Barzani

شەریف هەژاریی : لە نێوان نازم دەباغ و ڕاوێژکارەکەی مەسعود بەرزانیی دا !!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

قسەم لەوە نییە گەندەڵی هەموو کەلەبەرێکی ئەم ووڵاتەی گرتووەتەوە ، هەر لە مزگەووت و زانکۆکانەوە تا ئەگات بە مووچە بڕینەوە بۆ موستەشارەکانی بەعس ! سەیرکەن وایلێهاتووە ‘بڕوانامەی مەلایەتیی ‘ و ‘ بڕوانامەی ‘ ماستێر و دکتۆرا ‘ بە فەرمانی بارەگا حیزبییەکان نەبێت ، نادرێت ! تەنها لەسەر گەندەڵییەکانی ناو زانکۆ و غەدر و بێسەرووبەرەییەکانیی چەندان نووسینی گەرەکە ! هەرچەنە لەم ووڵاتەدا ڕوونە کە یاسا-سەروەر نییە و هەر کەس لەلایەن بارەگایەکی حیزبییەوە دانرا ئیدی ‘ بکوژ و ببڕ خودی خۆی !!” ئەبێت ، لە هەموو ئەمانەش خراپتر ، ئەو ڕۆژە سومعەی هەندێ لە سیاسییەکانی دەسەڵاتداری کورد نەما کە کەلاکی جاشە – خۆفرۆشەکانی بەر هەڵمەتەکانی پێشمەرگە بە ” شەهید ” لە قەڵەمدراوون ، سیاسەتوانانێک لە پێناو بەرژەوەندییە خودییەکانیان دەستیان چوبێتە ئەوەی ‘ جاشی – کوژراو و مردوو ‘ بخەنە ڕیزی ‘ شەهید ‘! ئیتر چۆن مرۆڤ هەموو کارێکی قیزەوون و خراپ و شومیان لێ چاوەڕوان ناکات !!
لەم دونیا بێسەروبەرەییەی حوکمی حیزبە کوردییەکان دا ، هەر کەسێک کە لێزان بێت لە خۆشخزمەتیکردن بۆ دەساڵاتدارە حیزبییەکان ئەکرێتە ‘ دبلۆمات و ڕاوێژکار ‘ ی ئەم فۆرمە سیاسییە بێ – پرەنسیپەی کە پێی ئەوترێت ‘ حکومەتی هەرێم ‘!
 کەوابوو لە کەشێکی ئاوها دا ، ئەو شتانەی کە لە مێژووی سیاسیی دونیای سیاسەت دا هەرگیز نەبیستراوە و نەکراوە ، ئەوا لەم کوردە پیشە – سیاسییانەی ئەبینین !، بۆ نموونە : من لێرەدا تەنها دوو ووتەی ئەم چەند مانگەی ڕاوێژکارێک و دبلۆماتکارێکی کوردتان بۆ ئەخەمەڕوو ، بەس تو ویژدانی ئەو کەسانەتان کە ‘ پارتیی و یەکێتیی’ تۆخیشن ! ئەوا تەنها کەمێک بە بێلایەنانەوە لە مێشکی خۆتاندا هەڵیسەنگێنن و بەراوردیان بکەن لەگەڵ هەڵوێست و کردەوەی دبلۆماتکار و ڕاوێژکارانی ووڵاتانی تردا بزانن جیاوازییەکە چەندە!
ماوەیەک لەمەوبەر و لە ئان و ساتی هەوڵەکانی دروستکردنی حکوومەتی عێراق دا کە تا- ئەوکاتە داعش هێرشی نەکردبووە سەر شنگار، میدیا کوردییەکان و بەتایبەت ‘ میدیاکانی سێبەری پارتی ‘ لە زاری ڕاوێژکارێکی بارزانییەوە ، ڕایانگەیاند : ” کە ئیتر ئەوە ئەمریکایە پێویستیی بە کوردە و، کورد پێویستی بە ئەمریکا نەماوە !”، ئینجا نەزانینتر و نا سیاسییانەتر ئەوەبوو : ڕۆژنامەنووسانی ‘ بودجە بۆ ڕژاوی ‘ نزیک لە پارتی بە دور لە بیرکردنەوەی ستراتیژی زۆریان بەسەر ئەم ووتەیەدا هەڵدا! وەک ئەوەی دەوڵەتەکەی مەسعود بەرزانی لە کێبڕکێی ئەمریکا دا بێت و ‘ سیستمی ڕۆکێتی لەسەر مانگ و بنی زەریاکان دامەزراندبێت!’، گەلێک خاوەنی ئەم ڕاوێژکارە ‘ ستراتیژبینانەی سەرۆک !’ بێ ، ئیتر چۆن سنوری باشوری کوردستان ناگەیەنێتە سەر دەریای ناوەڕاست و کەنداوی فارس!
سەیر و سەمەرەکانی ئەم سیاسییانەی کورد هەر بەردەوامە، خۆ هەرچەنە ووتەکانیان کارەسات خولقێنە، بەڵام هەندێ کات نەزانینەکانیان ئەشمانخاتە پێکەنین و وەک پەندەکەی ‘خومەینی لە ناو یاریگای تاران’ ئەمانهێنێتە پێکەنین! لەم کەین و بەینەدا، لە تازەترین وتووێژ دا کە لە سایتی ‘جوان آنلاین’ ی فارسییدا بڵاوکراوەتەوە، نازم دەباغی نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئێران، ئەڵێت :” بە پشتیوانی ئێران پێویستمان بە ئەمریکا نییە !!”، کاتێک دبلۆماتکارانی کورد نەزانانە ئاوها قسە فڕێ بدەن، ئیتر چۆن ئەوەندەی دیکە کارەسات بەسەر نەتەوە بەشمەینەتەکەماندا ناهێنن!! کێ هەیە لێپرسینەوە لەم کەسانە بکات کە لێدوانی خەتەرناک نابێت لەم ساتەدا بدەن و نەتەوەکەمان دوچاری نەهامەتی زیاتر نەکەن!
ڕاستە ئەمریکا لە پێناو بەرژەوەندیی و ستراتیژی خۆی لە داعشی دا و دەدا! کوردیش بەرژەوەندی هاوتەریبی لەگەڵیدا هەیە و پێویستە بیهێنینەدی! هەروەها ، هەموو مرۆڤێکی هوشیار باش ئەزانێت ئەگەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر داعش نەبایە، ئەوا ئێستا سەری ڕەس ئاڵای ڕەشی داعشی لێ-هەڵکرابوو! و فەرماندە ڕیش و سمێڵ بۆیاخکراوە هەڵهاتووەکانی پارتیش لە بندەستی جەندرمە دا بۆیاخیان بۆ سەر و ڕیشیان پێ-نەدەدرا!
ترسناکتر لە هەموو ئەمانەش هێنانی سوپای پاسدارانە بۆ سنوری جەلەولا!، مێژووی پاسدارانی ئێران و خوێنڕێژییەکانیان بەرامبەر بە کورد ئەیسەلمێنێ کە لە هەموو داگیرکەرانی کوردستان فێڵاویتر و دژە-کوردترن! بۆیە ڕوونە کە هاتنی پاسداران بۆ جەلەولا نیەتێکی خەتەرناکی لە پشتەوەیە، لە لایەک ئەیەوێت درز بخاتە ناو کوردەوە لە هاوپەیمانیکردنی ئەمریکا دا. زیاتر لە وەش ، ئامانجێکی تری سوپای پاسداران لە هاتنی بۆ جەلەولا بە شەڕدانی کورد و سوننە یە! هەر بۆیە بە دەستی سوپای پاسداران و میلیشیاکانی شیعە دیلە سونەکان لەو ناوچەیەدا سەرئەبڕن چونکە بۆ ئەوەی ئاژاوەیەک لە نێوان ‘کورد و سونە ‘ دا بەرپا بکەن کە دوای داعشیش نەتوانرێت بووەستێنرێت! نازم دەباغی بە پۆست دبلۆماتکاری نادبلۆمات پێویستە باش بزانێت کە گەللی کورد زۆر بە ووردی ئێران ئەناسێت و کردەوە دژ بە کوردییەکانی لە یاد ناکات !
ئێرانێک ئەگەر هێندە پەرۆشی کوردە ئەوا ڕۆژانە لە خۆرهەڵاتی کوردستاندا دەیان لاوی کوردی لە سێدارە نەدەدا و، ئەمری بەسەر دەوڵەتە داردەستەکەی بەغدا دا ئەکرد کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانەبکات! سیاسییەکانی کورد بەم کار و گوفتارانەیان ڕاستە تەمەنی خۆسەپاندنی خۆیان درێژ ئەکەنەوە، بەڵام میللەتە بەش-مەینەتەکەمان زیاتر ئەخەنە بازاڕی سەوداگەرایی خۆشۆزمەتیکردن بۆ دەسەڵاتی کۆماری سێدارەی فاشیست مەزهەبی-نەتەوەیی فارسگەرای ئاخوندەکانی ئێران، لەبەر ئەوە لە کۆتایی ئەم ووتارەمدا، تەنها ئەم چەند دێڕەی شاعیری مەزن ‘هێمن’ بە بیر هەموو لایەکدا دێنمەوە !

 
ژینی کورتم دی پڕاوپڕ بوو له‌ شانــــــــــازی و شه‌ره‌ف!
عومری زۆرم دی که‌ دوایی هات به‌ ڕیسوایی و نه‌ده‌م!

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت