kardox11

کاردۆخ : شەڕی نیشتمانیی کوردستان و بالۆرەی ناساز .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

بۆ شەڕی نیشتمانیی ؟

لەوەتەی ڕاپەڕینە مەزنەکەی باشووری کوردستان لە ١٩٩١ بە بەشداری تێکڕای هێزەکانی کۆمەڵگا بە باش و نا باشەوە ، سپا و هێزە دڕ و کورد کوژەکەی عەربی- بەعسی لە نیشتمانەکەمان  ڕادا و بەشێکی بەرچاوی خاکمان لەو دەسەڵاتە ڕەش و مرۆڤ کوژە پاک کرایەوە ، بەلانی کەمەوە ئەو بەشەی نەتەوی کورد پێی نایە قۆناخێکی نوێی مێژوویی یەوە و بووە خاوەنی خاک و نیشتمانی خۆی و لە ژێر تەوژم و باری گران و پڕووکێنەری هەلەبجە و ئەنفال و کۆمەڵ کوژی و کاولکاری گشتی پشتی ڕاست کردەوە. لەم قۆناخەدا ئەرکی گران و بەربڵاوی مێژوویی ژیانەوەی جەستە و گیانی بە قووڵی بریندار کراوی کورد و کوردستان کەوتە سەرشانی هێزە سیاسیەکانی باشوور کە بە تێکڕا و بە هەموویانەوە باری گران و خوێناوی مێژوویێکی دەیان ساڵەی دووبەرەکی و براکوژی و دژبەریان لەگەڵ یەکتر بە کۆڵەوە بوو. یەکڕیزیان لە بەرەی کوردستانی بەشی ئەوەندەی پێوە نەبوو کە ببێتە هەوێن و ماکی یەکگرتوویی و یەکدەنگی و ڤێکرا شان دانە بەر ئەو ئەرکە مێژوویی یە لە بەرێوەبردن و ژیانەوەی کوردستان. جا ئەگەر ئەم ئاریشەیە وەک هۆکاری ناوخۆیی سەیر بکەین ئەوە هەر ئەم هۆکارە بوو ،  کە وەک هەمیشە بوار و دەرەتانی لۆ نەیاران و دوژمنانی کورد بە گشتی خۆش کرد بۆ دەس تێوەردان و گرژ و چڕ کردنەوەی دژبەری و ناکۆکی دەیان ساڵەی سیاسی و هزری کۆن کە بە دوو شەڕی ناوخۆیی و خوێنای و ماڵ وێرانکەری تر بە سەر کوردی باشووردا شکایەوە . هاوکێشەیی و لاسەنگی هێز چەند جارێک ئەم لا و ئەو لای کرد و تەنانەت هەولێری پاتەختی کوردان ژی ئەم دەس و ئەو دەسی پێدەکرا. ئاکامیش بووگە ئەوەی کە باشووری کوردستان دوو کەرت کرا و ئەگەر واز لە بەشە زەوت کراوەکەی ژێر دەستی ئیسلامیەکان بهێنین کە ئەویش هەر بەرهەمی لێک ترازانی دوو هێزە سەرەکیەکەی باشوور، پارتی و یەکیەتی بوو .

دەسکەوتی کورد لە باشووری نیشتمان بەرهەم و ئاکامی شەڕی ڕزگاڕی سەرکەوتوو نەبوو بەڵکو بە ڕاپەڕین دابین کرا کە خڕۆشانێکی گشتی و کورت خایەن و و کوت و پڕ جە ڕوانگە مێژوویی یەوە بوو کە دۆخێکی سیاسی جیهانی و ناوچەیی تایبەت کە پەلاماری بەعس بۆ کوێت و شەڕی یەکەمی کەنداو بوو ، پێکی هێنابو، تەقیەوە. بە گوێرەی سروشتی خۆی ، ڕاپەرین دەرفەت و ماوەی ئەوەی نەبوو کە بە ئاریشە و کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و هزریی یەکانی کۆمەڵگا ڕابگات و کاریان لە سەر بکات بۆ چار کردنیان. وەک لە ئەزموونی مێژویی و هەروەها ئەزموونی  ڕاپەڕینی ئێران و لەم دوایانەش هی عەرەبان و هێندێکی تری مەخمەری و کەسک و پەمەیی و چی وچی تر، دەرئەکەوێت ، ڕاپەڕینی سیاسی لەم بابەتانە کە زیاتر هۆکاری دەرەکی ئەیان تەقێنێتەوە ، ئەبێتە خوڵقێنەری بارگرژی و ئاڵۆزی و لێک هەڵپرژانی دوایی هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی چالاک لە ناو کۆمەلگاکەدا. ئەزموونی ١٩٩٠ تا ٢٠٠٣ کوردستانی باشوور ئەتوانرێ و ئەکرێ لەم ڕوانگەوە لێی بکۆڵدرێتەوە و ڕوون بکرێتەوە.

دیسان شەڕی دووهەمی کەنداو لە ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعسی تاوانکار و تاوانبار دۆخێکی نوێی هێنایە ئاراوە و وەک هۆکارێکی دەرەکی بەستەڵەکی دووبەرەکی لە باشوور شکاند و پردەبازی کوێر کراوەی یەکگرتووی کوردانی ژیاندەوە و بەرەو ئەوەی پاڵ پێوە نان کە بەلانی کەمەوە دوو کەرتەکەی کوردستان لە باشوور یەک بگرنەوە و لە ئاقاری یەکگرتووییەوە هەنگاو باوێژن. ئەم ڕەوتە ئیستا لە ئاستێکدایە کە کورد سەروەری سیاسی خۆی دابین و مسۆگەر کردوە و هەنگاوی باشیشی لەم ئاقارەوە ناوە  و ڕوو لە گەشە کردن و پەرەسەندنە . پاش زاڵ بوون بە سەر ئاژاوەکەی بەردەرکی سەرا کە لاسایی کردنەوەیەکی بێ بنەمای هەرای عەرەبان بە مەبەستی لێدانی دەسەڵاتی کورد لە باشوور بوو ، و ئاکامی دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاکانی کوردستان و پێک ‌هێنانی دەوڵەتی بنکە فراوان و یەکگرتوو، کورد لە باشوور لە ئاستێکی بەرز و باڵاتردا بووە خاوەنی نیشتمانەکەی و سەروەری سیاسی . ئەمەش ئەوە ئەگەێنێ کە ئێستا کورد لە باشوور وەک یەکەیەکی نەتەوەیی و سیاسی و جوگرافیایی دەور ئەبینی و ئەم پێگەشی تا ڕادەیەکی بەرچاو چەسپیوە .

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر .. شەڕی نیشتمانیی کوردستان و بالۆرەی ناساز

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت