Sharafkendi

شەریف هەژارى  : با له ساڵیادى تیرۆرى شەرەفکەندى دا ، هەڵوێستەکانى بەرامبەر باشورى کوردستان لە یاد نەکەین!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێک ئەمانەوێت هەڵسەنگاندنى ” دەقیق” بۆ ڕووداو و سەرکردەکانى کورد بکەین ، بێ لایەنانە بەو دەرئەنجامانە ئەگەین کە ڕێبەرانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بە تەواوى تیۆریاى ” بیریى نەتەوەیى” بەسەریاندا پراکتیزە ئەبێ، هەر ئەمەشە وا ئەکات کە جیاوازى جەوهەرى لە نێوان ڕێبەرانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و بەشەکانى دیکەدا ئەوە بێت کە ” ڕێبەرانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان زۆرجار یەکێک لە هۆکارەکانى شەهیدکردنیان پەیوەندیى بەو هاوکاریى و پشتیوانییە لێبڕاوەییەیانەوە هەبووە کە بۆ شۆڕشگێڕان و شۆڕشى باشورى کوردستان ئەنجامیان داوون “، بەڵگەى سەلمێنەریش بۆ ئەم ئایدیایەشمان ئەوەیە یەکێک لە هۆکارەکانى لە سێدارەدانى پێشەوا قازى موحەمەد ئەوەبوو کە سەرکردەیەکى یاخى وەک مەلا مستەفا و کوردى عێراقى لە خاکى ئێراندا نیشتەجێ کردبوو، وەک هاونشیتیمانیانى ئێرانیش مامەڵەى لەگەڵ کردبوون! کەچى پێشەوا قازى موحەمەد شێر ئاسا ئەنەڕێنێ و بە حاکمە فارسە فاشیستەکە ئەڵێت: “کوردستان خاکى کوردە و بەم پێیەش مەهابادیش خاکى بارزانییەکان و هەموو گەلى کوردە!”، چەندان نموونە و بەڵگەى زیندووش هەن کە بیرمەندى سیاسیى کورد ” د.قاسملوو” ش کۆڵنەدەرانە هەرگیز ئامادەى بچووکترین خیانەتى نەتەوەیى نەبووە بەرامبەر باشورى کوردستان و لە زۆر ڕووشەوە هاوکارى کردوون، بۆ ئەوەى باسەکەمان زۆر توول نەکێشێ و ڕاستەوخۆ بچینە سەر “جوامێرییەکان”ى شەرەفکەندى کە تا ئێستا لاى زۆرێک لە تاکى کورد پێى ئاشنانین ، ئەوا هەوڵەدەین چەند هەڵوێستێکى ناوازەى ئەو ڕێبەرە تیرۆرکراوەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەرامبەر باشورى کوردستان بخەینەڕوو :

ئاشکرایە کە د . سادقى شەرەفکەندى برا بچووکى شاعیرى ناو- دەرکردوو و زمانەوانى کورد “هەژارى موکریانى” یە ، هەر بۆیە ئەمیش وەک هەژارى براى بە نەبوونیى و چەرمەسەرى لە گووندەکەى خۆیاندا لە موکریان گەورە ئەبێ و بەردەوامى بە خوێندن ئەدا و، جوامێرانەش زۆربەى قۆناغەکانى خوێندنى یەکەم ئەبێ، هەتا ئەوەى لەبەر لێهاتووى دەنێردرێت بۆ فەرەنسا و لەوێش بڕوانامەى دکتۆرا لە زانستى کیمیا دا بەدەست دێنێت و پێنج زمانى زانیووە “کوردى، ئازەرى، فارسى، عەرەبى و فەرنسى”، دیارە لەو سەردەمەش دا بڕوانامەى دکتۆرا تەواو دانسقە بووە و وەک ئەم سەردەمە نەبووە کە لەلایەن حیزبەکانەوە زۆر کەسى حیزبیى بە بڕوانامەى خوێندنى باڵا خەڵات بکرێت!

شەرەفکەندى هەرچەن ماوەى ڕابەرایەتیکردنى لە گەورەترین پارتى ڕۆژهەڵاتى کوردستاندا کە حیزبى دیموکراتە زۆر کورت ئەبێ و تەنها 3 ساڵ “1989-1992” ڕێبەرایەتى شۆڕشى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ئەکا، بەڵام کارەکانى بەتایبەت بەرامبەر شۆڕشى باشورى کوردستان وامان لێ ئەکا کە شەرەفکەندى وەک سیمبوولى ڕێبەرێکى “خاوەن هەڵوێست و نەترس” لەقەڵەم بدەین، هەرچەندە ئەشزانین لەو سەردەمەدا حیزبەکەى “حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران”، زۆرێک لە بارەگاکانى بەهۆى هەڵکەوتەى جیۆپۆلەتیکى کوردستانەوە لە سنورى عێراق دابوو، حیزبى بەعسى دڕندەش فەرمانڕەواى عێراق بوو، بەڵام پێچەوانەى هەڵوێست و کارکردى سەرکردەکانى باشورى کوردستان، شەرەفکەندیش یەک چرکەش هەڵوێستە نەتەوەییەکانى بۆ ڕژێمى بەعس کز نەکرد، کە ئەتوانین چوار هەڵوێستى دانسقە و نەترسانەى بخەینەڕوو:

1- بۆیەکەمجار لە کەناڵى ئێن ئاڕ تى، فەرەیدون عەبدالقادرى ئەندامى پێشووى مەکتەبى سیاسیى یەکێتیى دانى بەوەدانا کە تاکە هێزێک  چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەدا هاوکارى سەرخستنى ڕاپەڕینى باشورى کوردستانى لە ڕووى داراییەوە کردبێت، ئەوا حیزبى دیموکرات بووە. ئێمە دەزانین دەقیق لەو سەردەمەدا شەرەفکەندى سکرتێرى گشتى ئەو حیزبە بووە، هەر بە پێى قسەکانى فەرەیدون عبدالقادر حیزبى دیموکرات ئەوەى لە خەزێنەیان دابووە بە چەند هەزار دۆلارێک خستوویانەتە خزمەت یەکێتیى نیشتیمانیى و پلاندانەرانى ڕاپەڕین بۆ سەرخستنى ئەجێندا سیاسییەکەیان لە باشورى کوردستاندا.

2- بە پێى ئەو دۆکیۆمێنت و دەستنووسانەى کە بەردەست کەوتوون، لە ڕووى پراکتیکیشەوە، بارەگاکانى حیزبى دیموکرات لە چەندین شوێنى ناو شارەکاندا چاوساغیى و زانیاریان بە مەفرەزە پارتیزانەکانى یەکێتى دابوو لە بارەى هێزەکانى ڕژێمى عێراقەوە، لە هەندێک شوێنیش بە نازناو بەشدارى سەرخستنى ڕاپەڕینیان کردبوو.

3-یەکێک لە گرنگترین هەڵوێستەکانى دیکەى شەرەفکەندى بەرامبەر شۆڕشگێڕان و خەڵکى باشورى کوردستان، ڕاگەیاندنى بەیانامەیەک بوو لە “کۆڕەوەکەى باشورى کوردستاندا”، بۆ هاوکاریکردنى هەموو ئەو کوردانەى باشور کە ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان کردبوو بە جۆرێک کە خۆیان بە “ئاوارە” نەزانن، ناوەڕۆکى بەیاننامەکەش جەخت لەوە ئەکاتەوە کە پێویستە کوردانى ڕۆژهەڵات هەرچى پێیان ئەکرێت لە “خانوو، ماڵ و دارایى” دابەشى بکەن بەسەر برا کوردەکانى باشوردا، بە پێى نامە دەستنووسە دۆکیۆمێنتەکانى نێوان شەرەفکەندى و سەرکردەکانى دیکەى حیزبەکەشى: “ڕێنوێنى بە سەرکردەکانى حیزبەکەى دەدات کە داوا لە خەڵکى کوردستانى ئێران بکرێت بە بەردەوامى یارمەتى زیاتر پێشکەش بە برا کوردەکانى باشور بکەن”، هەر بە پێى دەستنووسە دۆکیۆمێنتیەکانیش شەرەفکەندى و سەرکردەکانى حیزبەکەى جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە : “نابێت لەبەر ئەوەى دەوڵەتى عێراق پێى ناخۆشە و فشار لەسەر حیزبى دیموکرات دادەنێت ئەوا ئەوان ‘حیزبى دیموکرات’ بێ دەنگى هەڵببژێرن بەرامبەر ملیۆنان کوردى ئاوارەى باشورى کوردستان”. زیاتر لەمانەش، مەکتەبى سیاسیى حیزبى دیموکرات بڕیار دەرئەکا کە: “نابێت لەو ئاوارانەى باشورى کوردستان کەل و پەل بە هەرزان بکڕدرێت، چونکە ئەو خەڵکە ئاوارەى باشورى کوردستان لە زروفى دەربازکردنى گیانیاندان و بەو پێیەش شتومەکێکى زۆر بە نرخێکى زۆر کەم و هەرزان ئەفرۆشن”، هەروەها “شەرەفکەندى فەرمانى دابوو کە تەواوى بارەگا سەرسنوریەکانى حیزبەکەى  هەموو توانایان بخەنەگەڕ بۆ گواستنەوە و پاراستنى خەڵکى باشورى کوردستان ڕووەو ڕۆژهەڵات”

4- لە ڕووى نێو دەوڵەتیشەوە شەرەفکەندى تێکۆشابوو بۆ گەیاندنى دەنگى جینۆسایدکردنى کوردانى باشور بۆ ناوەند و کەسایەتییە جیهانییەکان بەتایبەت گەیاندنى ئەو کارەساتە قڕکەرانەیە بە “د.بێرنارد کۆشنێر و مادام میتەران و چەندان کەسایەتى دیکەى ڕۆژئاوایى” کە دواتر هەوڵەکانى کاریگەردانەر بوو بۆ پاراستن و دانانى ناوچەى دژە-فڕین بۆ گەلى کورد لە باشور دا.

تێبینى:

ئەم بابەتە تەنها سەرەقەڵەمێک بوو لە هەڵوێستەکانى د.سادق شەرەفکەندى بەرامبەر شۆڕشى باشورى کوردستان لە تەنها 3 ساڵ “13-7-1989 تا 17-9-1992″ ى ڕێبەرایەتى شۆڕشى ڕۆژهەڵاتى کوردستان دا و، خوێنەر بۆ زیاتر ئاشنابوون بە شەرەفکەندى بەتایبەت لە ڕووى ” ئەکادیمى و بەرهەمەکانى و ئەندێشەکانیى” ئەتوانێت چەندین سەرچاوەى تایبەت لەو بارەیەوە بخوێنێتەوە . جێى ئاماژەشە کە ئەم بابەتە پشتى بە چەندین دۆکیۆمێنتى دەستنووس و بیرەوەریى و یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانى فەرەیدون العبدالقادر بەستووە ، کە بریتین لە :

1- نامەى دەستنووسى سەرکردەکانى حیزبى دیموکرات و شەرەفکەندى کە بە دەستم گەشتووە و هەر بەڕێزێک پێویستى بوو ڕەنگە بتوانم بیخەمە بەردەستى.

2- بیرەوەرییەکانى “تەیمور مستەفایى :لە چیکانى زاگرۆسەوە، ل331-344.

3- چاوپێکەوتنى فەرەیدون عبدالقادر لەگەڵ کەناڵى ئێن ئاڕ تى .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت