Sbdulbari-Atwan

  بورهان شێخ رەئوف : ڕاوێژو ئامۆژگارییەکانى عەبدولبارى عەتوان بۆ داعش .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وابزانم پێویست ناکات بەدرێژى عەبدولبارى عەتوان بەخوێنەرانى کورد بناسێنم , چونکە زۆربەى زۆرى نووسەرو چاودێران و هەتاوەکو خوێنەرانی کوردیش هەڵوێست و ڕق و کینەو دوژمنایەتیەکانى ئەو نووسەرو ڕۆژنامەنووسە عەرەبە فەلەستینیە بەرامبەر بە کورد دەزانن . لە دوو دەیەى ڕابردوودا چى لەدەست هاتبێت بۆ دژایەتى کوردو کێشە ڕەواکەى بێ سڵەمینەوە و دوودڵى کردوویەتى و , ووتویەتى کە لەشارى لەندەنى پایتەختى بەریتانیاى عوزما دادەنیشێت ، پشتیوانى خۆى لە پێشتر زۆر بەئاشکرا بۆ ڕێکخراوى ئەلقاعیدەو و شەخسى ئەمیرەکەى ئوسامە بن لادن دەربڕیووەو , کاتى خۆى لە شاخەکانى تۆرابۆرا لە ئەفغانستان چووە لاى و چاوپێکەوتنێکیشى لەگەڵدا سازدا . تائێستاش بە شێخ ئوسامە بن لادن ناوى دەبات .

لەکاتى ئێستاشدا لەناو جەرگەى ئەوروپاوە ڕاوێژ و ئامۆژگارى و خۆشەویستى خۆى بۆ دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق وشام ( داعش ) دەنێرێت و هۆشدارییان دەداتێ کە لە تازەترین ووتارى کە لە ویبسایتى قورەیش دا بڵاوى کردۆتەوە ، پێیان دەڵێت : ووریابن ترسناکترین شت بۆ پووکانەوەى دەوڵەتەکەتان ئەو هەوڵە هەواڵگریانەیە کە دەزگاکانى هەواڵگرى و دژە تیرۆرى عێراق دەیانەوێت دزە بکەنە ناو ڕیزەکانتانەوەو لەو ڕێگەیەوە گورزى کوشندەتان لێبدەن و ، زاڵ بن بە سەرتاندا و درز بخەنە ناو ڕیزەکانتانەوە . هەروەها ترسى خۆى ناشارێتەوە ، کە ئەم جۆرە دزەکردن و خۆ خزاندنە ناو ڕیزەکانى دەوڵەتەکەتانەوە زیانى گەورەتان پێدەگەیەنێت ، لە هەمان کاتدا لە وەسفى ڕێکخراوەکەیاندا دەڵێت : ڕێکخراوێکى ئاوەها کە بە تەمەنێکى زۆر کورت هێزەکانى چەندجار لە قەبارەى خۆى زیادیان کردووەو ئەو ناوچانەش کە دەستیان بە سەردا گرتووە چەندین جار فراوانتر بووە لە کاتێکى پێوانەییدا بۆیە هەموو ئەمانە وادەکات کە ببنە ئامانجى زۆر دەزگاى هەواڵگرى جیهانى و ناوچەیى لە کاتێکدا دەوڵەتى ئیسلامى لە چەند بەرەیەکى جیاوە لە شەڕدایە کە ئەمەش تواناکانى کەمدەکاتەوە بۆ چڕکردنەوەى تواناى خۆپارستنى خۆى بە گشتى .
هەروەها لە شوێنێکى ترى وتارەکەیدا دەڵێت : نازانین قەبارەى ئەو زیاننانەى بەر دەوڵەتى ئیسلامى کەوتووە چەندە لەلایەن دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانى عێراقەوە ، بەڵام ئەبو حەفسەى ئەلموهاجرى کە گەورە بەرپرسێکى داعشە و دەستى بە خوێنى هەزاران کەس لە عێراق و شام سوورە بە بەڕێز ناویی دەبات و دەڵێت : ووتویەتى کە ئیتر هیچ کەسێکى عێراقى لە ڕیزەکانماندا وەرناگرین جگە لە خەڵکى بیانى بۆ جیهاد ، نەوەکو خەڵکى نێراویان تێدابێت بۆ خۆ خزاندنە ناو ریزەکانمان لەلایەن دەزگا هەواڵگریەکانى عێراقەوە . بۆیە لەوانەیە گورزى گەورەیان وەبەر کەوتبێت .
لەهەمان کاتدا عەبولبارى عەتوان کورتەیەکى مێژوویى لەسەر کارى هەواڵگرى و ناردنى خەڵکى بۆ ناو ڕیزەکانى ڕێکخراوەکانى قاعیدە و ڕێکخراوە فەلەستینیەکان باس دەکات و هۆشداریان دەداتێ لە مەترسى ئەو جۆرە کارانە، بەڵێ ئەمە نووسەرو ڕۆژنامە نووس عەبدولبارى عەتوانە کە لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا جارێکى تر ڕق و بێزارى خۆى دەربڕى لە ئاست بە هاناوە چوونى ئەمریکاو هاوپەیمانەکانى و کۆمەلِگەى نێودەوڵەتى بۆ خەڵکى کۆبانێ . هەروەکو ئەوەى بەڵێنى بیلفۆرى دا و جێبەجێ ى کرد کورد بووبێت !!! ؟
لەهەمان کاتدا پیاوێکى ترى ئایینى ئیسلامى تونسى عەرەب بەناوى شێخ حوسین عوبێدى ئیرەیى بە کور د دەبات کە چۆن توانیان یارمەتى بگەیەننە کۆبانێ دەڵێت ئێمەى عەرەب بە 23 ووڵاتەوە نەمان توانى ئەوەندە یارمەتى بگەیەنینە غەزە . هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆگانى سەرۆکى تورکیاش لە میانى سەردانەکە ئەم دواییەى بۆ فەرەنسا بێزارى و خۆى بەرامبەر کۆمەک وهاوکارییەکانى کۆمەڵگاى نێو دەوڵەتى بۆ کۆبانێ نەناردنى بۆ شوێنەکانى ترى سوریا دەربڕى .
بۆیە لێرەوە داوا لە ڕەوەندى کوردى لە ئەوروپاو ئەمریکا دەکەم هەروەها هەموو ڕێکخراوو هێزە دیموکراتخوازەکان دەکەم لە ڕێگەى داواکارى گشتیەوە سکاڵاى یاسایى لەسەر ناوبراو تۆمار بکەن هەوڵى ئەوە بدەن لێپێچینەوەى لە گەڵدا بکرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت