bordumani-Frokey-turk-2011

هەموو شتێک دەربارەی هەواڵگریی ئەمریکاو تورکیا لەسەر کورد .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شەوێکی کۆتایی ساڵی ٢٠١١بوو، رووداوێکی ناخۆش نزیک بە چیای جودی لەسەر سنووری عێراق-تورکیا روویدا. بەشێک لە خەڵک بە کۆمەڵکوژیی و بەشێکی تر تەنیا بە “رێککەوت”ێک لەقەڵەمی دەدەن .
چەندین فڕۆکەی ئێف ١٦ی تورکیی بۆمبارانی کاروانێک لە لادێییەکانیان کرد، پێیانوابوو ئەوانە گەریلا جوداییخوازەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). بەڵام ئەو لادێییانە لە باکووری عێراقەوە بەخۆیانەوە کۆڵێک شمەک لەسەر پشتی ئەسپەکانیانەوە دەگەڕانەوە تورکیا. قاچاخچی بوون نەک پەکەکە . لەو هێرشەدا ٣٤ کەس کوژران .
لەو دەمەدا فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکی بەسەر ئەو گروپەدا دەسوڕایەوە، خێرا هۆشداری دا بە تورکەکان دەربارەی ئەو گروپە .
ئەو رووداوە کە بۆ یەکەمجارو لە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن ۆڵ ستریت جۆرناڵەوە ئاشکرا کرا، پەیوەندییەکی بەهێزیی هەواڵگریی نێوان تورکیاو ئەمریکای ئاشکرا کرد، بۆ شەڕکردن دژی کوردە جوداییخوازەکان. هەرچەند هێشتاش پەکەکە لەلایەن ئەمریکاو ئەورپاو تورکیاوە بە گروپێکی تیرۆرستی لەقەڵەمدەدرێت، بەڵام وێنەی ئەو گروپەی بەهۆی سەرکەوتن دژی گروپی داعشەوە لە سوریاو عێراق زۆر گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە . لە ئێستادا شەڕوانانی پەکەکە بە هاوکاریی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا دژی داعش لە بەرەیەکدان، هەندێکیش لە ئەمریکا داوای سڕینەوەی ناوی تیرۆرست لەو گروپە دەکەن .
ئەو دۆکیۆمێنتانەی ئێدوارد سنۆودن لە دێر شپیگڵ و ئینتەرسێپتدا بڵاویکردنەوە دەریخست کە ئەمریکا چەندێک لە شەڕی دژی کوردەوە گلاوە لەگەڵ تورکیادا. بۆ ماوەیەک، دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا بەهۆی مۆبایلەوە هەموو سەعاتێک جاری شوێنی سەرکردەکانی پەکەکەی بە تورکیا دەوت. ئەمریکا دەربارەی چۆنێتی دەستاودەستی پارە لەنێو پەکەکەدا زانیاریی بە تورکیا داوە، تەنانەت شوێنی هەندێک لە سەرکردەکانی ئەو گروپە لە دەرەوەش .
لەهەمانکاتدا، ئەو دۆکیۆمێنتانە دەریانخست کە تورکیا ئامانجێکی سەرەکیی ئەمریکایە بۆ سیخوڕیی کردن . دەرکەوتووە کە سەرکردە سیاسییەکانی ئەمریکا دەزگای هەواڵگرییان بەکارهێناوە بۆ ئاشکراکردنی مەبەست و ئامانجی سەرکردایەتیی تورکیاو سیخوڕییکردن بەسەر کارەکانیانەوە لە هەژدە شوێندا. ئەمەش دەریدەخات کە ئەڵمانیا تاکە وڵات نەبووە سیخوڕیی بەسەر تورکیاوە کردووە .
هەر لە سەرەتای جەنگی ساردەوە، شوێنی ستراتیژیی تورکیا لەنێوان خۆرئاوا، سۆڤێت، خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بووە هۆی هاوبەشیکردنی دەزگا هەواڵگرییەکان لە کارکردن لەو وڵاتە. ئەو دۆکیۆمێنتانەی سنۆودن دەریدەخەن کە تورکیا کۆنترین هاوبەشی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکایە لە ئاسیادا. تەنانەت پێش ئەو دۆکیۆمێنتانەش دەرکەوتبوو کە سی ئای ئەی هەر لە ١٩٥٢وەوە هاوبەشی لەگەڵ تورکیادا پەیداکردبوو لە هەواڵگریی شوێنهەڵگرتنی ئاماژە .
لە دەمی جەنگی سارددا، ئەمریکا بنکە هەواڵگرییەکانی لە تورکیا بەکاردەهێنا بۆ چاودێریکردنی “ژێرسکی دڕندەی سۆڤێت” بەکاردەهـێنا، وەک یەکێک لە دۆکیۆمێنتە نهێنییەکان ناوی بردووە. ئەمڕۆ چاودێریی روسیاو جۆرجیا لە تورکیاوە دەکرێت. لە دەستپێکی شەڕی ناوخۆشەوە، سوریا بووە بە ئامانجی سەرەکیی ئەم چاودێرییانە .
ماوەی چەندین ساڵە هەواڵگریی ئەمریکا یارمەتیی تورکیا دەدا لە شەڕیدا دژی گەریلاکانی پەکەکە. دۆکیۆمێنتێکی نهێنیی لە ساڵی ٢٠٠٧دا دەریدەخات کە ئەمریکا یارمەتیی تورکیای داوە لە زانیاریی جوگرافیی دەربارەی شوێنی گەریلاکان و تۆماری تەلەفۆنی سەرکردەکانی پەکەکەش کە یارمەتی دەزگای ئەمنی تورکیای داوە لە دەستگیرکردن و کوشتنیاندا. ئەمەش بەگوێرەی دۆکیۆمێنتێک بۆتە هۆی کوشتن و دەستگیرکردنی دەیان ئەندامی پەکەکە .
هەواڵگریی ئەمریکا چاودێریی ئینتەرنێتی سەرکردەکانی پەکەکەی لە ئەوروپاش کردووە. تورکیا لەمەدا رێی بۆخۆشکردوون بەوەی ئیمەیلی ئەو سەرکردانەی داوە بە ئەمریکا.
ئەم پەیوەندییە بەجێیەک گەیشتووە کە دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا شوێنی بەکارهێنانی مۆبایلی سەرکردەکانی پەکەکەی لەنێو تورکیادا داوە بەو وڵاتە، بەجۆرێک هەر شەش سەعات جارێک ئەو زانیاریەی نوێکراوەتەوە. لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تورکیا لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥دا، هەواڵگریی ئەمریکا زانیاریی دەربارەی شوێنی سەرکردەکان هەموو سەعاتێک جارێک نوێکردۆتەوە .
لە ئایاری ٢٠٠٧دا، مایک ماککۆنێل کە دواتر بوو بە بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی یاداشتنامەیەکی واژۆکرد تێیدا بەڵێنی پشتگیریی هەواڵگریی زیاتری بە تورکیا دا. راپۆرتێک لە نیسانی ٢٠١٣دا ئاماژە بەوە دەکات کە شاندێکی هەواڵگریی تورکیا سەردانی بنکەی هەواڵگریی ئەمریکایان کردووە لە فۆرت مێدیی و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە هاوکارییکردنی یەکدیی لە بەئامانجکردنی پەکەکەدا زیادی کردووە. ئەو هاوکارییە بەتایبەت دژی پەکەکە بووە، هەواڵگرانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە داوە کە زۆرترین زانیاریی لە تورکیا لەسەر پەکەکە کۆکراوەتەوە، دوای روسیا .
ئەمەش دەبێتە هۆی دروستکردنی گروپێکی هەواڵگریی هاوبەش کە ناودەبرێت بە “خانەی تێکەڵی هەواڵگریی” کە تیمێکی تایبەتمەندی تورک و ئەمریکیی لەسەر چەند پرۆژەیەک کاردەکەن، لەنێویاندا دۆزینەوەی شوێن بۆ لێدانی ئاسمانیی دژی پەکەکە. بەگوێرەی ئەرشیفی ویکیلیکس، هەموو ئەو داتایانەی بۆ زنجیرەی هێرشە ئاسمانییەکان (ی تورکیا دژی پەکەکە) کۆکرابوونەوە، لەم خانەیەوە دەرچووبوون .
ئەم پەیوەندییە نزیکە لە دەمی فەرمانڕەوایی باراک ئۆباماشدا بەردەوامبوو. لە کانوونی دووەمی ٢٠١٢دا بەرپرسانی ئەمریکا پێشنیازیی پشتگیرییکردنی تورکیایان کرد لە شەڕییدا دژی پەکەکە بە چەندین جۆر، لەنێویاندا دەستڕاگەیشتنی تورکیا بە نوێترین تەکنەلۆژیای دەنگ ناسینەوە، کە وادەکات توانای شیکاریی پەیوەندیی تەلەفۆنییان هەبێت. ئەم سیستمە دەتوانێت وشەیەکی دیاریکراو بناسێتەوە، یان نمونەی دەنگی کەسێک وەربگرێت و دوایی بیناسێتەوە .
دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا دەبوو دوو سیستمی لەوشێوەیە بدات بە هەواڵگریی تورکیا. لە بەرامبەردا تورکیا نمونەی دەنگیی کۆمەڵێک لە چالاکوانە کوردەکان وەردەگرێت. بەهۆی نزیکیی پەیوەندیی هەواڵگرییانەوە ئەمریکا هیچ مەترسییەکی لە پێدانی ئەو تەکنەلۆژیایە بە تورکیا نەدەبینی. تەنیا شتێک کە هەواڵگریی ئەمریکا بەلایەوە ئاسان نەبوو بیدات بە تورکیا سیستمی ناسینەوەی وشە بوو .
ئەم هاوکارییە لەڕێی بنکەیەکی هەواڵگریی ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێت لە ئەنکەرە، جگە لە زانیاریی، ئەمریکییەکان سیستمی کردنەوەی کۆد و راهێنان و کۆمەک بە هەواڵگریی تورکیا پێشکەشدەکەن .
ئەم سیستمە یارمەتی تورکیای داوە دەستاودەستی پارەی پەکەکە لە تورکیاشدا چاودێریی بکرێت .
وەلێ تورکیا خۆشی ئامانجی ئەمریکایە لە سیخوڕییکردندا، بەجۆرێک بە هاوبەشیش و ئامانجیش لەقەڵەمدراوە. تەنانەت ئەو تورکە هەواڵگرانەی هاوکاریی ئەمریکا دەکەن دەبنە جێی ئامانجی سیخوڕیی، بەجۆرێک جگە لە بنکەی فەرمی هەواڵگریی ئەمریکا لە ئەنکەرە، دوو بنکەی دیکەی هەواڵگریی ئەمریکا هەیە کە نهێنیین لە ئەنکەرەو ئەستەنبوڵ.
بەجۆرێک راپۆرتێکی نیسانی ٢٠١٣ دەریدەخات کە تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین چاودێرییکراوە، لە ١٩ بواری جێی بەرژەوەندیی ئەمریکادا.
ئەو راپۆرتە تورکیا دەخاتە ئاسی فەنزوێلا، تەنانەت پێش کوبا، زانیاریی دەربارەی ئامانج و نیازی سەرکردایەتی تورکیا لەلایەن ئەمریکاوە ئەولەوییەتی هەواڵگریی پێدەدرێت، زانیاریی دەربارەی سوپاو ژێرخان، ئامانجی سیاسەتی دەرەوە، وزەو ئاسایشیش سێیەم باڵاترین ئەولەوییەتیان پێبەخشراوە. پەکەکەش لەو لیستەدا هەیە، بەڵام ئەولەوییەتێکی نزمتری پێدراوە .
لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە هەواڵگریی ئەمریکا هەوڵی دزەکردنە نێو کۆمەڵێک کۆمپیوتەری سەرکردەکانی تورکیای داوە. ئەو پرۆژەیە بە “پلان و پرۆژەی هەڵمەتی تورکی” ناودەبراو شەش مانگی ویست تا ئامانجی خۆی پێکا. دۆکیۆمێنتێک ئەوە بە یەکەمین دزەکردنی سەرکەوتووی کۆمپیوتەرەکانی سەرکردایەتی تورکیا لەقەڵەمدەدات .
ئەوە شتێکی شاراوە نیە کە ئەمریکا دبلۆماتکارە تورکەکانیشی خستبووە ژێر چاودێرییەوە. بەتایبەت باڵیۆزی تورکیا لە ئەمریکاو لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی “تۆز”. هەروەها نوێنەری تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی “هەڵۆی رەش”.
شیکاروانەکانی ئەمریکا کۆمپیوتەرو تەلەفۆنی باڵیۆزخانەی تورکیایان لەو وڵاتە لە ژێر چاودێرییدا داناوەو هێرشی هاککردنیشیان کردۆتە سەر کۆمپیوتەرەکان. بەجۆرێک بەگوێرەی دۆکیۆمێنتێک دەتوانن تەواوی فایلی نێو کۆمپیوتەرەکانیان دەربێنن .

The Intercept – میللەت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت