kardox11

کاردۆخ : ڕێكکەوتن و کاروانسالارانی بزاڤی کوردی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 کوردستان ، نیشتمانی داگیرکراوی کورد ، لە مێژە ڕووبەڕووی وەیشوومەی سیاسەت و بەرنامەی داگیرکاری داگیرکەران بوەتەوە . میژووی داگیرکراویی کوردستان بەشێکە لە مێژووی داگیرکاری لە جیهانی مرۆڤایەتی دا . یاسا و ڕێسای داگیرکاری لەگەڵ ئەوەدا بە ڕوونی و بە ئاشکرا تۆمار نەکراوە ، بەڵام لە چوارچێوە و وشێوازێکی ناسراودا بەڕێوە چووە و ئەچێ . هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی دیاردەی دزێوی داگیرکاری یەوە هەتا سەردەمی ئێستای ئێمە ، داگیرکەر ، داگیرکراوی بە بەشێك لە ئامێر و کەرەستەی سامان پێکەوەنانی خۆی زانیوە و هەر بەم چاوەشەوە لە داگیرکراوی ، بە خەڵك و خاکەوە ، ڕوانیوە و هەلس و کەوتی لەگەل کردوە . شیر و تییر و زەبر و زەنگی ڕووتی نامرۆڤانە لە پلەی یەکەم و لە پێش هەر هۆکارێکی دیکە ، ئامانجی داگیرکەری دابین کردوە .  بیرۆکەی داگیرکردن مۆرکی خودایی پێوە مۆتۆربە کراو وەک لە ئایینی جوولەکە و دواتریش کریستیان و ئیسلام دا رەنگ و دەنگ ئەداتەوە .

تاڵان و بڕەوی سامانی وڵات و خەڵکانی داگیر کراو بە درێژایی میژووی داگیرکاری بەڕێوە چووە هەتا سەردەمی نوێ کە ئەتوانین شەڕی جیهانی یەکەم وەک سەرەتاکەی دیاری بکرێت . لەم قۆناخە بە دواوە سیاسەتی داگیرکاری تاینەتمەندیێکی یەگجار ڕژدی لێ زیاد بوو کە ئەویش کردنە ئامانجی خەڵکی داگیرکراو بە مەبەستی توانەوە و سڕینەوەی ئاسەواری فەرهەنگی و مێژوویی ئەوان بوو . شەڕی داگیرکەر وەگەردی داگیرکراو هەتا ئەم قۆناخە شەڕی گەورەبەشانە و چووکەبەشانە بوو کە بە گوێرەی چونیەتی هاوسەنگی هێز دیاری ئەکرا و ئەم لا و ئەلای پێدەکرا . لە قۆناخی نوێ دا ، شەڕی مان و نەمان بەو شەڕەی پێشوو زیاد بوو . هەرچی داگیرکەربوو ئەویست کە داگیرکراو وەک خۆی نەمێنی و ئاسەواری کۆنی مێژوویی و فەرهەنگی بسڕیەتەوە و لە ناو هینەکەی خۆیا بیان توێنێتەوە لە بەرانبەر ئەم دیاردە دزێوە نوێیەدا داگیرکراویش شەڕی ئەوەی بووە کە خۆی بپارێزی و لە دژی سیاسەتی توانەوە بەرخۆە بدات .

دیاردەی نوێی داگیرکاری بەرهەمی پەرەسەندن و گەشەکردنی سەرمایەداری چاخی ئیمپریالیستی یە و لە هەموو بوارێکەوە بە چەک و ئامرازی نوێ و سەردەمیانەی ئیمپریالیستی تەیار کراوە . لە لایەک زانست و تکنۆلۆجیای چەک و کەرەسەی شەڕ و لە لایەکی ترەوە زانستی کۆمەڵایەتی و سروشتی بە چڕ وپڕی لە خزمەتی داگیرکاریدا خڕخرایە گەڕ و بەکار ئانین . ئەزموونی دوور و درێژ و سامانی کۆکراوەی زۆروزەەندی ڕۆژهەڵاتناسی کە داهێنانێکی داگیرکاری سەرددەمی کۆن بوو ، نۆژەن کرایەوە و کرا بە بنەمای بیرۆکەی داگیرکاری سەردەمی نوێ . بەرەی داگیرکەر دەستی باڵای پەیدا کرد و داگیرکراویش کەوتە دۆخێکی کڵۆڵی و داماویی و پاشەکشەی کردە قووڵایی کۆمەڵگا و دەرەتانێکی ، کورد گوتەنی مەمرە و مەژی بۆ خۆی پێکەوە نا .  لەم قۆنخە نوێیەدا شەڕی داگیرکراو لە دژی داگیرکەر لە ئاستی جیهانیدا بوو بە شەڕێکی تەواو نابەرانبەر و ئەم تایبەتمەندییە کاری کردە تێکڕای ژیانی ژێردەستەیی چ سیاسی و چ ئابووری و چ کۆمەڵایەتی و چ فەرهەنگی و چ نەتەوەیی و ڕۆخساری جیهانی مرۆڤایەتی وە شێوەیەکی دیار گۆڕی بەوەی کە ئێمە ئیمڕۆ ئەی بینین و وەگەردی ئەژین .

ڕیککەوتن لە نێوان دوو بەرەی شەڕەکە هەمیشە و بە درێژایی مێژووی داگیرکاری لە ئارادا بووە جا ئەگەر نووسراو یان نەنووسراو یان ژی دان پیانراو یان نەنراو بووبێت .  جۆنیەتی و چەند و چوونی ئەو ڕێککەوتنانەش بەند بووە بە هاوسەنگی هێزی مەیدانی وەک هەمیشە . وەک ئاماژەی پێکرا ، پێشتر ڕێککەوتن لە سەر بەشە ماڵ و بەشی سەرخەرمان بوو کە وەک هەمیشە داگیرکەر بە سەر داگیرکراویدا داسەپاندووە. تایبەتمەندی نوێ سەردەمی ئیمپیالیستی واتە توانەوە و سڕئنەوەی ئاسەواری نەتەوەیی و فەرهەنگی و مێژوویی داگیرکراو ، شەقڵی خۆی ناوە بە سەر هەر جۆرە ڕێککەوتێک لە نێوان ئەو دوو بەرەدا و داگیرکەر بەردەوام ئەم ستراتیژیەی ڕەچاو گرتووە و قەت وازی لێ نەهێناوە هەر لە بەر ئەوەی دەستی خۆی باڵا بینیوە و هەل و دەرفەتی بە مێژوویی زانیوە و پشتی بە نێکرای ئەو هۆکارە بە هێزە ئابووری و سیاسیانە بەستوە کە لە بەرژەوەندی ئەودا بووە .

بزاڤی نەتەوەیی کورد لەم قۆناخە نوێیەدا تووشی بوو بە تووش ئاوەها هەل و مەرجێکی جیهانی و مێژووییەوە وملی لە مل ناوە . ئەزموونی کوردستان وێنەیەکی زەق و بابەتیانەی سەردەمەکەیە و تێکڕای تاینەتمەندییەکانی سەردەمی بە ڕوونییەوە پێوە دیارە . لە ڕیزی ئەم تایبەتمەندیانە ، ڕێککەوتنی سیاسی یە کە باسی ئەم جارەی ئێنەیە . ئەم باسە و ئەم بابەتە ئەوە هەڵ ئەگرێ کە بیرماندانی بە وەجی کورد لە ئاستی خۆیدا وەک ئەرک پێوەی خەریک بن و بە قوول بوونەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی شیاو بابەتەکە دەولەمندتر بکەم و بیکەن بە پێخۆری هزری ئەرای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان . کورد بە تایبەت لە باشوور و باکوور سەرقاڵی وتوو وێژ و گەیشتن بە ڕێککەوتن دەگەڵ داگیرکەرانی کوردستانن و ئەمەش پێدڤی پێڕاگەیشتن نەم فرمانە سیاسییە بە شێوەیەکی بەرچاو زەقتر ئەکاتەوە. جێگە داخە کە لە نەبوونی ئاوەها کار وفرمانێک و بەڕێوەبردنی ئەم ئەرکە ، کۆمەڵی کوردەواری بە هێندێک بیرۆکەی چەواشە و چەواشەکارانە چەواشە ئەکرێتەوە و ڕووی ڕاستی بابەتەکە ئەشیوێندرێ و مێژووی کورد و کوردستان شلوێ ئەکرێ و بە جۆرێکی نەشیاو و ناشیرین بە گوێی خەلکا ئەدرێتەوە . ئیمە لێرەدا بە یەکێک لەو کارانەدا ئەچینەوە .

ماڵپەڕی ڕوودا لە بەشی  ئینگلیزیەکەیدا وتارێکی شؤڕشی حاجی ” دان وسەندنی کورد لە مەڕ کەرکووک ، نەوت لە بری خاک” (The Kurdish exchange over Kirkuk: oil for land) ، ٣٠/١١/٢٠١٤  ، بڵاو کردوەتەوە ( http://rudaw.net/english/opinion/30112014 ) کە تێیدا نووسەر بە شێوەیەکی ناشارەزایانە و چەواشەکارانە هێرش ئەکاتە سەر مێژووی کوردستان و سەرکردەکانی کورد بەوە تاوانبار ئەکات کە گوایە  بە گوێرەی پێویست و گەنجاو لە ڕوانگەی جەنابیانەوە نەجووڵانەتەوە و هەر بۆیە هیچیان دەس نەکەوتوە و هیچیان بە هیچ نەکردوە .

سرنجێکی تۆزکاڵیک ورد ئەوە دەرئەخات کە وتارەکەی حاجی دەقادەق جووتە لەگەڵ شێواز و ماکەی کاری میدیایی ڕووداو و هەوڵێکی تری ڕووداوە لە ئاقاری سووک و نزم نیشاندانی ژیانی سەردەمیانە و ڕابردووی کوردستان بە گشتی . لە ژێر ئاڵای درۆزنانەی سەربەخۆیی سیاسی و ڕێکخراوەیی و قوزتنەوەی دۆخی تایبەتی باشووری کوردستان ، ڕووداو خۆی کردوە بە دەمڕاس و سەکۆی بانگەشەی زۆربەی ئەوانەی کە ڕابردوو و ڕووداوە مێژوویی یەکانی ٣٠ ساڵەی دوایی هێشتا  وەخەبەری نەهێناون و هێشتا بە گیان و هەستی ژێردەستەیی وەک پاشاخوڕی داگیرکراویی هەڵس وکەوت ئەکەن و هەر لەو پێگەوە ژی جە کوردستانی ئێستا ئەڕوانن . فێڵی ڕووداویش ئەوەسە کە ژمارەیەک کەسایەتی بەڕواڵەت خاوەن پلەوپایە و ناو ودەنگی ناوخۆیی و دەرەکی وێنەی پسپۆر و چازان بە خەڵک ئەناسێنێ و لەم ڕێگەشەوە هێما و دەرکەوتەیەکی ناشیرین لە کوردستان بڵاو ئەکاتەوە کە لە ئاکامدا بە خەساری کورد بە گشتی ئەشکێتەوە . وتارەکەی حاجی یەکێک لەو کارانەی ڕووداوە و لە وانەشە بابەت  و وێنەیەکی زەق لەم بوارەدا بێت .

ڕووداو ڕاست لە کاتێکدا کە نوێنەرانی دەسەڵاتی باشوور لە بەغدا خەریکی وتوووێژ و دان و سەندن بوون ، وتارەکەی حاجی بڵاو کردەوە . ئا لەوەها کاتێکدا مرۆڤ چاوەڕوانی ئەوە لە تاک و دەزگای بەدەربەست و خاوەن هەستی لێپرسراویی ، ئەکات کە دڵسۆزانە و ڵێ زانانە بەگوێرەی توانا و کێش ، هۆکاری بەهێزبوونی بەرەی کوردی بن لە بەرانبەر نەیارانیدا و یارمەتیکارێک بن بۆ هەڵدان و گەشەکردنی بیر و هزری سیاسی لە دۆزی کوردیدا . وتارەکەی حاجی لە ڕووداودا ڕاست بە پێچەوانەی داخوازی و پێداویستی سیاسی و هزری کاتەکەیە و نوسەرەکەشی هەر بەوەوە نەوەستاوە کە سرنج و تێبینی خۆی لە سەر دان و سەندنی ئێستای کورد لەگەڵ بەغدا دەرببڕێ ، بەڵکو ئەمانەی ئێستا بەستوەتەوە بە مێژووی کوردەوە و ڕخنەیەکی بێ بنەما و چەفت و چەوێڵ و چەواشەکارانەی لە تێکڕای بزاڤی کوردی هێناوەتە ئاراوە .

حاجی وسا ئەنوێنی کە گرێ پووچکەی سەرنەکەوتوویی کوردی لە مێژوودا کردوەتەوە و لە سەر ئەو بنەمایە داواکارە کە سەرکردایەتی کورد بە گوێرەی ئامۆژگاری ئەو بجووڵینەوە و واز لە شێوازی چەق بەستوو ، وەک ئەو دیاری ئەکات ، بهێنن و هێندێک دەسکەوت لۆ کوردان وەدەس بخەن . دێ بلا بزانین ئەم نووسەرە چ دیاریەکی لۆ مە پێە. جەنابیان ئەنووسێ :

” لە ڕوانگەی مێژوویی یەوە ، هۆی سەرەکی سەرنەکەوتوویی کورد لە مسۆگەر کردنی دەسکەوت وەبان کورسی وتوووێژ ، سیاسەتی هەمووشتێک یان هیچ بووە کە سەرکردایەتی کورد هیوابڕاوانە ڕەچاوی کردوە هەر لە سەرەتای هەرای نەتەوەیی کوردوە . ئەمەش ڕاستیە و سەرکردە کۆنەکانی کورد وەک شێخ عوبەیدۆڵا و شێخ مەحموود  ئەگرێتەوە و درێژەی هەبووە و نەتەویی یەکای ئەم دوایانەش وەک قازی محەمەد و مستەفا بارزانیش ئەگرێتەوە .

ڕیچکە ، بەڵام ، هەر هەمان ڕێچکەیە تەنانەت لە کاتی ئێمەش دا ، سیاسیەکانی کورد خەریکی وتوووێژن بە هەمان ڕێچکەی و شێوازی هەموو شتێک یان ‌هیچ . “

حاجی لێرەدا نەوەکامی سیاسی خۆی دەرئەخات بەوەی کە سەرکردایەتی ئیستای کورد و بواری چالاکیان و دۆخی سیاسی ئێستای کوردستان لەگەڵ ڕابردو وەک یەک ئەبینێ . با جارێ ئەوە لۆ حاجی و هاوبیر و هاوپێڕانی ڕوون بکەینەوە کە دەسکەوتی سیاسی لە سەر کورسی وتوووێژ و دان و سەندن دەستەبەر ناکرێت . ئاقار و چوارچێوەی وتوووێژی ئێستای کوردستان لەگەڵ بەغدا و هەر ئالی و لایەنێکی دیکە ، وەک هەر وتوووێژێکی سیاسی تر لە هەموو مێژووی مرۆڤایەتیدا ، هاوسەنگی هێز و دەسەڵاتی مەیدانیی لە بواری سیاسی و ئابووری و سەربازی دیاری ئەکات . کوردەکەو ماچۆ شەق قۆناخ دیاری ئەکات . سرنجێک لە مێژوو و بە تایبەت مێژووی وتوووێژ و دانیشتنە سەر کورسی وتوووێژ بۆ بڕانەوەی کێشە و ناکۆکی دوو یان چەند لایەنی دژبەر ، ئەوە ئەسەلمێنێ کە یەکەم ، دوو یان چەند لایەنی هاوبەرژەوەند بە مەبەستی دابین کردنی بەرژەوەندی ستراتیژیک و داهاتوویان لەگەڵ یەک لە سەر کورسی وتوووێژ خڕ ئەبنەوە نە نهێنی یان ئاشکرا. دووهەمیش زۆربەی هەرە زۆری وتوووێژ و دان و سەندن  پاش ئەوە هاتوەتە کایەوە کە پێکدادان و ململانێی سیاسی و ئابووری و سەربازی ، کێشەکەی گەیاندبێتە ئاستی کۆتایی یان ژی ئاستێکە کە ئیتر بواری درێژە ململانێکە نەمابێت و هەموو ڵایەک گەیشتبێتنە ئەو باوەڕەی کە ئەبی کێشەکانیان بە بارێکدا بخەن بۆ دەرباز بوون لە دۆخە کە گەلێ جار چەق ئەبەستێ . دانیشتنی لۆزان و سیڤەر پاش شەری جیهانی یەکەم نموونەی زەقی ئەم بابەتەیە . هەروەها دانیشتنی پاریس لە پێوەندی لەگەڵ شەڕی ڤیتنام و وتوووێژی عارەب و جوولەکە و لەم دوایانەش دانیشتنی عەرب و عەجەم پاش ئەوەی شەڕەکەیان کەوتە قۆناخ و دۆخێک کە هیچ لایەکیان ڕێگای درێژەدانی بۆ نەماوە . دان و سەندنی بزاڤی کوردی لەگەڵ دەسەڵاتی عارەبان لە شؤڕشی بارزانی گەورە و ئەوانەی ئەم دوایانەش  ژ مە کوردن ڕا ئەزموونەک ئا دن پڕ بۆهایە کو خۆیا دکاتن کە گوتووبێژ ،  قۆناخی دوای شەڕ و پێكدادانی سیاسی و ئابووری و سەربازی یە و ئاکام و ئەنجامی ئەو پێکدادانانە ، ناوەرۆک و کاکڵی وتوووێژەکان دیاری ئەکات لەم پێکی و لەم ڕانگەوە ئەوە ئیتر خۆیا ئەبێتن کە داواکاری لایەنەکانی وتوووێژ لە هەر ئاستێکدا ، پێشتر و لە مەیدانی هاوسەنگی و بارتەقای هێزەوە دیاری ئەکرێتن . بە پێچەوانەی دۆزینەوە دانسقەکەی حاجی هەموو شتێک یان هیچ ، هیچ جێگایەکی لە وتوووێژی سیاسیدا نیە . کوردیش وەک مرۆڤ و نەتەوە و کوردستانیش وەک ولات لەم یاسا و ڕێساوە نە دوورن و نە بەرین . ئەوەی کە حاجی کوردی ئیستا و ڕابردووەکەشی پێ تاوانبار ئەکات ، یەکەم دوورە جە هەر ڕاستیەک و ئا د دوو ژی تاوانێکی بێ بنەما وسازکراوی مێشک و هزری کەسایەتی پێشێلکراو و داڕماوی کوردە وەک بەرهەمی پاشاخوڕی داگیرکراویی کوردستان .

قووڵایی چەوتیی بیرۆکەی حاجی کاتێک ڕوونتر ئەبێتەوە کە سرنج بدرێتە وتارەکەی کە تاکە کەمایەسی و ناڕیکیێک لە بەرەی عارەبان نابینی و هیچی لە سەر ڕیچکە و شێوازی بەغدا لە دان و سەندن وەگەردی کورد کە مینا ڕۆژی ڕوون لە کورد و نا کوردەوە دیارە ، تیا بەدی ناکرێ . ئەزموونی مێژوویی سەدان ساڵە وبگرە هەزاران ساڵەی کورد ئەوەیە کە عارەب چاویان بڕیوەتە خاکی کوردستان و سامان و بەروبوومەکەی بە گەورەبەشانە و خەڵاتی خوا بۆ خویان ئەزانن و ئەگەر تا دوێنی هەر بەمەوە ئەوەستان ئەوە ئێستا ئیتر خەڵکی کوردستانیش لە سەر خاکەکەیان بە مەترسی بۆ خۆیان ئەزانن و بەتەمای سڕینەوە و پاکتاوی ڕەگەزی کوردن . عارەباندنی کوردستان و گواستنەوەی خەڵکی کوردستان بۆ دەرەوەی زیدیان و  ئەنفال و کیمیاباران و لەم دوایانەش هێرشی هۆڤانانەی عەرەبی – ئیسلامی داعش و بڕینی مووچە و نان و ئاوی خەلکی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی بەغداوە، گومانێک لەم ڕاستیەدا ناهێڵێتەوە . خەڵک بۆی هەیە بپرسێ کە چما حاجی ماکی سیاسەتی عارەبان لە مەڕ کورد ناناسی و ئەوەندە ساڵە تەڤبوون جە بزاڤی کوردی هیچی فێر نەکردوە . ئەرێ شیوازی ڕەخنە گرتنی بێ بنەمایانە لە کورد و وسکوت بوون لە حاست عارەبان ، بە مەرایی سووک و چرووک  لۆعارەبان لە سەری ناشکێتەوە و حاجیش ناخاتە ڕیزی سەماکەرانی عرووبەوە ؟

 بە لەبەر چاو گرتنی ئەوەی کە حاجی خۆی وەگەردی یەکیەتیی نیشتمانی بوە ، با لە جەنابیان بپرسین کە ئەرێ هەموو شتێک یان هیچ ویستنی مام جەلال لە گفتوگۆی ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردوو لەگەڵ بەعسی عارەبان ، مایە پووچ و دەسباتاڵی کرد ؟  ئاکاری دژە مرۆڤانەی بەعسی لە قڕکردن و کاولکاری گشتی کوردستان ماکی سیاسەتی عارەبی لە مەڕ کوردان دەرناخات ؟ ئیتر لەگەڵ ئاوەها سیاسەتێکدا ئەبێ کەم یان زۆر ویستن چ جێگایەکی هەبێت . مام جەڵال و یەکیەتیی دەبا بە چی ڕازی بن و سەدام چی لە هەوانتەدا بوو بۆ کورد کە مام جەلال بە سوور بوون و چەق بوون لەسەر هەموو شتێک یان هیچ بە فیڕۆی دابێت . لەوانەیە حاجی ئامۆژگاری قاسملوو لە کونفڕانسی سێهەمی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان ی لە گەرمەی وتوووێژی یەکیەتیی لەگەڵ بەعسدا بیر کەوتبێتەوە . قاسملوو وەک ناوبژیکەری ( با بەڕیزەوە بێژین ) بەعس دەوری ئەگێڕا لەو کەین و بەینەدا و وەک میوانی کونفڕاسەکە وتاری دابوو کە تێیدا پێواژۆکەی وەک کاسبکار و بازرگانی ناو بازار خەمڵاندبوو و گوتووبووی کە وای دابنێین کە ئێوە قەرزێکی گەورەتان بە سەر کابرایێکەوە هەیە و ئەویش هەمووی بۆ هەڵ ناسووڕی بە جارێ  بیداتەوە . چاکتر وایە کە ئێوە بەوەندەی کە کابرای قەرزدار ، واتە بەعس ، پێی هاڵ ئەسووڕی بەس بکەن . ئەوەی کە حاجی تێکڕای بزاڤی کوردی و کاروانسالارانی نەتەوەیی کوردی پێ تاوانبار ئەکات دەقاودەق ئەو بۆچوونەی قاسملوویە کە بۆ لایەنگری و پاکانە بۆ بەعس هێنابوویە ئاراوە ، واتە داگیرکەرانی کوردستان بۆیان هەڵ ناسووڕی کە قەرزەکەیان بە کورد ، مافی نەتەوەیی ، بە جارێ بدەتەوە و داواکاری کورد لە جێگە خۆیدا نەبووە و نیە. جا ئەگەر بۆچوونەکەی قاسملوو تەنیا سەبارەت بە بەعسی عێراق و پاکانە بۆ ئەو دوژمنە هۆڤانەی کورد بووبێت ، ئەوە ئیتر جەنابی حاجی پەرەی پێ ئەدات و بەسەر مێژووی ئەم دوایانەمان هەر لە شێخ عوبەیدۆلا هەتا بارزانی دائەبڕێ . ئەم بیرخستنەوەش بۆ ئەوەیە کە بێژین کە حاجی یەکەم نیە لەو شێوە بیرکردنەوەدا . 

هەر لەم پێکیەش با جەنابی حاجیەکان کڵاوی خۆیان بکات بە قازی و دادوەر و بڕیار لە سەر مستەفا بارزانی بدەن . بارزانی لە ڕەوتێکی ئاڵۆز و تێکچڕژاوی ناوخۆیی و دەرەکیدا ، توانی هاوسەنگی هیز تا ئەو ڕادە لە بەرژەوەندی کوردا ڕێک بخات کە پەیمانی ١١ ئازاری ١٩٧٠ ی لێکەوتەوە و لە ئاستی ناوخۆیی و جیهانیشدا وەک دەسکەوتێکی تا ئەوکاتە بێ وێنەی کورد ناسرا و دانی پیانرا. جەنابی شؤڕشی حاجی ئەم ڕووداوە گرینگە مێژوویی یە نابێنی و بارزانی وەک مایە پووچی سیاسی بە خەڵك ئەناسێنێ و هۆکەشی لە هەمان ڕێچکەی چەق بەستووی ” هەموو شتێک یان هیچ ” ی بارزانی دا ئەبینێ کە نەک هەر دوورە لە هەموو ڕاستیەک بەڵکو خۆل لە چاوی خەڵک کردنە ، ئەو خەڵکەی کە هێشتا بیرەوەری ئەو ڕووداوەیان لا زیندووە . پەیمانە چەپەڵ و گڵاوەکەی ئەلجەزائیر بارزانی و کوردیشی تووشی نەکسە و شکانێکی کوتوپڕی ئەوتۆ کرد کە تێکڕا کورد بە دەستیەوە ناڵاندی . هەر هامان پەیمانی نگریس بووە هەوێنی شەڕی عێراق و ئێران و کە هەتا ئێستاش بەردەوامە و نەبڕاوەتەوە . ئاستی قووڵی و بەرفرەهی ڤان پەیمانێت ئا قرێژ نووکە پشتی دەیان ساڵ فرەتر ئاشکرا دەبێتن . عارەبان ئامادە بوون باجێکی گەلێک قورس و گران بە عەجەم بدەن بۆ مەبەستی لیدان و خستنی بزاڤی ڕزگاری نەتەوەیی کورد . حاجی ئەم دیاردەیە کە هێژ جە بیر و هزری خەڵکا زیندوە ، نابینێ و بە تەماشە کە ئەو چەواشەکارییە زەقەی خۆی دەرخوارد خەڵک بدات  و وە خەڵک ئوشت کە بارزانی لە سەر کورسی وتوووێژ شکا و هۆکەشی ئەوەیە کە پێداگری لە داوایەکی نەگونجاو ، هەموو شتێک بە جاترێ ، ئەکرد .

ئەبێ حاجی لە چ شتێکی کورد تووڕە بووبێت کە بگاتە ئەو ڕادەیە کە قازی محەمەدیش بەو ئاکارە تاوانبار بکات . حاجی ئەبێ خەڵکی کوردستانی پێ چی بێت کە بیرؤکەی ئەوە بباتە مێشکیانەوە کە گوایە رژێمەکەی قولیزادەی عەجەمان و قوامولسەڵتەنەی ڕاوێژکار و وتووێژکاری بە ڕێوی و فێلەباز ناودەرکردوو کە گوایە تەنانەت کڵاوی لە سەر ستالینش نابوو ، شتێکی هەچەندە کەمیش بووبێت ، بۆ کوردان پێ بووە و قازی وەری نەگرتبێ و داواکاری هەموو شتیك بە جارێ بووبێت و ئاخرەکەشی و ئاکامەشی مایە پووچ و دەس بەتاڵ دەرچوو بێت و ملی خۆشی کرد بە پەتی سێدارەوە .

بێجگە لە پاشاخوڕانی داگیرکراویی کوردستان و نووسەرانی بەکرێگیراوی داگیرکەران و بەراتخۆرانیان ،  کێ هەیە شێخ مەحموود و سمکۆ ( حاجی سمکۆ و وتووێژی ئەو لەگەڵ ئینگلیزان و ترکان و عەجەمانی لە قەلەم پەڕاندوە ) لەو ئاستەدا بە خەڵک بناسێنێ کە لە گەمەی سیاسی لەگەڵ پیرە ئینگلیزدا ناشارەزا بوون و کردەی نابەجێی خۆیان مایە پووچی کردن . با لە بەر بەیتەر تەر ڕوونکردنەوەی باسەکە ئاماژەیەکیش بە دان و سەندنی کورد لە سێڤەر و لۆزان بکەین کە دیسان حاجی وا دەرئەکەوی لێیان بێ ئاگایە یان ژی شیاوی باس نین بۆی . چما کەس هەیە نەزانێ یان گومانی لەوەدا بێت کە دێڵە ئیستعماری ئینگلیز و تێکڕای ڕۆژئاواشی لەگەڵدا بێت ، نەک هەر هیچیان بۆ کورد پێ نەبوو ، بەڵکو ڕووداوەکانی دواتر دەریان خست کە هەموو شتێکیان لە دژی کورد و کوردستان بوو . ئەوەی کە شێخ مەحموود و شێخ سەعید و سمکۆ و کورد بە گشتی لەو ساڵانەی شەڕی جیهانی یەکەم و دواتریش ، شتێکی ئەوتۆیان دەس نەکەوت هەڵ ئەگەڕێتەوە بۆ سەر سیاسەتی ئیستعماری ئەو کاتی ڕۆژئاوا . شێخ مەحموود نەک هەر هیچی لە فەیسەڵی گزیری ئینگلیزیان کەمتر نەبوو بەڵکوو ئینگلیزیان بۆخۆشیان ئەیانزانی کە سەرکردەی کورد یەگجار زۆری بە سەر گزیر و کوێخا و داش و دەسکەلاکانیان ئەشکیتەوە . با لەم پێوەندییەدا کردە و ئاکارێکی شێخ ئەحمەدی بارزانی نەمر وەک نموونە وەبیر بێنینەوە . لە کاتێکدا شێخی بارزان لە بەندی عارەبان بوو و فەرمانی کوشتنی لە سەر دەرچووبوو ، داوایان لێ کردبووە کە داوای لێ خۆش بوون لە دەسەڵاتدارانی عارەب بکات بۆ ئەوەی لە کوشتن ڕزگاری بێت کە لە وەڵامیاندا فەرمووبووی کە ئێوە پێاوی ئەوە نین من هیچ داوایەکتان لێ بکەم و لەوە کەمترن کە ئەو داوایە لە من بکەن .

نابی جەنابی حاجی ئاگای لە پەیمانە نگریسەکەی سایکس پیکۆ نەبێت . یەکانگیر بوونی ئیستعماری و ئیمپریالیستی ئا لەو ئاستە و بە وەها هێز و پشت ئەستووریی یێکەوە ، ڕەنجی باو باپیرانمانی بە خساردا و کە نەبەردانە و جەنگاوەرانە  و کوردانە  شەڕێکی نابەرانبەریان ئەکرد و سەروماڵ و گیانیان بۆ مان و هەربوونی کورد و کوردستان بەخت ئەکرد. ئا ئەم دێوەزمەی ئیستعماری و ئیمپریالیستی یە بوو کە بەرۆکی کوردی گرتبووە و سایکس پیکۆی قڕێژیش پیلان و پلانی دەستیان بوو لە دژی کورد . جا بۆ کەسێک کە بە خۆدا ئەپەرمێ باسی مێژوو بکات ، ئیتر ئەوە ئەپەڕی چەواشەکاری و بێ ئەمەگی و سپڵەیی یە کە ئەو هۆکارە زل و زەبەلاحە چارەنووس ساز و کاریگەرە نەبینێت و بەوە کورتی بکاتەوە کە گوایە سەرکردەکانمان لە ئێستا و ڕابردووشدا وەک پێویست و گونجاو نەجووڵانەتەوە و تاوانی ڕەنج بە خساری و کورت هێنانی کورد لە جیهانی سیاسەت و ململانێ دا ، بدرێتە پاڵیان ئەویش لەلایەن کەسێکەوە کە ساڵانێکە بە ڕواڵەوت چالاکانە بەشداری سیاسەت و کاروفرمانی سیاسی بوە لە کوردستانا .

تێوەگلانی شێخ عوبەیدۆڵا و لەوانەیە کە ئەگەر حاجی بیشی زانیبا هەمزەئاغای مەنگوڕیشی نە دەبوارد، لە باسی سەرکەوتن یان نەکەوتنی وتوێژی سیاسی سەر کورسی دان و سەندن ، بە ڕاستی جەفەنگێکی سەیرە . ئەبێ جەنابی حاجی لە چ سەرچاوەیەکە ئەوەی دەسگیر بووبێت کە عوسانی یان قاچاری زاڵ بە سەر عەجەمان ، شتێکیان پێ بووبێت بۆ کورد و شێخ بە پێ داگرتن لە سەر داوای ” هەموو شتێک یان هیچ ” بە فیڕۆی دابێت . حاجی یەکەم کەسە کە ئابەم شێوە ناشیرین و دوژمنکارانە مێژوی کورد چەواشە ئەکاتەوە و پاکانە بۆ دوژمنانی کۆن و تازەی کورد ئەکات و دیزە و دەرخۆنەی ژیانی کوڵەمەرگی ، بە ناڕەوا و دوور لە هەرچی ڕاستیە ، بە سەر خۆمان و سەرکردەکانمانا ئەشکێنێ .

شارەزایان و ئاگادارانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان لە چەند دەساڵەی ڕابردوو ، بە ڕوونی و بە سووری ئەزانن کە بڵاوبوونەوەی پەتای کمۆنیستی لە هەموو بەشەکانی کوردستان پێش هەموو شتێک ، مێژوو و ڕابردووی کوردی کردە ئارمانج و سەرکردە و ناودارانی کورد هەر لە سەلاحەدینەوە بگرە هەتا بارزانی کەوتنە بەر پەلاماری ناڕەسەنانەی هۆگرانی ئەو فێرگە ناڕەسەن و لە سەر درۆ هەڵبەستراوە . لە باکوور بە تایبەت بە هۆی تایبەتمەندی خۆییەوە ، لە ڕۆژهەڵات ، لە ڕۆژئاوا و لە باشوور جیلی شاری بە کمۆنیزم چەواشەکراو ، کێ بەرکێ ئەوەیان بوو کە هەتا بۆیان بکرێ خۆیان لە شەرم وشوورەی مێژووی کورد ، بە گوێرەی تێگەیاندنی کمۆنیستانەیان ، دوور بخەونەوە و بە خەیاڵی پووچیان مێژوویەکی نوێ و کمۆنیستانە بۆ کورد داڕژێنەوە بە پشت کردن لە هەموو دیاردە و پاشماوەی سیاسی و فەرهەنگی و مێژوویی  پێشینیانی کورد . هێما و دەرکەوتەی کوردانە هەر لە جل و بەرگەوە بگرە هەتا سەر و پێچ و زمان و ئاکار و خوو و خدەو و هەڵس و کەوتی کوردانەی کورد بە گشتی و سەرکردەکانی بە تایبەت ، ببوونە جێگەی گاڵتە و سووکایەتی سەرچەورانی شآرانی گۆج کراو بە بیرۆکەی کمۆنیستی و تەنانەت سروودی ئەی ڕەقیب بە تڕوپۆزەوە تڕۆ ئەکرا لە کۆبوونەوە و دانیشتنی رەسمی ڕێکخراوەیی یان دا . ئا ئەم ڕەوتە کە تەنیا لە بەرژەوەندی داگیرکەران و ئایدیۆلۆژی داگیرکاری ئەواندا ، کمۆنیزمیشی لەگەڵدابێ ، بوو . ئەوەی کە تاکێک ئێستا بە هەمان گەز وڕبە ، سەیری ڕابردوو و کاسایەتی ناوداری کورد ئەکات و بە ناڕەوا و بێ جێ هێرش ئەکاتە سەریان ، درێژە و پاشماوەی هەمان ڕەوتی گوڕینی دژە کوردە کە لە دۆخی ئێستا دا هێشتا بۆنی پیسی مێشک و دەماخی کورد ئازار ئەدات .  

سەیر و پەندی زەمانە ئەوەیە کە شؤڕشی حاجی کۆنە پێشمەرگەی یەکیەتیی و کۆمەڵەی ڕەنجدەران و دواتریش ئەندامی کارا و چالاکی گۆڕان و نوێنەری کورد لە بەغدا ، پاش ئەو هەمووە ساڵە بگاتە ئە خاڵە کە پێی وابی عارەبی بەغدا گەورەبەشانەی بە سەر کوردەوە هەیە و ئەگەر کورد خاکەکەی خۆی لە چنگ مرۆڤ کوژ و هۆڤانەکانی داعش ڕزگار ئەکات ، ئەبی سات و سەودای پێ بکات لەگەڵ بەغدایەکە نان و ئاوی کوردی بڕیوە . ئەگەر وەک جەنابی ئەم نووسەرە لە خۆمان و خەڵکیشی تێک نەدەین ، ئەوە لە هەمووان خۆیایە کو دەسەڵاتی شپڕیوی بەغدا تیلی عەجەمانە و نوینەرایەتی عارەب ناکات و ماکەی هەرای داعشی مرۆڤ کوژ و هۆڤان لە سەر ئەم بەزمەیە و بەرۆکی کوردیشی گرتوەتەوە . خاک ، خاکی کوردستانە و سامانی ئەو خاکەش بە پێی هەموو یاسا و ڕێسای ناسراوی جیهانی هی کوردە و ئەوەی کە سەرکردایەتی کورد ئێستا پێوەی خەرێکە پێوەندی بە هاوکێشەی هێز و دۆخی سیاسی نەک هەر هی کوردستان و ناوچەکە بەڵکو لەمەش گرینگتر هی جیهانی یەوە هەیە . دەبا حاجی وەک ڕێز لێنانیش بوایە ، وتەکەی نەوشیرانی زەق بکردایەتەوە کە بە عارەبانی گوتبوو کە ئێمە داوای بەشە نەوتی خۆمان لە کەرکووکی کوردستان لە ساڵی ١٩٢٠ ەوە ئەکەین کە ئێوە لەو کاتەوە بە تاڵانی ئەبەن . ئەم وتەی نەوشیروان لە کوێ و بۆچوونی حاجی لە کوێ کە بە تەمایە لە بەرانبەر خاکی کەرکووکی کوردستان و ناوچەکانی تر، نەوت وەک دەسخۆشانە بە بەغدای ژێر دەسەڵاتی عەجەمان بدات و پیشی وابێت کە ئەمە سات و سەودایەکی لەبار و گونجاوە و ئەمەیچ فرەتەرتەر  جە شێوازی چەق بەستووی سەرکردەیەلێ کورد ژ دیروکا مە کوردا باشترو گونجاوترە .

هەمووان ئەشی باش لە بیریان بێت کە کەرکووک بۆ جاری دووهەم لە ٢٠٠٣ دا بە دەس هێزی پێشمەرگە ڕزگار کرا . جاری یەکەمیان سەردەمی ڕاپەڕین بوو . کەرکووک ، کوردستان و کوردستانی یە. ئەمە جێگە باس نیە . باسەکە ئەوەیە کە کەرکووک لە ژێر دەسەڵات و بەڕێوەبەری کێ دا بێت ، بە لەبەر چاوگرنی ئەو ڕاستییە کە کورد بۆ جاری سێهەم کەرکووکی وێڕای ناوچەکانی تر ڕزگار کردووە . ئالەم سۆنگەوە بۆچوونەکەی حاجی لە مەڕ ” خاک لە بری نەوت ” بێ واتا و بێ بنەمایە. ئەگەر لە بەر سیاسەت و هەڵس وکەوتی چەوت و نالەباری ئامریکاییەکان نەبوایەت کە لە ٢٠٠٣ دا بە تۆپزی و بە ناڕەوا هێزی پێشمەرگەیان لە کەرکووک وەدەرنا و تاوانێکی قورسیشان بۆ ئەم سیاسەتە چەفتەیان دا بەوەی کە ژمارەیەکی زۆری سەربازیان لەویندەرێ بە دەس عارەبان کوژرا ، کورد لە مێژ بوو کێشەی کەرکووکی کوردستانی بەدەس خۆی چار کردبوو . ئامریکاییەکان لە ڕزگار کردنی کەرکووکدا بەشدار نەبوون و پاش ڕزگار بوونی لە لایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە  بە سەرداکەوتن و دەستیان بە سەردا گرت . ئەوەی کە ئێستا کوردی پێوە سەرقالە لە مەڕ کەرکووک ، لە ڕاستیدا ئاکامی پاشەڵ پیسی و چەوت و چەوێڵی سیاسەتی ئامریکای سەردەمی شەری دووهەمی کەنداوە ، ئەگینا کورد هەر زوو ئەو کۆنە برینە وئاریشەیەی چارەسەر کردبوو و دڵی کوردستان وەک بارزانی گەورە ناوی لێنا و یان قودسی کوردستان بە گوێرەی مام جەلال ، گەڕابوەوە سەر دایکی نیشتمان و سیاسەتی عارەباندن و پاکتاوی ڕەگەزی کوردان لەو دەڤەرە پوچەڵ کراببوەوە و حاجیش ئێستا ئەو هەلەی نەبوو کە بە گوێرەی دوزراوە دانسقە و بێ بنەماکەی سات و سەودای پێوە بکات . بە کوردیەکەی خۆمان ئەوە قوڕی ژنڕالە مێشک وشکەکەنی پنتاگۆنە کورد ئێستا ئەی شیلێ کە لە کاتی شەڕەکەدا هەرکامەیان هەڵپەی ئەوەی بوو کە دەسکەوتێکی بەرچاو لۆ خۆی دەستەبەر و تۆمار بکات وبواری هەلدانی داهاتووی لە پنتاگۆندا دابین بکات . حاجیش دەبا لەمەمانان پتر بەمەی زانیبا .

حاجی لە شوێنێکی تری نووسراوەکەی وەک کلکەی کاروانی سیاسی کوردستان پرتەیەک ئاکات و ئێژێ کە ” ئێستا ئیتر هەمووان ئەزانن کە داواکاری کورد چین : نەوت ، پێشمەرگە و بەڕێوەبردنی مادەی ١٤٠ ی دەستوور کە ناوچە بە ناو کێشەلەسەرەکان چار ئەکات. ”  دواکەوتوویی سیاسی و چەقین لە کلکەی کاروانی بزاڤی نەتەوەیی کورد لە مە چێتر دەرناکەوێ . پاش هەرەس هێنانی سپا فشۆلەکەی بەغدا لە بەرانبەرهێرشی هۆڤانەکانی عەربی – ئیسلامی داعش ، کورد دەستی خۆی پێش خست و هێزی پێشمەرگەی لەو ناوچە بەناو کێشە لەسەرانەی کوردستان جێگیر کرد و ئەم کارەشی وەک جێ بە چی کردنی مادەی ١٤٠ بە جیهان ڕاگەیاند و خەریکی خۆ سازدان بۆ ڕاپرسی گشتی و بڕیاری کۆتایی گەڕانەوەیان بۆ باوەشی دایکی نیشتمان بوو کە ‌هێرشی هۆڤانەکانی داعش و هەڵگرسانی شەڕی نیشتمانیی کوردستان دوای خست . بە پێچەوانەی بەرەوپاش چوونی حاجی و هاوەلەکانی ، مادەی ١٤٠ ئیتر بووە بە مێژوو و بەغداش چ دەورێکی چ بە ئەرێ و چ بە نەرێ لەم کێشەدا ناماوە تاوەکو کورد لەسەری وتوووێژ بکات . هێنانە ئارای باسی مادەی ١٤٠ لە لایەن حاجی یەوە ئەوە دەرئەخات کە جەنابیان هەڵوێست و ڕاگەیندراوەکانی دەسەڵاتی کورد لە باشوور بە هەند وەرناگرێ . ئەم هەڵوێستە نالەبارەی حاجیش لە کاتێکدایە کە باشترین ڕۆڵەکانی کورد ، پێشمەرگە ، لە پێناوی مادەی ١٤٠ی جێ بە چێ کراودا ، ڕۆژانە قوربانی ئەدەن .  

ئاکامی ڕێکەوتنی هەولێر و بەغدا تەنیا دوو ڕۆژ دوای وتارەکەی حاجی ئەبی جەنابیانی تووشی جۆرە گێژاوێک و سەرئێشەیەک کردبێ . دەق بە پێچەوانەی حاجی ، “هەموو شتێک یان هیچ ” ، ئەمجارەش وەک هەموو جارانی پێشوو لەئارادا نەبوو و دۆزراوە مێژوویی یەکەی بووە بڵقی سەر ئاو و پەکی کەفت . دەسکەوتی کورد چ بچووک و چ گەورە و چ لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و چ لە ئاستی جیهانی لەم دان و سەندنانەی ئێستادا لەگەل هەموو لایەنەکان ، هەڵ ئەگەڕێتەوە و بەستراوە بە ڕاستیەک کە حاجی و هاوبیرانی هێشتا پێیان نەزانیوە و نای ناسن و واش دیارە کە نایانەوێ بیناسن . هۆکاری هەرە سەرکی ئا دپڕ گرینگ کە بواری ئەوە ئەڕەخسێنی بۆ سەرکردایەتی کورد لە باشووری نیشتمانەکەمان کە سەرکەوتنی سیاسی و دیپڵۆماسی و ئابووری و بەڕیوبەرایەتی دەستەبەرە بکەن ، ساخ بوونەوە و سەقامگیر بوونی کورد و کوردستان ، بەلانی کەمەوە لە باشوور ، وەک یەکەیەکی سیاسی – جوغرافیایی- نەتەوەیی یە. هەر وەک چۆن ئێمە پێشتر ئاماژەمان پێ داوە ، ئەم ڕاستی یە شەڕی ئێستای کوردستان ئەخاتە بازنەی شەڕێ نیشتمانیی کە جێگە داخە کە زۆرێک هەر پێشی نازانن و لێ ناکۆڵنەوە و وەک پێویست پێیوە خەریک نین . کورد خاوەنی نیشتمان  و سەروەری نەتەوەیی خۆیەتی ، کە ئەو نیشتمانە کەوتە بە پەلامار ، شەڕەکە ئەبێتە شەڕی نیشتمانیی بە هەموو تایبەتمەندی و پێداویستی خۆیەوە بە گوێرەی تیئۆری و زانستی سیاسی و مێژوویی .

 کورد ئێستا بە پێچەوانەی ڕابردوو ، بە دەستی پڕەوە ئاوێتەی گەمەی سیاسی ڕۆژ ئەبێت و تا ئێستاش باشیان هێناوە . بە پێچەوانەی خەیاڵ پڵاوی چەپانەی زاڵ بە سەر ڕۆشنبیریی و بەناو ڕۆشنبیرانا ، لە سیاسەت و دیپڵۆماسی دا دەق وەک هەموو بازرگانیێکی باو، جیهانەکە ، جیهانی دان و سەندنە بە واتای ڕووتی دەستەواژەکەیە . بازرگانی سیاسی و دیپڵۆماسی بە دەستی بەتاڵەوە ، ئەویش لەگەڵ کەڵە بازرگانانی چووە دەرکردوو، یەکەم کلکایەتی و پاشکۆیی و بوون بە ئامرازی ئەوانی بە مسۆگەریەوە بە دواوەیە ئەگەر بێتو ملیان پێ بدرێ . دووهەم لە ئەگەری مل پێ نەدانا ، شکان و مایە پووچی و کارەساتی لێ ئەکەوێتەوە . بەشی کورد لە ڕابردوودا ئەمەی دواییان بوو . وەک ئاماژەی پێکرا کورد هەتا ڕاپەڕینی باشوور لەم هۆکاری دەس پڕیە ، واتە هەبوونی نیشتمان و سەروەری نەتەوەیی ، بەبەش بوو و نەک هەر جێگە و ڕیگەیەک لۆ کوردان لە ئارادا نەبوو کە لە ئاست سیاسەتی ناوچەیی و جیهانیدا دەوری کارا بگێڕن ، بەڵکو ئەم هۆکارە چارەنووس سازە لە دەستی دوژمنانی کوردا بوو و لە دژی کورد بەکار ئەهێنرا . پێشینانیشمان بە خەڵک و سەرکردەوە ، تاڵاوی ئەو دۆخە نالەبارەیان چەشت . ئائەمە ئەو ڕاستیەیە کە دەبا جەنابی حاجی لێی ئاگادار بووایەت و بیکردبا بە هەوێنی نووسراوەکەی و خۆی تووشی ئەو هەڵپە و ‌هەڵەشەیە نەکردبا و پێشینەکەی بەبا نەدابا .

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان