Turkey_Iran

  بەختیار شارەزوریى : ڕۆڵى ئێران و پاشەکشەى تورکیا لە هاوکێشەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموو ئەم گۆڕانکاریانەى ئێستە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بەو خێراییە تێدەپەڕن ، ئەگەر درێژکراوە و یان ڕەگێکى مێژووى هەبێت ، ئەوا دەتوانین بڵێین لە سەرەتاى دەرکەوتنى داعشەوە تا ئێستا لە ناو یارى و سیناریۆ و تاکتیکەکاندا ئێران توانیویەتى وەک نوێنەرى هیلالى شیعى باشترین یارى بکات ، هەموو گۆڕانکارییەکان لە بەرژەوەندى خۆى بجوڵێنێ ، بۆ ئەمەش هەموو ئەوروپا و ئەمریکاش دان بەم ڕاستیەدا دەنێن ، با بپرسین چۆن ئێران بوە یارچییەکى باشى ناو گۆڕەپانى ڕووداوەکان و بۆ تورکیا پاشەکشەى قورسى کردوە ..؟

تـــــورکیـــــــــا : خۆ ئەگەر ئەم دوو جەمسەرە بەدرێژایى مێژوو نمایندەى کۆى ڕووداوەکانى ناو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بن و هەر یەکەیان نمایندەى جەمسەرێکى دنیا بوبێتن ، ئەوا لە دواى کەوتنى پیاوە نەخۆشەکەوە ، تورکیا ئەو خەونە لە پاشخانیدایە کە بگەڕێتەوە بۆ سنورى دەوڵەتى عوسمانى ، ئەگەر چى لە کەمال ئەتاتورکدا ئەم خەونە بو چەند ساڵ پاشەکشەى کردوە ، بەڵام لەسەر دەستى ئەردوغانیەکان ، ئەیانەوێ ئەم ئاراستەیە بگۆڕن کە ڕوەو ئەوروپا و سیستمى دیموکراسى بێت ، بەوەى بتوانن نمایندەى هیلالى سونى بن لە بەرامبەر هیلالى شیعیدا ، بەڵام کاتێک کە ناتوانێت سنورى مەمالیکەکان لە ئێستاد بخاتە سنورى فەرمانڕەواى خۆى و لە سوریاوە بۆ سعودیە و تا میسر ، زۆر هەوڵى ئەوەشى دا لە ڕێى کیشەى فەلەستینەوە خۆى وەک نوێنەرى سونەکانى دنیا نمایش بکات ، بەڵام کاتێک دێتە سەر ئەوەى کە بیەوێ هەم لە ئەورپاش بێت و هەم نوێنەرى سونەکان بێت ، ئەوا لە دواى دەرکەوتنى داعشەوە بە تەواوەتى دەکەوێتە پاشەکشەیەکى قورسەوە ، چونکە ئەگەر لە دواى بەهارى عەرەبى بۆشایى دەسەڵاتى سیاسى بوبێتە زەمینەیەکى باش بۆ دەرکەوتنى داعش ، ئەمریکا و ئەوروپاش چاوپۆشییان لە دەرکەوتنى کردبێت ، ئەوا لە سوریادا داعشەکان ئەو پەیامە دەدەن بە تورکیا کە خۆى نەکات بە نوێنەرى هیلالى سونى و ئەو نامەیان داوەتى کە دەوڵەتى خەلافەت نمایندەى سونەى دنیا دەکات و بەردەوام دەبێت لەسەر فتوحاتەکانى ، کە بۆ خۆى تورکیا ترسى ئەوى لێنیشت کە داعش هەڕەشەش بێت بۆ سەر تورکیا ، ئەمە جگە لەوەى کە لە ناوخۆدا کێشەى لەگەڵ پەکەکە هەیە و پەیەدەشى چوە سەر ، ئەگەر تورکیا بیەوێ رَوژئاواى سوریا بخاتە سەر خۆى و ناوەڕاست بۆ ئوردن و سەروش بۆ بەشار بێت ،   ئەوا لە کوبانیدا ئەم خەونەى بەتاڵ دەبێتەوە ، چونکە ئەو داعشەى کە تورکیا زەلیلە لەبەردەسیدا ،  دنیابینیەکى زۆر جیاوازترى هەیە لەگەڵ ئەو جۆرە لە فۆرمى ئیسلامى کە لە ناو تورکیادا پیادە دەکرێت ، بە پێچەوانەوە داعش بووە هەڕەشەیەک لەسەر ئاسایشى دنیا و کۆنگرەى پاریسى لێکەوتەوە ، چونکە تورکیا نەیتوانى ئەجینداى داعش بگۆرَى ، بەوەى کە ئیسلامیەک و دەوڵەتێکى گونجاو بن لەگەڵ ڕۆژئاوادا ، وە لە ناوخۆشدا نەیتوانى پرۆسەى ئاشتى و سیگۆشەى ( قەندیل + ئیمرالى + ئەنقەرە ) بەرەو سەرکەوتن بەرێت ، لە بەرامبەر جوڵەى داعش و تورکیا … پەکەکە توانى باشترین یارى بکات و ببێتە تەواوکارى پرۆسەى کۆنگرەى پاریس ، ئەگەر چى ئەوروپا و ئەمریکا ئەیانەوێت تورکیایەکى دیموکراتى ئیسلامى میان ڕەو لە هەڕەشەى تێک چونى ناوخۆى بپارێزن ، هەموو ئەمانە وا دەکات کە تورکیا جیاواز بێت لە داعش و ناچار بێت لەژێر هەڕەشەدا  ، چى لەلایەن داعش و چى لەلایەن ڕۆژئاوەوە پاشەکشەیەکى گەورە بکات ، کە دەکاتە ئەوەى ئەگەر داعش شەرى دووەمى خۆى دەست پێ بکات و شەڕ بگوازێَتەوە شەقامەکانى ڕۆژئاوا … وەک ئەوەى کەنەدا ڕووى دا … ئەوا دوور نیە تورکیا بکەوێتە نێوان بەرداشى ڕۆژئاوا و داعشەوە ئەو کات بە ناچارى پەنا بۆ پەکەکە ببیات ، وەک چۆن ئەمریکا ئێستە لە عێراق و سوریادا ، پەیەدە و پەکەکە بونەتە پێویستیەکى هێزى زەمینى بۆ تەواوکردنى پرۆسەى سەربازى دژى داعش ، کەواتە تورکیا نەک نەیزانیوە ئەو یاریە بکات کە بە ئاراستەى جێبەجێکردنى خەونەکانى بڕوات ، داعش بکاتە نمونەیەکى خۆى و درێژکراوەى خۆى بێت ، بەڵکو لە ناو گۆڕەپانەکەدا داعش وەک هێزێکى گلوبال ڕۆڵى تورکیاى سفر کردەوە ، پاشەکشەى تورکیا هەمە لایەنەیە ، نە لە وڵاتانى دەریاى قەزوین و پاکستان و وڵاتانى عەرەبى هیچ رَۆڵێکى ماوە ، نە لەو وڵاتانەى بەریەککەوتنەکانى تێدایە چ لە عێراق و سوریا و یەمەن و لیبیا  ،  لەو سەریشەوە پەیوەندیەکانى لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکا لاواز تر دەبێت ، کە دەکاتە ئەوەى بڵێن تورکیا نەک توانى سنورى دەسەڵاتى عوسمانى دوبارەبکاتەوە بەڵکو لە پاشەکشەیەکى کوشندەدایە .  

ئـــــــــیـَــــــــــــــــران : ئەگەر ئێران وەک نمایندەیەکى هیلالى شیعى یارییەکانى کردبێت ، ئەوا دەتوانین بڵێن ، خەونى دەسەڵاتى سەفەوى بۆ ئێران رۆژبە ڕۆژ نزیکتر دەبێتەوە ، بەوەى کە ئەگەر هیچ یەکێک لە شیعەکانى ناو هیلالەکە ،  بە بەشارئەسەدى ئێستاشەوە دەسەڵاتى گشتیان بە دەستەوە نەبوە ، لە دواى بەهارى عەرەبى و دەرکەوتنى داعش و دژایەتیکردنى ئەوروپا و ئەمریکا بۆ داعش ، شانسى ئێران بەرزتر دەبێتەوە ئەگەر چى لە پێش داعش ئێران لەبەردەم هەڕەشەى ڕۆژئاواد بوو ، بە نمایندەى تورکیا و مانەوەى تەنها لە ژێر ڕیککەوتنێکى لەزۆکى هەردو وڵاتدا بووە (تورکیا و ئێران ) بەڵام کاتێک داعش دژى ڕۆژئاوا و بەرژەوەندیەکانى شەڕ دەکات ، ئیتر هەموو کارتەکانى ناو گیرفانى ئێران هێزیان تێ دێتەوە ، بەوەى لە دواى عێراق لە سوریا هەموو قاچەکانى خۆى دەوەستێنێت ، ئەگەر چى لە عێراقدا توانى یاریەکى قورس لەگەڵ ئەمریکا بکات ، هەر لە بەکارهێنانى کارتى دورگەى ئەبوموسا و کەنداوى فاریسیەوە تا حیزب اللەى لوبنان و حەماس و پاشان حوسیەکان ، توانى لە عێراقدا دواى هاتنە ناوەوەى داعش بە تەواوەتى عێراق بخاتە ژێر هەژمونى خۆیەوە ، ئەمریکاش بە ناچارى ڕازى ببێت ، بەو واتایەى هەموو یاریەکان لە بەرژەوەندى ئێراندا کەوتەوە ، هەر چەندە ئێران عاقڵانە هەموو شەڕەکانى بە ڕاگەیاندنیشەوە بەرامبەر ڕۆژئاوا وەستان ، بوە یاریچییەکى ترى ناو گۆڕەپانى سوریا ، ئەوەى لە سوریا شەڕى داعش دەکات ، بە جۆرێ لە جۆرەکان هەمویان درێژکراوەى ئێران ( بەشار ئەسەد و سوپاى ئازاد و یەپەگە ) کە ئەمڕۆ هاوپشتیەکى گەورەى بەرەى دژە داعشن و ئەمریکا بە ناچارى دەبێت مامەڵەیان لەگەڵ بکات ، ئەمەش وا دەکات سەنتەرى ئەم هاوپەیمانیەتیە تاران بێت ، چونکە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى ناتوانن شەڕى زەمینى بکەن و هێزى زەمینى ڕەوانە بکەن ، دەبێت بەدواى هێزێکدا بگەڕێ کە بیخاتە ناو ستراتیژى سەربازى هاوپەیمانانەوە بۆ تەواوکردنى ئەو پرۆسە سەربازییە  ، ئەویش دەکاتە پەکەکە و یەپەگە و بەشار و سوپاى ئازاد ، لەم نێوەندەدا ئێران تەواو یاریزانەنە مامەڵەى کردوە بە جۆرێک سەربەخۆیى داوەتە ئەم هێزانەى کە درێژکراوەى خۆین ، هاوکارى گەورەشى کردون بە ناردنى چەک بۆ یەپەگە لە ڕێ ى یەکیتەیەوە و بە ڕەزامەندى ئەمریکا ، وە هاوکارى بەشار بکات تا ئەو ڕادەیەى داعش سەرى نمایندەى سوپاى پاسداران ببڕێت ، ئەگەر یارییەکان هەمووى لە بەرژەوەندى ئێراندا کۆتاى هاتبێت ، ئەوا ئێران ئەمجارە دەکەوێتە بەرامبەر هەموو ڕۆژئاواوە ، نەک تورکیایەکى لاواز ،، ئەگەر لە ژێر دواکارى زۆرى ئێران بۆ ڕۆژئاوا جارێکى تر بە سیناریۆیەکى تر تورکیا نەهێننەوە ناو یارییەکە ،، کەواتە ئەگەر ئێران و هیلالى شیعى هیچ هەڕەشەیەک نەبن بۆ سەر شەقامى ڕۆژئاوایى ، بیانەوێ لەگەڵ ئیسرائیل کۆتاى بە شەڕ بهێنن ، تەنها وەک سیناریۆ شەڕى ڕاگەیاندن و ناو بە ناو سوکە شەرَى ببێت ، ئەوا ڕۆژئاواییەکان لە نێوان دوو هێزى دژدا ، ئەوەیان هەڵدەبژێرن کە باشترە بۆیان ، هەڕەشە نابێت بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان ، خۆ ئەگەر ئێران بتوانێت لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکا لەسەر رێککەوتنێک ڕێک بکەون ، کە لە خاتەمییەوە تا ڕۆحیانى هەوڵى بۆ دەدەن ، ئەوا پێگە و دەسەڵاتى ئێران بەهێز دەبێت و تورکیا پاشەکشەیەکى قورس دەکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت