لاوک کونجرینی : ململانییە نوێیەکەی ناو یەکێتی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کۆمەڵێک سەرکردەی سەربازیی و سیاسی ناو یەکێتی بەهەمان ئاراستەدا تێدەپەڕن ، وەک ئەوانەی لەمەوپێش بینیمان. تەنها هێزێکیان سەرکەوتو بوو .

گروپە نوێکە ، خەڵکانێکن لەناو یەکێتی بەناوبانگن بەوەی ئاوڕدەدەنەوە لەوانەی دوێنی لەگەڵ هەنگاوەکانیان ڕێیان کردووە لەشاخ  ، ئەوانە بەکەسانی پەروا بەرامبەر بەهاوڕێکانیان  ناسراون . هەرواشە ، تەنها یەکێکیان لەوان منی ناسییەوە . لەوان تێپەڕێت ئەوانی تر کەسی ڕۆژە سەختەکان ناناسن و لەبیریی خۆیاندا سڕیویانەتەوە ..

سیاسەت تواناکان و مەکانەتی شوێن دەیوجوڵێنێت و ملکەچی هێزیشە ، لەکوێ دەستکەوتەکان زاڵ بوون بەسەر گۆشەکاندا لەوێ تواناکان بوونیان دەبێت و ڕووبەڕووی هەموو نەخوازیارێک دەبێتەوە . نمونەش جیابوونەوەی ( حسکە  ) لەیەکێتی . حیزبی سۆسیالیستی کوردستان لەساڵی 1978 دا ، بەسەرکردایەتی خوالێخۆش بوو ڕەسوڵ مەمەند ، لەیەکێتی جیابووە . هێزی حسک لەڕووی چەندایەتی هێزەوە لە یەکێتی زیاتر بوو ، بەڵام تواناکانی سەرکردەکانی بەهەڵپەی دەرەکییەوە و خۆخستنە باوەشی بەرەی ( جود ) ، نەیتوانی لەیەکێتی دابتاشێت و جێگای پێ چۆڵ بکات .

ماهیەتی هەموو شتەکان لەئەرک و تواناکانیانەوە سەرچاوە دەگرێت ، بەم شێوەیەش لەبەر ئەوەی ناتوانن ئەرکەکانی خۆیان  جێبەجێ بکەن ، نابێت بەهەمان ئەو شتەی کە لەڕابردوودا لێکمان دەدایەوە لێکی بدەینەوە . ئەرستۆ ، پەرتوکی سیاسەت ..

ئەو هێزەی لەناخی زەمەنێکدا لەکۆمەڵگایەکی چەقبەستوو بە نەریتە دواکەوت و عەوداڵبوو بە کۆمەڵێک تیگەیشتەی دنیایی سەرپێ کەوتبێت ، ئاستەمە بپوکێتەوە .. پارتی و یەکێتی ململانێیی زۆریان لەسەر پوکانەوەی یەکتریی کرد . بینیمان زیانەکان جەستەی مرۆڤە بەهەڵپەکانی پێشی بەرەکانی ئەم شەڕە بێ بنەمایە بوو . هەر ئەمەشە وای کرد ، سوارچاکی ئەم هێزانە ببێتە دابەزینی باوک بۆ کوڕ و پاشان لەچاوەروانی گەشەی کۆمەڵگادا ئەم سیستەمە دەهێنێتە گۆڕین .

ژیرانەتر لەوەی داخوازی بکەیت و سەرکەوتو نەبیت ، باشترە گۆشەی تەنیای هەڵبژێریت و گۆشەکانی تر بجوڵێنیت . زۆرجار سیاسەتی هەڵپە ژێرکەوتەی سیاسەتی بێدەنگی مەنگە .

بگەڕێینەوە بۆ دواوە ، ڕەسوڵ مەمەند هەڵپەیکرد ، بەڵام بە توڕەبوونەوە ڕۆیشت و بەبێ دەنگی گەڕایەوە . مەلا بەختیار و سالار عەزیز و … هتد . بە مانیفێستێکی هەنگاوخەیاڵی و  لەسەر سکەیەکی  ڕوو لەحەوا ملی ڕێگایان گرت و گوێشیان بەکەس نەدەدا ، کەچی ئێستا لەهەموو کەس زیاتر دڵسۆزی ماڵی مامەن .

نەوشیروان مستەفا ژیرانە کاری کرد ، چونکە لە سەرەتاوە لە هەنگاوێکەوە دەستی پێکرد ، بەڵام بارگەو بنەی بەجێ هێشت ، تا دڵنیا بێت وەک ئەوانی پێش خۆی ڕەنج بەخەسار نابێت . ئەم لوقمەیە تەنها بۆ ئەو قوتچوو .

گۆشە گەورەکەی ناو یەکێتی ، کورت و پوخت قسەبکەین ماڵی مامە . لەدەسەڵاتدا هەر فیلن ، ئێران و ناوچەکەو جیهانی دەرەوە ، پیتکەیان فێرە بە زەنگوڵانی دەری ئەوان و وەک ئالەی کۆمپیوتەر هەر ئەو ڕێیە شارەزان . دارایی حیزب و خۆشەویستی مام ” پریشکی دەگاتە دوا دەروێشانی ناو یەکێتی . ‌هێزی دژە تیرۆر و دەزگای زانیاریی بە کەلەپچەی دەستی ئەوانەوە بەندە .

ئامانە قسە نین و لەسەرابدا نین ، بەچاوان دەبینرێن و هەموو ساتێک ، من لەپێش هەموو کەسێکەوە ، دەڵێم : بۆ وابێت ، سۆشیال دیموکرات تەنها لای ئێمە بەرگی تر دەپۆشێت و نامۆیە بەوانی تر ..

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت