رەحمان پیرۆتی : تێرۆریسمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تێرۆریسم  ، “بەکارهێنانی بەرنامە بۆداڕێژراوی تووندوتیژی  ، یان هەڕەشەی بەکارهێنانی تووندوتیژی­ وەکوو کەرەستەیەکی مەشروع بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجی سیاسی  ، مەزهەبی  ، ئیدئۆلۆژیک و هتد .  لە رێگای بڵاوکردنەوەی ترس و بە پێشێل­کردنی هەموو نۆرم و پرەنسیپە یاسایی و ئەخلاقی­یەکانە ” . ئەوە دەکرێ تاریفێکی مەنتقی­ بێ  ، بەڵام بەو هۆیە کە چەمکی تێرۆریسم  ، بەستراوەتەوە بە چۆنیەتی لێڕوانین و گۆشەنیگای لایەنە نەیارەکان و شێوازی دەستەبەرکرانی ئامانجەکان  ، تا ئێستا پێناسەیەکی گشتگیر بۆ تێرۆریسم بوونی نییە و زۆر جار لەگەڵ تاریفی “تووندوتیژی سیاسی”  و “تاوانی سیاسی” تێکەڵ بووە .

تێرۆریسم شێوازی جۆراوجۆر و مەیدانێکی مەفهومی رەهای هەیە  ، بەڵام بە حوکمی ئەوەی کە دەوڵەتەکان خاوەن دەسەڵات و سەرچاوەی ماڵی  ، هێزی سەربازی رێکخراو  ، پشتیوانی دیپڵۆماتیک و دەزگای میدیا و راگەیاندنی کاریگەرن  ، “تیرۆریسمی دەوڵەتی” بە سەرەکی­ترین و مەترسیدارترین شێوازی تیرۆریسم دادەنرێ .  تیرۆریسمی دەوڵەتی ، واتا کەڵک­وەرگرتنی دەوڵەت لە ستراتێژی­یەکی تایبەت بۆ بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی و ترس و تۆقاندن بە مەبەستی بەرەوپێش­بردن و ئاڕاستەکردنی ئەو سیاسەتانەی کە بە شێوە یاسایی و ئاسایی تێیاندا سەرکەوتوو نەبووە .

ستراتێژی تیرۆریسمی دەوڵەتی  ، بە گوێڕەی بۆچوونەکانی “ویلیام دی پێردیۆ”  ، نووسەر و بیرمەندی سیاسی  ، بە گشتی دەرەنجامی ئەو شێوە کردەوانەی ژێرەوەیە :

1 / چالاکی­یە سیاسی­یەکانی یەک دەوڵەت بەرامبەر بە خەڵکەکەی لە رێگەی بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی و ترس ، کە بۆی هەیە بە شێوەی کۆنترۆڵی راگەیاندنەکان و رۆژنامە و مێدیاکان ، ئەشکەنجە و ئازار  ، دادگایی کردنی نادادپەروەرانە  ، مهەندیسی کردنی خۆپێشانان و رێپێوانەکان  ، و لەسێدارەدانی خێرا و بەپەلە و بەربڵاو ئەنجام بدرێن .

2 / هێرشی چەکداری هێزی نیزامی یەک دەوڵەت بۆ سەر ئامانجەکانی دەوڵەتێکی دیکە کە لەو ناوەدا ژیان و گیانی خەڵکی مەدەنی بکەویتە مەترسیەوە .

3 / حەولدان بۆ لەناوبردن و حەزف کردنی بەرپرسان و دیپڵۆماتکارانی وڵاتانی دیکە ؛ واتا سازماندانی شاخە و جوخەی تیرۆر لە سەرتاسەری وڵاتانی جیهان .

4 / داگیرکردنی نیزامی یەک وڵات ، چ بە شێوەی راستەوخۆ و چ لە رێگەی دامەزراندنی پێگەی عەمەلیاتی .

5 / چالاکی نهێنی و شاراوەی یەک دەوڵەت بۆ لەسەر کار راگرتن یا لەدەسەڵات خستنی دەوڵەتێکی دیکە .

6 / بەکارهێنانی دەستوپێوەندەکان و گروپە نیزامی­یەکان لە وڵاتانی دیکە ، بۆ لە دەسەڵات خستنی حکومەتی ئەو وڵاتانە و دواتر کۆنترۆڵکردن و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات .

7 / پشتیوانی و پشتگیری لەو دەوڵەتانەی کە مافی بڕیاردانی خەڵک رەد دەکەنەوە و سەرەڕۆیانە و لەرێگەی قۆڕخکردنی دەسەڵات و دامەزراندنی دیکتاتۆڕی حوکمی وڵات دەکەن .

8 / فرۆشتن نایاسایی و راگواستنی چەکوچۆڵ و تەسلیحات بۆ بڵاوکردنەوەی شەڕە ناوچەیی و هەرێمییەکان ، و تێکدانی حەولە ئاشتیخوازەکان بۆ گەیشتن بە رێگاچارەیەکی سیاسی و کۆتایی هێنان بە کێشەکە .

9 / پەرەپێدان یان ئەنجامدانی تاقیکاری ئەتۆمی ، کە لەوانەیە کوشتاری بەکۆمەڵ و رەشەکوژی و تێکچوونی ژینگەی لێدەکەوێتەوە .

ئەگەر بۆچوونەکانی پێردیۆ بە پێوەری هەڵسەنگاندنی تیرۆریسمی دەوڵەتی دابنەین  ، بەشێک لە زلهێزەکانی جیهان و دەسەڵاتە ناوچەیی و هەرێمی­یەکان دەکەونە ناو لیستی وڵاتانی تیرۆریستی­یەوە . یەکێک لەو وڵاتانەی کە بەردەوام پێگەی شیاوی خۆی لە ریزی وڵاتانی تیرۆریستی و پشتیوانانی تیرۆر لە سەرتاسەری جیهان پاراستووە ، کۆماری ئیسلامی ئێرانە . سیاسەتی ورد و کەلانی کۆماری ئیسلامی وەکوو حکومەتێکی دیکتاتۆڕی ئیدئۆلۆژیک ، داخراو و زێدەخواز هەم لە ئاستی ناوخۆیی و هەم لە ئاستی دەرەوە  ، بە پێوەرەکانی پێردیۆ  ، خاوەن کارنامەیەکی دەوڵەمەند لە تێرۆریسمی دەوڵەتی­یە .

لە ناوخۆی وڵات  ، کۆماری ئیسلامی بە پێداگری لەسەر بیری رادیکاڵیسمی مەزهەبی و سەپاندنی سیستمێکی حکومەتی پاشکەوتوو  ، بە کەڵک­وەرگرتن لە تیرۆر و هەڕەشە و بۆمبارانی تەبلیغاتی  ، و بەو شێوە لە مەیدان بەدەرکردنی لایەن و حیزبە سیاسی­یەکان و قۆڕخ کردنی دەسەڵات و بڵاوکردنەوەی ترس و نیگەرانی بناغەکانی حکومەتی خۆی پتەو کرد کە لە ئاکامدا بە رەشەکوژی و کۆمەڵ­کوژی­یەکانی شار و گوندەکانی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی وەکوو تەورێز و تورکمەن سەحراو و ئەهواز گەیشت کە تێیدا بە هەزاران کەس بوونە قوربانی ماشێنی تیرۆر و کوشتاری کۆماری ئیسلامی . رەوتێک کە لە چوار دەیەی تەمەنیدا درێژەی هەبووە : لە دەیەی یەکەم ؛ بە شەڕفرۆشی ناوخۆیی و دەرەکی  ، کوشتاری بە کۆمەڵی بەندکراوانی سیاسی  ، و رێکخستن و سازماندەیی کردنی گروپی خۆسەر و رێکخراوی سەرکوتکەری هاوتەریبی وەزارەتی ئیتلاعات ؛ بە مەبەستی هەڕەشەلێکردن لە نەیاران و رەخنەگران  ، رفاندن و ئەشکەنجەکردنی سیاسەتمەداران و رووناکبیران  ، هێرش کردنە سەر راگەیەندنەکان و رۆژنامەکان . لە دەیەی دووەم  ، بە دڕێژەپێدان بە میلیتایزەکردنی کوردستان  ، رەشەکوژی زەنجیرەیی و کوشتاری دەیان چالاکی سیاسی و نووسەر و رەخنەگری حکومەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات  ، و سەرکوتی بێرەحمانە و دڕندانەی نارەزایەتیە ناوخۆیی­یەکانی ئێران بۆ نمونە سەرکوتی بزوتنەوەی خوێندکاری لە ١٨ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٨ . دەیەی سێیەمی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بە بەرپەرچدانەوەی تووندوتیژانەی بزووتنەوەی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٣٨٤  ، یان سەرکوتی بەبڵاوی ناڕەزایەتیەکانی پاش داسەپاندنەوەی ئەحمەدی نژاد و مهەندیسی هەڵبژاردنەکان لە ساڵی ١٣٨٨  ، رەوتی کپ­کردنی دەنگی نارەزایەتی و یەکڕەنگ و یەکدەست کردنی سیاسی وڵات  ، درێژەی کێشا . لە دەیەی چوارەم ، بە هێرش کردنی بەردەوام بۆ سەر باڵوێزخانەی وڵاتان ، بۆ نمونە باڵوێزخانەی بریتانیا لە ساڵی ١٣٩٢  ، و درێژەکێشانی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی چالاکانی سیاسی و مافخواز بەتایبەت چالاکانی کورد و هەروەها کۆمەڵکوژی بە کۆمەڵی ١٦ بەندکراوی بەلوچ  ، بە تۆڵەی چالاکی­یە نیزامی­یەکانی گروپی “جەیشولعەدل” و بە بارمتەگیرانی سەربازانی ئێران لە سەر سنوورەکانی ئێران و پاکستان ؛ ماشێنی تێرۆر و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی پڕدەسکەوت­تر بوو . جگە لەوە بێبەش کردنی کۆمەڵانی خەڵک لە مافە ئەساسی­یەکانیان  ، مۆڵەت نەدان بە کۆبوونەوە و رێکخستنی سێمینار  ، داخستنی رۆژنامە و گۆڤارە ناوچەییەکان  ، بێبەش کردنی خەڵک لە خوێندن بە زمانی زگماکی خۆیان  ، هەموو تێکڕا وەکوو یەکێک لە لایەنەکانی تێرۆریسمی کوێر و شاراوەی کۆماری ئیسلامی لەئەژمار دێن .

کۆماری ئیسلامی  ، تێرۆریسمی دەرەوەی سنوورەکانی خۆی هەم بەدژی نەیارانی سیاسی و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بنکە و بارەگاکانیان و هەم بە دژی رکەبەرانی ناوچەیی خۆی لە چوارچێوەی ستراتێژی دامەزراندنی کەوانەی شیعە و بەدەستەوەگرتنی رێبەری جیهانی ئیسلام؛ و بە دژی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزی جیهان بۆ وەدەستهێنانی پوان و مافی دەنگدان لە بڕیارە نێودەوڵەتی­یەکان بە شێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو ئەنجام دەدا. جگە لەوە  ، کۆماری ئیسلامی بە هەست­کردن بە ئاستەنگەکانی شەڕی باو و کردەوەی راستەوخۆ  ، لەگەڵ زۆربەی گروپە تیرۆریستیەکانی سەرتاسەری جیهان پێوەندی و هاوکاری دامەزراندووە و تۆڕێکی تیرۆریستی جیهانی دروست کردووە. سپای پاسداران و بەتایبەتی سپای قودس ، حیزبوڵلای لوبنان ، حەماس ، رێکخراوی بەدر و لایەنە شیعەکانی دیکەی عێراق ، لەشکری مێهدی ، حیزبوڵلای بەحرەین ، حیزبوڵلای کوەیت ، حیزبوڵلای حیجاز ، گروپی “ئەلحوسی” یەمەن و دەیان رێکخراوی دیکە بەشێکی ئەم تۆڕە پێکدەهێنن.

کۆماری ئیسلامی لە رێگەی پشتیوانی هەمەلایەنە لە هەر یەک لە ئەندامانی ئەو تۆڕە و هەر لایەنێکی ئامادەی دیکە ، لە راستیدا چەشنێک “شەڕی نیابەتی” بۆ هەڕەشەلێکردن لە نەیارەکان و کێشەنانەوە و تێکدانی سەقامگیری سیاسی و ئابووری لەو وڵاتانەی تێیاندا خاوەن بەرژەوەندی­یە بەڕێوە دەبا ، تا هاوکات لەگەڵ لاواز کردنی نەیارەکانی ، حەولی بەرەپێش­بردن و دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی بدات . نمونە دیارەکانی تیرۆریسمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بریتین لە :

1 / بە بارمتەگرتنی سەربازانی ئەمریکایی لە ساڵی ١٣٦٤ لە بەیروت لە لایەن حیزبوڵلای لوبنان ، کە دواتر لە بەرامبەر وەرگرتنی چەک و تەسلیحات لە ئەمریکا لە چوارچێوی پرۆژەی “ئێران-کۆنترا” ئازاد کران .

2 / ئەنجامدانی تەقینەوە لە پێگەی هێزەکانی ئەمریکا لە “زەهران” لە عەرەبستانی سعودی و دواتر لە لوبنان .

3 / تیرۆری رێبەرانی کورد؛ بۆ نمونە تیرۆری دکتۆر قاسملو لە ڤییەن ، تیرۆری دکتۆر شەرەفکەندی لە ئاڵمان و رێبەران و چالاکانی دیکەی بزووتنەوەی کورد . لە هەمان کاتدا ، تیرۆری سەدان کەس لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە باشووری کوردستان ، ئێراق و تورکیە .

4 / تێرۆری رێبەرانی ئێرانی و نووسەران و رووناکبیرانی رەخنەگر : وەکوو تیرۆری دکتۆر شاپور بەختیار لە پاریس ، یان تێرۆری دکتۆر کازم رەجەوی لە ژێنێو .

5 / تێرۆرکردنی دیپڵۆماتکاران و بەرپرسانی عەرەبستانی سعودی لە دەیەکانی ١٣٦٠ و ١٣٧٠ کە چەندین جار تێیدا سەرکەوتوو بووە .

6 / تەقاندنەوەی فرۆکەیەکی هێڵی هەوایی عەرەبستانی سعودی لە ساڵی ١٣٦٨ لە “لاهور” لە پاکستان کە وەکوو تۆڵەی حەجی خوێناوی ساڵی ١٣٦٦ کە تێیدا ٤٠٠ ئێرانی کوژران ، ئەژمار کرا .

7 / تەقاندنەوەی بنکەی “هاوکاری یەهودی­یەکان” لە ئارژانتین لە ساڵی ١٩٩٤ ، کە کوژرانی ٨٥ کەسی لێکەوتەوە .

8 / پلان­داڕشتن بۆ تیرۆری دیپڵۆماتکاران و تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە سالێ ١٣٨٩ لە باکو لە ئازەربایجان ، و لە ساڵی ١٣٩١ لە “دێهلی نوێ” لە هێندوستان و دواتر لە تایلەند و گورجێستان .

9 /  ئاشکرابوونی ناردنی چەکوچۆڵ و تەسلیحات بۆ نیجێریە ، یەمەن و سوماڵی و دەستبەسەرکرانی ئەندامانی سپای قودس لەو وڵاتانە .

10 / حەولی تێرۆر کردنی باڵوێزی عەرەبستانی سعودی ،”عادل ئەلجەبیر” ، لە واشێنگتۆن لە ساڵی ١٣٩٠؛ کە دەوڵەتی ئەمریکا بە فەرمی سپای قودسی وەکوو پلاندارێژی ئەو عەمەلیاتە راگەیاند و “مەنسوور ئەرباب سیر” وەکوو بەڕێوەبەری تێرۆر ، دەستبەسەر کرا .

بەو خاڵانەی سەرەوە ئەگەر تێرۆریسمی بەرنامەبۆداڕێژراو لە ئێراق ، سوریە ، بەحرەین ، یەمەن ، لوبنان و فەلەستین کە بە شێوەی راهێنانی گروپی چەکدار و سەرەڕۆ و ئەنجامدانی عەمەلیاتی بەربڵاوی تێرۆر و کوشتار شێوازمەند بە مەبەستی حەزف و سڕینەوەی نەیارانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و یان لەدەسەڵات لادانی حکومەتەکانی هاوشێوەی یەمەن و بەحرەین زیاد بکەین ، تێرۆریسمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی باشتر دەردەکەوێ . بەڵام بە هەمووی ئەوانەشەوە ، بە پێدانی ئیمتیازی ئابووری و یارمەتیدانی وڵاتی زلهێز لە هەندێ پرسی ناوچەیی و هەرێمی ، کۆماری ئیسلامی تا رادەیەکی باش کۆمەڵگای نێودەوڵەتی رازی کردووە . نمونەی هەرە دیاریش رازی کردنی دەوڵەتی ئۆتریش بوو بۆ شاردنەوەی راستی­یەکان و دەربازکردنی ئەنجامدەرانی تێرۆری دکتۆر قاسملو .

بەڵام هەمیشەش کۆماری ئیسلامی دەرباز نەبووە . بۆ نمونە لە تێرۆری دکتۆر شەرەفکەندی و پەروەندەی میکۆنۆس لە ئاستی باڵادا ، تێکڕای رێبەرانی کۆماری ئیسلامی مەحکوم کران و دواتر زۆربەی وڵاتانی ئورووپایی ، باڵوێزەکانی خۆیان لە ئێران بۆ ماوەی چەند مانگ کشاندەوە و پێوەندی دیپڵۆماتیکیان لەگەڵ تاران هەڵپەسارد . هاوشێوەی ئەو حوکمە بۆ پەروەندەی تەقاندنەوەی بنکەی هاوکاری یەهودی­یەکان درا و بەرپرسانی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵلای لوبنان وەکوو پلان­داڕێژ و بەڕێوەبەری ئەو کردەوە تیرۆریستی­یە راگەیەندران . جگە لەوە ، ئەندامانی سپای قودس و هێزەکانی ئەندام لە تۆڕی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە دەیان پەروەندەی دیکە لە وڵاتانی وەکوو ئەمریکا ،ئازەربایجان ، تورکیە ، تایلەند و هێندوستان حوکم دراون . لە تازەترین نمونەش دا ، کۆماری ئیسلامی لە ٢١ی پوشپەڕی ساڵی ١٣٩٣ لە لایەن دادگای نیۆیۆرک ، کە بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانە تێرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت تەقاندنەوەی پێگەی هێزەکانی ئەمریکا لە بەیروت ، لە ساڵی ١٣٨٠ بەولاوە پێکهاتبوو ، بە دانی ٢ میلیارد دۆلار قەرەبوو بۆ بنەماڵەی قوربانیانی ئەو کردەوە تێرۆریستی­یە مەحکوم کرا و دواتر بە بڕیاری دادگا بەشێک لە دارایی و موڵکەکانی ئێران لە ئەمریکا دەستیان بەسەر داگیرا .

تیرۆریسم ، چەمکێکە کە بە تەواوێتی لە ناو ساختاری کۆماری ئیسلامی­دا ریشەی داکووتاوە و سەرەڕای ئەوەی کە لە ماوەی نزیک بە چوار دەیەی رابردوو دەسەڵاتی بەڕێوەبەری و سیاسی لەناو بازنەی توندڕەو ، رێفۆڕمخواز ، کۆنەپارێز و محافزەکار­دا ئاڵوگۆڕ کراوە ، بەڵام گۆڕانکاری­یەکی ئەوتۆ لە ستراتێژی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی وەدی­نەهاتووە . لە حاڵێکدا ، تیرۆریسمی کۆماری ئیسلامی بە سەرتاسەری جیهان­دا بڵاو بۆتەوە و لە زۆربەی راپۆڕتە ئەمنی و دژەتیرۆریستی­یەکان وەکوو “هەڕەشەیەکی جیددی” بۆ سەر ئاسایش و ئەمنییەتی ناوچە و جیهان ئەژمار دەکرێ ، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و بەڕێوەبەرانی دەزگای دیپڵۆماسی ئەو وڵاتە بە بەکارهێنانی دژەتاکتیک و بۆمبارانی مەسمومی تەبلیغاتی ، و پێشکێش­کردنی پوانی ئابووری و نیزامی و قایل­کردنی هاوپەیمانان و نەیارەکانیان لە حەولی پاکانەکردن بۆ خۆیان و شێواندنی راستی­یەکانن ؛ رەوتێک کە تەنیا مزگێنیدەری شەڕ و کێشە و تێچووی ئینسانی زیاتر بۆ نەتەوەکانی ئێران و وڵاتانی ناوچەیە .   

سەرچاوەکان :

  • فەرهەنگی زانستی سیاسی ، ئەحمەد شەبانی
  • فصلنامەی راهبرد ، مرکز مطالعات راهبردی
ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت