peshmerga

 عەتا قەرەداخی : گەوەرەیی پێشمەرگەو بچووکی بەشێک لەبەرپرسە بەتەمەنە عەقڵ هەرزەکارەکان .

ئایا کامیان بە عەقڵی نەتەوەیی و نیشتیمانی کاردەکەن و دەدوێن؟ پێشمەرگەو بەرپرسەکانی پێشمەرگە یان بەشێک لەو بەرپرسە بە ناوسیاسیانەى کە هەمیشە لە خەمی بەرژەوەندییە تەسکە حیزبەیەکانی خۆیاندان ؟ ئایا ئێستا بارودۆخی کوردستا پێویستی بەلاوەنانی هەموو ناکۆکیەکانە یان پێویستی بەوەیە بەشێک لەبەرپرسانی عەقڵ هەرزەکارو دەروون نەخۆش بە عەقڵی ژەنگرگرتووی سەردەمی جەلالیەت و مەلایەت بدوێن و بەو دواندنانەش کاریگەری نێگەتیف لەسەر باری مەعنەوی هێزەکانی پێشمەرگەو جەماوەریش دابنێن؟ دیارە ئەو لێدوانانەى کە بەشێک لەبەرپرسانی دەروون نەخۆش لە ئێستادا بۆ دەزگاکانی راگەیاندنی دەدەن نەک هیچ پەیوەندییەکی بە جیاوازی بیروڕاو فرە دەنگییەوە نییە بەڵکو هۆکاریشە بۆ زیاتر درزبردنی یەکێتی شلۆق و لەرزۆکی باشووری کوردستان .
فرە حیزبی و فرە دەنگی و فرە رەنگی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا شتێکی سرووشتی و بەڵگەى سرووشتی بوون و تەندرووستبوونی ئەو کۆمەڵگەیەیە بەڵام ئەوەى ئێستا لە کوردستان بە ناوی جیاوازی و فرەییەوە باس دەکرێت بەرهەمی رق و کینەو گرێکانی رابردوو بەرژەوەندییە تەسکە تایبەتیەکان نەبێت هیچیتر نییە .. دیارە ئەوەش ئاشکرایە کە فرە دەنگی و فرە رەنگی و فرە حیزبیش ئەگەر لە بارێکی تەندرووست و سرووشتیدا بێت سەرچاوەی هێزە . رەنگە لە کۆمەڵگە دواکەوتوو پاشکۆو داگیرکراوەکانی وەکو کۆمەڵگەى ئێمەدا هەرچۆن کۆمەڵگە بە رەوتێکی سرووشتی نەڕۆیشتووەو دامەزراوەکانی کۆمەڵگە بە سرووشتی درووستنەبوون، بە هەمان شێوە فرە دەنگی و فرە رەنگی و فرە حیزبیش دیسان بەرهەمی بارێکی ناسرووشتی بن لەو روانگەیەوە ئەوەندەى ململانێکانی نێوان دامەزراوە تەقلیدییەکانی وەکو خێڵایەتی و عەشیرەتایەتی و حیزبایەتی داخراوی جێگرەوەی خێل، فرەییەکانی درووست کردبێت، ئەوەندە جیاوازی لە روانیندا ئەو فرەییەی درووست نەکردبێت، کە کۆمەڵگەی ئێمەش لەبەر ناسرووشتی بوونی فرەیی و جیاوازییە رووکەشەکان زیانی زۆری بەرکەوتووەو زۆرێک لە تواناو وزەى گشتی گەل یان کۆمەڵگەى کوردی لەم ململانێ نابابەتیانەدا بە فیڕۆ چووە .
بۆیە جێگای خۆیەتی کە کۆی حیزب و رێکخراو و لایەنە کوردییەکان لە ئێستادا لەوە تێبگەن کە ئەوەى دەبێـتە بنەمای سەرکەوتنی کورد لەم بارودۆخە شلۆقەدا تەنیا یەکگرتن و یەکبوونە . یەکگرتن و یەکبوونی کۆی هێزو حیزب و جەماوەری خەڵکی کوردستان کە تەنیا ئەوە دەبێـتە بنەمای سەرکەوتنی نەتەوەکەمان و لەم بارە شلۆقەوە دەمانگوازێـتەوە بۆ بارێکی سەقامگیری و پڕ لە دڵنیایی. لە ئێستادا کوردستان پێویستی بە کۆی کۆمەڵگەى کوردەوارییە بۆیە جێگای خۆیەتی هەموو ناکۆکی و ململانێکان بەلاوە بنرێت و وەکو یەکەیەکی یەکگرتوو لە یەک بەرەو لە یەک سەنگەردا کۆی گەلی کورد پێکەوە بێت . ئێستا هەندێ ئاماژەى خۆشی بەخش دەبینین کە نەک هەر هێزو لایەنەکانی باشووری کوردستان بەڵکو هێزو خەباتگێڕانی بەشەکانی تری کوردستانیش ئامادەن بۆ بەرگری کردن لە باشووری کوردستان کە ئەوەش هەنگاوێکە بە ئاراستەى راست و درووستی یەکێتی نەتەوەی کورد و سەرەتایەکی باشە بۆ بەرەو پێکهاتنی گوتاری ناسیونالیزمی کوردی کە مەبەست لەوەش تێگەیشتنی کوردە لەوەى کە هەموو گەلی کوردی یەک نەتەوەیەو یەک چارەنووسی هەیە ، هەرچەندە دوژمنەکانی جۆراو جۆرو فرە رەنگ بن . بۆیە لە ئێستادا گرنگە هەموو رەنگ و دەنگ و ئاراستەکانی کوردستان جیاوازییەکان بەلاوە بنێن و یەکەیەکی پتەوو بەهێز درووست بکەن کە یەکەی نەتەوەو یەکەى گەلە . کە بێگومان تەنیا ئەو یەکێتی و یەکبوونە گەرەنتی سەرکەوتن و پاراستنی کوردستان و گەلی کورد دەکات .
بێگومان لێرەو لەوێش دەنگی ناساز دەبیسترێت لەو جۆرە دەنگانەى کە بە عەقڵی حیزبی تەسک و تەنگە نەفەسەوە قسە دەکەن و بە شان و بازووى لایەنەکەى خۆیان یان هەندێ لەبەرپرس و فەرماندەکانی خۆیاندا هەڵدەدەن و قسەى ساردو تەنانەت سوکایەتی بەلایەنەکانی تر دەکەن و دەیانەوێت درزی نێوان لایەنەکان فراوانتر بکەن کە بەراستی ئەمە هەڵوێستی کەسانێکە رووتکراوەن لە ئەخلاق و ویژدانی نەتەوەی و نیشتیمانی بۆیە پێویستە خودی لایەنەکان خۆیان ئەو دەنگە ناسازانە لە ئێستادا کپ بکەن چونکە هەموو ئەوانەى کە لە سەنگەرەکانی بەرگری لە کوردستاندان و بە دڵسۆزییەوە خەبات دەکەن و تێدەکۆشن لە پێشمەرگەو لە فەرماندەو لە لایەنگرو ئەندامی لایەنەکانی کوردستان و جەماوەریش هەموویان رۆڵەى ئەم نیشتیمانەن ئیتر گرنگ نییە چۆن بیردەکەنەوەو هەڵگری چ بیرو ئایدیۆلۆجیایەکن، گرنگ ئەوەیە لەم کاتەدا کە نیشتیمان پێویستی بەوانە ئەوان جوامێرانە ئەرکی سەرشانیان جێبەجی دەکەن و بەرگری لە نیشتیمان دەکەن.
بێگومان ئەو دەنگە ناسازانە بێجگە لە رسوایی هیچی تریان بۆ نامێنێـەوە چونکە دڵنیام کە ئەوانە ژمارەیەکی هێجگار کەمن و زۆرینەى هەرە زۆری گەل بە حیزبی و ناحیزبییەوە هاوهەڵوێستن کە ئەویش هەڵوێستی پاراستنی کوردستان و خەبات و تێکۆشان و خوێن بەخشینە لەو پێناوەدا، کە ئەمەش سیمای ئەو یەکێتی و یەکبوونەیە کە زەمانەتی سەرکەوتنی گەلی کورد دەکات لەم بارودۆخە شلۆقەی ئێستاداو بە دڵنیاییەوە هەر ئەو یەکێتی و یەکبوونە کوردستان دەگەیەنێـت بە کەناری ئارام. لە راستیدا ئێستا لە ئاستی جەماوەریدا ئاستی ئەو یەکێتی و یەکبوونە زۆر بەهێ.ترە لە چاو ئاستی یەکێتی و یەکبوونی نێوان حیزبە سیاسیەکاندا. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئاستی هوشیاری جەماوەر زۆر لە ئاستی هوشیاری نوخبەى سیاسی زیاترو بەرزترە . لە کاتێکدا جەماوەر لەبەرامبەر برسێتی و بێ موچەیدا چۆک دانادات ، لە کاتێکدا بەشێکی دیار لە جەماوەر وەکو هێزی پشتگیری و خۆبەخش بەردەوامن لە چوونە سەنگەرەکانی بەرگری ، یان لە پشتگیری هێزی پێشمەرگەى تێکۆشەری کوردستان سەردان و یارمەتی پێشکەش کردن، بەشێک لەبەر پرسە حیزبیەکان بە تایبەتی حاقیدو نەخۆش و هەرزەو مورهیق و ئەوانەیان کە گرێی هەست بە کەمیکردنیان هەیە بە تایبەتی ئەوانەیان کە دووچاری چەندی شکست بوون لە رابردوودا بەردەوام قسەو لێدوانەکانیان مایەکی درزبردنەو هەمیشە بەشان و باهوی حیزبەکانیاندا هەڵدەدەن و واینیشان دەدەن ئەگەر ئەوانی فاشیل و نەخۆش و بستەباڵا نەبن ئەوا ئیتر هێزی پێشمەرگە هیچی بۆ ناکرێت . بە پێچەوانەى هێزی پێشمەرگەو تەنانەت بەپرسە باڵاکانی پێشمەرگەوە لە هەموو لایەنەکان کە بە عەقڵی نەتەوەیی و نیشتیمانی بەرپرسیارانە دەدوێن و کاردەکەن . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوەى عەقڵی پێشمەرگەى هەیە هەر لە سادەترین پێشمەرگەوە تا بەرپرسە باڵاکانی پێشمەرگە لە ئەندام مەکتەب سیاسی حیزبەکان زۆر کوردانەترو مەردانتر لەو بەرپرسە بەناو سیاسیانە دەدوێن و کاردەکەن کە ئیدیعای گەورە دەکەن .
کەواتە جێگای خۆیەتی دەستخۆشی لە هەموو پێشمەرگەیەکی کوردستان بکرێت بە بەرپرسە راستەقینەکانی پێشمەرگەشەوە . تف و نەفرەتیش لە هەڵوێستی ئەو بەرپرسە عەقل بچوکانەش بکرێت کە بەعەقڵی تەسکی حیزبایەتی کاردەکەن لەم بارودۆخەداو دەیانەوێت بە فشەوفیشاڵ و بە جل و بەرگی پێشمەرگەوە لە نزیکی هێزەەکانی پێشمەرگە هەرزەکارانە خۆیان نیشانی کامیرای دەزگاکانی راگەیاندن بدەن و واینیشان بدەن کە لە سەنگەرەکانی بەرگریدا ئامادەبوونیان هەیە. بەڵام قسەو لێدوانەکانیان خاڵیە لەهەموو بەرپرسیارێتیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی .

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies