عیماد عەلی: دەسەڵاتی کورد و دوبارەکردنەوەی هەڵەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوە هەست بەکەمیە ، یان نەزانینە ، یان گەندەڵی و بونی خەڵکی نەشیاوە لە دەسەڵاتدا ، کە هیچ شارەزایی و باکگراوندێکی قوڵی لە سیاسەت و دەسەڵاتدارێتیدا نیە و ، مێژوی گەلەکەی نازاانێت یان لەبەرچاو ناگرێت ، یان ساویلکەیی و خۆشباوەری و بە سۆزەوە سیاسەت دەکەین ، یان پەرتەوازەیی و نایەکگرتوویی و پاشماوەی شەری ناوخۆ ، کاریگەری سەلبی لەسەر بیرکردنەوەی داناوین ، یان هەمیشە لەربەرچاوگرتنی بەرژەوەندی حیزبی و شەخسیە بەرچاوی لێڵکردوین لەئاست بینینی رێگەی راست و پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکان ، کە ئەم هەڵانە دوبارە دەکەینەوە.

پاش دوو دەیە لە خودحوکمرانی ، بۆ ئەو هەموو پرسیارە لە مێشکماندا خولبخواتەوە ؟ تەنانەت بۆچی ئەگەر بڵێین ئەم حوکمەی کوردستان وەک ئاشێکە و خوا دەیگێرێت ، لەوێدا هیچ زیادەڕەویەکمان نەکردوە ؟

دیارە من باس لە رووی بابەتیەوە ناکەم کە دەیان ساڵ داگیرکراوی و ژێردەستەیی وای لە کورد کردوە کە لەنەستی خۆیدا هەمیشە بە پلە دوو لەرووی مرۆڤبون و هاوڵاتیبونیەوە جێگیر بووە و کاریگەریی زۆری لە ناخ و بیرکردنەوەی وەک تاکی کوردی بەجێهێشتوە و ، تا ئێستاش چارەسەری نەکردوە ، ئەمەش بێگومان لە سەرکردەکانیشدا بە رونی دیارە . بەڵام لە روی خودیە نائاساییە کە هەڵەیەکی کاڵفامانەی وا بکرێت لە بەرێوەبردندا جێگەی وێناکردن نەبێت لە ئەقڵی هیچ کەسێکی ئاساییشدا . تۆ بڵێی کە تاکی کورد ، وڵاتێکی وەک تورکیا لە سەرکردایەتیەکەی باشتر بناسێت یان ململانێی حزبی وای لە سەرکردایەتیی کورد کردوە کە خۆی لەوبارەوە هەڵخەڵەتێنێت و خۆی بخاتە ژێر رەحمەتی دوژمنەکانیەوە . وائێستاکە بۆ خەڵک دانی پێدادەنێن، کە تورکیا لە کاتی هاتنی داعش ئیحراجی کردون ، بەڵام پاش ئەو هەڵوێستەش ، لە ئاهەنگی بردنەوەی ئەردۆگان لە هەڵبژاردنەکەی تورکیادا، سەرۆکی حکومەتی کوردستان پێش هەموان ئامادەیبوو، تو بڵێیت لەمەشدا بەرژەوەندی شەخسی و حزبیە کە لەبەرچاو گیرابێت، نەک کوردستان و ئەزمونەکەی . ئەوەی جیگەی داخە ، هەڵەکان لە کاتێکی هەستیاردا دەکرێت و زەرەرەکەی تا ناخ دەبێت و تاکی کورد باجی دەدات.

ئەوەی لەهاتنی داعش بۆی دەرخستین کە سەرکردایەتی کورد لەسەرجەم بوارەکانی ئابووری و سیاسی و دیبلۆماسی و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ دەروبەر و وڵاتانی جیهاندا ، خەڵکی کوردستانی هەڵخەڵاتاندوە، ئەگەرنا مەعقوڵە تۆ باسی سەربەخۆیی کوردستان بکەیت و بودجەی یەدەکی مانگێکی مەعاشی خەڵکت نەبێت و ، دوای دوو رۆژ لەسەرجەم هەڵوێستەکانت پەشیمان بیتەوە و بە لاوازیەوە روبکەیتە بەغا ، تۆ وڵاتێکی وەک تورکیا بە براگەورە لەقەڵەم بدەیت و ، لەبەر خاتری ئەو ،هەموو دژایەتیەکی پەکەکە بکەیت و وا پیشانی بدەیت کە تورکیا لە هەموو نەهامەتیەکدا پشت و پەنات دەبێت ، کەچی بەپێچەوانەوەوە دەربچێت و ، بەجوانی بۆت دەرکەوێت کە لە قورسترین کاتەکانی هەرێمدا مێش میوانی نەبێت ، بەڵکو گومانیش لەوە دەکرێت کە هەنگاوەکانی داعش بە هاەندانی ناراستەوخۆی ئەو بێت . لایەنی کوردی پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەروبەر بە پێوەری هەنگاوی ئەو وڵاتانە دەخوێنێتەوە کە لە مەڕ شەری نێوخۆی کوردستاندا ئەو هەڵوێستانەیان هەبووە و ، پەندیان لەوە وەرنەگرتووە کە ئەو هەڵوێستانەیان لە دوو لایەنەوە لە قازانجی خۆیان بووە نەک لایەنی کورد.

ئەمرۆش ، پاش پێکهێنانی حکومەتەکەی عەبادی دیسان وا پێگەیان سوک بووە ، دەبێت بۆ سەرجەم پرسەکان ملکەچی بەغدا بن و چاوەرێی دەستی ئەو بکەن ، نەک خۆیان فەرز بکەن . بۆیە هەڵەی گەورە و کوشندەی ئەم سەرکردایەتیە رۆژ لە دوای بەرەو پاشاوەمان دەبات.

پێویستە خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی گەنجەکانمان لە نەوەی نوێ ، کە زۆرێکمان هەیە بە عەقڵی پێشکەوتوانە سیاسەت دەکەن و مێژویەکی پاک و بێگەردیان هەیە و بەو تونێڵە تاریکەی حزبەکاندا نەرۆیشتون ، بیر لە یەکگرتوویی خۆیان بکەنەوە و رای گشتی بجۆڵێنن و نەخشە و ستراتیجێکی رون و دورمەودایان هەبێت و بتوانن بەهەر شێوەیەک بێت لە کاتێکی گەنجاو و دیاریکراودا جڵەوی حوکمی ئەم وڵاتە بگرنە دەست ، لە توانایاندایە بە ویست و کار و چالاکی و عەقڵ ئەو ئامانجە جێبەجێ بکەن و ئەم هەموو حزبانەی ئەمرۆ پەراوێز بخەن و، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستیان بە راپەرین یان شۆرشێکی نوێ هەیە ، لەکاتێکی گونجاودا.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت