شەریف هەژاریی : بۆ سوپای تورکیا لەم کاتەدا هێرشی بۆسەر پەکەکە  ئەنجامیدا ؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

ئەتوانین هۆکارەکانی شکاندنی پرۆسەی ‘ ئاگربەست و ئاشتی ‘ لەلایەن سوپای تورکیاوە لەم کاتەدا ، لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا ڕوونبکەینەوە :

١- بڕوانەبوونی داگیرکەرانی کوردستان ‘تورک، فارس و عەرەب ‘ بە مافەکانی کورد وەک نەتەوەییەکی جیا و، بەکارهێنانی تەکتیکێکی فێڵاوی بەرامبەر هەر بز‌ووتنەوەیەکی کورد ئەگەر هەر کاتێک لە بەشێکدا بەهێز بووبێت،  بۆ ئەوەی لە دواتر دا پلانی سیخوڕانە و فێڵاوییانەی دیکەی بۆ داڕێژن و شۆڕشەکە لەناو ببەن . بۆ نموونە : لە نەورۆزی ساڵی پارەوە ‘ نەورۆزی ٢٠١٣’ عەبدوڵا ئۆجەلان و پەکەکە بەشێوەیەکی فەرمی ئاگربەستیان ڕاگەیاندووە و چاوەروانی ئەو پرۆسەی ئاشتییە ئەکەن کە ئەردۆغانی خومەینی سیفەت چەندان جار بەڵینی وەک یەکبوونی کورد و تورکی ڕادەگەیاند! کەچی بە درێژایی ئەو ماوەیە، دەسەڵاتە مەکربازە-ئیسلامیستەکەی ئەردۆغان، نە مافەکانی کوردی لە دەستوری ووڵات دا چەسپاند و نە تەنانەت خوێندنی زمانی کوردی ‘کە بچوکترین مافە خوا بە کوردی بەخشیوە’ کردە زمانی فەرمی خوێندگاکانی شارەکانی باکوری کوردستان! ئەمە چی ئەگەیەنیت !؟ ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە لەبەر ئەوەی شۆڕشی باکور و پەکەکە لە چەند ساڵی ڕابردوو دا زۆر بەگوڕ بوو، هەروەها هەندێ ناوچەی باکوری کوردستانیشی ئازاد کردبوو، هەربۆیە تورکیا بۆ ماوەیەکی کاتیی و لە ژێر ناوی ‘پرۆسەی ئاشتی’ دا چالاکییەکانی بە پەکەکە ڕاگرت، کەچی دەرکەوت کە تورک دیسانەوە وەک سەدان جاری دیکەی مێژوویان و وەک مێژووی داگیرکەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان حەرامزادەبوون بەرامبەر دانەوەی مافەکانی کورد! ئەگەر وا نییە کێ دەستی گرتوون بۆ بچووکترین ماف نادەنەوە بە کورد !

٢- هەڵکردنی ئاڵای سەوزی یەکێتی ئەوروپا لەم کاتەدا بۆ تورکیا بۆ لێدانی پەکەکە ، بەتایبەت دوێنێ وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاند : پەکەکە هەر وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لای ئەوان ئەمێنێتەوە! کە ئەمەش بە ئەشکرا ئاماژەی ڕێپیدانی یەکێتیی ئەوروپا بوو بۆ ئەوەی سوپای تورک هێرش بکەنەوە سەر پەکەکە لە هەر شوێنێک و سیادەی هەر ووڵاتیکی جیرانیش دابێت !

٣- ئەم هێرشەی سوپای تورک سەلماندییەوە کە تورک ئەیەوێت کۆبانێ و خۆراوای کوردستان بکەوێتە دەست داعش و بەرخۆدان لەو بەشەدا لە بەرامبەر داعش لاواز بکات چونکە بە لێدانی بنکەکانی پەکەکە ئەوا هێزی پەکەکە بۆ هاوکاریکردنی شۆڕشگێڕانی خۆراوای کوردستان و پەیەدە لاواز ئەبێ و، پلانە نەگریسەکەی تورک بۆ ئەوەی داعش سەرکەوتوو بکات ئەچێتە قۆناغێکی دیکەوە !

٤- بە هێرش بۆ سەر پەکەکە ئەوا تورک ئەیەوێت ئەو یەکڕیزییەی کە ئێستا لە نێو پارتە کوردییەکانی گشت بەشەکاندا هەیە لاوازی بکات و ئەمە بۆ خۆشی ئاماژەیەکە بۆ پارتی کە هەموو ئەو بەڵێنانەی کە تورک پێی دان لە چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە باکور دا جگە لە فڕوفێڵ هیچی دیکە نەبووە ! بەمەش پارتی لە بەرچاوی پەکەکە زیاتر ئەتارێنێ و دور نییە ئەم هۆکارە ببێتە هۆی ناکۆکی زیاتر لە نێوان پەکەکە و پارتی دا ! چونکە پارتی زۆرجار دوپاتی ئەکردەوە کە تورکیا لە پرۆسەی ئاشتییدا ڕاستگۆیانە قۆناغێکی نوێی دەست پێ کردووە ، باشە ئەگەر تورک ڕاستگۆ بوو لەو پرۆسەیەدا ئەوا کوا دانەوەی کەمترین ماف بە کوردانی باکور!؟ ئەی بۆ هێرشیشی کردەوە سەر پەکەکە ئەگەر تورک پەیمان-شکێن و بێ بەڵێن نین !؟ بەمەش پێویستە هەموو لایەک هوشیارتر بن لەوەی کە ڕۆڵی تورکیا و ئێران بۆ پەرتەوازەکردنی ئەو یەکگرتووییەی کە لە بەشەکانی کوردستان دا هاتووەتە کایەوە وەختە ڕوونتر ئەبێتەوە و تەنها ئەجێنداشیان پەرتەوازەکردنی کوردە و فەقەت، بۆیە پێویستە پارتە کوردییەکان زۆر ووریا بن لە بەرامبەر هاوکێشەکە و چۆنیەتی سەندی مافی کوردان لە هەر بەشێک دا .

٥- دەسەڵاتی تورک ئەیەوێت بەم هێرشانە بۆ سەر پەکەکە ئەوا فۆرمی پشتیوانی بۆ ‘تیرۆریستانی پەکەکە – وەک تورک ئەیڵێن ‘ ببەخشێت بە خۆپیشاندانە جەماوەرییە مەدەنییەکانی ناوچەکانی باکوری کوردستان و، بە تەواوی دەستکراوەبێت لە کوشتن و بڕین و گرتنی خۆپیشاندەران دا !

ماوەتەوە بڵێم، وەک لە ساڵی ٢٠٠٥ لە خۆپیشاندان بۆ ئازادی ئۆجەلانەوە تا ئێستا سەدان جار نوسیوومە و ئەیڵێمەوە کە پێویستە پەکەکە بە هەر ڕێگایەک بووە تەرکیز بکاتە سەر باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکا! ئیتر پێویستە تیۆریسێنەکانی پەکەکە پلانێک داڕێژن کە هەرچۆنیان کردووە دەلاقەیەکی پەیوەندی لەگەڵ هەر ووڵاتێکی ئەوروپا یان ئەمریکا ‘ڕۆژئاوای بەرەی ئەمریکا ‘ دروست بکەن و لەمەش دا پێویستە پارتە کوردییە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا ‘ لە هەر بەشێک بن’ بە ڕۆڵی نەتەوەییانەی خۆیان هەستن !

ئەم هێرشەی تورک بۆ سەر پەکەکە و ناڕاستەوخۆا زەمینەسازی تورک بۆ سەرکەوتنی داعش لە کۆبانێ و خۆراوای کوردستان هێرشە بۆ سەر هەموو کورد و، پێویستە هەموو پارتە کوردییەکان نەتەوەییانە هەڵوێستیان هەبێ و پرۆتیستۆی کەن! پەکەکەش پیویستە چی دیکە زۆر دەست لە کاروباری باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان وەرنەدا بۆ ئەوەی زەمینەسازی هاتنە ئارای یەکێتییەکی نەتەوەیی ڕاستگۆیانە لەگەڵ هەموو لایەنە سەرەکییەکانی گشت بەشەکانی کوردستان بێتە کایەوە .       

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت