Fuad - Ibadi

 عەتا قەرەداخی : تاکەی چاوەڕوانی بەغدا دەکەن ؟ ئەمجارە خوا خۆتان بگرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خەریکە دەبێتە یازدە ساڵ لەو کاتەوە کە ئەمەریکا رژێمەکەى سەدامی روخاندو سەرکردایەتی کورد بە هەڵەداوان رایانکرد بۆ بەغدا بۆ ئەوەی دەوڵەتی عێراق بۆ برا دڵسۆزە شیعەو سوونەکانیان درووست بکەنەوە . لەو رووەشەوە چیان لە تواناندا بوو کردیان تا توانیان شتێک بە ناوی حکومەتی عێراقیەوە درووست بکەن ، ئەمەش لە کاتێکدا بوو لە رووی راستیەوە شتێک نەمابوو بە ناوی دەوڵەتی عێراق . هەروەک لەو کاتەوە سەدام روخا ئیتر شتێک نەما بە ناوی عێراقەوە نە لەرووی سیستێمی فەرمانڕەاوییەوە نە لەرووی ئینتیمای خەڵکەوە بۆ ئەو وڵاتەى کە بە زۆرە ملێ ناوی نرابوو عێراق، چونکە لەو کاتەوە بۆ ئێستا بە ئاشکرا دەبینرێت شیعەى عێراق پەیوەستن بە ئێرانەوەو ئینتیمای مەزهەبیان زۆر لە پێش ئینتیمای نیشتیمانیانەوەیە . سوونەى عەرەبی کە زۆرینەیان بەعسی بوون و تا ئەندازەیەکی ئاشکرا تێڕوانینێکی شۆڤێنیانەیان هەیە بۆ کورد ، ئینتیمایان خێڵایەتی وپان عەرەبیزمەو ئەوان عێراق وەکو بەشێک لە نیشتیمانی گەورەی عەرەبی سەیر دەکەن و ئینتیمای ئەوانیش لە رووی نیشتیمانییەوە بۆ خاک لاوازەو خراپی رەفتاری دەسەڵاتی شیعەش لەم یازە ساڵەدا رووبەرێکی فراوانیانی خستووەتە پاڵ رێکخراوە تووندڕەوەکانی وەکو قاعیدەو تەنانەت ئێستا رووبەری جوگرافیای سوونە بریتیە لە دەوڵەتی ئیسلامی، واتە ئەو هێزە بەرفراوانەى کە دەوڵەتی ئیسلامی پێکهێناوە زۆرینەی سوونەى عێراقە کە ئەوانیش خواست و ویستیان بنیادناوەى خەلافەتی ئیسلامیەو ئەگەری ئەوەش کە دەوڵەتی عێراقی بتوانێت بەسەریاندا زاڵ بێـت ئەگەرێکی زۆر لاوازە . وەکو دەزانین ئەوەى پەیوەندی بە کوردەوە هەیە لەسەر ئاستی جەماوەریی هیچ ئینتیمایەکی بۆ عێراق نییە ، ئەو رووبەرە تەسکەى شیعەی کوردیش ئینتیمایان بۆ مەزهەبی شیعە هەیەو هەرئەوەش وایکردووە سەرە دیارەکانیان کە لە ناو حیزبە کوردییەکاندان گۆرانی بە باڵای حکومەتە شیعەکەى عێراقدا بڵێن ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو سەرە دیارنەى کوردی شیعەی ناو حیزبە کوردییەکانیش ئینتیمای مەزهەبیان زۆر لە پێش ئینتیمای نەتەوەییانەوەیە . ئەمە ئەو عێراقە خۆشەویستەیە کە ساڵی 2003 دوو سەرکردەکەى کورد بە هەڵەداوان خۆیان گەیاندە بەغداو وایانزانی ئیتر ئومەی عەرەبی بە کۆتایی هاتنی رژێمەکەى سەدام حسێن لە رەگوریشەوە گۆڕاوەو بووەتە ئومەتێکی دیموکرات و ئازادیخوازو بێ سێ و دوو دان بە مافەڕەواکانی کورددا دەنێت . هەرچەندە من خۆم وای بۆناچم کە ئەم دوو سەرکردە بەڕێزەی ئێمە ئەوەندە بە سادەیی سەیری عێراقیان کردبێت ، بەڵکو لە پێناوی کۆمەڵێ بەرژەوەندیدا چوونە بەغدا. مام جەلال بە دوای خەونی سەرۆک کۆمارییەوە بوو ، دوایش پێی گەیشت هەرچەندە ئەو پۆستە جگە لە شتێکی مەعنەوی بۆ مام جەلال ، بۆ کورد هیچ نەبوو . گرنگ بۆ ئەو ئەوە بوو ببێتە سەرۆک کۆمارو فەرشی سووری بۆ رابخرێت ، سەرئەنجامیش چوونی ئەو بۆ بەغدا حیزبەکەیی بەو دەردەبرد کە ئێستا پێوەی دەناڵێنێت و ئەگەر بەم شێوەیەش بەردەوام بێـت ئەوا چارەنووسێکی باش چاوەڕوانی ناکات ، بە تایبەتیش دوای باڵادەستبوونی عەقڵی شیعە بەسەریدا کە کوتووەتە فەلەکی شیعەوەو پێچەاونەى ئاراستەى تەوەرەکەى ترە کە تا ئەندازەەیک کۆی هێزە کوردییەکانی تر لەو تەوەرەدان .
مەسعود بارزانیش لەسەر بنەمای ئەوەى کە مارانگەستە لە خشەى ماریش دەترسێت ، گرێی شکستی 1975 کە بەهۆی پشت بەستنەوە بوو بە ئێران وایلێکرد کە نەتوانێت هەنگاوی بەرەو بڕیاردان هەڵبنێت و چاوی لەوەوە بوو کە هەرچۆنێک بێت لەگەڵ عێراقدا بن باشترە . بەهەرحاڵ کورد بەشداریکرد لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقیداو حکومەتیان بۆ شیعە درووستکرد ، بەڵام ئەوەى تاکو ئێستا بینیوومانە ئەوەیە رۆژ لە دوای رۆژ حکومەتی شیعە تەنگ بە کورد هەڵدەچنێت لە کاتێکدا کە ئەوەى سەدام حسێن بەرامبەر بە کورد کردی ئەمان لەوەشیان تێپەڕاند تەنیا ئەنفال و کیماباران ماوە بیکەن ئەویش تاکو ئێستا دەسەڵاتیان نەبووە ئەگینا بڕوام وایە هیچ دوودڵ نەدەبوون لەوەی هەموو کوردستان بدەنە بەرچەکی کیمیاوی و بەڕیز لاوانی کورد ببنە بەرپەتی سێدارە وەکو ئاغا ئاخوندەکانی تارانیان کە رۆژانە لاوانی کوردی رۆژهەڵات دەکەن بەداردا .
زۆرێک لە سیاسیە کاڵفامەکان و راگەیاندکارە نەخوێندەوارەکان پێیان وابوو ئەوەى روودادات دەرئەنجامی کێشەى شەخسی مەسعود بارزانی و مالیکیە . باشە مالیکی گۆڕا بە عەبادی ئایا چی گۆڕا . بێگومان هیچ و رەنگە خراپتریش بێت . کەواتە جێگای خۆیەتی لێرەدا دێڕە شیعرەکەى شاعیری خۆشەویست کاک لەتیف هەڵمەت بهێنینەوە کە دەڵێت: ( چیمان گۆڕی ئاو یان بۆری ) . بێگومان هیچمان نەگۆڕی ، ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا سەرکردایەتی سیاسی کوردی تاکو ئێستاش هەر بەتەمایە ئاوی ناو بۆریەکە بگۆڕێت یان گرنگ گۆڕینی بۆرییەکەیە بۆ ئەو . بەڵی جێگای خۆیەتی بپرسین ئایا تاکەى سەرکردایەتی کورد بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت و تاکەى بە ئومێدی ئەوە دەبێت لەگەڵ بەغدا بمێنێتەوە ؟؟ بەغدا بودجە بۆ کوردستان نانێرێت . بەغدا موچە بۆ کوردستان نانێرێت. بەغدا پێشمەرگە وەکو دوژمن سەیر دەکات و نە چەک و نە موچەو نە هیچ پێداویستیەکی بۆ دابین ناکات . بەغدا ئەگەر بۆی بکرێت نایەڵێت کورد یەک قاپ نەوت بفرۆشێت . بەغدا ئەگەر بۆی بکرێت هانی جەماوەری خەڵکی کوردستان دەدات بۆ راپەڕین دژی حکومەتی هەرێم. بەغدا ئەگەر بۆی بکرێت یارمەتی داعش دەدات بۆ ئەوەى نەک هەر کەرکوک بەڵکو هەولێرو سلێمانی و دهۆکیش داگیر بکات . بەغدا سوکایەتی بەو تاکە تاکە خوێندکارە کوردانە دەکات کە لە زانکۆکانی ژێر دەسەڵاتی ئەودان . لە پەرلەمانی عێراق بە ئاشکرا دیارە بە عەرەبی شیعەو سوونەوە دەیانەوێت و هەوڵیش دەدەن نوێنەرە کوردەکان لە قاڵب بدەن و دەنگیان نەبیسترێت . دڵنیام وەزیرە کوردەکانیش کە هەر عەیبە ئەگەر بەغدا بودجەى نەنارد بچنە کۆبوونەوەوە ، حاڵیان لە حاڵی خوێندکارە کوردەکان باشتر نابێت , ئەوانیش نەک هەر بێدەسەڵات و ناکارا دەبن بەڵکو مانەوەیان لە بەغداو ئامادەبوونیان لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنی وەزیرانێکدا کە بودجە بۆ گەلەکەى ئەوان نانێرێت جۆرێکە لە قبوڵکردنی سوکایەتی. ئەوەش ئاشکرایە کە مالیکی کە بەحیساب جێگری فوئاد مەعسومە هیچ حیسابێک بۆ سەرۆک کۆماری عێراق ناکات و وەکو داهۆڵ سەیری دەکات ، کەچی بەداخەوە بینیمان بەشێک لەسەرکردایەتی یەکێتی لەگەڵ ئەو پیاوە مەزنە کۆدەبنەوە کە یەکەم حیساب بۆ نوێنەرەکەیان وەکو سەرۆک کۆماری عێراق ناکات، دووەمیش وەکو لەکاتی خۆیدا گوترا مام جەلالیش لەدوای ئەوەى مالیکی دەنگی بەسەردا بەرزکردۆتەوە جەڵتەی دەماخ لێی داوە . دڵنیام ئەگەر بەغدا پێی بکرایە هەرچۆن مالیکی لە بەیانی جەژندا سەدام حسێنی لەسێدارە دا ، بەهەمان شێوە مەسعود بارزانیشی لە بەیانیەکی تری یەکەم رۆژی جەژنێکدا لە سێدارە دەدا، کەچی دوای ئەم هەموو هەڵوێستانەى بەغدا هێشتا کورد لۆژە لۆژ لە بەغدایە. ئایا سەرکردایەتی کوردی لە خۆیی پرسیووە چی دەکات لە بەغدا؟ ئایا بوونی ئەو لەوێ هیچ سوودێکی هەیە؟ من پێموایە هەروەکو پێش چەند ساڵیش ئەوەم نووسیووە بوونی کورد لە بەغدا هیچ سوودێکی نەتەوەیی بۆ کورد نییە. ئەگەر بۆ داهاتیش لەوێ بوون ئەوا خۆشبەختانە بەغدا داهاتیش نادات بە هەرێم. ئیتر لەوێ چی دەکەن؟ دیارە رەنگە ئەو کەسانەى کە لە بەغدان ئەم قسەیەیان پێخۆش نەبێت ئەویش تەنیا لەبەر ئەو موچەو دەستکەوتە موفتەى لەوێ دەستیان دەکەوێت. ئەمەش ئەو قسە بێگەوهەرەى ئەوسای مەکتەبی سیاسی پارتیمان بیردەخاتەوە کە دەیانگووت مەلا مستەفای بارزانی کوردستانی فرشتووە بە پرتەقاڵ و سێو . بەڵام دەشێ بە گوێرەى ئەوانەى کە ئێستا بەرگری لە مانەوە لەگەڵ بەغدا دەکەن ئەو قسەیەى ئەوسای مەکتەبی سیاسی بۆ ئەمان راست بێت .
بەهەرحاڵ ئەگەر سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دەیەوێت لەوە زیاتر لەواز دەرنەکەوێت پێویستە بە ئاشکرا بە بەغدا بڵێـت هیچ عەقدێکی ئەخلاقی نەماوە بۆ ئەوەى کورد لەوێ بمێنیتـەوە، بەڵکو بگەڕێنـەوە کوردستان و دیواری ماڵەکەى خۆمان بەهێز. بکەن و پێویستیشە خۆی لەهەر گەمژەییەکی بەکارهێنانی هێزی پێشمەرگە بۆ بەرگریکردن لە عەرەبی عێراق لە دەستی داعیش بەدوور بگرێت و بەهیچ شێوەیەک بەشداری عێراق نەکات لە شەڕی دژی داعشدا بەڵکو سنوورەکانی خۆی بپارێزێت و لەوەش تێبگات بۆ کورد داعیش و سوونەو شیعەی عێراق هەریەکن و یەک ستراتیژو یەک ئاسۆی بینینیان هەیە. دیارە ئەمە جاری چەندهەمینە کە بەغدا دەىستی دەستی بە کورد دەکات و دەیخەڵەتێنێت ، بۆیە ئەمجارە ئەگەرە کورد بێگەیشتن بە داواکارییەکانی لەگەڵ بەغدا بەردەوامبوو خوا خۆی بگرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت