یوسف خەلیل : تنۆكێ لە خەونی كەرت .

لەگەڵ چەپكێك هێرشی هەناسەی هەورو .. وەیشوومەی بەفرو زووقم و … دووا نسكۆی غوربەتدا … یا زریانی شكست و … باڕێژەی خوێن و دووا شكانی ماچەكانی هێرش … بەچۆكی خوود دا…!

دیدەكان هەموو نامۆو .. وێڵ ببوون .. لەدووی ئاوازو .. چریكەی خۆرو مەشخەڵی یەك بوونی هەناسە بۆ هیواو .. پەی بردن بە ئاسۆ بۆ شەیدا…!

گەرچی بزاڤە .. لەپێناو پیاسەی ئێوارانی پاسارییەكی … سلێمانی پەمەیی … لەنێوو .. ئامێزی ساتێكی میهری ئەویین … ئێدی وەنەوزە چڕاوەكان سەرخەوێكی پڕ شەوچەرە .. لەژێر ساباتێكی هەنگویینی زەردەپەڕی دەم كەل .. دەنۆشن و چریكەی سیمای نەوڕەسی كەنار .. كاندێشە … دەروێشییەكان دێننە سەما … ئەمە پەرەگراف و خەونی شەیدایەكی تاساو نیە … بەڵكو هەناوو هەناسەی كۆترێكە كە ئێشكگر بێ … بۆ بەرجەستەكردنی شەونمی پەڕەكانی …

دەبێ هەڵاڵەكانی دڵ .. چ خۆزگەیێ … بۆ سپێدەی پێش زەردەپەڕ بخوازن .؟! لەپۆشاكی سەدەیەكی پڕ شەمشەمەكوێرەو … قەل و قازو .. پانۆرامای .. ڕێپۆرتاژێكی .. ئەبەدی كووندەپەپوویەكی سەرشێت !!

( دەریاش … لەخامۆشی كەوت !!) 

بۆ ئەوەی قەهرو خۆڵەمێشی تووكنەكان .. بەرەو نشێووی مێژینەی ئەم بیستە نەگریسەی سەردەم ببات … بەڵكو ئەو نمایندەیەی .. چەرخێكە چاوەڕێین .. میوانداری كەیین و خەرمانەی شەیدایەكی ئاسۆی پێ ئاشنا كەیین … ئێدی ئەویش .. بێ ڕەحم نەبێ و چەند خورپە … هەناسەیەكی ئازادمان بۆ بدزێ و … پێ ببەخشێت …!

هەموو پەیوەست دەبین .. بەپەراوەی نمایشێكی نوێوە .. كە لەسەر زامەكانی ئەم دەڤەرە..بیمارەكان ساڕێژكەیین …. بۆ دووا هەگبەش بێ … پەیڤێكی بێ سانسۆر … پەیڕەو كەیین … بۆ ئەوەی خەرمانەی .. مێژووی بەر لەمڕۆ .. بۆ گەردوون و مرۆی ئەمڕۆ .. درۆ زنجیرەییەكان .. یەكاڵا كەیین … ئێدی لەبنچینەو هزرێكی لەبیرۆكە خەنیوو .. كەسییەتی ژییكەڵە .. پەیوەست ڕێك دروست كەیین و ….

بە ئاسمان بڵێین … هەیین