Bextyar-Sharazuri

 بەختیار شارەزوریی  :  ئاراستەى سیناریۆکان بــەرەو کوێ …؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیاسەت و ئابوورى بەردەوام لە جوڵە و بزاوتایە ، ئەمەش دەکەوێتە سەر ئاستى گۆڕانکارییەکان لە جوگرافیایەکى دیارى کروادا ، پاشان کاریگەرى لەسەر جوگرافیاکانى تر ، بە جۆرێک لەم نێوەندەدا چەمکى دەوڵەت و کۆمەڵگا و جیوسیاسى و جیوپۆلەتیک و فەرهەنگیش دەکەونە ژێر کاریگەرى ئەم جوڵانەوە ، ئەوەى بزوێنەرى سەرەکى ناو ئەم گۆڕانکارییانەیە بە پلەى یەکەم بەرژەوەندیە ، بۆ ئەم بەرژەوەندیانەش سیناریۆ و تاکنیکەکان بەردەوامیان هەیە ، لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر سەیرى ئەم گۆڕانکارییانەى ناوچە بکەین لە دواى هاتنى داعشەوە ، ئەوا دەبێت خوێندنەوە بۆ ئەو تاکتیک و سیناریۆیانە بکەین کە لایەنە دژەکان بەرامبەر یەکتر بەکارى دەهێنن .

ئەگەر پێشتر جەمسەرى ( تورکى + ئەمریکى ) کاریان لەسەر دروستکردن و هاوکارى داعش کردبێت ، بە جۆرێک کە بتوانن لە ڕێ ى ئەم کارتەوە سیناریۆیەک دژ بە جەمسەرى (ئێرانى + ڕووسى) بەکار بهێنن ، بۆ ئەوەى بەشار ئەسەد کۆتایى پێ بهێنن ، کە سەر بە جەمسەرى ئێرانى ڕوسیە ، ئەوا هەر ئەم کارتە و لە چوارچێوەى سیناریۆییەکى تردا گواسترایەوە عێراق ، بۆ ئەوەى هەژمونى شیعەگەرایى لە عێراقدا نەهێڵن ، بە جۆرێک لە جۆرەکان بووە قاعیدەیەکى نوێ و دژى هەموو جیهان وەستایەوە ، دواى ئەوەى ئەمریکا هەوڵى بەرەیەکى دژى داعشى دا و تا ئاستێک سەرکەوتو بوو ، وە کار کرا بۆ ئەوەى نەهێڵن شەڕەکان بگواستیرێتەوە بۆ ناو شەقامەکانى ئەوروپا و ئەمریکا ، چونکە پێشتر لە چوارچێوەى سیناریۆیەکى سەرەکیدا کە ناو نرا (کورەى هەنگ ) ویستیان سەکۆیەکى شەڕ بکەنەوە و هەموو تێرۆریستە ئیسلامیەکان ڕابکێشنە جوگرافیایەکى دیارى کراو ، ئەوا ئەم سحرە پێچەوانە بویەوە بۆ خۆى و ترسى گواستنەوەى شەڕەکان کرا بۆ وڵاتانى تر ( وتەکانى داڤید کامیرۆن و هۆلاند )، دووبارە بونەوەى هەمان مێژووى قاعیدە ، هەر لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر ئەمریکا لەگەڵ ئێران ڕێککەوتبێتن کە بەرەیەکى فراوانى دژى داعش دروستبکەن ، وە پلانەکەى ئەمریکا و ئەوروپا جێبەجێبکەن ، ئەوا ئەم پلانە دابەش بووە بۆ سەر 3 فایل ( عێراق + سوریا + تورکیا )، ئەم پلانە 3 ساڵ بخایەنێ و بە 3 قۆناغ جێبەجێ بکرێت ، ئەوا دواى ئەوەى کە شەڕەکان لەو دیوو پەردەوە هێنرایە ئەم دیوو پەردە و سیناریۆکان نەمان ، لەسەر فایلى یەکەم ڕێککەوتن ، کە ئێران کاریگەرى سەرەکى هەبێت ، ئەوا لە فایلى دووەمدا ، کە سوریایە هەردوو جەمسەرەکە دژ بەیەک دەوەستنەوە و دوبارە سیناریۆ و تاکتیکەکان خۆیان نمایش دەکەنەوە ….با بپرسین چۆن…..؟

ئەمەش پێویستى بە پۆلێن کردن هەیە :

 ئـــــێـــــــران :

ئەگەر ئەمریکا لەو ڕاستیە تێگەیشتبێت کە بە بێ ئێران ناتوانرێت ، عێراقێکى سەقامگیر پێکبهێنرێت ، ئەوا لەسەر دۆسیەى عێراق هاو بەرژەوەندین و لەسەر دۆسیەى داعش هاو مەترسین ، بۆیە ئەم ترسە لەسەر یەک سفرە کۆى کردنەوە ، بەوەى حکومەتى عێراقى بەپەلە دروست بکرێت و کورد و شیعە و سونە بخەنە ژێر فشارەوە و ڕازى ببن بەو پلانە ئەمریکیە ئەوروپیەى کە ئێرانیش لەسەر ڕازى بوو ، ئەوا بە هەردووکیان توانیان ئەو هەڕەشە قورسە بگۆڕن ، کە داعش وەک بەرەى سونە دژى شیعە بوەستێتەوە و شەڕەکە ببێت بە شەڕى (شیعە و سونە ) ئەمان توانیان شەڕەکە بکەن بە شەڕى (کورد و داعش) ، دیوى دووەمى ئەم سیناریۆیە ڕێگە کردنەوە بوو بۆ داعش تا بتوانێت بگاتە رەقە و حلب لە ڕێ ى شەنگال و ڕەبعییە و حەسەکە و کوبانى و قامشلۆوە ، بەڵام ئەوە بوو ئەو کارەساتەى لێکەوتوە ، ئێستە ئەگەر لە عێراقدا ئەمریکا و ئێران کۆک بن و لەبەرى دژە داعشى جیهانیدا بن ، ئەوا کە دەچنە سەر فایلى دووەم (سوریا ) ڕێکەوتنەکانى سەر ئەم فایلەش تێکدەچێت ، با بپرسین چۆن …؟ 

دواى ئەوەى گەمارۆى هەمە لایەنە لە لایەن ئەوروپاوە خرایە سەر ڕوسیا ، بە تایبەت گەمارۆ بۆ سەر کۆمپانیا نەوتیەکانى ڕوس و بانکەکان و لایەنى سەربازى لە بەرامبەر کێشەى ئۆکرانیا ، ڕوسیا کەوتە یارى کردن بە کارتەکانى لە ڕێ ى سێکوچکەى ئێران و عەبادى و بەشارەوە ، ئەمەش ئەو کاتە هات ، کە ڕوسیا دژى لێدانى داعش وەستایەوە وەک پەرچەکردارێک بەامبەر گەمارۆکانى ئەوروپا ، لە ڕێ ى ئێرانەوە ، ئەویش داواکرا کە لێدانى داعش دەبێت بە هاوکارى حکومەتەکەى بەشارو پەیەدە بێت و بدرێت لە ئۆپۆزسیۆنى سوریا و داعش…. بەڵام پلانەکەى ئەمریکا بە خواستى ئێران و ڕوسیا نەبوو ، چونکە ئەمریکا دەیەوێت بە هاوکارى ئۆپۆزسیۆن و پەیەدە کۆتاى بهێنێت بە داعش و بەشار ئەسەد ، بەو واتایە دێت کە لە فایلى دووەمدا سیناریۆ و ئاراستەکان پێچەوانەى یەکتر دەبنەوە ، هەر چەندە ترسێک هەیە لەبەرى ئۆپۆزسیۆنى سورى کە پێکهاتوە لە بەرەى نوسرە و جیهاد ئیسلام و سەوارى سورى ، بەڵام ئەمە هەڵگیرابوو بۆ دواى جێبەجێکردنى ئەم پلانە ، ئا لێرەدا کە ئاراستەکان پێچەوانە دەبنەوە ، جەمسەرەکان دەکەونە دروستکردنى سیناریۆ و تاکتیک بۆ گوشار خستنە سەر یەک ، ئێران دەیەوێت سیناریۆ تاکتیکى هەبێت بۆ ئەوەى گەمارۆکانى سەر ڕوسیا کەم بکاتەوە و بەشار ئەسەد بخاتە ناو دۆسیەى زیندوو بونەوەوە ، بۆیە لە ڕێگەى عەبادییەوە هێرشە ئاسمانیەکانى ڕادەگرێ و لە ڕى ى وشکانیشەوە لەگەڵ داعش دەیەوێت جەلەولا و سعدیە کۆنتڕۆڵى تەواوەتى بکات ، تا وەک کارتێکى گۆشار بەرامبەر ئەمریکا بەکارى بهێنێت تا لە فایلى دووەمدا کە سوریا یە بەشار ئەسەد زیندوو بکەنەوە … بە دیوێکى تردا فشارەکانى سەر ڕووسیا کەمبکەنەوە ، ئەم یاریانە تا ئێستاش بەردەوامە ، ئێران کارتى ناو عێراق بەرامبەر کارتەکانى ئەمریکا لەسەر سوریا بەکار دەهێنێت .. با بپرسین ئەى تورکیا دەکەوێتە کوێ ى ئەم یارى و هاوکێشانەوە …؟

تــــــــــــــورکــــــــــــــــــیا :

تورکیا سنورێکى زۆرى لەگەڵ دەوڵەتى خەلافەتدا هەیە و پێشتریش خۆى دەستى هەبووە لە دروستکردنى ، بۆ ئەوەى شەڕى بەشار ئەسەد و پەیەدە و پەکەکەى پێ بکات ، وە گەڕانەوەشە بۆ خەونى دەوڵەتى عوسمانى ، وە تورکیا خۆى ترسى ئەوەى هەیە کە داعش دژى بوەستێتەوە ، وە ترسى ئەوەشى هەیە ئەمریکا لەگەڵ پەکەکە و پەیەدە ڕێک بکەوێت ، هەر چەندە چى ئەوروپا و چى ئەمریکا ، تورکیا بە دەروازەى ئابورى ئەوروپا دەزانن بە هۆى بەندەرى جیهانەوە ، وە لەوەش دەترسن کە ئەگەر داعش دژى تورکیا ببێتەوە ئەوا دەتوانێ دەروازەى ئابورى ئەوروپا بخاتە مەترسیەوە ، یەکێک لە سەرچاوەى داهاتى تورکیا کە گەشت و گوزارە ئیفلیج بکات ، بۆیە گڵوپى سەوزى بۆ تورکیا هەڵکردوە ، ئەمەش واى کردوە کە ململانێى نێوان ئێران و عێراق لەسەر دابەشکردنى پۆسەتەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق کۆتاى پێ بهێنرێت و هاوسەنگیەکە تێک بدات ، بە تەواوەتى ئێران باڵا دەست بێت لەم ناوچەیەدا ، بە تایبەت کە پەکەکە و پەیەدە کارتن بە دەست ئێرانەوە و هەر کات بیەوێ دەتوانێت بەکارى بهێنێت ، واتا تورکیا کەوتوەتە ناو بازنەیەکى مەترسى دارەوە کە ناتوانێت جوڵە بکات ، ئەگەر چى ئەردوگان ئیمزاى دژى داعشى نەکرد ، بەڵام دەڵێت ئێمە نمایندەى سونەکانى عێراقین ، بەشێک لە کوردستان سەر بە تورکیایە کە ( پارتیە ) ، ئەمە وا دەکات کە تورکیا بە پرۆسەیکى زۆر تابەتدا تێپەڕێت .

هەرێمى کوردســــــتان :

ئەگەر لە ئێستادا ئاراستەى سیناریۆ و تاکتیکەکان لە بەرژەوەندى باڵادەستى ئێراندا شکا بێتەوە ، ئەوا هەرێم کەوتوەتە ناو پشتێنەیەکى ئێرانیەوە ( یەکێتى پەیەدە و پەکەکە ) کە سێلایەنى هەرێم دەکات ، لاى چوارەم کە داعشە دیسانەوە دژى هەرێمى کوردستانە ، لە ناو هەرێمیشدا زۆنى زەرد کە سەر بە تورکیایە ، کەوتوەتە بازنەیەکى داخراوەوە ، چونکە لە کاتى هێرشى داعش تورکیا نەیتوانى بەرگرى لە پارتى و زۆنى زەرد بکات ، ئێران تا ئاستێک توانى ئەو زۆنەش لە ئێستادا بخاتە سەر خۆى ، وەک ئەمریکیەکان توانى بەرگرى لە زۆنى زەرد بکات ، هەم خۆى و هەم لە ڕێ ى یەکێتى و هەم لەڕێ ى پەکەکە و پەیەدەوە ، ئەگەر چى چەندین ساڵە ئەم دوو زۆنە بە یەکسانى دابەشکراوە بەسەر تورکیا و ئێراندا ، بەڵام لە ئێستادا ئێران باڵا دەستە تێیدا و ئەمریکاش تا ئاستێک بێدەنگە ، هەر چەندە کوردەکان لە ژێر گوشارى ڕێککەوتنى ئێران و ئەمریکادا ، بەشدارى حکومەتى عێراقى تەوافقیان کرد ، وە پارتى نەئەویست ئەم شەڕە بکات و ئەیویست وەک تورکیا یارى بکات ، بەڵام سیناریۆى ئێرانى توانى ڕاکێشێتە ناو شەڕەکەوە و پارتى ناچار کرد داواى یارمەتى لە پەکەکە بکات ، بە گشتى ئەگەر هەرێم لەبەر بەرژەوەندییەکانى ئەوروپا و ئەمریکا و ئێران پارێزراو بێت ، ئەوا لە ئێستادا ئێران باڵا دەستە بەسەر کۆى عێراقەوە بە هەرێمى کوردستانیشەوە ، خۆ ئەگەر لە فایلى دووەمدا هەردوو جەمسەرەکە ڕێکبکەون ئەوا ئەم سنورانەش دەکەونە بەردەم جوڵەیەکى خێراوە ، کورد لێرەدا بەس شەڕەکە لە خۆى دور بکەوێتەوە بە بێ مەرج دەبێتە نمایندەى جیهانى بۆ شەڕى وشکانى دژى داعش .  

 وڵاتانى عەرەبــــــى :

 ئەگەر هەڕەشەى داعش لە گێمى دووەمى یاریەکەدا ، گواستنەوەى شەڕەکان بێت بۆ ناو شەقامەکان ، ئەوا پێش ئەوروپا و ئەمریکا ، وڵاتانى عەرەبى دەگرێتەوە ، سعودیە سنورێکى گەورەى هەیە لەگەڵ دەوڵەتى خەلافەت و ترسى ئەوەى هەیە لە ڕێ ى شانە نوستوەکانى ناو سعودیەوە کار لەسەر تەقینەوەکان بکات ، هەر چەندە لەسەرتاوە هاوکارى داعشى دەکرد ، بەڵام لە دواى دروست بوونى بەرەى دژى داعش ترسێکى گەورەى لێنشیتوە ، کوەیت و قەتەر و بەحرەین و ئیماراتیش بە هەمان شێوە ، هەرچەندە بەشدارى ئەمان لە بەرەى دژە داعش شەرمنانە بوو ، بەڵام ئەترسن کاردانەوەکانى داش شارەکانى ئەوان وەک بەغداد لێبکات ، خۆ یەمەن و لیبیا و مسر و تونس کە ئێستە پەشێوى سیاسى و ناسەقامگیرە ئەوە بە ئاشکرا گروپە چەکدارەکانى داعش کارى خۆیان دەکەن .

 وڵاتانى دەریاى قەزوین :

 ئەگەر سەرچاوەى بەهێزى غاز و نەوتى ئەوروپا وڵاتانى دەریاى قەزوین بێت ( ئازەرباینجان و تورکمانستان و کازاخستان ) لەڕێ ى بۆرى نابۆکۆوە ، وە دەریاى ڕەشیش لە لایەن ڕوسیاوە وەک کارتى سیاسى بەکار هێنرا بێت ، ئەوا داعش هەڕەشەشە بۆ ئەم ناوچەیە لەڕێ ى پاکستان و چیچانەوە ، ئەمەش حاڵەتێکى ترسناکە بۆ سەر ئەوروپا .

ئەگەر لەم ناوچانەدا کەترسى بونى داعشى لێدەکرێت، داعش هەوڵى گرتنى شاخەکان بدات ئەوا دور نیە تورابۆرایەکى تر بۆ داعش دروست ببێت و ببێتە بنکەیەکى بەهێزى داعش ، وەک شاخەکانى زازا و شیرناخ و قەندیل و حەسارۆست و چیاکانى نێوان ئەرمینیا و تورکیا . 

لە کۆتایدا هەموو ئەم یارى و سیناریۆیانە بەردەوامیان هەیە ، داعشیش بەردەوامە لە هێرش و بەرگرییەکانى ، وڵاتانى دژە داعشیش کارتى مرۆیى و هەندێ ماکیاجى تایبەت بەم سیناریۆیانە بەکار دەهێنن ، ئامانجى سەرەکى لەناو بردنى داعشە و ئەمەش شەڕێکى قورسە و ڕوو بەڕووى هەمومان دەبێتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت