Newt

عەبدوڵا مەحمود : گران کردنی بەنزین و پاساوی بێ بنەما .

لەگەڵ ئەو گرانییە سەرسوڕهێنەرەی بازاردا. لەگەڵ کردنی بازارەکانی کوردستان بە شوێنی ساغکردنەوەی خراپترین شمەکی وڵاتانی دنیاو ناوچەکە. لەگەڵ بێکاریی و راگرتنی دەیان هەزار لاوی دەرچوی زانکۆ و پەیمانگاکان و ئۆردویەک ئینسانی ئامادە بەکار، بۆ دەستکەوتنی کار. لەگەڵ کەمی کرێی کرێکاران و کارمەنداندا … وە لەدوای داباراندنی هەزاران بەڵین لە هەڵبژاردنەکاندا، بۆ باشکردنی بژێوی هاوڵاتیان و بردنە سەری کرێ و زیادکردنی خزمەتگوزاریەکاندا … تاد ، وە دوای بەڵێنی جێگری سەرۆکی پارتی نێچیر بارزانی و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ، بەوەی لەداهاتی نەوت هەر خێزانەی بری ٥٠٠ دۆلاری بەکاشی پێدەدرێت … نرخی بەنزین بۆ هەر لیترێک بەرزکرایەوە بۆ ٩٠٠ دینار.

پاساوی بەرپرسان بۆ بردنەسەری نرخی بەنزین ، ئەوەیە کە حکومەتی هەریم!! لە جەنگدایە لەگەڵ داعش ، بەغدا بوجە نانێرێت، ژمارەیەکی زۆری ئاوارە لە کوردستان جێگێر بوون …

سەیرە ، ئەم حزب و هێزانە بەتایبەتیش پارتی ، کە بەشدارە لە گەورەترین کارەساتدا کە بەهۆی سات و سەداو لە پلانی مەرگ چیندا ، خەڵکی شەنگالی بەدەستی بەستراوەوە ، رادەستی جەلادانی داعش کرد . تەنانەت ئامادەنەبوو خەڵکی لە راکردنی چەکدارانی خۆیان ئاگادار بکەن ، تا خەڵکی رێگای دەربازبوون و ئاوارەیی هەڵبژێرن و دەستی جینۆسایدکردن پێیان نەگات . پارتی بەم کردەوەیەی کارەساتی هەڵەبجەی لە شەنگال ، دوبارە کردەوە … کەچی دەیانەوێ بەرزبونەوەی نرخی بەنزین، بەجەنگ لەدژی داعش ، پاساو بدەن. کام جەنگ؟ ئەو جەنگەی خەڵکی بەدەستی بەستراوەوە رادەستی داعش کرد .

بەغدا بودجە نانێرێت ، ئەم حزبانەی هاواری نەناردنی بودجە دەکەن لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانیان! لە بەغدا ، کەچی بۆ ساتێک چییە خەونی بەشداری لەو حکومەتە، جێناهێڵن و ئامادەن و بەهەر نرخێک بووە ، بۆ بەشی سیاسی و بودجە ، دەستلەملانێی هێزو حزبەکانی هاوشێوەی خۆیان بن لەبەغدا و بۆ ئەم سات و سەودایەشیان فەزڵ فرۆشی بەسەر خەڵکی کوردستاندا ، دەکەن . بردنە سەری نرخی بەنزینیش ، دەگێرنەوە بۆ مامەڵەی ناتەندروستی دۆستەکانیان !! لە بەغدا.

باسی ئاوارەکان دەکەن … لە کاتێکدا بەهۆی کارەساتی شەنگالەوە، پارتی و دۆستەکانی لە حکومەتی!! بنکە فراوندا!! جارێکی تر کرنۆشی بەردەم وڵاتانی دنیا بوون. بە کەڵک وەرگرتن لەم کارەساتەی کەخۆیان لایەنێکی سەرەکی خوڵقاندنی بوون، نەک هەر توانیان یەکەمین خێری بە جینۆسایدکردنی هەزاران ئینسان بەدەست بهێنن، لە کۆمەکی سەربازی و جبەخانەی چەکەوە، بەڵکو توانیان کۆمەکی تری رێکخراوە ئینساندۆستەکانی وەکو “یوئێن UN” لە ژێر ناوی کۆمەک بە ئاوارەکاندا، زامن بکەن و جگە لەوەش خەڵکی کوردستان زۆرێک لە رێکخراوەکانی کەوتنە خۆ بۆ کۆمەککردنی ئاوارەکان. لە نێوەدا کەمترین کۆمەک کە بەئاوارەکان کرابێت…حکومەت بووە!!، کەچی ئەمەش دەکەنە پاساوی گران کردنی بەنزین و دەست خستنە بینەقاقای هاوڵاتیان .  

باسی خەرجی زۆر پێشمەرگە دەکەن و کەچی بە پێی دوایین زانیاری کە رێبوار کەریم وەلی لەدواین وتاری هەفتانەی خۆیدا، ئاماژەی پێدەکات، دەڵێت” ژمارە و پێكهاتەی هێزی پێشمەرگەی (ناتوانم بڵێم كوردستان) پارتی و یەكێتییە كە بە ژمارەی مووچەخۆر 429 هەزار كەسە، واتا شتێك لە ئۆردووی ئەمریكا كەمتر! بەڵام بە ژمارەی ناو سەنگەر نزیكەی 150 هەزارە، خۆ ئەگەر نیوەی ئەو ژمارەیەش (كە ئەویش نازانرێ چۆن و لەسەر چ بنەمایەك خانەنشین كراون)  توانای شەڕیان نەبێ، هێشتا هێندەی دیكە زیادە و بندیوار مەحسووبن “

ئەمەش بەڵگەیەکی ئاشکرایە، کە خودی هێزی پێشمەرگە، سەرچاوەیەکی گەورەی دزی و تاڵانی و گەندەڵییە بۆ حزب، نەک هۆکارێک بۆ دۆخی خراپی دارایی حکومەت!!. ئاخر خۆ ئەگەر موچەی وەهمی و ئەو ژمارە زۆرەی موچەی مفت وەردەگرن ، ببڕن … ئەوا دەریایەک لە بودجە دەگەڕێتەوە کە ئەوەندەو نیوی موچەی پێشمەرگەیە !!

خۆ ئەگەر وای دابنێین، کە سەرباری ئەم فاکتانە، دۆخی ئابوری کوردستان خراپەو حکومەت توشی گرفتە بەهۆی روداوەکانی ئەم دوایەوە … ئەوا دەبی بپرسین، بۆچی لە سفرەی خاڵی خەڵکی کرێکارو کارمەندو دەستەنگی کوردستانەوە دەست پێدەکەن؟ بۆ باری ژیان و گوزەرانی ئەوان قورستر دەکەن؟ بۆ تەنها بۆ جارێکیش چییە، ئاورێک لە لەشکرێک خانەنشینی ساختە بە موچەی خەیاڵی نادەنەوە و پارەکەیان نابڕن؟ بۆ بیر لەبڕینی بوجەی خەیاڵی حزبەکان، ناکەنەوە کە بەشێکیان داعشی نوستوون؟ بۆچی سنورێک بۆ ئەو لێشاوە لە پارە تەخشان و پەخشان کردن بۆ میدیای هەزار سەر و لەشکرێک لە نوسەر و خزمەتکار، دانانێن؟ بۆچی دەست نابەن بۆ سامانی خەیاڵی بەرپرسە حزبی و حکومیەکان، پارە مۆڵەکانیان، کە لە بنەرەتدا، داهاتی دزراوی خەڵکی کوردستانە؟ بۆچی بیرێک لەکەم کردنەوەی موچەی بەرپرسە حکومیەکان لەحکومەت و پەرلەمان وەزیرو گریزەکانیان، ناکەنەوە کە جیاوازیەکەی لەگەڵ موچەی کریکاران و کارمەنداندا، خەیاڵی و هاوکات دزییەکی ئاشکرایی بەیاساکراوە؟ بۆچی رێگا لەو هەموو دزییە ئاشکرایەی نەوت بە قاچاغبردنە ناگرن؟ ئاخر برین و سنوردانان بۆ ئەم لەشکرە تاڵانچیە و بەستنی هەموو ئەو ڕیگایانە لە دزانی حزب و حکومەت!، نەک دەتوانێ، نرخی بەنزین زۆر هەرزان بکات، بەڵکە دەتوانێ دۆخی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و کارمەندان و ئوردی کەم دەرامەتی کوردستان ، تارادەیەکی زۆر باش بکات .

ئەوەی کەرێگرە لەوەی حکومەت!! و حزبەکانی بەشدار لە حکومەتی بنکەفراوانی نیشتیمانیدا!!، ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان بۆیان کیشە، نەبێت. شکاندنەوەی هەموو دۆخێکی نەخوازراوە بۆسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكی هەژارو کەم دەرامەت ئامانج بێت. جیاوازی بەرژەوەندیەکانی ئەم حزبانەیە ، لەگەڵ خواست و ویست و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستاندا. بۆیە ململانیی خەلکی کرێکارو کەم دەرامەتی کوردستان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە تاڵانچی و چاوچنۆکە ، ململانێیەکی حاشاهەڵنەگر و رەوایە…. دیکتاتۆریەتی بازار ، کە بە بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین ، هەوسار پچراو تر بوو بۆ گیانی خەڵکی نەدار ، بەشێکی دانەبراوە لە سیستەمێکی سیاسی، زاڵم و چاوچنۆک ، کە پێویستە لەلایەن خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ئازادیخوازانی کوردستانەوە ، وەڵامی کارسازی پێ بدرێتەوە. وەستانەوەی لێبراو بەدژی ئەم بڕیارە نارەوایەی حکومەتدا !! پێویستی بە هاتنە مەیدانی سەراسەری خەڵکی کوردستان هەیە ، پێویستی بە یەکگرتووبوون و رێکخراوبوون هەیە، پێویستی بە کۆبونەوەیە لە ئۆرگانەکانی هێزگردا، پێویستی بەوەیە هەموو خۆشباوەریەک بەم حزبە بۆرژوازیانە برەوێنەوەو فریوی بانگەشەو سیاسەتەکانیان نەخۆن و لە ریزێکی سەربەخۆدا، ئەم حکومەتە بۆ داخوازیەکانی خۆیان ، بەچۆکدا بخەن .