Mela-Bextiar1

شەریف هەژاریی : بۆ مەلا بەختیار وای وت – بە پێچەوانەی نووسەرانی کوردەوە ؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

سەرەتا هەموو بەڕێزێک گەر لە نزیکەوە بمناسن یان ئاشنای نووسینەکانم بن هەر لە ساڵی ٢٠٠٤ ەوە هەتا ئێستا، ئەوا باش ئەگادارن کە بڕوام بە ناوچەگەری نییە و کوردبوون مەبدەئی هەمیشەیمە، بەڵام کاتێک بە پلانێکی مەبەستدار هەندێک قسە ئاراستە بکرێن کە نەتەوەکەمان دوچاری لێکترازان و ململانێ بکات! ئەوا بە فەرزی سەر شانی خۆمی ئەزانم کە هێندەی پێم بکرێت میللەتەکەم لەو ئاراستەیە هوشیار بکەمەەوە ” وەک ئەوەی لە زانکۆی لەندەن فێرکراوم- ئەگونجیت هەڵسەنگاندنە سیاسییەکەشم بە تەواوی مەبەست نەپێکێت بەڵام بەو مێسۆدانەی کە فێرکراوم ئەوا هەوڵ ئەدەم لۆژیک لە شیکارییەکەم دا یەکانگیرکەم!”، بەم پییە ئەم نووسینەم هەوڵێکە بۆ ڕێگرتن لە پلانێک کە بەهۆی قسەکانی مەلا بەختیارەوە ئەگەری هەیە کارەساتێکی لێبیتە کایەوە بەتایبەت ئەشگوترێت هەر مەلا بەختیاریش بووە کە لە هەندێ ڕووەوە یەکێک لە کاراکتەرەکانی دروستکاری شەڕی ناوخۆی نێوان پارتیی و یەكیتیی بووە!!

با بچمە سەر مەبەست! مەلا بەختیار بۆ وای وت!؟ تۆ بڵیی مەلا بەختیار هێندە نەزان بێت کە ٥٤ کەسی خەڵکی شارەزوور بە گشتی بکاتە ٦٠٠ کەسی بە تەنها خەڵكی هەڵەبجە لە ناو داعش دا!؟ تۆ بڵێی مەلا بەختیار لە من باشتر نەزانێت قاسملوو کێیە! ئەو قاسملووەی مەڵا بەختیاری لە زیندانە ترسناکەکەی یەکێتی بە ڕزگار کردن دا! ئەی بۆ سوکایەتی بە شۆڕشی خۆرهەڵاتی کوردستانیش کرد! ئێ خۆ کاراکتەری سیاسیی هەمیشە هەوڵ ئەدات هەمووان بە لای خۆیەوە جەزب بکات!؟ باشە گەر مەلا بەختیار باس لە شۆڕش بە مانا زانستییەکەی بکات ئەوا زۆربەی ئەو جووڵانەوانەی لە جیهانی ڕۆژهەڵات بە شۆڕش ناوبراون ئەوا شۆڕش نین چونکە هیچیان پێکهاتەی کۆمەڵگایان لە بنەڕەتەوە نەگۆڕیوە! ئەی کەواتە ئەم کابرایە بۆ ئەو هەمووە تەشەنوجاتەی لە ناو باشوری کوردستان و بەتایبەت خەڵکی پارێزگای هەڵەبجەی خوێناویی و خەلکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا دروست کرد و هەر لە سەریشی ئەڕوات!؟

وەڵام: من پێموایە، چ مەلا بەختیار و چ کەسانێکی شیعەی دیکەی وەک عادل موراد زۆرینەی کردەوە و وتارەکانیان لە دوای ١٩٩١ ەوە لە بەرژەوەندی ئێران دا بووە و هەندێک جاریش وەک پلانێکی نەخشە بۆ دانراو لەلایەن ئێرانەوە بۆ لەناوبردنی یەکڕیزی نەتەوەکەمان لە بەشەکانی کوردستاندا ئاراستە کراوە! کەواتە بۆ مەلا بەختیار لەم ساتە پڕ-مەترسییەدا ئەم قسانەی کرد!؟

کورت و پوخت: ئێران ئەیەوێت ئەو یەکگرتوویی و هاوسۆزییە نەتەوەییەی کە لە ئێستا دا لە ناو ڕۆڵەکانی نەتەوەکەماندا لە گشت بەشەکاندا هەیە، لە ناوی ببات! بڕوانن بەتایبەت ئەو یەکگرتووییە لە باشوری کوردستان دا هەتا ئێستا لە ناو هێزە سیاسییەکاندا نەبووە دژ بە داگیرکەران! ووردببنەوە لە خۆپیشاندانەکانی خۆرهەڵات و باکوری کوردستان، کە لە خۆرهەڵات سەرەڕای دروشمی ‘بژی کوبانێ’ ئەوا هوتافی ‘بژی قاسملوو’ش ئەڵێنەوە!، لە باکوریش لەگەڵ ‘نانەوێ کوبانێ’ دا ئەوا ‘ ئازادی بۆ ئاپۆ’ش ئەوترێتەوە! لە خۆرئاواش بەرخۆدان بەردەوامە! کەواتە لە بارودۆخێکی ئاوها دا کە گەلی کورد هاوگیان و هاوخوێن بن ئەوا ئێران وەک دەوڵەتێکی شەیتانیی دڕندەی دژە-کورد، پلانێکی ئاشوبنانەوەی بۆ ڕێکدەخات ! بۆ ئەوەی لە لایەک پارتە سیاسییەکانی خۆرهەڵات سەرقاڵ بکات بە شەڕە قسە لەگەڵ یەکێتییدا لە بری تەیارکردنی خۆپیشاندانەکانی شارەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان، هەروەها ئەشییەوێت لە باشوری کوردستان ئەو ئاشوب و فیتنەیە وا لێ بکات کە هێزە سیاسییە کوردییەکان بەرببنەوە گیانی یەکتر! بۆنموونە: دوێنێ لە یەک کات دا دوو خۆپیشاندانی جیاواز لە هەڵەبجە دا کراوە! خەڵکەکە دابەشبوون بەشێک بۆ کوبانێ! بەشێکیش بۆ دژایەتی سوکایەتییەکانی مەلا بەختیار بە خەڵکی خوێن لێ چۆڕاوی هەڵەبجە! کەوابوو ئەمەیە ئاوات و پلانە نەگریسەکەی ئێران! کە برایەتیمان لەق بکات! کە تی ڤیی و ڕۆژنامەکانمان لە بەری خۆ تەرخانکردن بۆ بەرخۆدان ئەوا خەریکی بەرنامەسازی بن لەسەر قسەکانی مەلا بەختیار و ململانێکان گەورەتر ببن و خەڵک دوژمنی بیر بچێتەوە!

پرسیار: ئەکرێت چۆن ئەم پلانە ڕێکخرابێت!؟ هاوکێشەکە من ئاوا دابەشی ئەکەم: مەلا بەختیار خۆی وتی نەفەری یەکەمی میحوەری جەلەولایە، پیسترین تیرۆریستیش کە قاسمی سلێمانییە نەفەری یەکەمی ئێرانە لە بەرەی جەلەولا-ئامرلی دا! کەوابوو ئەکرێت پلانەکە لەو برایەتییەوە، داڕێژرابێت !! ئەمە سەرەڕای ئەوەی باشە مەلا بەختیار بە چ سیفەتێک بەرپرسی یەکەمی جەلەولایە!؟ ئایا مەلا بەختیار وەزیری پێشمەرگەیە!؟ بێگوومان نەخێر تەنها بەرپرسێکی حیزببیە! کەوابوو کە مەلا بەختیار هیچ بەرپرسیارێتێکی حکومی لە ناو هێزی پێشمەرگە دا نییە! ئەوا ئەگەری هەیە هەر بە پشتیوانی قاسمی سلێمانیش کرابێتە نەفەری یەکەمی ئەو میحوەرە!! ئەگەر وانییە باشە کاک مەلا بەختیار ئەی بۆ ئەم هەمووە باسی فەلسەفەی دیموکراتییەت و تەکنۆکرات بۆ کەسانی شوێنکەوتەت ئەکەیت! بۆ لە خودی خۆت دا پراکتیزەی ناکەیت!؟

پرسیارێکی دیکە: بۆ کەس لە ناو یەکێتییدا لەم هەموو لێدوانە بریندارکەر و کارەساتهێنانەی مەلا بەختیار ناپرسێتەوە! تۆ بڵێی زەواجی سیاسیی نێوان باڤێڵ تاڵەبانیی و کچی مەلا بەختیار و پاڵپشتی ئیرانی شیعی وایکردبیت هەموو شتێک لە یەکێتییدا بریتی بێت لە: کاک مەلا بەختیار !!؟

ئینجا لە هەموو ئەمانەش سەیرتر: هەندێ نووسەری بیر فاشستی مارکسیی لە ئێستادا کەوتوونەتە شاباش بەسەر مەلا بەختیار و یەکێتیی دا کە لە بلۆکی ئێران دایە! چونکە ئەو مارکسیستە فاشییانە بە ئاواتی زیندووکردنەوەی ستالین سەرئەنێنەوە و، وا ئەزانن کە ئەگەر ئێران لە بەرەی ڕووسیا دابێت ئەوا ئاخوندەکانیش ئەبنە مارکسی!! هاوکێشەیەک کە گریانی ئەوێت: یەکێتی – ئێران- رووسیا. هەر ئەمەشە وایکردووە ئەم نووسەرە مارکسییانە بە ڕاست و بە چەوت ئێستا خۆیان تەرخان بکەن بۆ دژایەتی کردنی ‘گۆڕان و ئیسلامییەکان’ لەلایەک و بەرەی ئەمریکا کە ‘پارتی’ یە لە لایەکی ترەوە، کە من بە کارەساتی ئەزانم نووسەر تەنها لە پێناو ئایدۆلۆژیای تەسکی خۆیدا لە بارودۆخی شەڕ دا مەترسییەکی زوحاککاری وەک ئێران بۆ خەڵک نەخاتەڕوو،  لە کاتێکدا هەمووشمان ئەزانین ئەمریکا نەبوایە و نەبێت ئەوا هەر بە پلانی ئێران-تورکیا داعش هەولێر و خانەقین و کوبانیی و بگرە زۆر شوێنی تریشی ئەگرت!

 وا وتەم: نازانم ئەم گێڕانەوەیە تا چەند راستە ڕووداوەکەی! بەڵام ناواخنەکەی ڕەنگە حەقیقەت بێت! ئەڵێن: جارێک مەلا بەختیار لەسەر ئەو سەرکردانەی یەکێتی کە دەبنە گۆڕان و یەکتربینینیان لەگەڵ نەوشیروان مستەفا دا هەبووە ئەوا هەر ڕاپۆرت بە مام جەلال ئەدا و سەرقاڵتری ئەکا! مام جەلالیش لێی توڕە ئەبێ و بە مەلا بەختیار ئەڵێت: ” بەختیار بە شەرەفم ئەگەر تۆ بچیتە ناو گۆڕان ئەوا نیوەی زیاتری گٶڕان ئەگەڕێنەوە بۆ ناو یەکێتیی!”.

زۆر شت ماوە بیخەمەڕوو ، بەڵام هیوادارم هەڵسەنگاندنەکەم سودمەندبووبێت بۆ نەتەوە خوێناوییەکەم.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت