عەبدوڵا مەحمود : فرسەتە !!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەدوای داگیرکردنی شاری موسڵ ، لەلایەن گروپی ئیسلامی داعش و دەستەو تاقمەکانی سەر بە ناسیونالیزمی عەرەبدا ، وە لەئاکامی بەزینی چاوەروانکراوی سوپای فشۆڵ و گەندەڵی میلیشیایی مالکیدا . بەسەدان هەزار ئینسانی بێتاوان ، لە گەورەو بچوک ، ژن و مناڵ ، لاو و پیرو پەکەوتە و نەخۆش ، بەناچاری و بۆ دەربازبوون لەدۆزەخی دەستی ئیسلام ئاوارە بوون . وە بەهەزاران ئینسان سەربڕدران و کوژران ، سەدان ژن بەکەنیزەک گیران و ئیغتیسابی ئیسلامی کران و فرۆشران . رەشترین دەستی رەشی تیرۆریست و ئیسلامی ، تروسکایی و هەموو روناکیەکی، قەترانی دەکرد . لەناو جەرگەی ئەم مەرگەساتە ئینسانیەدا ، هاواری فرسەتە ، بوو بە هاواری زۆرێک لەسەرکردە سیاسیەکانی کورد، بوو بەدەربرینی زۆرێک لە نووسەران و مانشێتی میدیاو تۆری کۆمەڵاتیەکان و ماس میدیاکانیان … بانگەشەی سەربەخۆیی ، چرینی ئاوازی سەرکەوتنی کورد… بوونە بانگەشەیەکی هەزار سەرە .

پاش کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی سوپای داوەشاوی حکومەت و حزبەکەی مالیکی ، لەترسی هیرشی چەتەکانی ئیسلام ، چۆڵیان کردبوو، لەلایەن میلیشیایی یەکێتی و پارتیەوە ، نەعرەتەو تای نەتەوەپەرستی و دەمارگیری کوێرانەی قەومی بووە شایی و لۆغانی بێسنور .

ئەم ریزە فراوانە لە میدیاو نووسەر و سیاسی، هەمەرەنگ … لەسەر لاشەی هەزاران ئینسانی لەخوێن هەڵکێشراوی عەرەب و کوردو مەسیحی و ئیزدیدا …، لەناو بیستنی ئاه و ناڵەی سەدان هەزار ئینسانی بیخانەو لانەکراوی بێتاوانی ئاوارەدا، خۆشحاڵی خۆیان بەسەرکەوتنی داعش ، دەردەبڕی … خۆشحاڵ بوون و سەمای سەرکەوتنی کورد و فرسەتی سەربەخۆیان دەگێرا ، بانگەوازی ئاهەنگ و وەرێخستنی کەرنەفاڵیان ، دەدا بە گوێچکەی کۆمەڵگادا . بارزانی راشکاوانە غروری بزواوی راگەیاند و مژدەی سەربەخۆیی، دا ، گروپی راسیستی قوتبونەوە، بۆ دەرکردنی ئاوارە عەرەب زمانەکان .

 کاتێکیش ، هێزی خوداو قورعان ” داعش ” ئەمجارە ناوچە کوردستانیەکانی کردە نیشانەو قەزای شەنگال و ئاواییەکانی دەوروبەریان داگیر کرد، هێزی میلیشیایی حزبی و گەندەڵەکەی بارزانی و هاوپەیمانەکانی ، هاوشێوەی هێزە میلیشیایەکانی مالیکی ، رایانکرد … لەکاتێکدا کە بارزانی و بەرپرسانی کورد ، لۆمەی مالیکیان دەکرد ، کە گوێی بە هوشداری و ئاگادارکردنەوەی خەتەری سەر موسڵ نەداوە ، کەچی خۆیان کە زۆر پێشتر زانیاریان لەسەر داعش هەبووە ، بەدەیان هەزار ئینسانیان ، بەدەستی بەستراوەوە ، بۆ جانەوەرانی ئیسلامی داعش، جێهێشت …

فەرماندە سەربازییەکانی میحوەری شەنگال و مەخمور ، بەرپرسە حزبیەکانیان ، ئەم راکردنەیان ، ناو نا پاشەکشە … چ درۆیەکی ئاشکرایە! ئاخر ئەگەر ئەمە پاشەکشە بوایە ، خۆ دەبوو خەڵکی ناوچەکە ئاگادار بکەنەوە تا خۆیان رزگار بکەن و لەدۆزەخی ئیسلامیانەی داعش دوور بکەونەوە … ئاخر ئەگەر هەموو خەڵکی ناوچەکە ئاوارە بوایە باشتر بوو لە چاو جینۆسایدی ئاشکرا ، لەسەربرێن و ئیغتیسابکردن … چ تاوانێک بە ئاشکرا دەرحەق بە خەڵکی شەنگال وناوچەکە ئەنجامدرا … ئینسان نەک ناتوانێت دیمەنە جەرگبڕەکانی ببینێت ، بەڵکە بیستنی هەواڵەکانیشی سەختە …

هەر ئەم نووسەر و سیاسیە کورتبین و بازرگانانی سیاسیە ، ئەو میدیاو رۆژنامە زەردانە ، دوای ئەم کارەساتە ، شەرمنۆکانە وازیان لەدەربرینی وشە و دەستەواژەی” فرسەتە”” سەربەخۆی” هێنا … ئێستا ئەمجارەیان ، خەریکن کارەساتی شەنگال ، وەکو کارەساتی ئەنفال و ئاوارەیی و کیمیابارانی هەڵەبجە ، دەکەنە سەرمایە و سواڵی سیاسی بۆ ئامانجی کۆنەپەرستانەیان … خەڵکی ئینسان دۆست و ئازادیخواز ، نابێ رێگەبدەن ئەم جەنابانی سیاسی و حزبە کریگرتەو خۆشخزمەتچیانە ، ئەم نووسەرە بە نرخی رۆژ نان خۆر و مۆڵەتپێدراوانە ، ئەو میدیا ژەهر رژێنانە ، کایە بە قوربانیانی ئەم روداوانە بکەن و ئەم کارەساتانە بکەنە دەستمایەی سات و سەوادی سیاسی و کایەی راگەیاندن … دەبێ تۆمەتبارانی ئەم تاوانکارییە لەهەر ئاست و پلەوپایەکدا بن ، سزای تاوانەکانیان لە دادگای جەماوەریدا لێبکرێتەوە …       

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت