شەریف هەژاریی : ئەزانن ئەمریکا چی لە ئێران ئەکا ؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

کاتێک کە ناونیشانی بابەتەکە ئەنووسرێت ‘ ئەزانن ئەمریکا چی لە ئێران ئەکا !’ لەگەڵێشی دا پێویستە خوێنەر ئەم پرسیارەش لە مێشکییدا ئامادەسازی هەبێت : ئایا ئێران بۆی ئەچێتە سەر!؟

لە بە دەسەڵاتگەشتنی خومەیینیەوە تا ئێستا ، چ ئەمریکا و چ ئێران هەڕەشە لە یەکتر ئەکەن. کاتێک هەر توێژەرێکیش بچێتە ناو ئەرشیفی نەتەوەیی بریتانی لە لەندەن و ووردبێتەوە لە پەیوەندییە نهێنییەکانی ‘ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیی’ لە لایەک و ئێران لە لایەکی ترەوە ، ئەوا بەو دەرئەنجامە ئەگات کە پەیوەندییە نهێنیی و سیخوڕییەکانی هەندێ لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا بەرفراوانبووەو لە زۆر مەسەلە دا مرۆڤ پێویستە زۆر بە دیقەت و گومانەوە هەڵیسەنگێنێت . لە نێو هاوپەیمانە هەمیشەییەکانی ئەمریکاش دا و تاکە دەوڵەتی نا- ڕۆژئاوایی کە سیخوڕیترین پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا هەبووبێت ئەوا دەوڵەتی ئیسرائیل بووە ، بەتایبەت لە دەورانی سەرۆک کۆماری هاشمی ڕەفسەنجانییدا. دیارە هاشمی ڕەفسەنجانی یەکێکە لە پراگماتیکترین و فێڵاویترین سیاسەتمەدارانی جمهوری ئیسلامی ئێران .

ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکەین ، ئایا چۆن ئەبێت ئێران و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا هێندە بە زارەکیی و لە ڕێی ڕۆژنامەکانەوە دژایەتی یەکتر ئەکەن و کەچی بە نهێنیی و سیخوڕانەش تا ڕادەیەک پێچەوانەن !؟ ئەوا دیسان ئەبێت لە ڕوکنی سەرەکی سیاسەتکردنەوە لێی ڕابمێنێین کە ‘بەرژەوەندی ‘ یە،

هەربۆیە پێویستە لەوە ووردبینەوە ئایا ئەبێت ئێران کام بەرژەوەندییانەی هاوپەیمانە ستراتیژەکانی ئەمریکا بهێنێتە دی، کەوا پەیوەندی سیخوڕییان لەگەڵی دا هەبووە!؟

١- لە ڕووی بەرژەوەندی ئابورییەوە، ئێران وەک چەند ووڵاتێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەن زەریایەکی نەوتی ژێر زەوییە، هەر ئەمەش وایکردووە هەندێ لە هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی ئەمریکا تەنها لەبەر بڕی نەوتە هەناردەییەکەی ئێران، نەتوانن مامەڵەی کڕینی نەوتی لەگەڵ نەکەن، بۆ نموونە: لە ئێستا دا سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا تاڕادەیەک گەمارۆی خستووەتە سەر فرۆشتنی نەوتی ئێران لە بازاڕەکانی جیهاندا، کەچی ئەبینین ووڵاتێکی وەک کۆریای باشور کە هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکایە هەر بەردەوامە لە کڕینی نەوتی ئێران.

هەر لە ڕووی بەرژەوەندی ئابوورییەوە، بە پێی بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئەرشیفخانەی بریتانیا، لە دەورانی جەنگی عێراق-ئێران، ئێران و ئیسرائیل دانیشتنی نهێنیان هەبووە و مامەڵەی کڕێنی چەکیشی لەخۆگرتووە!! ئەمە سەرەڕای ئەوەی ووڵاتێکی ڕۆژئاوایی وەک نەمسا یەکێک لە گەورەترین فرۆشیارانی چەک بووە بە ئێران لە کاتی جەنگی عێراق-ئێران دا و، تەنانەت خوێنی مەزنە بیرمەندی سیاسیی کوردیش شەهید قاسملوو لەلایەن نەمساوە کرا بە قوربانی سەودای کڕینی نەوتی ئێران بە هەرزانتر و فرۆشتنی چەکۆچۆڵی بەسەرچوو بە تاران، هەر ئەم هۆکارەش بوو وایکرد کە دەوڵەتی نەمسا بە ئاشکرا تیرۆریستەکانی بکوژی قاسملوو بە فڕۆکەی تایبەت بگێڕێتەوە ناو خاکی ئێران و لە دادگایکردن بیانپارێزێت!

٢- لە ڕووی بەرژەوەندی سیاسییەوە، بەرژەوەندی سیاسیش زۆر جار هەر هۆکارێکە بۆ هێنانەدی بەرژەوەندی ئابوری. لە ڕووی بەرژەوەندی سیاسییەوە، هەر لە هاتنەسەرکاری خومەینی لە ١٩٧٩ وە هەتا ساڵی ٢٠٠٣، ئەوا سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ناڕاستەوخۆ لە قازانجی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا دا بووە، بۆ نموونە: لە سەردەمانی هاتنەسەرکاری خومەینیی دا دەسەڵاتەکەی لەمپەرێکی گەورەبوو لە فراوانخوازی فیکرەی چەپ و شوعیەت و حیزبەکانی سەر بە یەکێتی شورەوی جاران، تەنانەت گەورەترین حیزبی سەر بە یەکێتی سۆڤیەت کە ‘حیزبی تودەی ئێران’ بوو، کە کاریگەری لە سەر حیزبە شیوعییەکانی عێراق و ناوچەکەش دا هەبوو، کەچی لەلایەن خومەینییەوە فەرمانی گرتن و کوشتنی سەرکردە و ئەندامانیان درا و حیزبەکەش یاساغ کرا لە ئێراندا! بەمشێوەیە و لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی فیکرەی شیعەی دوانزە ئیمامی وەلی فیقهی خومەینییەوە لەمپەر لەبەردەم گەشەکردن و فراوانبوونی بیری شوعیەت درا و ئەمەش بە قازانجی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی ئەمریکا دا دەشکایەوە لەو دەورانەدا چونکە ئەمریکا لە شەڕی سارد دا بوو لەگەڵ یەکێتی شورەوی جاران و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەمپەری لە ڕێی ئایدیای شوعیەت لە ناوچەکە دانا بوو!

ئەمە سەرەڕای ئەوەی فەتوادانی خومەینی بۆ ناردنەدەرەوەی شیعەگەرایی بۆ نێو ووڵاتانی ئیسلامیی و، پاڵپشیکردنی بزووتنەوە شیعەگەراکان و دروستکردنیان لە نێو ووڵاتە ئیسلامییەکاندا گورزێکی شوێندانەری لەو یەکگرتووییە دا کە لەو دەورانەدا ووڵاتە ئیسلامییەکان هێزیان بۆ ڕووبەڕووبونەوە و هێرش بۆ سەر ئیسرائل ڕێکدەخست ئەوا بوونیەتی نەما، بەتایبەت پێش دروستبوونی دەسەلاتی خومەینیی و یارانی لە ئێراندا ئەوا دوو هێرشی گەورەی ووڵاتانی ئیسڵامی کرایەسەر ئیسرائیل، بەڵام لەوەتەی کۆماری ئیسلامی دروستبووە و شیعەگەرایی دەنێرێتە ناو سنورەکانی دەوڵەتە ئیسڵامییەکان ئەوا لە ڕووی پراکتیکییەوە جیهانی ئیسلامی بووەتە دوو بەشی سەرەکیی و لە ناوخۆی خۆیاندا بەربوونەتە گیانی یەکتر و ئیسرائیلیان هەر بیر نەماوە! بەتایبەت دروستکردن و بووژانەوەی بزووتنەوە شیعەگەراکانی سەر بە ئێران لەم ووڵاتانەدا: “عێراق، سعودیە، یەمەن، کووەیت، فەلەستین، سوریا و لوبنان’.

زیاتر لە مانەش، بەهۆی دروستبوونی ئێران و سیاسەتی ئاژاوە نانەوە بۆ ناو ووڵاتانی دراوسێ وایکردووە بەتایبەت دەوڵەتانی کەنداو بنکەی هەمیشەیی ئەمریکا بهێننە نێو خاکەکەیان و نەوتەکەشیان بە تاڵانی فرۆش بە ئەمریکا ببەخشن، کە هەموو ئەمانەش ناڕاستەوخۆ لە سوودی ئەمریکا و هاوپەیمانەکاییدا بووە و، ئێران بە شێوەیەک فیکرەی شیعەگەرایی لە ناخی تاکی شیعەدا ڕواندووە کە بە پراکتیکی ڕوانینیان بۆ سونە وەک دوژمنێکی لە پێشینە و یەکەم بێت هەتا بۆ ئیسرائیل! کە بەکردەوەش ڕوونە بەریەککەوتنەکانی ئەم دوو مەزهەبە هەر لە دروستبوونی خومەینییەوە چۆن کڵپەی سەندووە!

لەم بەینووبەرەیەدا، لەو ڕوانگەیەشەوە کە هەموو شتێک سنوری هەیە! ، پێموایە ئەمریکا ئەوەی پێویستی بوو بە ناڕاستەوخۆ بە ئێرانی کرد و کاتیشی پێ بەخشی، بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئایا لە ئێستایا ئێران هەر لە قۆناغی ناردنەدەروەی شیعەگەرایی دایە یان پێی ناوەتە قۆناغێکی دیکە و بووەتە هەڕەشەیەکی جدی!؟

قۆناغی ئێستای ئێران بڕینی قۆناغی ڕابردوویەتیی کە شۆڕشی شیعەگەرای دەناردە دەرەوە، بەڵکو ئێستا قۆناغی زاڵبوونیەتی بەسەر بەشێک لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، بەتایبەت دوای لەناوبردنی سەدام لە ٢٠٠٣ وە، فراوانخوازیی و نفوزی ئێران دراماتیکی گەشەیسەندووە لە ناوچەکەدا، بەتایبەت لە: ‘فەلەستین، لوبنان، سوریا، عێراق و یەمەن’ وەختە وەک بەشێکی خاکی ئێرانیان لێ دێ و پرسیار ئەوەیە ئایا ئێران بۆی ئەچێتە سەر!؟

پێموایە لە ستراتیژ دا ئەمریکا بەر ئێران ئەکەوێت و دەسەڵاتی مەلاکانی ئێرانیش وەک سەدام خاپور ئەکرێت! چۆن و بۆ!؟

دیفاکتۆی ئێستا بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیڕانە لە ناوچەکە دا !  ئێران بووەتە هەڕەشەیەکی جدی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، چونکە سەردەمی جەنگی سارد گوزەشت! ئێستا ئەمریکا ئاگای لە دۆستایەتی ئێران-ڕووسیایە. لە هەموو ئەمانەش گرنگتر ستراتیژی ئەمریکا ئەمجارە بەر فراوانخوازییەکانی ئێران ئەکەوێت، چ لە عێراق، چ لە سووریا، چ لە یەمەن و چ لە کەنداو. ڕاستە ئەمریکا هەندێ جار خۆی پەتی بۆ ئێران شل کرد، بەڵام پێموایە ئەمجارە هەر خۆشی ملی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە پەتەکەی ئەخنکێنێت! ئەمریکا دێتە ناوچەکە بۆ ئەوەی دوای داعش ئەسەد لە ناو ببات، کەچی ئێران بە پراکتیکی شەڕ بۆ ئەسەد ئەکا! ئێران لە یەمەن لە ڕێی حوسیەکانەوە هاوپەیمانەکانی ئەمریکای پەرتەوازە کردووە! لە عێراقیش لە ڕێی شیعەکانەوە نفوزی ئەمریکای لاواز کردووە. ئەم فاکتانە بۆ ئەمریکایەک کە کۆنترۆڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کۆنترۆڵی جیهان بزانێت بە ئاسانی بۆ ئێران ناچیتە سەر! ستراتیژی ئەمریکا و هاتنەناوەوەی بەناوی شەڕی داعشەوە تووشکردنی ئێرانە! ئێرانیش لە ڕێی حیزبە شوێنکەوتەکانی لە ناوچەکەدا و ئیدعاکردنی جەنگی جیهانی هیچ نابەخشێت و باش ئەزانێت ئەمریکا بۆچی ئەمجارە هاتووە، بۆیە ئێران بە چەندان شێوازی جۆراوجۆر مانۆڕ ئەکا! تەنانەت مانۆڕەکانیشی سنگ کووتانی عاشوراشی گرتووەتەوە و هەر پەیامی نفوزی ناوچەیی خۆی بە ئەمریکا ئەدا ! بەلا‌م سەردەمی کات کووشتنی ئێران بەسەرچوو، بەڵکو بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا بووەتە دیفاکتۆ، با چاوەڕوان بین و ببینین بزانین لە ستراتیژ دا ئێرانیش چۆن ئەو گورزەی بەر ئەکەوێت کە سەدام پێشتر نۆشی! بۆ کورد و پارتەکانی گرنگە هاوپەیمانی ئەمریکا بن و شوێنی بەرژەوەندییەکانی کورد لە ستراتیژەکەی ئەمریکا و ئەگەری داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە بکەنەوە! کوردانە ئەیڵێمەوە سیاسەتی ستراتیژی باڵی ئێرانی یەکێتیی و سیاسەتی ستراتیژی پەکەکە هەڵەیە، یەکێتی ئەبێت ئەگەر ڕابەریکردنەکەی بە بەرهەم ساڵحیش نادات ‘کە زیاتر لە ئەمریکاوە نزیکە!’ ئەوا با هێندە شوێنکەوتەی ئێران نەبێت کە سبەینێی پاش جمهوری ئیسلامی پەرتر و بێ سەنگتر ببن! پەکەکەش پێویستە هەرچۆنی کردووە دەلاقەیەک لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بکاتەوە! ئەوەی پەیەدەی سەر بە پەکەکە کردی ئەوا کارێکی سیاسیی ئاقڵانە و لۆژیکی بوو کە چووە ناو هاوپەیمانییەتی ئەمریکاوە. پەکەکە و کۆمەڵەی ئێران ئەبێت ئەوە بزانن ئاڵای سور بۆ ‘ستالین و ماو’ لە یەکێتی سۆڤیەت و چین سەرنەکەوت ئیتر چۆن لە ‘قەندیل و زڕگوێزەڵە’ بە ئاکام ئەگا! بۆ مێژوو ئەیڵێم کە: پارتە کوردیەکانی گشت بەشەکانی کوردستان لەم دەرفەتانەی داهاتوو بەرپرسیارن و پێویستە و ئیتر کاتییەتی کە ئایدۆلۆژیای تەنگەتیلەی حیزبیی لە پێناو بەرژەوەنددیە نەتەوەییەکاندا وەلانێن!

هەر بۆیە و بەپێی ئەو فاکتانەی ئاماژەم پێدان، پێموایە لە ڕووی ستراتیژیشەوە  ئەگەر ئەمریکا پرۆژەی گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێی لە ئەجێندا دابێت بۆ جێ بەجێ کردن، ئەوا هیچ پرۆژەیەکی بە ئاکام ناگات بەبێ لە ناوبردنی ئیڕان، بۆیە وای ئەبینم کە دوای داعش نۆرەی ئەسەدە، ئەوجا لە ستراتیژ دا ڕوونە کە نە ئێران ئەوە قبووڵ ئەکات و نە ئەمریکاش ئەهێلێت ئەوها بۆ ئێران بچێتە سەر، کەوتنی ئێرانیش لەوە بچوکترە کە نووسەرەکانی سەر بە ئێران و مارکسیستەکان قەبەیان کردووە، با چاوەڕوانی سیلسیلەی ڕووداوە ستراتیژییەکانی ناوچەکە بین! کە بەتەواوی لە خزمەت کورد دایە ئەگەر پارتەکانی هۆشمەند بن!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت