بەختیار شارەزورى : ئەمریکا و ئێران دوو هاوپەیمانى ژێر بە ژێر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر سیاسەت بریتى بێت لە بەرژەوەندى هاوبەش ، ئەوا دەکرێت دوو وڵات لەسەر ئاستێک بەرژەوەندییان هەبێت و لەسەر ئاستەکانى تر پێچەوانە بێت ، خۆ ئەگەر ئەمریکا و ئێران لەسەر دۆسیەى ئەتۆمى و نەوت و پێگەکانیان لە زۆرێک لە رَۆژهەڵاتى ناوەڕستدا ، پێچەوانەى بەرژەوەندى یەکتر بێت ، ئەوا لە دواى قۆناغى داعش و پاشەکشێ ى تورکیا وەک وڵاتێک نزیک لە ئەمریکا و ئەندامى ناتۆ ، ئەمجارەیان بە پێ ى سیاسەت و جیۆپۆلەتیکى و جوگرافى بێت ، ئەوا ئێران و ئەمریکا دەبنە هاو بەرژەوەندى یەکتر لەبەردەم هەڕەشەیەکى هاوبەشدا ، ( ئێمە ئەمەمان لە وتارەکانى تردا بە ڕونى باس کردوە ) بەڵام ئێستە وا ئەو سیناریۆ و تاکتیکانەى کە ئەم دوو وڵاتە دەیانکرد لە پشتى کەوالیسەوە و بە ڕاگەیاندنەکانیان دەمامک و ماکیاجیان بۆ دەکرد خەریکە بە ئاشکرا خۆى نمایش دەکات ، بە جۆرێک ئەگەر ئێران لە وڵاتانى دەریاى قەزوینەوە تا پاکستان و لوبنان و فەلەستین و لیبیا و یەمەن و سوریا و عێراق پێگەى بەهێزى هەبێت ، ئەوا لە عێراق و سوریادا یارییەکانى بەجۆرێک بوو کە بوە پێداویستى هاوپەیمانى ناو ستراتیژى ئەمریکا ، دواى نامە نهێنیەکى ئۆباما بۆ عەلى خامەنەیى ، ئەو ڕاستیە دەردەکەوێت کە خولى دوەمى شەڕەکانى داعش بریتى دەبێت لە شەڕى ئەمریکا و ئێران ، ئەمە لە گۆڤارى دابقەوە بە ڕونى دیارە ، کە داعش لە فۆرمى ناوەکى خۆیدا هەڵگرى دوو شەڕە کە بە ستراتیژى خۆیانى دەزانن … یەکەم شەڕى شەقامەکانى ئەمریکا و ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیان … دووەم شەڕى دژى شیعە .. خۆ ئەگەر ئەم هەڕەشە هاوبەشە هەردوو وڵاتى لەسەر سفرەیەک کۆکردبێتەوە ، ئەوا کۆمەڵێک هاوکێشە هەیە دەگۆڕێت … بوم جۆرە …  

1 – لەبەر بەرژەوەندى ئێران سوریاى بەشار ئەسەد دەمێنێتەوە .

2 – لەبەر بەرژەوەندى ئەمریکا و ئەوروپا .. هەوڵ دەدرێت تورکیا لەو ئاراستەیە دور بخەنەوە و بهێننە ناو ئەو ستراتیژەى ئێران و ئەمریکاوە .

3 – هەوڵ دەدەن کێشەى حوسیەکانى یەمەن چارەسەر بکەن .

4 – ئێستە کە لیبیا لەبەردەم هەڕەشەى سەرکەوتنى ڕەوتى داعشدایە .. بە هەردوولا ڕو بەڕوى ببنەوە .

5 – لەبەر ئەوەى تورکیا دەروازەى ئابورى جیهانە و چ بۆ ئێران و چ بۆ ئەمریکا و ئەوروپا قوڵاییەکى ستراتیژى هەیە … هەوڵ دەدەن لە ناوەوە کار بۆ ئەوە بکەن کە دەسەڵاتى ئیسلامیەکانى ئێستا نەهێڵن .

6 – چى ئەمریکا و چى ئێران هەوڵ دەدەن کە پرۆسەى ئاشتى ( قەندیل + ئیمرالى + ئەنقەرە ) سەر بگرێت و ئەو تورکیایە دروست بکەن کە لەبەرژەوەندى هەردوو جەمسەردا بێت .

7 – لە عێراقدا هەوڵ دەدرێت بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان ڕەچاو بکرێت … ئەگەر چى ئێستا بە تەواوەتى ئێران کۆنتڕۆڵى عێراقى کردوە .

8 – هەوڵ دەدەن سوریا بکەنە دوو بەش و وەک عێراق بدرێتە دەست ئێران و بەرژەوەندیەکانیان هاو سەنگ و هاو ئاراستە بێت ، چونکە چى بەشار و چى پەکەکە لەسەر نەخشەى دەسەڵاتەکانى ئێرانن .

9 – ئەو هێزانەى کە تەواوکەرى ستراتیژى سەربازى ئەمریکا و ئەوروپا و ناتۆن .. کە دەکاتە پەیەدە و پەکەکە سەر بە نەخشەى ئێرانن و لە کاتى بەهارى عەرەبیدا کە بەشار بۆ پەکەکەى بەجێهێشت ئەو یارییە بوو کە درێژکراوەکانى ئێرانى سەرخست ، بۆیە ئەمریکا بۆ ڕوو بە ڕوو بونەوەى داعش بە بێ ئێران هیچى پێ ناکرێت .

10 – سەبارەت بە باشورى کوردستان ئەوە بە ڕونى دیارە کە ئێران بە تەواوەتى کۆنتڕۆلى زۆنى زەردیشى کردوە ، سوپاسەکانى بارزانى بەڵگەن .. واتا بۆ دۆخى ئارامى هەرێم و هاوسەنگیەکانى نێوان حیزبەکان دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئێران و بۆ ئەمەش ئەمریکا و ناتۆ گڵۆپى سەوزى بۆ ئێران هەڵکردوە .

هەمو ئەمانە بریتیە لەو یارییانەى کە ئێران توانیویەتى ببێتە یاریکەرێکى سەرەکى بەرامبەر ئەمریکا .. پاشەکشەى سونە و بون بە دوژمنى سەرەکى ئەمریکا و ئەوروپا ئەو هاوکێشەیە دێنێتە ئاراوە کە ڕاستەو خۆ گۆڕانى هاوکێشەى دوژمنى ئەمریکا و ناتۆ لە شیعە و بگۆڕێ بۆ سونە .. ئەمەش وا دەکات هەوڵ بدرێت جۆرێک لە ئیسلامى سونە دروست بکرێت کە ببێتە هۆیەکى ئارام بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى ئێران و ئەمریکا … خۆ ئەگەر شەڕى داعش لەسەرەتاى گێمى دوەمى شەڕەکانەوە شەڕ بێت بەرامبەر بە شیعە ، ئەوا پێدەچێت هاوکێشەکان گۆڕانى تریان بەسەردا بێت .. هەموو ئەمانە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن کە بەرژەوەندییە جۆڵاوە خێراکان ، وا دەکات دوژمنى یەکتر لەسەر سفرەى بەرژەوەندى کۆبکاتەوە و هەر لە گۆڕانێکى خێراشدا بیان کاتەوە بە دوژمنى یەکتر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت