Bextiar-Sharezwri

 بەختیار شارەزورى :  پلانى دابەشکردنى سوریا بۆ سێ هەرێم .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە دواى ئەم ڕودادوانەوەو هاتنى داعش ، بە تەواوەتى نەخشەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەبەردەم ئەگەرى هەڵوەشاندنەوەدایە ، جارێکى تر ڕێکخستنەوەى ….. خۆ ئەگەر ئەم پلانە درێژکراوەى پلانەکەى  لیوناردۆ لویسى ئەمریکى بێت ، بەوەى کە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا نەخشەى  54 وڵات  دابەشبکرێت بۆ 88 وڵات ، ئەگەر ئەمە وا بێت ، ئەوا دەتوانین بڵێین لە دواى 11 سبتمبر و بەهارى عەرەبییەوە ، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى ڕوو بە ڕووى هێزێکى ترسناک دەبنەوە کە خۆیان هاوکارى بون بۆ جێبەجێکردنى پلانەکانیان ، وە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاستى گشتى ئەوروپا و ئەمریکا ، بە تایبەت دواى بەهارى عەرەبى ئەو ڕاستیە دەرکەوت ، کە هێزە توندڕەوەکان دەتوانن کۆى گۆڕەپانى سیاسى و سەربازى و ئابوورى داگیر بکەن ، هەر بەم پێوەرانە ئەگەر هەردوو جەمسەرەکە لەسەر فایلى عێراق و سوریا و تورکیا ڕێککەوتبێتن ، ئەوا بە قۆناغ کار لەسەر پلانەکان دەکرێت ، ئێستە لە عێراقدا ڕێککەوتون لەسەر ئەم دۆخەى ئێستا و ڕووبەڕوو بونەوەى داعش ، بەم باسەدا شۆڕ نابینەوە ، دێنە سەر فایلى سوریا . 

لەسەر ئەم فایلە هەر لە سەرەتاوە هەردوو جەمسەرەکە ڕێکنەکەوتن لەسەر ئەوەى چۆن کار لەسەر نەخشەى سیاسى و جوگرافى و ئابوورى و سەربازى سوریا بکەن ، چونکە هەرچى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى بوو دەیانویست بدرێت لە بەشار ئەسەد و داعش بە پشتیوانى سوپاى ئازادى سورى ، هەرچى جەمسەرى ڕووسى ئێرانى بوو دەیان وت دەبێت بە پشتیوانى بەشار ئەسەد بدرێت لە سوپاى ئازاد و داعش ، بۆیە دواى ململانێیەکى زۆر ، ئێستە دەنگۆى ئەوە هەیە کە بە (کارت بە کارت ) ڕێککەوتنێک کرا بێت لە نێوان ئێران و ئەمریکادا بە نهێنى لە لبنان کە سوریا بۆ 3 هەرێم دابەش ببێت (هەرێمێک لە ژێر دەستى بەشار ئەسەد و هەرێمێک لە ژێر دەستى ئوردن و هەرێمێک لە ژێر دەستى تورکیا ) بێگومان ئەم ڕێککەوتنانە لەسەر بەرژەوەندى هەردوو جەمسەر داڕێژراوە .

خۆ ئەگەر پلانەکە بەم شێوە بێت ، ئەوا دەبێت کانتۆنەکانى پەیەدە وەک زۆنى زەرد بچێتە چێر دەسەڵاتى تورکیا ( وتەکانى ساڵح موسلیم ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن …تورکیا داواى جاشایەتیمان لێ دەکات ) ئەڵبەت ئەمە لە ساڵانى پێشوتر لە ڕێ ى پارتییەوە کارى بۆ کرا بەوەى (الپارتى ) دروست کردو پەیەدە قبوڵى نەکرد ..پرسیارەکە لێرەدا …ئەو سیناریۆیە چیە بۆ جێبەجێکردنى ئەم پلانە … ئایا ئەم پلانە سەردەگرێت ..؟

ئەمریکا کار بە دوژمنەکەشى دەکات لەسەر بنەماى بەرژەوەندییەکانى خۆى ، هەر لەم ڕوانگەیەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانى هێرشى ئاسمانى بۆ کۆى داعش دەکەن تەنها لە کۆبانیدا نەبێت ، ئەوەشى کە هەیە لە چوارچێوەى پلانى سەربازى ئەمریکادایە کە دەڵێ : ( دەبێت سەرچاوەى داهاتى داعش وشک بکرێت ، بۆ ئەمەش لە نزیک کۆبانێ پاڵاوتگەى نەوتى لێیە و ئەو شوێنانە چى هێزى داعشى لێبێت بۆردومانى دەکات.)..ئەمەش بۆ ئەوەیە کە داعشەکان ڕوو بکەنە کۆبانى و بچنە ناو کۆبانیەوە ، ئەو کات کانتۆنەکانى جزیرە و عفرین بۆ داعش ئاسان دەبێت و پاشان حەسەکە و ئەو کات بۆ شەنگال ، کە داعش ئەم شوێنانەى گرت ، ئەوا ناتۆ تورکیا ڕادەسپێرێ بۆ ئەوەى ئەو ناوچانە لە داعش بسێنێتەوە و بیخاتە سەر خۆى ( هاتنى سکرتێرى ناتۆ بۆ تورکیا بەڵگەیە ..سەیرکردنى وڵاتانى ناتۆ بۆ کۆبانى بەڵگەیە ) ئەو کات سوپاى ئازاد بەشێک لە سوریا دەخاتە سەر ئوردون و بەشێکى بۆ بەشارئەسەد و ڕۆژئاواى کوردستان و هەندێکى تر بۆ تورکیا ، هەر لەسەرتاى شەڕى کۆبانیەوە کار بۆ ئەم پلانەکراوە ..دێینە سەر بەشى دوەمى پرسیارەکە …ئایا ئەم پلانە جێبەجێ دەبێت …؟

ئەگەر کۆبانى نەگیرێت ئەوا ئەم پلانە هەڵدەوەشێتەوە . لەم کاتەدا ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ هێز دەکات خۆ ئەگەر کۆبانى نەگیرێت ئەوا هەردوو جەمسەرەکە ناچاردەبن سیناریۆى پلانەکەیان بگۆڕن .. لەم کاتەدا گواستنەوەى شەڕى قورس بۆ ناو قوڵاتى تورکیا دەبێتە کارتێکى فشار بۆ سەر وڵاتانى ناتۆ بۆ هاوکارى پەیەدە و کۆتاى هێنان بە هاوکارى داعش لەلایەن تورکیاوە  ،، خۆپیشاندانى کوردادانى تارگە و بە تایبەت لە زۆرێک لە وڵاتانى دنیا دەبێتە کارتى فشار .. کە پەکەکە ئەمەى کردو تا ئاستێک سەرکەوتو بوە ، بەڵام ئەوەى کە ئەم پلانە ڕادەگرێت نەگیرانى کوبانى بەرخودانى شەرەڤانانى یەپەگەیە لە ناو کوبانیدا ..ئەو کارتەى کە زۆر بەهێزە و تا ئێستا بەکار نەهاتوە هەڕەشەى ئابورییەلەلایەن پەکەکەوە ، بە تایبەت بۆریە نەوتییەکان و بەندەرى جیهان ، کە ئەگەر پلانەکە نزیک بێتەوە لە جێبەجێکردن ئەوا دور نیە پەکەکە پرۆسەى ئاشتى هەڵبوەشێنێتەوە و ئەم کارتە بەکار بهێنێت ، ئەو کات شەڕەکان فراوانتر دەبێت .

ئێستە کورد بە گشتى لەبەردەم دوو ئەگەر دایە یا ئەوەتا دەبێت ناوەڕۆکى ئەو پلانە جێبەجێ بکات ، یا ئەوتا دەبێت ڕوبەڕوى پلانى نێو دەوڵەتى ببێتەوە .

کارەساتەکە لێرەدایە .. باشورى کوردستانیش هیچ هەنگاوێکى سەربازى وئابورى نانێت بۆ پشتیوانى کۆبانێ ….کە دەتوانرا هێرش بکرێتە سەر شەنگال و قۆڵى شەڕەکان فراوان بکەن و ببێتە پشتوانیەک بۆ کۆبانێ ، یان فشارى ئابورى بخرێتە سەر تورکیا بۆ پشتیوانى کۆبانێ ، چونکە ئێستا باشور بەشێکە لە ئاسایشى وزەى تورکى ، ئەوەى کە دەمێنێتەوە لە باشورى کوردستان ، تەنها خۆپیشاندانەکانە کە پێم وایە بەقەد یەک مەخزەن فیشەک کاریگەرى نابێت بۆ کۆبانى ئەگەر نەبێتە فشارى هاوکارى سەربازى باشورى کوردستان بۆ ڕۆژئاوا .

ئەوەى دەمێنیەوە دەبێت پێشبینى بکرێت ئەوەیە ، کە ئایا ئەگەر کۆبانى بکەوێت چى تر ڕوودەدات ، وە ئەگەر کۆبانێ نەکەوێت چى تر ڕوو دەدات ….؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت