دکتۆر کەمال میراودەلی : عەدەمستان  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 (١)

بە هەورازو نشێوو ، لاڕێ و چڕەڕێی ،
ئەم بیرە سەختانەدا ڕۆیشتیی
هەتا مێشکت قفڵی لەسەر داخستیی
خودایە ، خودایە
چ نیگایەک 
چرایەک
هەڵدەکات
چ یادێک
مرادێک
بەم شکستییە دەداتەوە
چ هەنگاوێک
هەتاوێک
دەکاتە کڵاوڕۆژنەی شەو

هەموو بوونم دەکەم بە بنەوانێکی بچووک
نەبادا ، نەبادا
تۆم لێ ون بیت
نەبادا نەبادا
ڕەشەبایەک بێت
لە سەر ئەم وردەشە پۆلانەش
بتسڕێتەوە
بەندم لە ناو ژێرزەمینی هۆشم دا
نە ئاسمانم لێ دیارە ، نە هەور
نە شوێن دەبزوێ
نە زەمەن دەزێ
مەحاڵە حاڵی بێمەودایی
مەحالە سکوونەتی گەردیلەکان
وەلی مێشکم دەرگاکانی لەسەرداخستم
ئەڵقەڕێزی مەوداکانی کردە عەدەم
بۆیە هەموو هۆشم دەکەم بە کۆگایەکی بچووک
نەبادا ، نە بادا
تۆم ڵێ بزر بیت
نەبادا ، نەبادا
تۆفانێک بێت
لەدەست ئەم ڕەشەبایەت بستێنێت
وەلی بەندم ، بەندم 
لەناو زیندانی یەک – نەفەریی مێشکم دا
نە بیر باڵ دەکات
نە سۆز دەسووتێت
هەموو شتێ بۆتە سکوونێکی
عەدەمنشین
بۆیە هەموو چاوم
دەکەم بە کانیلەیەکی بچووک
تەنێ تۆی تێدا دەکەم بە چنگە زیخێک
نەبادا ، نەبادا
گڕکانێک بتەقێتەوە
لەدەست ئەم زریانەت بستێنێت
ئاخر مێشکم 
پەنجەرە ئاسنینە ژەنگاوییەکانی
لەسەر داخستم
نوقمی کردم
لە بۆشایی بێماناییدا
هەڵی گرتم بۆ عەدەمستان
پێم دەڵێ:
ئا لێرەدا تۆ دەتوانی ببیتە پادشا
پادشای عەدەم
لەودیو بازنەی وجوودەوە بڕوانە
گاڵتەجاڕییەکە ببینەوە
گەر دەتوانی پێ بکەنە
بە خۆت ، بە خوداکەت ،
بە مەرگ و ژیندەنیی
بە دۆزەخ و بەهەشت
بەو عەبدانەی رۆبۆت ئاسا
عەوداڵی سەرابە ڕەنگاڵییەکانی عەدەمن
وەلی من هەموو بیرم دەکەم
بە بیرۆکەیەک
تۆی تێدا هەڵدەگرم
نەبادا ، نەبادا ،
دۆزەخێک بێت و
لەم گڕکانەت بستێنێت
نا ، ناتوانم بە گەمەی عەدەم پێ بکەنم
نا ، ناتوانم لەو دیو جوغزی بوون و گەردوونەوە
بڕوانمە مەرگی خۆم
بڕوانمە مەرگی تۆ
بۆیە هێشتا، هێشتا
ژیانم دەکەم بە ژانۆکەیەک
ژنێکی تێدا هەڵدەگرم
بە هێزی موحیببەت .

 (٢)

لەم عەدەمستانە دەرم بێنە
دەزانم کە تۆ دەتوانیی
با سەری شەکەتم بخەمە سەر ڕانت
با شۆڕ ببنەوە بەسەر بەردەڵانی عومرمدا
شۆڕەبیی کەزیانت
لە کانیلەی چاوانت دەڕوانم 
هێمنییەکی قووڵ ،
لە خەم دەچوو ،
یان خەون ، 
یان خۆشەویستیی 
نەمزانی ، نازانم
هەنگاوم بە بڕینی بۆشایی هیلاک بووە
ئامێزم بە هەڵگرتنی تەنیایی ماندوو بووە
تاوێ لێم وەربگرە 
تا بتوانم تۆ لە باوەش بگرم
تا بتوانم
بە سەر ئەم هەورازەدا
هەڵت بگرم
لە بنارێکی دوور، دوور
دوورگەیەک لە هیچایی دروست کەین
تروسکایی یەک
بۆ تاریکستانی ئەم عەدەمستانە
بگێڕینەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت