Skotlanda

عیماد عەلی : کێ پەند لەم دەرسەی ئینگلتەرا و سکوتلەندا وەردەگرێت ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی لای من زۆر گرنگ نیە کە سکوتلەندەکان دەنگ بە جیابونەوەیان دا یان نە ، بە قەد ئەوەی ناوەرۆک و چۆنێتی بەرێوەچونی خودی پرۆسەکە و وەرگرتنی دەرس و پەند لەم رەفتارەی هەردوو وڵاتدا بوو کە پیشانی جیهانیان دا ، بە تایبەتی رازیبونی ئینگلتەرا بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی سکوتلەندای پاش ریفراندۆمەکە و چۆنێتی بەرێوەچونی مەسەلەیەکی گرنگی ئاوها بە رەوتێکی دیموکراسیانە و ، هەنگاونان لە لایەن دەسەڵات و خەڵکیشەوە بۆ دیاریکردنی ئامانجە دورمەوداکانی دوای جیابونەوە ، نەک بۆ کاتی خودی پرۆسەکە و دەرئەنجامەکەی بەتەنها .
ئەم ریفراندۆمە مێژووییە کە بەسەرپەرشتی ژنە بەتوانایەکی وەک ( ماری بیتکیسلی) بە شێوەیەکی ریکوپێک بەرێوەچوو ، کە سەخترین ریفراندۆم بوو و بەو رێژە بەرچاوەی بەشداربوانەوە ، لە 2000 بنکەی دەنگداندا ، کە لە گەنجانی تەمەن شانزە ساڵ بۆ سەرەوە تێیدا بەشداری ریفراندۆمەکەیان کرد ، جێگەی شانازیە بۆ هەردوو وڵات و دانیشتوانەکەی .
بە جیابونەوەی سکوتلەندا 8% ی رێژەی دانیشتوان لە شانشینی یکگرتوو جیادەبووەوە ، 32% روبەری ئنگلتەرا کەم دەبووەوە، 10% ی تێکرای داهاتی نیشتمانی و نەتەوەیی ئینگلتەرا کەم دەبووەوە . لە دەرئەنجامدا ئەمە دەبێتە هۆی لاوازبونی قورسایی ئینگلتەرا لە ئەوروپا و بە تایبەتی کاریگەی سەلبی خۆی دەبێت لەسەر سەرجەم بوارەکانی سیاسی و ئابوری پەیوەندیەکانی ئەو وڵاتە .
سەرەرای ئەمانەش ، ئەومەرجانەی سکوتلەندا داینابون بۆ پاش جیابونەوە خۆی لەمانەدا دەبینیەوە ؛ داوای 50%ی هێز و بەرگری ئاسمانی و توانا هەمەچەشنە ئاسمانیەکان لە فرۆکە و فرۆکەوان کەرەستە و، 10% ی کەشتیوانی سەربازی و ، 8% ی هیزی زەمینی، دەکرد . ئەمە جگە لەوەی داوای کشانەوەی ژیرئاوی و موشەکە ئەتۆمیەکانی بەریتانیای دەکرد لە ئاو و زەوی سکوتلەندا بۆ سنوری ئینگلتەرا کە تەنها گواستنەوەیان 10 ملیار پاوەندی ئەستەرلینی تێدەچوو .
لەم بارەوە ئەگەر بەراوردێکی ئەم وڵاتە لەرووی دیموکراسی و چۆنێتی پیادەکردنی لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بکەین ، ئەگەر بەشێک لەم وڵاتە تازە دامەزراوانەی بەزۆر لکێندراوەی کورد لەگەڵیاندا کە تەمەنیان بە چەند دەیەیەک دەبێت لە ئاست زیاتر لە سێ سەد ساڵ یەکگرتوویی سکوتلەندا لەگەڵ ئینگلتەرا و لە ژێر چەتری هاوڵاتیبونی راستەقینەی بێ کەموکورتی ئەوێ و یەکسانی لە ماف و ئەرکەکاندا بەراوردبکرێت، بەدەر لەو مەرجانەی سکوتلەندا کە لەسەر ئینگلتەرای داینابون ، دەتوانین چۆن و بە چی پێوەرێک ئەو رەفتارەی ئەوێ هەڵیسەنگێنین. با بیخەینە خەیاڵی خۆمان ، کە کورد لەیەکێک لەم چوار وڵاتە ، ئێران ، تورکیا ، عیراق ، سوریا داوای جیابونەوە و ریفراندۆم بکات ، نەک ئەو مەرجانەشی هەبێت لەسەروی جیابونەوەکەوە کە سکوتلەندا هەیبوو ، بەم وەزعە و بەم ئاستە لە هاوڵاتیبون و ماف و ئەرکەکانی گەلی کورد، چی دەقەومێت ؟ ئەوە بینیمان کە هەرێمی کوردستان لەبارەی ریفراندۆمەوە نوزەیەکی لێوەهات ، نەک دەسەڵاتی بەغدا بەڵکو زۆربەی خەڵکی عیراق بە رۆشنبیرەکەشیەوە ، لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەش هەرایان نایەوە و ، بگرە لە هەوڵدابون بۆ دژە نەخشەکێشان و پیلان دانان . لەو بارەوە ، روو وەرگێڕانی داعش بۆ کوردستان بە یەکێک لەو رێگریانەی ریفراندۆم و تەمێکردنی دەسەڵاتی کوردستان ، دەخوێندرێتەوە . بۆیە ئەگەر لە پرۆسەی ریفراندۆمی سکوتلەندیەکان تێرامێین و بەراوردکاری بکەین ، بۆمان دەردەکەوێت کە دەسەڵات و نەتەوەی سەردەستی ئەم وڵاتانەی لای خۆمان چەند دواکەوتوون لە ئاست دیموکراسی و مافی نەتەوە و خەڵکانی ژێردەستەدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت