بورهان شێخ رەئوف : جەنگى پیرۆز .

جەنگ بریتیە لە پرۆسیسى ناکۆکى و ململانێ ى لە نێوان دوولایەن یان زیاتر بە ئامانجى لە ناوبردن و تێکدانى لایەنى بەرامبەر جەنگ چەند جۆرێکى هەیە لەوانە جەنگى سەربازى کە بە شەڕى دەستەویەخەو بەرامبەر کە هەموو جۆرەکانى چەک چ ئاسمانى و چ زەمینى … هتد . تیادابەکار دەهێنرێت یان جەنگى هزر و سیاسەتە کە ئەویش بە نانەوەى ئاژاوەو فێڵ و تەڵەکەبازى لەنێوان کۆمەڵانى خەڵکى ووڵاتێکدا یان هۆزو تیرەیەکدا بە مەبەستى لاواز کردن و پەرت و بڵاوە پێکردنیان بۆ ئەوەى هەرکات ویستیان دەست بگرن بە سەریاندا ، هەروەها جەنگ چەندین هۆکارو پاڵنەرى هەیە لەوانە یان لە پێناوى سامان و داهاتدا یە یان لە پێناوى گەیشتن بە دەسەڵات و حوکمڕانیدا ، یان جەنگ لە پێناوى ئاشتى وئارامى و وەرگرتنەوەى مافى زەوتکراو ویان پارێزگارى لە خاک و وڵات و بەها پیرۆزەکانى هەرگەلێک ئەگەر بەر هەر شاڵاوێک بکەون ،یان جەنگ لە کاتێکدا ڕوودەدات کە هیچ بوارێک نەمێنێتەوە بۆ چارەسەرى کێشەو ململانێکان لە ڕێگەى دایا لۆگ و دان وسانەوە یان ناکۆکى ئایدیۆلۆجى وئایینى و ئاینزاکان یان جەنگى ڕزگارى نیشتمانى و سەربەخۆیى گەلانى بندەست و ئازادیخوا بۆ وەرگرتنەوەى ماف وخاکى داگیرکراو یان ڕووخاندنى ڕژێمە دکتاتۆرو ملهوڕەکان .
جەنگ چەندین جۆرو شێوازى هەیە لە پۆلین کردندا سەرکیترینیان جەنگى پیس و جەنگى عادیلانەیە ، مەبەست لە جەنگى پیس ئەوجەنگە دڕندانەیە کە تەڕو وشک بە یەکەوە دەسوتێنێت و کۆمەڵکوژى بەرامبەر خەڵکى سڤیل و بێ دیفاع ئەنجام دەدات وەکو لە جەنگى کۆریادا لە ساڵى 1950 و شەڕى فەرەنسا دژى جەزائیر 1954- 1961 و شەڕى خێڵەکانى هۆتو توتسى لە ڕوندا 1993 و هەروەها بەکارهێنانى ژەهرى کیمیاوى دژى کوردەکانى عێراق لە پرۆسەکانى ئەنفالدا ساڵى 1988 ،بەڵام شەڕى عادیلانە هەرچەندە فەیلەسوف و بیرمەندەکان لە دیاریکردنى ماناى ئەم زاراوەدا جیاوازن لەبەرئەوەى هەندێک لە سەرکردە سەربازى و سیاسیەکان زۆرجار بە کارى دەهێنن بۆ جێبەجێکردنى مەرامەکانیان هەرچەندە بە زۆرێک لە پێوەرەکان جەنگەکە عادیلانەش نەبێت ، بەڵام گەورە بیرمەندێکى وەکو ( کانت ) سەرەکۆنەى جەنگ دەکات و واى نابینێت جەنگى عادیلانە هەبێت بەڵکو کتێبێکى دانا بە ناوى ( پرۆژەى ئاشتى هەمیشەیى ) کە دواتر بووە سەرچاوەى داڕشتنى بەندەکانى کۆمەڵەى گەلان لە گەڵ ئەوەشدا وتى ئاشتى هەمیشەیى مەحاڵە بەڵکو دەتوانین ئەو ئامانجە بە دەست بهێنین بە شێوەیەکى نزیک لێ ى .
بە هەرحاڵ شوێنەوارى جەنگ لە هەرکوێ بێت کوشتن و بڕین و سەرگەردانی و ماڵوێرانیە زیان بە ژینگەو ژێرخانى وڵات دەگەیەنێت ، برسێتى و نەخۆشى و دواکەوتن لە کاروانى زانیارى و زانست و تەکنۆلۆجیا و هەروەها کاریگەرى دەروونى خراپى لە سەر هەمووتاکەکانى کۆمەڵگە بە جێدەهێڵێت و بە فیڕۆدانى داهاتى گشتى وڵاتە لە ڕووى ئابوورى و مرۆیى و سامانە سروشتیەکانیشەوە .
بۆ بەرگرتن لە ڕوودانى جەنگ وئەڵتەرناتیف بۆى پەنا بردنە بۆ ئاشتى و دوورکەوتنەوە لە توندو تیژى و بێ لایەنى و دبلۆماسیەت و دان وسان وڕێکەوتن و سازان و سزا ] دانى نێودەوڵەتى و هەستکردن بە مەترسیەکانى تێوەگلانە لەشەڕ و تێچوونى ڕادەیەکى زۆرە لە سامان و داهاتى وڵات .
ئەوەى سەرەوە پێناسەیەکى کورتى جەنگ و پوختەیەکى هۆکارو ئامانج و جۆر و شێوازو شوێنەوار وئاکامەکانى جەنگە بە شێوەیەکە گشتى ، لە سۆنگەى هەموو ئەوانەوە چۆن جەنگى ڕێکخراوى تیرۆرستى داعش دژ بە گەلى کوردستان لە باشوورو رۆژئاوا ى کوردستان پۆلین بکەین ؟ .
لە کاتێکدا کورد لە نێوماڵى خۆیدایە لەسەرخاکى خۆیەتى هەر لە جەلەولا و کەرکوک تا زوممارو شەنگال تا کۆبانێ ى قارەمان و سومبولى خۆڕاگرى و نەبەزین ، ئەوە کوڕو براو خوشک ومناڵەکانمانن چ پێشمەرگە و چ گەریلا و چ شەڕەڤان لە بەردەرکى ماڵەکانى خۆمان شەهید دەبن و گیانیان بە سەخاوەتەوە فیداى خاکى نیشتمان دەکەن .کەسیان پایان نەخستۆتە نێو ماڵى کەسێکى ترەوە .
لە کۆتاییدا دەپرسم ئایا جەنگ لەمە عادیلانەترو پیرۆزتر هەیە ؟؟ وەڵامەکەى جێدێڵم بۆ خوێنەرانى خۆشەویست وڕاى گشتى و هەموو ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ؟ .