Dje-tiror

ئاکۆ برایم : لایەنە جوان و ناشرینەکانى ئەم شەڕە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شەڕ وشەیەکى ناشیرین و رەززا گرانە. نەهامەتى و ماڵوێرانى وکاولکاری بەدواوەیە ، بەڵام پێچەوانەى گشت شەڕەکان ئەم شەڕە ، شەڕێکى ئەزمونى وتاقیکارى بوو ، لەزۆر رووەوە بۆمان بو بەپەند و ، وانە ، هەڵەو کەموکوڕى و کارە ناشیرن و ناپەسەندەکانى بۆ بەیان کردین و ، کارە جوان و باش و دروستەکانیشى هێندەى دیکە لا شیرین و بەنرخ کردین . بەهەڵەدا ناچم ئەگەر بڵێم گەلێک جار بەهۆى شەڕەوە خۆمان دەناسین و بەشەڕەوە جوانین ، شەڕ ئەبێتە پێوەرى کار و کردەوە و ناسنامەو هەوێنى سەرکەوتن و لێک نزیکبوونەوە و هاوکارى و کۆدەنگى ..
پێم باشە لایەنە باش و خراپەکانى ئەم شەڕە بخەمە روو ، بەئومێدى ئەوەى کە چارەسەرى رەفتار و کارەخراپەکان بکەین وبنبڕیان بکەین ، کار و کردەوە جوان وپڕ بایەخەکانیش زیاتر و زۆرتر برەو پێبدەین .
هەرچى تایبەتە بەکارە خراپ وناخۆشەکان ، بریتى یە لەوەى کە ئێمە تائێستا بەزمانى زبر و بیرگردنەوەو عەقڵیەتى چارەکەسە دەیەک لەوە وپێش موخاتەبەى یەکتر ئەکەین ، حزبەکەى خۆمان پێ لەهەموو حزبێک باشترە ، لامان وایە گەر ئەوان لەگۆڕەپانەکەدا نەبن ، ئەوا هیچ سەرکەوتن و ئەنجامێک بەدەست ناهێنێن ، هەموو سەرکەوتن و سەروەرییەکان ئەکەینە موڵکى حزبەکەمان و ، هەموو نوشوست وگلان و هەرەسەکانیش ئەخەینە ئەستۆى حزبە نەیارەکەى هاوزمان و هاوڕەگەزمان . کە بەداخەوە ئەوە زیاتر و زۆرتر کێشەوگرفت وناکۆکیەکان قوڵدەکاتەوە . کەلێنێکى گەورە دەخاتە نێو ریزەکانمان، دەبێتە خاڵێکى لاواز ونێگەتیف بۆ دوژمنان.
بێجگە لەوانە وبەداخەوە من لەماڵپەر و راگەیاندنەکان ، هێندەى شەڕە جنێو و قسەو تۆمەت و تاوان خستنە پاڵ یەکترم دەبینى ، نیو هێندە ئەو هێرش و فشارەم لەسەر دوژمن و تاوان وکارە چەپەڵەکانى و ،، ناهەقى و زوڵمەکانی نەدەبینى ، کەئەمەش جێگەى نیگەرانیە ، کە بۆ ئەم کات و دۆخە هەستیارە ، بەرلەهەرشت پێویستمان بەیەکێتى ویەک ریزى و هاو هەڵوێستى و یەکهێزییە ، ئەبێت سەرجەم کێشەو ململانێى تەسک و ، بیرکردنەوەى حزبایەتى وەلانێن و ، هەمووى بکەینە قوربانى ویست و بەرژەوەندى گەل و نیشتمان.
بێ بەرنامەیى و نەبوونى دیسپلینى سەربازى و ، پشتگوێ خستنى یاساو رێساى سەربازى ، بەروونى و زەقى دەبینرا ، بەجۆرێک زۆر کەڕەت دەمانبینى سەربازێک لە ئەفسەر و بەرپرسەکەى خۆى بە گەورەتر دەبینى ، لەزۆر دیمانەو دیدار دا خۆیدەبردە پێشەوە ، هیچ حسابێکى بۆ گەورە و بچوکى پلە وپایە دانەدەنا ، بەشێوەیەکى هەرەمەکى ئاخاوتنى دەدا ، کە ئەمەش ماناى بێ نیزامى و نەبوونى پەروەردەى دروستى سەربازییە .
دەمانبیست دەیانگوت : فڵان هێز بۆیە لەو بەرەیە شکا ، لەبەر ئەوەى سەر بە فڵان حزب بوو ، هێزى ئەوان لەو ناوچەیە باڵا دەستن. لەفیسار قۆڵ بۆیە دوژمن راونرا و شکا ، چونکە کاک فڵان سەرپەرشتى و ئیدارەى شەڕەکەى دەکرد.. ئەم هێزەیان بەخۆى و پەڕۆ و ئاڵاى حزبەکەیەو دێتە سەرشاشە و ، دەڵێت ئەو ناوچانە ئێمە رزگارمان کرد ، ئەویتریان دێت پێچەوانەى ئەوان لێدوان دەدات ، کە ئەمەش بەئاشکرا ناکۆکى و ناتەبایى و بێ سەرو بەرى پێشمەرگەو هێزە کوردیەکان دەردەخات.
خۆنومایشکردنى کۆمەڵێک کەس بەجل وبەرگى پاک و قژى موجەفیفە کراو و ، پێڵاوى بریقەدارو ئۆتۆمۆبێلى ئاخرمۆدیل ، بەناوى پەرلەمان و شاندى حکومەت و چى و چى ، بۆ سەردانى پێشمەرگە ، جگەلەوەى کە خەم وخەفەت دەبەخشێتەوە ، مسقاڵە زەڕەیەک ورەى پێشمەرگە بەرزناکاتەوە . رەنگبێت بەم کارەشیان رق و قین دروست بکەن . چونکە مەعقول نى یە ، ئەوان لەوحاڵ وبارە ناخۆشەدابن ، زۆرجار نان وئاویشیان وەک پێویست نى یە ، ئەوانیش وەک پۆزو خۆبادان خۆیانیان بەسەردا بادەن ومەوقیفیان پێدەفرۆشن .. لەوانەش ناخۆشتر کە بەردەوام چەند بارە دەبێتەوە ، نەشارەزایى و نابەڵەدى راگەیاندن و کەناڵە تەلەفزیۆنیەکانە لەرووماڵکردنى هەواڵەکان و ، گواستنەوەى هەواڵە گەرم وگوڕەکان ، کە زۆرجاران بەسوود و قازانجى دوژمن دەشکایەوە ، بە ناڕاستەوخۆ سودیان بەدوژمن دەگەیاند ، وەک ئاشکرا کردنى ژمارەى هێزو جۆرى چەک و شوێن و سەنگەرى پێشمەرگە ، تەنانەت وادەى هێرش و تاکتیکى ئەو شوێنەش باسدەکرا.. لەوانەش سەیرتر هەرکاتێک کامێراى کەناڵێک دەردەکەوت ، یەکەو راست کۆمەڵێک پێشمەرگە لەپشتى کامێراوە دەهاتن و دەچوون ، بەمۆبایل قسەیان دەکرد و خۆیان پیشان دەدا ، کە ئەمەش جگە لەوەى کارێکى جوان نى یە ، شتێکى عەجیبیشە ، چۆن و بەچ هەقێک رێگە دەدرێت پێشمەرگە لەگەرمەى شەڕدا مۆبایلى پێ بێت ؟ کە لەچەندین لاوە زیانى هەیە ، یەکەم / بەهۆى پەیوەندیکردن بەخاو و خێزانیەوە هەست و عەتفى دەجوڵێت و رەنگبێت وەک پێشتر نەتوانێت شەڕ بکات و بەهۆیەوە ورەى دابەزێت ، هەروەها بوونى ئامێرى مۆبایل لەو شوێنانەدا بۆ بارى ئەمنیش باش نى یە ، کێ دەزانێت ئەو کەسەى بەکاریدێنێت ، کەسێکى باشە ، گرنتى چى یە کە لەرێگەى مۆبایلەوە زانیارى موخابەراتى هەستیار نادرێت بەدوژمن . لەوەش زیاتر هەموو دەزانین کە تەکنۆلۆجیاى سەربازى ئەمڕۆ زۆر پێشکەوتوە ، رەنگبێت بەهۆى بوونى مۆبایل و ئامێرێکى پەیوەندیکردنەوە ، بتوانرێت شوێن و پێگەو ، تەنانەت جێگەى بەرپرس و فەرماندە سەربازیەکانیش بدۆزێتەوە. خۆزگە وەزارەتى پێشمەرگە لەکاتى وەهادا مۆبایلى تەواو قەدەغەبکردایە .
خاڵێکى ناشایستەو ناخۆشتریش لاى من ، فرە کوێخایى و لێدوانى فەرماندە سەربازیەکان بوو ، هەر یەکەو بەسودو قازانجى خۆى قسەى دەکرد، کە ئەمەش ناتەواى و تەناقوسى زۆرى لەنێوان وتەى ئەم ئەفسەرو ئەوى تر دروست دەکرد ، بەجۆرێک خەڵک دەکەوتە گومانەوە باوەڕى لاواز دەبوو . راستیەکانى لێ لێڵ و تەماوى دەبوو.
هەرچى تایبەتیشە بەکارە جوان وپیرۆزەکان .
لەپێش هەموویانەوە روبەڕو وەستان پێکهاتنى هێزێکى کوردى سەرتاسەرى ، لەسەرجەم حزب و لایەنە کوردیەکانى تەواوى کوردستانى گەورە ، وەستان لەدژى دوژمن ، کە ئەوەبۆخۆى گەورەترین دەسکەوتى ئەوشەڕە بوو ، من بەیەکەم هەنگاو کارى باشى دەزانم بۆ رێکخستنەوەى ماڵى کورد و سەرخستنى کۆنگرەى نەتەوەیى . هەست کردنمان بە ئارامى ومتمانە ، بەوەى کە ئیدى بێ پشت و پەنا نین و ، لەکاتى روداو و کارەسات و لێقەوماندا کەسانێک هەن خەممان دەخۆن . جوداى ئەوەش ، هاوکارو کۆمەک و بەخشینى میللەت ، لەگەڵ ئەو هەمو قورسى و زەحمەتى و بارگرانى وبێ موچەیەدا ، بەڵام بەگیانێکى بەرزو هەستێکى مرۆڤانەوە بەتەنگ خەڵکیەوە هاتن ، بەبێ جیاوازى کردن لەنێوان کورد و عەرەب و تورکمان و ئێزدى و مەسیحى و کلدان و سوننەو شیعە.
بەدەر لەوەش تاهەنوکە میللەتى کورد لەناخى دڵەوە ئاو و خاکى خۆى خۆشدەوێت ، بەچەشنى سەردەمى شۆڕش و مقاوەمەت ، خۆشى لەخۆمان کە کۆمەڵێکى باش گەنجى ئازاو قارەمانمان هەیە ، کەبەبێ بەرابەر و بەخۆبەخش سەنگەر لەدوژمن دەگرن ، ئەمەش موژدە و نوقڵانەى سەرکەوتن و سەرفرازى گەلەکەمانە . لەسەرو هەموشیانە ، تا ئێستا خۆشەویستى میللەت بۆ پێشمەرگە ، بەچەشنى سەردەمى شاخ وشۆڕش نەگۆڕاوە ، پێشمەرگە هەر هەمان پلەو پایە و رێزو گەورەیى جارانى هەیە ، خەڵک بەسەرو ماڵەوە لەخزمەتیاندایە ، ئەمەش پێگەى جەماوەریى و خۆشەویستى و گەورەیى پێشمەرگە ، زیاتر و زۆرتر لەناخ و دڵى میللەت و خەڵکدا دەچەسپێنێ .
پشتیوان بەخوا و بەهاوکارى هێزى پێشمەرگەو هێزە کوردییەکان ، ئەم بارو دۆخ و نائارامیە تێدەپەڕێنن و ، بەسەربەرزى و سەرفرازى لووتى دوژمنان دەشکێنین و ، ئەو روداو و بەسەرهاتانەش دەکەینە وانەو ئەزمونێک بۆ بەخۆدا چونەوە و سوود وەرگرتن لەهەڵەو کەموکوڕییەکان . تا بەپشتیوانى کوڕانى ئازاو بەجەرگ وجەسور ، وڵاتێکى پڕ لەخێر و فەڕو بەرەکەت بۆ نەوەکانمان فەراهەم بکەین . نەخشەى وڵات بخەینە ناو دڵمان و ، خوێن و رەنجى قوربانیەکانیش بکەینە تاجى سەروەرى .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت