Mecid-Salih

مەجید ساڵح : کێ جەلەولای بەو دەردە برد ؟ .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێش دەستپێکردنی پرۆسەی داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رۆژنامەنوسەکانی خۆی بەسەر میحوەرەکانی جەنگدا دابەش کرد . بەندە بوم بە بەرپرسی راگەیاندنی میحوەری جەلەولا سەعدیە کە ئەو کات بەرێز ئاسۆ ئەڵمانی بەرپرسی مەڵبەندی ١١ گەرمیان سەرپەرشتی دەکرد .
رۆژی ١٠ نیسانی ئەو ساڵە یەکەم راپۆرتی رۆژنامەوانیم لە گەڵ رۆژنامەنوس گۆرانی عەلی کەریم لە سەر چیای حەمرینەوە ناردەوە بۆ سلێمانی، پێشمەرگەو خەڵکی ناوچەکە بە بێ ئەوەی زیانی گیانیان پێ بگەیەنن دەستیان کرد بە درکردنی عەرەبە هاوردەکان. پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچوو، عەرەبەکان تەسلیمی ئەمری واقع ببون و بارگەو بنەیان دەپێچایەوە و کۆچیان دەکرد .
لە خانەقینیش کە کاک مەلا بەختیار سەرپەرشتی دەکرد، هەمان پرۆسە دەستی پێکردبوو، بەڵام لەبەر داغ لەدڵی خەڵکەکەو پێشمەرگە لەوێ توندو تیژی و هەڕەشەو گوڕەشەی زۆری تێدابوو .
زۆرێک لەو عەرەبانەی کە ساڵانێک بوو لەوێ بوون نەیاندەزانی بۆ کوێ بچن، بە تایبەتی عەشیرەتی ( کرووی) کە دوای دروستکردنی بەنداوی حەمرین ناوچەکانیان کەوتبوە ژێر ئاوەوە و رژێمی بەعس لە خانەقین و جەلەولا و قۆرەتوو و مەیدان قەربوی کردبونەوە ئەو ماڵ و زەوی و زارانەی کوردی پێدابوون کە لە دوای ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ لە کورد سەندرابوون . کێشەی ئەوانە تا دەهات زیاتر دەبوو، هەموو ئەوانە دەهاتن لە جەلەولا کۆ دەبونەوە . هەربویە کاک ئاسۆ ئەڵمانی بڕیاریدا بە زۆر دەرکرێن و بکرێن بەودیوی حمەریندا .
بەڵام لە پڕ مام جەلال هات و مودیریەتی ناحیە جەلەولای کرد بە بارەگای خۆی ، خەڵک و پێشمەرگە پەیتا پەیتا سەردانیان دەکرد، ئەو بەنیاز بوو لەو رێگەیەوە بڕوات بۆ بەغدا .
هەڤاڵێکی دێرینی مام جەلال هات (لە بەر هەندێ هۆ جارێ ناوەکەی ناڵێم) و سەرجەم سەرۆک عەشیرەتە عەرەبەکان بە سەرۆکی عەشیرەتی کروویشەوە هێنا بۆ لای مام و کێشەکەی بۆ باس کرد، گوایە ئەمانە نازانن بۆ کوێ بچن ، بەڵام لە جیاتی ئەوەی باسی ئەوەیان بۆ بکات کە ئەم عەرەبانە عەرەبی تەعریبن ، کەوتە پێا هەڵدانیان و باس کردنی شەهامەت و هاوکاری کردنیان بۆ شۆڕش و پێشمەرگە . ئەو قسانە نەک هەر راست نەبوون ، بەڵکو پێچەوانە بوون ، چونکە لە دوای ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ ئەو عەشیرەتە نەک هەر ماڵو موڵکی کوردیان بە تاڵان برد ، بەڵکو سەرجەم کوڕەکانیان بون بە ئەفسەری دەزگا سیخوریەکانی بەعس و حەرەس جمهوری و رۆڵی زۆر خراپیان گیڕا لە تەعریب کردنی خانەقین و جەلاولا و سەعدیە . چەند کەسێک ویستان راستیەکە لە مام تێگەیەنن، بەڵام لەبەر سیقەی لە رادەبەدەری مام جەلال بەو کابرایە ، بڕیاریدا کە ئەو عەشیرەتە دەرنەکرێن و جێگەیان بکرێتەوە .
ئەوەبوو لە دوای ئەو بڕیارەوە هەموو کرووی و عەرەبە دەرکراوەکانی دیکەی خانەقین هاتن و لە جەلەولا نیشتەجێ بوون، باری دیموگرافی شارەکە کە لە ئەسادا لە بەرژەوەندی عەرەب تێکجوو بوو؛ هێندەی دیکە تێک چوو، کورد لەو شارە بوو بە کەمینەی کەمینە . چەند جارێک ئەم مەسەلەیەم لە گەڵ مەلا بەختیار باس کرد، دواجار بە توڕەیەوە وتی “من خانەقینیم ، شارەکەی خۆمم پاک کردوەتەوە ، دەبا مەسئولێکی جەلەولایش بچێت ئەو شارە لە عەرەب پاک کاتەوە “.
لەو کاتەوە بەولاوە بە دەیان وتارو راپۆرتم لە سەر مەترسیەکانی تەعریبی جەلەولا لە گۆڤارو رۆژنامەکاندا بڵاو کردوەتەوە ، بەڵام کەس نەبوو گوێ لە قسەمان بگرێت و رۆژ گەیشتە ئەم رۆژە کە چەندین کەڵە پیاوی کورد بۆ رزگاری ئەو شارە برێتە قوربانی .

سەرچاوە – شارپرێس

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت