوە ، پێدەچێت شەڕەکانیشى فراوانتر بکات و سنورى جەلەولا و سعدیە فراوانتر بێت ، ئەوەى دەمێنیتەوە فایلى دووەمە لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا ، ئەویش فایلى سوریایە ، کە پێ دەچێت لە دواى عێراق سیناریۆ و یارییەکانى ناو سوریا دەست پێ بکات ، ئەو کات دەکەوێتە سەر جەمسەرەکان کامیان تاکتیک و یارچى باش دەبن و کامیان بە کارتى سور ئەوى تریان ناچار بە دانوستان دەکات ، دەگەنە کۆى ى یارییەکە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت