وەڵامی فەرمی پارتی بۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر خاتو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتارێکێ بەناونیشانی ( هەق وایە بەم جۆرە ئیتیفاق بکرێت ) بلاوکردەوەو ، ئێمەش لە ” وتایکورد” دا بلاومان کردۆتەوە . ڕۆژنامەیەکی سەر بەپارتی بەبێ خاوەنداری وتارێکی دژ بەو وتارەکەی خاتو شاناز ئیبراهیم بڵاوکردۆتەوە . ئەمەی خوارەوە وتارەکەی ڕۆژنامەی هەولێری سەر بەپارتییە .

شاناز ، شانازی بە چییەوە دەکات ؟

لەکاتێکد مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی و هەردوو مەکتەبی ڕاگەیاندن ، کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی هیچ گرژییەک لەنێوانیان نەمێنێ و ڕێگە لەو کەسانە بگرن کە خەریکی تێکدانی یەکڕیزین، شانازی برایم ئەحمەد نووسینێکی بڵاو کردۆتەوە و زۆر سنووری بەزاندووە کە هەر نەدەبوو تخوونیان بکەوێت ، بەتایبەتی کە خودی شاناز یەکێکە لەوانەی پێش هەموو لایەک خودی ( یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ) بەدەستیانەوە گیری خواردووە و بەهەڵسوکەوت و خیتابی دڵڕەشانە، سەرئێشەی زۆریان بۆ یەکێتی دروست کردووە .
بۆیە پێش هەر کەسێکیش ئەوە یەکێتییە نیشتیمانپەروەرەکانن کە دەبێ بپرسن ، بۆچی ڕێک لەوکاتەدا کە هەموو لایەک هەوڵی نەهێشتنی دووبەرەکی دەدەن، شاناز بە چ سیفەتێک و بە چ ئامانجێک دێت و هەوڵی دووبەرەکی دەدات ؟
ئەگەرچی قسەکانی ئەو زۆر ساویلکانەن ، بەڵام بۆ ئەوەی تێبگات دەستی بۆ بابەتگەلێک بردووە کە خودی خۆی و مافیایەکەی تیایدا سەبەبکارن ، ئەم وەڵامانەی دەدەینەوە .

کاتێک ڕەخنە لە ئاستی پەیوەندییەکانی هەرێم و دەرەوە دەگرێت ، بەتایبەتییش لەگەڵ تورکیا و گومانی دەخاتە سەر، دەبوایە هیچ نەبێ ئەو هاودەنگی و پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەی بینیبایە کە ئێستا بۆ کوردستان هەیە . لەکاتێکدا هەموو وڵاتانی عەرەبی داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکرد بۆ شەڕی داعش لە سوریا تەدەخول بکەن، کەچی هیچ وەڵامیان نەدانەوە، لەکاتێکدا تیرۆریستانی داعش بەشێکی زۆری خاکی عێراقیان داگیر کرد و لە سنوورەکانی بەغدا نزیک دەبوونەوە ، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق چەندین جار لە دەرگای ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی دا بۆ ئەوەی فریای بکەون ، بەڵام هیچ لایەک وەڵامی هاوارەکەی نەدایەوە، کەچی بەو خێرایی و بەو فراوانییە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆپشتیوانی لە کوردستان پێکهێنرا. ئەوە نەتیجەی سیاسەتی دروست و ژیرانەی هەرێم و بەها نەگۆڕەکانی گەلەکەمانە کە شاناز بڕوای پێیان نییە و نایانناسێت . کاتێک ئەو لە کارەکەی خۆیدا لە بواری پەیوەندیی دەرەوە شکستی هێناوە و جالیەی کوردی دەرگەیان لێ گرت و لە نووسینگەکەی دەریان کرد ، با ئەو شکستەی خۆی بەسەر پەیوەندەییە دەرەکییەکانی هەرێمدا تەعمیم نەکات کە بە شایەتی هەموولایەک پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ هەموو وڵاتان زۆر متەوازن و لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمانە. پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتی تورکیا و هەموو دراوسێیەکانی تر لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەمانە و، هەرێم هەمیشە لەو پەیوەندییانەدا خاوەنی بڕیاری خۆیەتی و هەر ئەو پەیوەندییە دۆستانەیەش بووە کە پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا هێنایە بەرهەم و ڕۆڵێکی زۆر گرینگیشی لە پێشخستنیدا بینیوە، ئەوە سەرباری ئەو هەموو هەوڵانەی لە نزیک و دوورەوە بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی لە باکوور لەئارادان !
سەبارەت بە دۆسیەی نەوت، پرۆسەیەکی زۆر شەفافە و بەرپرسانی پێشوو و ئێستای یەکێتی لەناو حکوومەت چەندین جار رایانگەیاندووە کە ئاگاداری ورد درشتی ئەو بابەتەن . ئەگەر گومانێکیش لە دۆسیەی نەوتدا هەبێت ئەوا دۆسیەکان بە تەواوی لای پەرلەمانن و هەر گەندەڵییەکیش هەبووبێت لای بەرپرسە نزیکەکانی خۆت و ئەندامی باندە مافیاییەکەتە ، ئیتر چۆن ڕووت دێت دەستی چەوری خۆت بەسەری خەڵکی تر بسڕیت ؟
سەبارەت بەو ناماقوڵییەش کە گوایە دۆسیەی سەربەخۆیی کوردستان تەنها بۆ موزایەدەیە ، ئەوە زادەی عەقڵی نەخۆش و کۆیلەکراوی تۆیە کە بڕوات بە سەربەخۆیی نییە و تەنیا دوژمنان و نەیاران و ئەوانەی وەک تۆن بەوشێوەیە دەڕواننە سەربەخۆیی ، ئەگینا سەربەخۆیی ویستی تاک تاکی گەلی کوردستانە و، نە تۆ و نە هاوشێوەکانیشت ناتوانن ڕێگە لەو ئامانجە پیرۆزەمان بگرن و بێگومان کەسانی وەک تۆ لیاقەتی ئەوەیان نییە شەرەفی ئەوەتان بەر بکەوێت لەخزمەت پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستاندابن.
سەبارەت بەو قسەیەی کە گوتوویەتی گومان لە شێوەی دابەشکردنی چەک دەکەم ، ئەوە نە ئیشی شانازە و نەبەهیچ سیفەتێک بۆی هەیە قسەی تێدا بکات . کوردستان خاوەنی موئەسەساتی خۆیەتی، بەتایبەتی سەبارەت بە دۆسیەی چەک و پێشمەرگە نابێ هەر کەسێکی جێی گومانی وەک ئەو لەولاوە هات دەم لە وردەکاریی سەربازی وەربدات. وەرگرتن و دابەشکردنی چەک، کاری وەزارەتی پێشمەرگەیە و فەرماندە سەربازییەکان باش ئاگاداری تەفاسیلی ئەو بابەتەن . وەزارەتی پێشمەرگە، کە ئێستا دیارە شاناز چاوی پێی هەڵنایەت، دەزگایەکی حکوومەتی هەرێمە و هەموو پێشمەرگەی کوردستان وەک یەک دەبینێ و هیچ جیاوازییەکیش لەنێوان پێشمەرگەکاندا نییە ، ئەوە تەنها شاناز و هاوشێوەکانین دەیانەوێ جیاوازی لەنێوان پێشمەرگەدا دروست بکەن.
لە کۆتاییدا ئەوە وەبیر شاناز دەهێنینەوە کە ئەوەی دەبێ گومانی لێبکرێت پەیوەندییەکانی تۆن ، گەندەڵی و دروستکردنی باندی مافیایی لەناو حزبەکەی خۆت و زۆر شتی تر ، هێشتا خەڵکی کوردستانیش ئەو خیانەتەیان لەبیرە کە مێردەکەی شاناز بە ئیستغلالکردنی غیابی جەنابی مام جەلال و بۆ خۆشیرینکردن چۆن بووبە دەڵاڵی مالیکی و پێشنیاری بڕینی قووتی خەڵکی کوردستانی خستە بەردەم دوژمن، ئەوەش زۆر روونە کە خۆت و مێردەکەت چۆن بە ئیستغلالکردنی ناو و پێگەی مام جەلال لە بەغدا خەریکی تەندەرات بوونە و بۆ سەرگرتنی بازرگانییە ناڕەوایەکەشتان سەدان کاری خراپتان دژی کوردستان کردووە. بۆیە باشتر وایە شاناز بێدەنگ بێت و خەڵک ناچار نەکات فایلە ڕەشەکەی بکەنەوە، چونکە زۆر شت هەیە ئەگەر باس بکرێن رووی ئەوەی نابێت لە ناو خانەوادەکەی خۆشیدا سەر هەڵێنێت.
خەڵکی کوردستان ئەوەش دەزانێت کە سەرکردایەتییە نیشتیمانپەروەرەکەی یەکێتی زۆر لە شاناز و هاوشێوەکانی بێزارن و، قسە و هەڵسوکەوتی شاناز هەرگیز تەعبیر لە سیاسەتی یەکێتی ناکات و هەرچی شاناز و مافیاکەی دەیکەن تەنها بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیانە نەک یەکێتی. هەمووشمان ئەوە دەزانین کە جەنابی مام جەلال لە داخی ئەو جۆرە کەسانە باری تەندروستیی تێکچوو و ئێستاش هەر ئەوانە بازرگانی بە پێگە و ناوی مام جەلالەوە دەکەن.

سەرچاوە – هەولێر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت