Berey-mexmwr

ماردین محمد : کاره‌کته‌ری میدیا له‌ سه‌رده‌می جه‌نگدا .

( وه‌ک نامه‌یه‌کی کراوه‌یه‌ بۆ هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی هه‌رێم و میدیاکارانی کوردستان )‌
له‌بنه‌ڕه‌تدا بیرۆکه‌ی ئه‌م نوسینه‌ زووم کردنی هه‌ندێک خاڵی لاوازی‌ مامه‌ڵه‌ی میدیا کوردیه‌‌( به‌تایبه‌ت میدیای بینراو ) سه‌باره‌ت به‌م جه‌نگه‌ی که‌وتۆته‌ نێوان کورد و داعشه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رێکی خێرا …
” ئه‌گه‌ر ئاشتی ته‌نها ده‌رگایه‌ک ئاوه‌ڵا بکات بۆ ژیان ، ئه‌وا جه‌نگ هه‌زاران ده‌رگا به‌ڕووی مه‌رگدا ده‌کاته‌وه ‌!”
کێ هه‌یه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ نه‌زانێت که ‌؛ جه‌نگه‌کان ئاورێکه‌ و له‌پاوانی ئارامی به‌رده‌بێت ؟
گه‌رده‌لولێکه‌ و هه‌رچی بنه‌ماکانی ئاشتی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا ڕاپێچی ناو کاولکاری ده‌کات ؟
هه‌ربۆیه‌ دژایه‌تی و سه‌رزه‌نشت کردنی دێوه‌زمه‌ی جه‌نگ ئاستی مرۆدۆستی کۆمه‌ڵگا ده‌نه‌خشێنێت و ده‌رده‌خات .
به‌ڵام هه‌رکاتێکیش ئه‌رژه‌نگی ئه‌و دێوه‌زمه‌یه‌ به‌ربینت پێ بگرێت و بژارده‌که‌ت یه‌کێک بێت له‌( مه‌رگ یان شه‌ڕ ) ئه‌وسا هه‌ڵبژاردنی شه‌ڕ بۆ ڕزگار بوون له‌مه‌رگ هه‌مان مانای ئه‌و دژایه‌تیه‌ی ده‌بێت که‌پێشتر ئاماژه‌م پێدا.
له‌به‌رئه‌وه‌ چه‌نده‌ گه‌لێکی ئاشتیخواز و شه‌ڕنه‌خوازیش بیت له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی دنیا ، جێگای داخه‌ که‌ نابێت جه‌نگاوه‌رێکی پڕچه‌ک و پڕ مۆراڵی جه‌نگی و ئاماده‌کراو نه‌بیت بۆ به‌ره‌نگاری و به‌رگری کردن له‌خود.
ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ش به‌درێژایی مێژوو واقعیه‌تی هه‌بووه‌ و هه‌یه ‌، به‌تایبه‌ت له‌ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا که‌ کوردستانیش به‌شێکه‌ له‌و ناوچه‌یه‌!
له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ کوردستان سوپایه‌کی نیشتیمانی و هاوڵاتیپارێزی هه‌بێت و له‌هه‌رێمێکی پڕ له‌ حیزبی چه‌کداره‌وه‌ بکرێته‌ هه‌رێمێک که‌خاوه‌نی سوپایه‌کی زرنگ و دلێر بێت .
سوپایه‌ک که‌ له‌ڕووی ئینسانیه‌وه‌ هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی هاوماف بن تێیداو داکۆکیکاریش بن له‌مافی هاونیشتمانیان و خه‌ڵکی سیڤیل .
هه‌روه‌ها خاڵی به‌هێزی ئه‌و سوپایه‌ خۆی له‌وه‌دا به‌رجه‌سته‌ بکات که‌ شانبه‌شانی چه‌کی ده‌ستوبازوو هه‌موو ئه‌ندامێکیشی پڕچه‌کی مه‌عریفه‌ بکرێ و هه‌ر له‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کی پله‌ یه‌که‌وه‌( پ1 )‌ تا ده‌گاته‌ سوپاسالار له‌یه‌ک ئاستی ئاگاهیدا بن‌ سه‌باره‌ت به‌ڕێنماییه‌ بنچینه‌ییه‌کانی سوپا .
پله‌داره‌کانی ئه‌و سوپایه‌ ڕۆڵی ده‌رهێنه‌ر و سیناریست و به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆی ئه‌رک و ئه‌کشن ببینن له‌دۆخی جه‌نگ و ئاشوبه‌کاندا.
له‌ دۆخی ئاشتیشدا ده‌بێت ئاره‌قه‌ی مه‌شق و ڕاهێنانی ئه‌وانیش هاوشێوه‌ی سه‌ربازه‌کانیان ناوکه‌فی پێتاویان ته‌ڕ بکات ، بۆئه‌وه‌ی له‌گۆڕه‌پانه‌کانی جه‌نگدا که‌متر ‌خوێنیان لێ بچۆڕێت.
له‌ کاره‌ساته‌ سروشتیه‌کانیشدا ، سوپا هاوشێوه‌ی سوپای وڵاتانی پێشکه‌وتوو پشتوپه‌نا و هاریکاری هاوڵاتیانی کاره‌ساتبار و لێقه‌وماو بن و سوپا له‌پێشه‌نگی هه‌ڵمه‌ته‌ فریاگوزاریه‌کاندا بێت له‌ناوچه‌ی کاره‌ساتباردا…
هه‌روه‌ها ڕاگرترین پایه‌ی سوپا که‌ بیرۆکه‌ی ئه‌م نوسینه‌ له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ سوپا ده‌بێت یه‌کینه‌یه‌کی میدیایی سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌بێت و ته‌نها ئه‌و یه‌کینه‌یه‌ کاری فیلمسازی بکات له‌کاتی جه‌نگ و به‌ره‌نگاری کردندا وه‌ک ئه‌مه‌ی ئێستا له‌گه‌ڵ داعش ده‌گوزه‌رێت !
یاخود سوپا کۆنتراکت له‌گه‌ڵ که‌ناڵێک یان چه‌ند که‌ناڵێکی تیڤیدا ببه‌ستێت بۆ وێنه‌گرتنی ڕاپۆرته‌ ڤیدیۆییه‌کان ، به‌لام به‌مه‌رجێک به‌پێی ڕێنمایی یه‌کینه‌ی میدیایی وێنه‌کان بگیرێن، بۆ پارێزگاری کردن له‌ کواڵێتی و به‌ده‌سته‌وه‌نه‌دانی زانیاریه‌ هه‌واڵگریه‌کان .
فیلمسازیه‌که‌ش له‌و چالاکیانه‌دا چڕبکرێته‌وه‌‌ که‌نمایشی چالاکی بابه‌تی( نوعي ) بێت .
ئه‌وسا ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییانه‌ بدرێنه‌ سه‌رجه‌م میدیا لۆکاڵی و ده‌ره‌کیه‌کان بۆ په‌خشکردن .
چونکه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت له‌کوردستاندا و ڕۆژانه‌ له‌ میدیای بینراوی کوردستانی و تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا دێنه‌ پێشچاو ، پڕاوپڕه‌ له‌ زانیاری هه‌واڵگری که‌ له ‌سه‌رێکه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ هێزه‌کانی به‌رامبه‌ر ده‌کات و له‌سه‌رێکی تریشه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی دابه‌زاندنی وره‌ی هاوڵاتیان .
به‌وپێیه‌ی حه‌وت ساڵ باگراوندی کارکردنم هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ‌هێزه‌ سه‌ربازیه‌کانی ئه‌مریکا(2004-2011) و له‌و ماوه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ تیمه‌کانی مه‌شق و ڕاهێنانی ئه‌و هێزانه‌دا بوم وه‌ک وه‌رگێڕ ، به‌باشم زانی هه‌ندێک سه‌رنج و تێبینی ڕه‌خنه‌یی لێره‌دا دۆکیومێنت بکه‌م له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ لاوازانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌هه‌واڵسازی میدیای خۆماڵیه‌وه‌ هه‌یه‌ که ‌به‌بێ مه‌به‌ست له‌ڕێگای‌ وێنه‌ و تۆماری ڤیدیۆیی شه‌ڕگه‌کانه‌وه‌ خزمه‌ت به‌لایه‌نی به‌رامبه‌ر ده‌که‌ن!
هه‌روه‌ها ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییانه‌ی که‌ لێره‌و له‌وێ له‌لایه‌ن هه‌ندێک پێشمه‌رگه‌وه‌ به‌مۆبایل و کامێراکانیان تۆماریان کردوون ، ئه‌وانیش هه‌مان ده‌ستور په‌رده‌ له‌سه‌ر دیوه‌ شاراوه‌کانی شه‌ڕگه‌ و سه‌نگه‌ره‌کانی پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵده‌ده‌نه‌‌وه‌و ته‌لیسمه‌ نه‌شکێنراوه‌کان بۆ دوژمن ده‌شکێنن!
لێره‌دا هه‌ندێک نمونه‌ده‌هێنمه‌وه‌ که‌له‌و ڤیدیۆ و ڕاپۆرته‌ هه‌واڵ و وێنانه‌دا تۆمار کراون و بێ مه‌به‌ست خزمه‌ت به‌ به‌ره‌ی دوژمنکار ده‌کات :
أ‌- له‌هه‌ندێک گرته‌دا په‌رشوبڵاوی و ئیرتجالیه‌ت و به‌کۆمه‌ڵ و تۆپه‌ڵ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ ده‌بینرێن ، ئه‌وه‌ش خزمه‌تێكی هه‌واڵگری گرنگه‌ بۆ دوژمن و له‌وه‌ تێده‌گه‌ن که‌ هێزه‌ دانه‌مه‌زراوه‌کان شڵه‌ژاندن و شکاندنیان ئاسانه‌!
ب‌- له‌هه‌ندێکی تردا ته‌باره‌ خۆڵه‌کان( السواتر الترابية ) ده‌بینرێن که‌پێشمه‌رگه‌ بۆ ڕێگری و به‌رگری و ته‌قه‌کردن به‌کاری دێنن ، به‌ڵام ئاشکرا دیاره‌ که‌ ئه‌و ته‌باره‌ خۆڵانه‌ خزوخلیسکن له‌به‌رپێی پێشمه‌رگه‌کانداو نه‌شیاوه‌ بۆ به‌رگری درێژخایه‌ن چونکه‌ به‌باشی سازنه‌دراوه‌ بۆ شه‌ڕ و به‌ره‌نگاری ، ئه‌ویش هه‌مانشێوه‌ زانیاریه‌کی هه‌واڵگریه‌ و دوژمن به‌پاره‌ ده‌یکڕێت ، به‌ڵام ئێمه‌ به‌خۆڕایی پێشکه‌شی ده‌که‌ین!
ج‌- هه‌ندێکی تر له‌و گرته‌ ڤیدیۆییانه‌ ئه‌وه‌ پیشان ده‌دات که‌پێشمه‌رگه‌کان له‌سه‌ربانی بینایه‌کن و ستاره‌ی بیناکه‌یان کون کردوه‌ و وه‌ک مه‌ته‌رێز به‌کاری ده‌هێنن بۆ ته‌قه‌کردن ، هه‌روه‌ها ڕاخه‌رو پێخه‌فه‌کانیشیان له‌پاڵ ستاره‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت و به‌دوژمن ده‌ڵێت هه‌رکاتێک گولله‌ هاوه‌نێک له‌م جه‌ماعه‌ته‌ بگریت که‌سیان ده‌رناچێت!
د‌- له‌هه‌ندێک گرته‌ و وێنه‌ی تردا چه‌ک و توانسته سه‌ربازیه‌کانی پێشمه‌رگه‌ به‌ڕوونی ده‌بینرێن، که‌ ئه‌مه‌یان یه‌کێکه‌ له‌هه‌ره‌ پڕمه‌ترسی ترین شته‌کان و هه‌میشه‌ له‌ جه‌نگه‌کاندا هێزه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کان هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ڕێگای به‌کرێ گرتنی سیخوڕه‌وه‌ ئه‌و زانیاریانه‌یان چنگ بکه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌وپێیه‌ ئاماده‌سازی بۆ هێرشه‌کانیان بکه‌ن ، به‌ڵام ئه‌و گرته‌و ڕاپۆرته‌ هه‌واڵانه‌ی تیڤیه‌کانی ئێمه‌ به‌خۆڕاین و له‌سه‌ر سینیه‌کی زێڕ زانیاری‌ پێشکه‌ش به‌به‌ره‌ی دوژمن ده‌که‌ن!
هـ- بڵاوکردنه‌وه‌ی وێنه‌ و ڤیدیۆکانی داعش له‌لایه‌ن میدیاکانی کوردستانه‌وه‌ له‌ هه‌واڵ و ڕاپۆرته‌ دۆکیومنتاریه‌کاندا کاریگه‌ری زۆر خراپ و زیانبه‌خش له‌سه‌ر ووره‌ی خه‌ڵک به‌گشتی و پێشمه‌رگه‌ به‌تایبه‌تی به‌جێ ده‌هێڵێت و ڕیکلامێکه‌ بۆ به‌ره‌ی دوژمن و له‌و ڕێگایه‌وه‌ ئه‌و ئامانجانه‌ دێنه‌دی که‌ داعشیه‌کان خۆیان له‌و پێناوه‌دا ئه‌و ڤیدیۆ و تۆمارانه‌یان به‌رهه‌م هێناوه‌.
له‌ نوێترین ڕیکلامیشدا بۆ داعش دوێنێ ئه‌وه‌م بینی که‌ هه‌ندێک میدیای کوردستانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن گوایه‌ داعشه‌کان ده‌ڵێن: ئاڵای خه‌لافه‌ت له‌سه‌ر کۆشکی سپی ئه‌مریکا هه‌ڵده‌که‌ین!
خاڵی تریش زۆرن که‌ ناکرێت هه‌مووی بنوسم و نوسینه‌که‌ درێژتر بکه‌مه‌وه ‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی باسم کردن گرنگترین بوون .
له‌وه‌ تێده‌گه‌م که‌ له‌باری ئاسایدا ده‌بێت میدیا له‌وه‌ ئازادتریش بێت که‌ ئێستا له‌کوردستاندا هه‌یه، چونکه‌ میدیای ئازاد له‌مڕۆی سه‌رده‌می عه‌وله‌مه‌دا ڕۆڵی زۆر کارا و گرنگی هه‌یه‌ له‌گشت جومگه‌کانی ژیاندا ، له‌وانه ‌؛ سیاسی و کارگێڕی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی، ته‌نانه‌ت ده‌توانم بڵێم په‌روه‌رده‌ییش، چونکه‌ ده‌بینین که‌ میدیای ئازاد چۆن شۆڕده‌بێته‌وه‌ بۆ ناو ژیانی تاک و کاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وت و په‌روه‌رده‌، به‌شێوازێک که‌ ئه‌گه‌ر له‌په‌روه‌رده‌ی خێزانی و ده‌زگاکانی په‌روه‌رده‌و فێرکردن کاریگه‌رتر نه‌بێت ئه‌وا هێنده‌ی ئه‌وان ڕۆڵی هه‌یه‌‌!
هه‌روه‌ها میدیای ئازاد سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگیشه‌ بۆ چاوکرنه‌وه‌ی تاک له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه ‌، پۆزه‌تیفانه‌ و بنیاتنه‌ر بێت یان پێچه‌وانه‌وه‌که‌ی ، به‌هه‌ردوو دیوه‌که‌شدا بژارده‌که‌ له‌ده‌ست تاک خۆیدایه‌ و به‌شێکه‌ له‌ئازادیه‌کانی ئه‌و.
به‌ڵام له‌دۆخی جه‌نگ و ئاشوبدا وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێستا له‌کوردستاندا ده‌گوزه‌رێت ، ده‌بێت ئه‌و میدیایه‌ پره‌نسیپ و نه‌خشه‌ڕێیه‌کی کارکردنی پیشه‌یی خۆی هه‌بێت که‌هاوکار بێت له‌ به‌رزکردنه‌وه‌ی ووره‌ی گشتی و شه‌ڕڤانان و به‌هه‌ڵه‌ یان بێمه‌به‌ست نه‌بێته‌ هۆی سوود گه‌یاندن به‌ به‌ره‌ی هێرشکار و دوژمن .
ئه‌گه‌ر میدیا ئه‌م نه‌خشه‌ڕێیه‌ی نه‌بوو بۆ ئه‌و دۆخه‌ ناجێگیر و ئاشوباویانه ‌، ئه‌وسا پارله‌مان ده‌توانێت چوارچێوه‌یه‌کی یاسایی بۆ میدیا و میدیاکاران داڕێژێت که‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ کاری میدیایی له‌ دۆخی جه‌نگ و ئاشوبدا و ڤیدیۆ و وێنه‌کانی شه‌ڕگه‌ و به‌ره‌کانی جه‌نگ به‌م شێوه‌ بێ په‌رده‌ و هه‌ڵماڵراوه‌ی ئێستا نه‌بێت .
وه‌ک پشت ڕاستیه‌کیش بۆ سه‌رنجه‌کانم حه‌ز ده‌که‌م له‌کۆتایی ئه‌م نوسینه‌دا کۆمه‌ڵێک به‌ڵگه‌ی هه‌نوکه‌یی و مێژوویی باس بکه‌م که‌ سوپای ده‌وڵه‌ته‌ به‌هێزه‌کان پیاده‌ی ده‌که‌ن و هۆکاری مسۆگه‌رێتی سه‌رکه‌وتنه‌کانیانه‌ به‌به‌رده‌وامی!
له‌جه‌نگی ئه‌فغانستاندا ، سوپای ئه‌مریکا ته‌نها ڕێگای دابوو که‌(FOXNEWS) ڕاپۆرته‌ ڤیدیۆییه‌کان به‌شێوه‌ی فیلمسازی وێنه‌ بگرێت و په‌خش بکات و بیدات به‌که‌ناڵه‌کانی تر ، ده‌کرێت له‌یادمان مابێت که‌ ئه‌و ڕاپۆرته‌ ڤیدیۆییانه‌ی له‌سه‌ر جه‌نگه‌که‌ له‌سکرینی تیڤیه‌کانه‌وه‌ ده‌مانبینی ، سه‌رجه‌میان له‌لای چه‌پی سکرینه‌که‌وه‌ ئاڵایه‌کی ئه‌مه‌ریکی به‌شێوه‌ی ئه‌نیمه‌یشن ده‌شه‌کایه‌وه‌ ولۆگۆی(FOXNEWS) یشیان له‌سه‌ر بوو، ڕاپۆرته‌کانیش سه‌رجه‌م کورت و پوخته‌ و مۆنتاژ کراو بوون و هیچ زانیاریه‌کی له‌سه‌ر جوڵه‌ و چه‌ک و شوێنی سوپا نه‌ده‌دا به‌ده‌سته‌وه‌ که‌ هێزه‌کانی تالیبان سوودی لێ ببینن!
به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و ڤیدیۆ و وێنانه‌ هه‌یبه‌تێکی زیادتری ده‌دایه‌ هێزه‌کانی ئه‌مریکا ، به‌وه‌ی که‌ ئه‌گه‌ر شه‌و بێت یان ڕۆژ هێزه‌ ئه‌مریکیه‌کان هیچ باکیان نیه‌ له‌هه‌ڵمه‌ت بۆ سه‌ر دوژمن و پیشانی ده‌دا که‌ چۆن ئه‌رکه‌ سه‌ربازیه‌کانیان به‌ ووردی و شاره‌زایی جێبه‌جێ ده‌که‌ن و ئامانجه‌کانیان سه‌د له‌ سه‌د ده‌پێکن !
هه‌روه‌ها له‌جه‌نگی2003 ی عێراقیشدا هه‌مان ڕێکار جێبه‌جێکرا (FOXNEWS) وه‌ک که‌ناڵی سه‌ره‌کی هاوشانی سه‌ربازه‌کان مایه‌وه ‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان سێ که‌ناڵی تریش وه‌کو سه‌ب ( لاوه‌کی) به‌شداری پێکرا له‌ گواستنه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌ ڤیدیۆییه‌کاندا که‌ئه‌وانیش که‌ناڵه‌کانی (CBS) و (CNN) و (MSNBC) بوو ، به‌ڵام به‌هه‌مان ڕێنمایی و کواڵیتی و شێوازی فیلمسازی فۆکس نیوز .
هه‌روه‌ها له‌هه‌ردوو جه‌نگه‌که‌دا ئه‌وه‌ ڕوون نیه‌ که‌ئایا سه‌ربازه‌ ئه‌مریکیه‌کان وێنه‌ی شه‌ڕ و شه‌ڕگه‌کانیان گرتووه‌ یان نه‌ء ، به‌ڵام ئه‌وسا و ئێستا ڤیدۆی بڵاوکراوه‌ی ئه‌وانمان نه‌دیوه‌ ‌له‌سه‌ر یوتیوب و‌ فه‌یسبوک ، که‌ دڵنیام زۆربه‌یان خاوه‌نی کامێرای دیجیته‌ڵ و پێشکه‌وتوو بوون له‌ ده‌ورانی هه‌ردوو جه‌نگه‌که‌دا!
ڕه‌نگه‌ هۆکاری نه‌کردنی ئه‌وکاره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ملکه‌چی و ڕێزگرتنی سه‌ربازه‌ ئه‌مه‌ریکیه‌کان له‌ڕێنماییه‌کانی سوپا و له‌‌سه‌رێکی تریشه‌وه‌ بۆ پاراستنی ئاسایشی زانیاریه‌ هه‌وڵگریه‌کان بوو بێت …
نمونه‌یه‌کی تر ؛
له‌ ئێستادا هه‌مومان ئاگادارین و ده‌بینین که‌ ئیسرائیل و هێزه‌کانی حه‌ماس له‌ غه‌زه‌ له‌شه‌ڕێکی قورس و خوێناویدان دژ به‌یه‌ک .
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ هێزه‌ ئیسرائیلیه‌کان ته‌نها وێنه‌ی چالاکیه‌ بابه‌تی و سه‌رکه‌وتووه‌کانیان ده‌گرن و له‌ تیڤیه‌کانه‌وه‌ په‌خشی ده‌که‌ن که‌ له‌لایه‌که‌وه‌ ئامانجی به‌رزکردنه‌وه‌ی ووره‌ی گه‌لی ئیسرائیله‌ و له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ بۆ داڕوخاندنی ووره‌ی جه‌نگاوه‌ره‌کانی حه‌ماسه ‌!
له‌ ته‌کنیکی ڤیدیۆ و وێنه‌کانیشدا هیچ زانیاریه‌کی هه‌واڵگری تێدا نیه‌ که‌ جه‌نگاوه‌ره‌کانی حه‌ماس سوودی لێ ببینن و دژی ئیسرائیلیه‌کان به‌کاری بهێننه‌وه‌ !
له‌به‌رامبه‌ریشدا حه‌ماس وێنه‌ی هه‌ندێک چالاکی گرتووه‌و بڵاوی کردۆته‌وه‌ که‌ دژی ئیسرائیلیه‌کانه‌ و له‌و گرتانه‌دا ئه‌وه‌ پیشان ده‌درێت که‌ له‌ تونێڵه‌کانه‌وه‌ ده‌رده‌چن چالاکی دژی ئیسرائیلیه‌کان ئه‌نجام ده‌ده‌ن ، له‌به‌رامبه‌ردا ئیسرائیل بۆی ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ حه‌ماس ئه‌و تونێڵانه‌ی هه‌یه‌ و ئێستا سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هه‌موو ئه‌و تونێڵانه‌ بته‌پێنێت و له‌ناوبه‌رێت .
که‌واته‌ ئه‌گه‌ر میدیا له‌ ئاشتیدا هۆیه‌ک بێت بۆ فێربونی زانیاری زیاتر و سوود گه‌یاندن به‌ کۆمه‌ڵگا ، ئه‌وا له‌جه‌نگ و ئاشوبدا تیخێکی دوو ده‌مه‌ و به‌ووریایی به‌کارنه‌هێنرێت کوشنده‌یه ‌…

ئه‌مریکا

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies