عیماد عەلی : ئەمەیە گوشاوەی کۆی عەقڵی سەرکردایەتی کورد ؟ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێشتر و لەکاتی پێشڕەویەکانی داعشدا ئەم نوسینەم ، بەڵکو ئەم هاوارەم دواخست ، بەڵام ئێستا بارودۆخ هێور بۆتەوە ، سەرەرای ئەوەی لە حاڵەتی شەرداین ، پێویستە بیڵێین ، چونکە لەپاڵ سەرکردایەتی بیر حزبیەکە ، شیکارکاری حزبی و سیاسی وامان بۆ دەرپەریوە کە نەک کاریگەری زۆر خراپیان لەسەر ئەم گەلە ستەمدیدەمان دروست کردوە بەڵکو خەریکە تاکی کورد باوەری بەهیچ نامێنێت .
هەر هەمومان ئاگاداری ورد و درشتی هەڵوێست و لێدوانەکانی سەرکردایەتی کوردین کە تەنها بیری لای ئەوە بوو بەهاتنی داعش قازانج کردووە و ، لە روانگەی ململانێی لەگەڵ بەغدادا تەماشای گۆرانکاریەکانی دەکرد و وەک کاردانەوەیەکی کاتی و بیرکورتی لەوەدا عەقلیەتی چڕکردبووەوە کە شکانی دوژمنم سەرکەوتنی خۆمە و بەس ، بێ ئەوەی بیر لە هەر نەبێ نیوەی ئەگەرەکانی تر بکاتەوە کە بە زەرەر بۆی دەکەوێتەوە ، گوێت لە قسەی وا دەبوو وەک ئەوەی داعش هاتبێت تەنها بۆ کورد ئەم شەرەی کردبێت و بۆ هەتاهەتایە کوردی رزگار کردبێت ، ئەمەش چەند کڵۆڵی ئەم سەرکردایەتیە بیرحزبیە تەسکەی دوور لەستراتیجمان بۆ دەردەخات . مەعقولە ، تۆ لە تاریکی شەودا بیت و وەک ئەوەی لە رۆژی روناکدایت بجوڵێیتەوە ، بە خۆت بڵێیت ئێمە بەر لەشەش مانگ بەغدامان لەم پێشهاتە ئاگادار کردۆتەوە و بۆ خۆت پێشبینی هیچت نەکردبێت و ئەم رۆژەت لەبەرچاو نەبوبێت .
با ئەوە لەولاوە بچێت و ئەو رەفتارانە لە بیرکەین ، کە شەرهات و بەردەرگای گرتین ، پێویستیە هەرە سەرەکیەکان بۆ ئێمەی کورد ؛ روحی مەعنەوی و ورەیە پێش هەر توانایەکی تر ، ئەوەشمان بینی کە چۆن ململانێی حزبی تەنانەت لە کردەوە عەسکەریەکانیشیاندا زاڵبو ، هەر لایەک شانازی سەرکەوتنی بۆ خۆی دەگیرَایەوە ، شەرە پەرۆی واتدەبینی ، وەک ئەوەی لە پروپاگەندەی هەڵبژاردندا بین ، بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە خەڵک هەموو ئاگادارە ئەگەر ئەوهەڵوێست و لێدانەی ئەمریکا و هاتنی یەپەگە و پەکەکە نەبوایە ، مەگەر هەر خوا بە خۆی بیزانیایە کە ئێستا حاڵمان چۆن بوو و لە کوێدا دەبوین .
لەهەموی زۆر خەتەرناکتر بێ بەرپرسیارێتی راگەیاندنەکان ( بە حزبی و ئەهلیەوە ) و نەزانینی پێویستیەکانی شەر و چونێتی مامەڵەکردن لەگەڵ روداوەکان و خۆ قایم کردن و قازانج نەکردنی دوژمن لە زانیارەکاندا بوو ، بۆیە حەقمانە بپرسین تاکەی ئەم پاشاگەردانی و پەرشوبڵاویەی بیری سەرکردایەتی کورد کە بەقەد چارەکێک بیرو باوەر و دڵسۆزی و ورەی خەڵکی تێدا نەبێت ، بۆچی گوشاوەی کۆی عەقڵی سەرکردایەتی کورد تەنها لە بازنەی قازانجە حزبی و شەخسیەکان بچۆرێت و قەتیس بێت ، تا ئێستا پێشمەرگەی حزبیمان هەبێت نەک نیشتمانی و نەتەوەیی، بۆچی لە کاتی زۆر هەستیاردا ، کاریگەری سەلبیتان لەسەر یەکگرتوویی و یەک هەڵوێستی و هاوکاری و پێشرەوایەتی خەڵکی کوردستان هەبێت . ئەمەیە بەرهەمی گوشاوەی کۆی عەقڵیەت و بیرکردنەوەتان دەک …….. .
ئێمە لەم کاتەدا ئەم واقع و گلەیی و رەخنانە دەخینە روو، بۆ ئەوەی لەبەری نەماوە زیاتر لەسەر ئەم وەزع و بارودۆخە برۆین و هەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن کە داعش تا ماوەیەکی تر جێگەی خۆی توند دەکات و لە جموجوڵ ناکەوێت ، بۆیە ئەمرۆ پێش سبەینێ پێویستە خەمی خۆمان بخۆین و پاڵپشتی ئەم یەکگرتوویەی روحی نەتەوایەتی کورد بکەین و لە هەر درزێک بیپارێزین . بۆیە ئەرکی هەموانە کە رێوشوێنی پێویست لەم بارەوە زووتر بگیرێتە بەر کە لە ئامادەکاریە سەربازیەکان گرنگتر و کاریگەرترە بۆ سەرکەوتن لەم شەرە هەمەلایەنەدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت