Almanya

عارف باوەجانی : یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیای خۆرهەڵات و خۆرئاوا لەم رۆژەدا !  وانەیەکیش بۆ گەلی کورد .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وڵاتی ئەڵمانیا لە پاش دۆراندنیان لە شەری دووەمی جیهانی، تووشی ناکۆی و کێشەی ناخۆیی سیاسی بوونەوە، وڵاتەکەیان بە سەر دووبەشدا لەتکرا. بوو بە ئەڵمانیای خۆرهەڵات کە کۆمۆنیستەکان حوکمدارییان تێدا دەکرد، و ئەڵمانی خۆرئاوا کە لیبراڵ و دیمۆکراتەکان حوکمدارییان تێدا دەکرد. بەڵام ئەو نەتەوە لە پاش ٢٨ ساڵ بەسەر ئەو دابەشبوونەدا بیریان لەوە کردەوە کە ئەو ئەڵمانیا مەزنەی مێژوو، بە یەکەوە گەورەتر وجوانترە. گەلی ئەڵمانیای ئەو کاتی لەتکراو، لە ماوەی ئەو ٢٨ ساڵەدا باش هەستیان بەوە کردبوو کە لەو ماوەی بوونەتە ٢ بەشەوە، قورساییان لە گۆرەپانی سیاسەتی جیهانی لاواز بووە .
 پاشان لە ساڵی ١٩٩٠ و بە تێکدانی دیواری بەرلین کە دیوارێک بوو هەردو بەشی ئەڵمانی لە یەک جیادەکردەوە، و لە پاش ٢٨ ساڵ دابران لە یەک، دیسان یەکیان گرتەوەو بوونەوە بە ئەڵمانیای فیدراڵی و خاوەنی دەسەڵاتی زیاتر و بووژانەوەی ئابوری باشتری وڵاتەکەیان .
دابەشبوونی ئەڵمانی بە زەخت و فشاری هیچ وڵاتێکی ناوچەکە نەبوو، بگرە بە  ویستی لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆی ئەڵمانیا بوو. هەر بە ویستی خۆشیان یەکیان گرتەوە.
بەڵام دابەشبووونی کوردستان کە فشاری و ڕێکەوتننامەی چەندین وڵات بووە. ئەو دابەشکردنەی کوردستانیش ٥٠٠ ساڵی بە سەردا تێپەریوە، بەڵام هێشتا بیر لە یەکێتیەکی بەهێزی کوردستان لە ناو زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیدا دروستنەبووە .
جار و بار تروسکایەکی دڵخۆشکەر دروستدەبێت، هەر وەک نموونەی پاش کارەساتەکەی شینگاڵ. بەڵام ئەوەی کە زۆر جێگەی داخ و نیگرانی و بێزارکەرە، لەو ئەو کاتانەی کە کوردستان تووشی نیگرانی و کارەساتی دڵتەزێن دەبێتەوە. لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی لە باتی ئەوەی یەکدەنگ و یەکهێزی کوردستانی بەرامبەری ئەو پلانانە دروستبکەن و بەرامبەری ڕاوەستن. کەچی لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان دەکەونە گیانی یەکتر و پەلاماری کەسایەتی و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی یەکتر دەدەن، و بە هەزاران پروپاگەندەی ناخۆش وژەهراوی، هەزاران پرسیار لە مێشکی تاکی کوردی دروست دەکەن. ئەمەش ئەبێتە هۆکاری  نائومێدی و لاوازی بیری نەتەوەیی لە نێو تاکی کوردستانیدا.
وەک کوردێکی خەمخۆری یەکریزی و سەربەخۆیی نەتەوەکەم ، لەم رۆژەدا تکا دەکەم کە با ئێمەش لەو یەکگرتنەوەی هەردوو بەشی ئەڵمانیەکان و یەکگرتنەوەی هەموو نەتەوە دابەشکراوەکانی دیکەی جیهانی وانەیەک فێربین، کە ئەویش یەکێتی و برایەتی نەتەوەیی کوردە، و تاکە زامنی سەرکەوتن و دەسکەوتی دەوڵەتی کوردییە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت